کۆتایی شەڕێکی ١٥٠ ساڵە و سەرەتای دابەشبوونی کوردستان

 

 

ڕۆژی ١٧ی ئایاری "مانگی پێنج" ١٦٣٩ دوو ئیمپراتوری سەفەوی و عوسمانی، بە دابەشکردنی وڵاتی کوردستان لە نێوانیان، کۆتاییان بە شەڕێکی ١٥٠ ساڵە هێنا و پەیمانی "قەسری شیرین"ـیان نووسی.

 

شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی بە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ گەیشتە لوتکە و لە ١٦٢٩ بە شەڕەکانی جورجیا و ئەرمینیا گەرم بووەوە و لە ساڵی ١٦٣٩ بە پەیمانێک بەناوی "قەسری شیرین" یان "زەهاو" و دابەشکردنی کوردستان کۆتاییهات.

 

دوای ململانێ و شەڕێکی ١٥٠ ساڵە لەنێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی (ئێران) و ئیمپراتوریەتی عوسمانی (تورکیا)، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ لە قەسری شیرین، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو دوو دەوڵەتە پەیمانێکیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەو پەیمانە بەشێک لە کوردستان و هەموو عێراق لە ئێران جیا کرایەوە و درایە عوسمانی، بە مەرجێک ئەریڤان بگەڕێتەوە سەر ئێران.

 

 

ساڵی ١٦٣٥ سوڵتان مورادی چوارەم کە ئەوکاتە خەلیفەی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی ئەرزڕووم-ەوە بۆ پشتیوانی لە شازادە ئەرمەن و جورجییەکان، هێرشی کردە سەر ئیمپراتوری سەفەوی و ئەریڤانی داگیر کرد، ساڵی ١٦٣٨ـیش هێرشی کردە سەر بەغدا کە چەندین جار هەوڵی دابوو داگیری بکات، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون، ئەمجارە و دوای ٤٠ ڕۆژ شەڕ، بەغدای داگیر کرد و فەرمانی دا کە هەموو سەربازانی سوپای سەفەوی کە ماونەتەوە و بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ بکەن.

 

دوای داگیرکردنی بەغدا لەلایەن سوپای عوسمانییەوە، شا سەفی پاشای سەفەوی داوای ئاشتیی کرد و دەوڵەتی عوسمانیش داواکارییەکەی قبوڵکرد، بەو پێیە، ڕۆژی ١٧-٥-١٦٣٩ هەردوو دەوڵەتەکە لە قەسری شیرین (کە ئێستا شارێکە سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پێکەوە دانیشتن و پەیمانێکیان واژۆ کرد بەناوی "پەیمانی قەسری شیرین" کە بە "پەیمانی زەهاو"یش دەناسرێت.

 

بەپێی پەیمانەکە ئەریڤان گەڕایەوە سەر ئیپمراتۆرییەتی سەفەوییەکان، لە بەرامبەردا، بەشێکی گەورەی کوردستان کە سێ پارچەی ڕۆژئاوا، باشور و باکور لەخۆ دەگرێت، هەروەها عیراق کە ئەو کاتە بە "عێراقی عەرەب" دەناسرا، درا بە ئیمپراتوریەتی عوسمانی.

 

ئەو پەیمانە بۆ ماوەی ١٣٧ ساڵ کاری پێدەکرا، تا ساڵی ١٧٧٦ کە سادق خانی زەند برای کەریم خانی زەند، هێرشی کردە سەر بەسرە و بەسرەی گەڕاندەوە سەر ئێران، بەڵام زۆری نەخایاند و دوای سێ ساڵ واتە ساڵی ١٧٧٩ بەپێی پەیمانەکە کە سنووری عوسمانی دیاری کردبوو و بە کشانەوەی هێزەکانی سادق خان، دیسان بەسرە گەڕایەوە سەر ئیمپراتوری عوسمانی و پەیمانەکە تا سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی کاری پێکرا، بەڵام دوای ئەوە و بە جیابوونەوەی بەشێک لە عوسمانی و دامەزرانی دەوڵەتە عەرەبییەکان، هەر بەپێی ئەو پەیمانە سنوورەکانی ئێران و عێراق دیاریی کران.

 

لەسەر پەیمانەکە، لەتیف فاتح فەرەج، نووسەر و چاودێری سیاسی دەڵێت: پەیمانی قەسری شیرین یەکێک لەو پەیمانانەیە کە لەنێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، لەسەر دیاری کردنی سنووری نێوانیان واژۆکراوە، بەغدا، بەسرە و ویلایەتی شارەزۆر کە هەموو باشوری کوردستان دەگرێتەوە، دراوە بە عوسمانییەکان، لە بەرامبەردا جورجیا و ئەرمینیا و شوێنەکانی دیکە دراوە بە سەفەوییەکان، لە نێوان سەفەوی و عوسمانی لە ساڵی ١٥٥٥ هەتا ١٩١٨ زیاتر لە ١٨ پەیماننامە نووسراوە، کە دوایی هەمووشی تووشی کێشە بووەتەوە و هەڵوەشاوەتەوە.

 

لەتیف فاتح فەرەج، هۆکاری بەستنی پەیمانی قەسری شیرین و دابەشکردنی کوردستان وەها باسدەکات: ئەو کاتە فراوانخوازیی تورکەکان (عوسمانییەکان) زۆر بوو لە بەرامبەریشدا سەفەوییەکان هەمان مەبەستیان هەبوو، لە هەموو پەیماننامەکانی نێوانیشیان کورد بووەتە قوربانی، پەیمانی قەسری شیرین لەسەر دیاریکردنی سنوورێکە بە درێژایی ١٢٣٦ کیلۆمەتر و شوێنێکی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت، سەفەوی و عوسمانەکان کێشەی زۆریان هەبووە و تەنانەت ئەو کێشانەی خۆیان لە نامەکانی نێوانیان دەرخستووە، لەو نامانەدا شەڕە جنیویان کردووە و قسەی نەشیاویان بەرامبەر دایک و خۆشکی یەکتر نووسیوە، شەڕەکەشیان لەسەر حسابی کورد بووە، ڕێککەوتنیشیان بۆ ئەوە بووە کورد تێدا ببێتە قوربانی.

 

لەتیف فاتح فەرەج لەسەر هەڵویستی کورد لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان دەڵێت: پێش پەیمانی قەسری شیرین، کوردەکان لە شەڕی چاڵدێران شەڕیان بۆ عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کردووە، یەکێک لە کێشەکانی کورد ئەوەیە کە ئەوەندەی دوای ئایین کەوتووە دوای نەتەوە نەکەوتووە، تەنانەت لەناو سلێمانیشدا، مەولانا خالیدی نەقشبەندی کە پیاوێکی ڕۆشنبیر و گەورەی کورد بووە و شاعیر بووە، بە دەروێشەکان و خەلیفەکانی وتووە؛ لە خودا بپاڕێنەوە کە سوڵتانی عوسمانی بپارێزێت، مەحوی شاعیر وەسفی عوسمانییەکان دەکات، لە بەرامبەریشدا نالی شاعیرمان هەیە کە ڕەخنە لە عوسمانییەکان دەکات، ئەم دابەشبوونەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرجار کورد شەڕی یەکتر بکەن، دوژمنانیش سوودیان لەم دابەشبوونە وەرگرتووە و هیچکات نەیانهێشتووە کە لەناو کورددا نەتەوە دروست بێت، هەر لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی تورکیادا بەشێک لە عەشیرەتەکان دژی هەدەپە دەنگیان بە ئاکەپە دا، ئەمە لە زۆر شوێن ڕوویداوە و یەکێک لە گرفتەکانە کە نەیهێشتووە نەتەوە دروست بێت، خۆشمان خواستمان لەسەری نەبووە.

 

لەسەر ئەزموونی پەیامانی قەسری شیرین بۆ ئەمڕۆی کورد، نووسەر و چاودێری سیاسی لەتیف فاتح فەرەج دەڵێت: ئێستاش عوسمانییەکان، بە ناوی نوێ، شێوەی نوێ و ئاڵای نوێ، لە ڕێگەی ئەردۆغان و ئاکەپەدا هاتوون جارێکی دیکە باسی دیاریکردنی سنوور و فراوانخوازی دەکەن، بۆ ڕیگری لەمەش وەک ئەو قسە باوەی هەیە دەڵێت؛ "بۆ ئەوەی باشتر بێت، ئەو خراپانەی پێشتر کراوە دووبارە مەکەرەوە"، ڕێگری لە خەونی عوسمانی نوێ، کە لەلایەن ئەردۆغان و ئاکەپەوە بەڕێوەدەبرێت و باوەڕم وایە کە تەمەنی کورت دەبێت، بە سەرنجدان بەو کێشانەی هەیانە، یان بۆ ڕێگری لە فراوانخوازیی عەرەب و فارسەکان، تەنها یەکبوونی کوردە، کورد ئەگەر تەنها بۆ جارێک یەکبگرێتەوە و بیر لەوە بکاتەوە کە نەتەوەیەکە و دەیەوێت بچێتە مێژووەوە، تا قوربانییەکی زیاتر نەدات و کارەساتەکان دووبارە نەبێتەوە، بۆ نمونە ئێزدییەکان ٧٤ جار ئەنفال کراون، لە باشور و باکوریش هەروەها، چەند ساڵ دوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، کوردیش لە دێرسیم کۆمەڵکوژ دەکرێت، عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ کراون، شیعەکان کۆمەڵکوژ کراون، لە حەلەب بەپێی هەندێک ڕیوایەت، تا ٢٠٠ هەزار عەلەوی کۆمەڵکوژ کراون، ئێمە ئەگەر یەک بین، ئەگەر عەفرین، زاخۆ، چەمچەماڵ، سلێمانی، ئامەد و مەهاباد، لەوە تێبگەن کە ئازاریان یەک ئازارە و خولیایان یەک خولیایە، باوەڕم وایە کە بەگژ ئەو ستەمکارییە دەچینەوە.

 

ڕۆژنیوز /ناوەندی هەواڵەکان

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved