ترسان لە دوو شت !!

 

  پێشکەشە بەهاوڕێی دێرینی سەردەی شاخ و ئێستام" ئاکۆ ئاکۆیانی" ڕەواندزی، کەسەری

 

  بەفرو ناخی هەمیشە پشکۆی گڕە

  لە وەتای هەم، یان لەوکاتەی

  چرۆی " ترس" لەناخمدا چەکەرەی کرد..

  لە نێو 'ترس" داگەورەبووم،

  وەك هەرتاکێکی نەوەی کورد..

  دادگای بوێری هەڵوێستم

  گشت "ترس"ـەکانی ئازاد کرد..

  تەنها دوو "ترس"ی هێشتەوە،

  یەکیان: جلی مغاویری و

  هی دووەمیان: بازگە بەهەمووجۆڕێکی..

  دەزانن بۆ؟؟

  کەمنداڵ بووم:

  سوپای بەعس بەو جلەوە

  تا هەڵدەگرێ لێیاندام...

  کە گەورەش بووم:

  هەمیشە لەوە ترساوم

   چاوی یاساوڵی بازگە

  ورد ئەڕوانێ لە پرووکانی

  برژانگە ترساوەکانی چاوم..!!

  چونکە قەد ڕۆژێ نە بووە،

  بە بازگەیەك تێنەپەڕم

  گیرفانی من خاڵی بووبێ

  لە وشەیەك، یان لە ڕستەیەك،

  یاخود شێعرێکی ئاگرین،

  دژی هەموو دەسەڵاتێك:

  پێش ڕاپەڕین، دوای ڕاپەڕین..!!

  ئێستاو تا دوا هەناسەی ژین

 

١٠/٦/٢٠١١

ڕابەر ڕەشید / کەرکوك

rabersaley@yahoo.com


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved