هەنگاو ڕاپۆرت بانەمەڕی خستە ڕوو(بانەمەڕی ٢٧٢٠)

 

 

ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (بانەمەڕی ٢٧٢٠)

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٩٨ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٠ ، لانیکەم ٩٨ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

کۆڵبەران ( ١٩ حاڵەت)

لەماوەی مانگی ڕابردوودا ١٩ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. سێ حاڵەت بە هۆی ڕووداوی سروشتی و١٦ حاڵەت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

 

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (١١ حاڵەت)

لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لاینکەم ١١ کورد لە بەندیخانەکانی سەقز، سنە، کرماشان، بروجێرد و ئورمیە لەسێدارە دراوە. کەسێکیان بە تۆمەتی سیاسی و ١٠ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپابوو.

 

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (٦ حاڵەت)

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، چورا هاووڵاتیی لە سنوورەکانی دێهلۆڕان، مێهران و بانە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار و یان کەم ئەندام بوون.

هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لە ئەنجامی بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا گیانیان لە دەست دا.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٤٦ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، ٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی و مەزهەبی سەرجەم حوکمی ٥٦ ساڵ بەندکران و هاووڵاتییەکیش بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

 

خۆکوشتن و کوژرانی ژنان ( ١٤ حاڵەت)

لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ کەس لە شارەکانی کوردستان بە هۆی کێشەی خێزانی و ئابوورییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ١٠ کەسیان ژن و ٢ کەسیان منداڵ بوون.

هەروەها ژنێکی خەڵکی دەڕەشاری ئیلام بە دەستی کەس و کاری خۆی کوژراوە.

کرێکاری ( ١ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا دوو کرێکاری خەڵکی ئیلام و مەریوان لە کاتی کار و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved