شیعری (وه کو باران) - بۆ نیشتیمان ‌





نیشتیمانێکم دیوەتەوە لە رۆشنایی فیکرمدا ...

پڕپڕە لە باخچە گە ییوەکانى چێژ ،

پڕە لە خۆشەویستى بارانو گوڵ ،

پڕە لە ئاوەدانىو تەماشاى حەزین ،

لێرە هەموو چیاکان سەریان نەویە و ...

لە سەر پشتیان باخەکانى خەیاڵ رواونەتەوە ،

لێرە خەونم وەکو کەشتیەکى چارۆکەدار ،

بە سەر رێڕەوەى تەمەلولى ...

گشت سەرابەکاندا ، بە هێواشى تێدەپەرێت ...

خەونەکانم لێرە هەموو زیندوون ،

لێرە نە دەسەڵات هەیەو نە کەس حاکمە ،

شمشاڵى رۆح تونێلێکە ، فوى مناڵیمى پیا تێ دەپەڕێت ،

لێرە ژیان بۆ من دەژى ،

هەموو کۆشکو تەلارەکان لە ژێر پێمدان ،

لە تەک هاورێکانمدا ...

بە دەستە بچوکە خەڵەتێنراوەکانى منداڵیمان ...

توڕیان دەدەینە کەنار دیوارێکى ئەودیو حەقیقەت ،

******

لێرە لە هەموو شتێک بە ئاگام ،

لە دەنگى ئاو ، لە شنەى درەختەبەرزەکانى هەست ،

لە پانتایی بەرکەوتنى دانایی ...

لە دڵۆپى باران ، کە چۆن خۆى ئەداتە بەر رێژنەى چێژ ،

لە پێناو پاککردنەوەى گەڵایەک ، یان زیندو کردنەوەى گولێک ...

تەماشاکەن بینین چەن حەقیقەتە ،

کە باران خۆى ئەدات لە گەڵایەک ، رەنگە لاى تۆ وابێت ئیتر کۆتا .

بەڵام لاى من ... پاکى گەڵا بەرگى بارانە ،

ئەوە هەر بارانە لە فۆرمى گوڵدا خۆى ئەنوێنێت ،

ئەوە هەر بارانە خۆى دەکات بە درەخت ، بە دەریا ، بە دارى تابوت ،

ئەوە هەر بارانە خۆى دەکات ، بە مەل ، بە هەورو ، بە زریان ،

باران ژیانە ... باران رۆحى زەویە ... گشت گیاندارانە ،

********

من بە ئاگام لە هەموو شتێ ،

لە خەمۆکى چیا راستگۆکان ، لە خۆشەویستى دایکم ،

لە دڵتەنگى باوکم ، لە باوەشى گیتارەکەم ،

لێرە بە ئاگام .... لە بێ خەمى خۆشەویستى ،

لێرە ژیان ناوى خۆشەویستیە ، لێرە مرۆڤەکان گشت هونەرمەندن ...

هونەرى هەست کردن ، هونەرى بیستن ،

هونەرى بینین ، هونەرى چێژ کردن ،

بیرکردنەوە .... ئاهه... بیرکردنەوە ؟

بیرکردنەوە لەوەى هاژە چۆن دروست دەبێت ،

بیرکردنەوە لەوەى ، لە تێپەڕینێک بە ناو کوچەى هەست ،

چۆن بەر سێبەرو هەتاو دەکەویت ؟

بیرکردنەوە لەوەى لە بینیندا راستى چیە ؟

لە راستیدا بینین چیە ؟

بیر کردنەوە لەوەى چۆن چێژ دەبەخشیت ؟ ، چۆن وەردەگریت ؟

چۆن پەپولە دێتە ژیان ؟ چۆن منالێک دروست دەبێت ؟

چۆن فەقیرێکى روت پۆشتە دەبینیت ؟

هێلانە چیە ؟ زام چیە ؟ ئاڵا چیە ؟

ئاشتبونەوە ، پەڕینەوە ، هەناسەدان ، بەرکەوتن ،

چۆن چاوت لە چاوى کچێکى هەناریدا نوقم دەکەیت ؟

کە قەت نەتدیوەو قەتیش ئەو ساتە لە یاد ناکەیت

چۆن ئەتوانیت چاوى زەینت کوێر بکەیت ؟

چۆن ؟ چۆن ؟ چۆن ؟ ...

هەست کردن بە ئازارى برسیەک ، وەک برسێتى خۆت ...

گەیشتنە لوتکەیە ،

من کە تەماشاى لێوى کچێک بکەم ...

دەزانم ئەگەر وێنەى لێوێکى ترى لە سەر بێت ،

من سەیرى چاوى کچێک بکەم ئەزانم چەن عاشقە ،

من دەزانم زانین چیە !!!

*******

نیشتیمانێکم دیوەتەوە لە رۆشنایی فیکرمدا ،

دەمەوێت بگەمە ئەوجى ئەوجى ...

لێرە گشت مرۆڤەکان عاشقن ،

لەم دەریچەیەوە ، لە گوزەرى بیرکردنەوەمدا ،

عاشقم عاشقى ژیانم ، عاشقى گشت مرۆڤەکان ،

لێرە مۆسیقا سورایی خوێنمەو ، دەمارەکانم گۆرانى ،

لە نێوان ترپەى یەکەمى دڵم بۆ ترپەى دوهەم ،

شتێک هەیە ناوى بەردەوامیە ، ناوى رۆحە ...

هەر دەمێک کە رۆح بێزار دەبێت ، هەست بە هێزى ترپەکانى دڵ دەکەم ،

وا هەستەکەم دڵم قومە ئاوى کانیەکە ،

لە ناو هەردوو لەپى دەستی ، کچێکى تینوى هەتاویدا ،

کە دەیەوێت بیخواتەوە ،

لە ناو بزەو بریسکەى دانى سپی و ،

لە ناو ئاوێنەى دڵما ،

تەماشاى چاوە گەورەکانى خۆى دەکاتو پێدەکەنێت ،

منیش دڵم خوێنى سپى لێ ئەچۆڕێ ،

خوێنێک لە باران ... خوێنێک پڕپڕە لە نۆتەى مۆسیقا ،

پڕە لە بەرامەى یەکەم بارانى پاییز ،

پڕە لە نوێژى گەڵا ...

پڕ لە وەرین ، لە نوشتانەوەى هزرى سەوزم ...

*******

من لە هەر شوێنێک بم هەر لێرەم ،

بۆیە حەز دەکەم نیشتیمانى شوێن پێکانم بەجێ بێڵم ،

بڕۆم هەتا دەچمە بەر دیوانى مەرگ ،

منیش وەک باران لە هەموو فۆرمێکدا خۆم ئەنوێنم ،

بۆیە مەرگ پیرۆزیە بۆنى بارانە ،

کۆتایی نەمرییە هەرگیز نەمرییە ،

هەرگیز نەمریی ...

نوێنەر ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved