شەڕو ئاشتی پەنجەکان

 

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١   

   لەنێوانی پەنجەکانی من و تۆدا

  من ئێستا وەک نابینایەک

   پەنجەکانم ناناسمەوە

   لەورۆژەوەی پەنجەکانم و

   پەنجەکانت ئاوێزان بوون

   رەنگ و بۆنی یەکیان گرتوو

   خۆیان بۆ جیاناکرێنەوە

٢    

   پەنجەکانی دەستی چەپم

   گەلێ جاران وەکوو دوژمن

  بەگژ دەستی راستما دەچن

  دەزانێ بۆ ؟ بەغیلی و ئیرەیت پێدەبەن

  چونکە پەنجەی دەستی راستم

  تەوقە لەگەڵ دەستت دەکەن؟

٣     

  بیرمە ئێستاش کە مناڵ بووم

  دایکم پەنجەی شایەتمانی رادەوەشاند

  بەدەنگی بەرز پێی دەووتم

  ئەتۆ کچی

   مەچۆ بۆ ئەوێ شەرمە

  بۆ ئەو لایەش شوورەییە

   نەکەی بچی ؟

   کەگەورە بووم

   پەنجەکانت فێریان کردم

  ئەو پەنجەیەم هەر بشکێنم

  لەکچەکەمی راوەشێنم

٤   

   کەمناڵ بووم

  پەنجە گەورەم لەتوێی لێوەکانما

  دەمژی

   تاکوو دواجار بێ بەزەیی

   بەئاگری جگەرەکەی دەستی باوکم

  پەنجە گەورەیان داخ کردم

  تۆبڵێی گەر، وەکوو سەردەمی مناڵیم

   ئارەزووکەم ،

  هەموو پەنجەکانت بمژم

   تۆ دڵت بێ داخم بکەیت.

٥   

    دەڵێن کافرن ئەوانەی

   رۆژی پێنج جار پەنجەکانیان تەڕ ناکەن و

   ئەو پەنجانە بێ دەست نوێژن

  من پێنج فەرزە پەنجەکانم

   بەبارانی چاوت دەشۆم

   لەسەر تاشەبەردەکانی روخسارتدا

   نوێژەکانی عشقت دەکەم

٦   

  عاشقان سەیری چاوت دەکەن

  من هەر سەیری پەنجەکانت

  ئەوان عشق نین عاشقۆکەن

  بۆیە وەک من

   لەزمانی سەماو تێکەڵاو بوونی

  پەنجەکانت تێ ناگەن

٧   

   لەسووچێکی کەشکۆڵی پێشمەرگەیەکدا

  بەهەناسەی پەنجەکانت

   ئەم چەند دێڕەت بۆ هاوڕێیەکت نووسی بوو

   ئەی هاوڕێکەم زۆر دڵنیام

  ئەوکاتانەی کەپێکی عەشق هەڵدەگری

   سروودی شەهید بوون دەچڕی

   ئافرەتێکیش لەبرساندا

  لەسایەی کۆشکێکی بڵندا

  لەدەرگای ئاسمان دەدا

   کێ دەزانێ دایکی تۆیە

کێ دەزانێ ئێستا گڵکۆکەی لەکوێیە؟!   

٨   

  تۆشێخێکی گەورەیت و

  منیش کەنیشکێکی بچووک

  رێگەم بدە لەبەردەمتا بەچۆکدا بێم

   کڕنووش بۆ گەورەیت بەرم

   بەشەرمەوە پەنجەکانت تێر ماچ بکەم

٩   

  چەند تامەزرۆم بۆن

   بەپەنجەکانتەوە بکەم

  ئەو پەنجانە زۆر پیرۆزن

  نەبۆنی فرمێسکی ژنی لێ دێ و

  نەخوێنی پیاو

١٠  

   هەموو پەنجەکان جوانن

   تەنیا ئەو پەنجەیە نەبێ

   ئەڵقەیەک داگیری دەکا؟

 


Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved