دوای ٣٤ ساڵ ئەو تاوانەی پەکەکەی پێ تۆمەتبارکرابوو بکەرەکەی ئاشکرابوو

 

 

ڕۆژنیوز /قادرزادە

دوای ٣٤ ساڵ بکوژی سەرۆک وەزیرانی سوید ئاشکرابوو کە ئەوکاتە بە ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورک و سوید، پەکەکەی پێ تۆمەتبارکرابوو، ناوەندی جڤاکی دیموکراتی لە سویدیش داوایکردووە دەوڵەتی سوید لەسەر ئەو بابەتە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات.

 

ئۆلاف پاڵمە، سەرۆک وەزیرانی سوید ساڵی ١٩٨٦ لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵی پایتەخت، دوای ئەوەی لەگەڵ ژن و کوڕەکەی لە سینما دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بە تەقەی کەسێک بە بەرچاوی ژن و منداڵەکەیەوە کوژرا.

 

دوای ئەو ڕووداوە پۆلیسی سوید لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکرد، دوای ماوەیەک تاوانکارێکی پیشینەداری بەو تیرۆرە تۆمەتبارکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بەهۆی نەبوونی بەڵگە ئەو کەسە سەربەستکرا، لە ناوەندە سیاسییەکانی سوید، دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا و تەنانەت ڕژێمی ئەفریقای باشور تۆمەتبار کران بە کوشتنی پالمە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەو بارەوە دەست نەکەوت و لە ئاستی تۆمەتێک مانەوە.

 

ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتی سوید و بە تایبەت هێزەکانی پۆلیس و دادگای ئەو وڵاتە، بکەونە بەر ڕەخنەی زۆری ڕای گشتی، لەژێر ئەم فشارانەدا، بە هاندانی دەوڵەتی تورک، سوید پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی، تۆمەتبار کرد بە کوشتنی سەرۆک وەزیرانەکەی.

 

بەڵام لە ئێستادا و دوای ٣٤ ساڵ دەرکەوت کە هەموو ئەمانە پیلانگیرییەکی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی سوید بووە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد.

 

لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ کریستر پێترسۆن، داواکاری گشتی سوید، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت، ڕایگەیاند: دۆسییەی کوژرانی ئۆلاف پالمە داخراوە.

 

پێترسۆن، ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کەسێکی سویدیی بەناوی "ئستینگ ئێنگسترم" کە دیزاینەربووە لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم تەقەی لە پاڵمە کردووە و کوشتوویەتی، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەوەی ئەو کەسە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خۆشی کوشتووە (کۆتایی بە ژیانی خۆیهێناوە)، چیتر ناتوانین سکاڵایەکی لەدژ تۆمار بکەین و دوای ٣٤ ساڵ ئەم دۆسییەیە دادەخەین.

 

دەربارەی ئەو بڕیارەی دادگا ناوەندی جڤاکی دیموکراتی لە سوید داوایکردووە دەوڵەتی سوید لەسەر ئەو بابەتە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات و کۆتایی بە تاوانبارکردنی ڕێکخراوەکوردییەکان بە تیرۆر بێنێت.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved