| ||
| ||
کاک وریا، کوڕە خاسەکەی کوردستان
وریا غەفوری، كاپتنی پێشوی یانەی ئیستقلالی تارانو پاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، كە خەڵكی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن بەهەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران"و "دژایەتی رژێم" دەستبەسەر کرا.
میدیاکانی ئێران لەبارەی سوکایەتییەکەی وریا غەفوری زانیارییان نەخستەڕوو، بەڵام وا دیارە هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی لەدوای ئەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران لەبەردەم رەئیسی سەرۆک کۆمار چەمانەوە پێش ئەوەی بەرەو قەتەر بەڕێبکەون، وریا لەپەیجی تایبەتی خۆی لەئینستاگرام بە"بێ شەرمو بێ شەرەف" ناویبردن، کە هیچ رێزێکیان بۆ قوربانییەکانی ناڕەزایی ئەمدواییەی هاوڵاتیان نەبوە.
وریا غەفوری، یەکێکە لەو یاریزانانەی تۆپی پێی ئێران کە کاردانەوەی بەرامبەر بەزۆربەی پرسە سیاسیو کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەبوەو پێشتریش رایگەیاندوە "كاتێك باس دێتە سەر خەڵكی وڵاتەكەم، ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر بەبابەتە كۆمەڵایەتییەكان"و زۆرجار بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەوە لەپاڵ قسەو باسی وەرزشی، لەبارەی كێشەی كۆمەڵایەتیو ئابورییەكانی ئێستای ئێرانەوە ئازایانە قسەی كردوە.
وریا غەفوری لەم هەفتانەی دواییدا بەتایبەت پاش روبەڕوبونەوەی خوێناوی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بەرامبەر بەناڕەزاییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەتوندی هەڵوێستی دژ بەكۆماری ئیسلامی وەرگرتوەو خوازیاری كۆتاییهێنان بوە بەكۆمەڵكوژی كوردان لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانو داوای کردوە "کوشتنی گەلی کورد ڕابگرن".
وریا غەفوری، تەمەن 35 ساڵ، كوردو لەدایكبوی شاری سنەیەو لەناو هاوڵاتیانی کوردا بە"کاک وریا" ناودەبرێت، ئەو 16 ساڵ لەمەوبەرەوە لەگەڵ یانەی "پاسی هەمەدان" دەستیكرد بەیاری تۆپی پێ بەشێوەیەكی پیشەییو دواتر لەچەندین یانەی ئێران یاری كردوەو بوە یاریزانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران.
ئەو بەر لە جامی جیهانی 2018، لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانەوە، لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكە دورخرایەوە كە ئەوەش لای هەندێك وەك "شتێكی سەیر" لێكدرایەوەو راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانی روبەڕوی رەخنە كردەوەو ئەو كارەیان ئەویان بەستەوە بە چەند پرسێك لە "دەرەوەی یاریگای تۆپی پێ."
وریا غەفوری، لەم ساڵانەی دواییدا لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دژ بەرژێمی كۆماری ئیسلامی، بەردەوام هەڵوێستی هەبوەو پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵك كردوە. چوار ساڵ لەمەوبەر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە تەقەكردن لەكۆڵبەران لەسنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، نوسی "ئێران كوردستانە، ئەو شوێنەی كە پیاوان بۆ تێركردنی سكی خۆیان و ژن و منداڵیان دەبێت كۆڵبەری بكەن، بەڵام بەنرخی گیانی خۆیان."
زستانی 2018 کاتێک محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران وتی "ئێمە شانازی دەكەین كە بەهۆی فەلەستینو لوبنانەوە لەژێر گوشارداین". وریا غەفوری یەكێك بو لەو كەسایەتییە بەناوبانگە دەگمەنانەی ئێران كە وەڵامی ئەمەی دایەوەو نوسی: "ئەوانەی بەهۆی خەڵكی ستەمدیدەی فەلەستین، یەمەن و لوبنانەوە لەژێر فشاردان، ئێوە نین، خەڵكی ئێرانن."
هەڵوێستێکی دیکەی کە هەرای نایەوە، داواكاریی وریا غەفوری لەیاریزانانی یانەی ئیستیقلال بو بەیادكردنەوەی سەحەر خودایاری كە بە "كچە شینەكە" ناسرا بو، ئەو كچە یەكێك بو لەهاندەرانی یانەی ئیستیقلال كە هەوڵیدەدا بچێتە نێو یاریگا بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراو دواتر لەبەردەم داواكاریی گشتی تاراندا خۆی سوتاند.
هەڵوێستێکی دیکەی، كاردانەوەی بو لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەموشەكی سوپای پاسداران، كاپتنەكەی ئیستیقلال لەوبارەیەوە میدیای رەسمی ئێرانی بە"درۆزن" ناوبردو داوایكرد لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكەرانی روداوەكەدا بكرێت.
چوار ساڵ لەمەوبەر، وریا غەفوری، لە كاردانەوەیدا بەرامبەر گڕگرتنی قوتابخانەیەكی كچان لە زاهیدان و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسی"شەرم بۆ بەرپرسانی وڵاتێك كە ئەم خوێندكارانە بەهۆی نەبونی پێداویستییە سەرەتاییەكانەوە، دەبێت لە پۆلدا ئاگریان تێبەربدرێت." كاتێكیش تەلەفزیۆنێكی ئێران فیلمێكی نمایش كرد بە بێ سانسۆركردنی دیمەنێكی "دەست لەملانێ"، بۆ سبەینێ، دەزگای سەداو سیمای ئێران، بەڕێوەبەرانی تەلەفزیۆنەكەی لەكار دورخستەوە، وریا لەوبارەیەوە نوسی "ئایا كەسانێك كە بەرپرسی مەرگی 10 خوێندكارو گڕگرتنی قوتابخانەكانن، ئەوانیش دادگایی دەكرێن؟"
لەدوای گرانبونی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەن لە چەند ساڵی رابردودا، وریا لە تویتەرو ئینستاگرامەكەی خۆی، بە تانەدان لە سیستمی سیاسی و ئابوری ئێران وتی "كۆمار چاكە، ئیسلام چاكە، ئێران باشترینە. ئەی هۆكاری ئەو هەمو كێشەو هەژارییەی خەڵكی ئێران چییە؟"
هەروەها غەفوری لەدوای راگەیاندنی سزای پێنج چالاكوانی ژینگەوە لەلایەن دادگا، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی ئەو چالاكوانانەدا نوسی "بۆ ئەم وڵاتە دەبێت خوێن بڕێژرێت." لەدوای چەند کاتژمێرێک بەپێی هەندێك لەمیدیاكان بە فەرمانی دەزگا ئەمنییەكان و لەسەر داوای "وەزارەتی وەرزش و لاوان"، هەژمارەكەی وریا غەفوری داخرا.
هەروەها لەساڵی 2020 بو، لەدوای لەسێدارەدانی نەوید ئەفكاری، زۆرانبازی ئێرانی كە بەتۆمەتی "كوشتنی ئەنقەست" لەسێدارەدرا، وریا غەفوری لەوبارەیەوە نوسی "هزرو بیركردنەوەو ئازادی، نە بەزیندان نە بەلەسێدارەدان دیل ناكرێت، جەوهەری مرۆڤ خواستگەلێكی هەن كە هیچ كات خامۆش نابێت."
هەروەها وریا غەفوری لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێرانەوە دژبە گرانكردنی كاڵاكان وتی "من هەمیشە كاتێك باس دێتە سەر بابەتە كۆمەڵایەتیو مەدەنییەكان، ئیتر تۆپی پێ بۆ من ئەولەویەت نییەو دەبێت ئەو پێگەیەی كە هەمە بەكاربێنم ببمە دەنگی ئەو هاندەرانە كە بەهەزار بەدبەختی كارتی هاتنە یاریگا دەكڕنو هانی ئێمە دەدەن."
هەروەها وتیشی "ئومێدەوارم خەڵكی ئێمە بەو جۆرەی شایستەیانە بژین، مافی خەڵكی ئێرانە كە خۆشبەخانە بژین." دەستگیرکردنی وریا غەفوری كاردانەوەیەكی فراوانیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیاندا هێناوەو زۆربەی کەسایەتییە دیارە وەرزشیو هونەرییەکانی ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم یاریزانە کوردە دەربڕیوە، بەشێك لەهەوادارانیشی نازناوی "چێ گیڤارا"یان لێناوە.
سەرچاوە: ئا ،ئاوێنە
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved
| ||