رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی لەسەر 400 ملیار دینارەكە

 

 

 

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە 400 ملیارەكە رایگەیاند

 

 

دەقی رونكردنەوەكە..

 

رونكردنه‌وه‌یەک له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌٤٠٠ ملیار دیناره‌كه‌

 

ئه‌و ٤٠٠ ملیار دیناره‌ی كه حكومه‌تی فیدراڵ له‌ماوه‌ی رابردو خستییه‌ سه‌ر ئه‌ژماری بانكیی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی پێشوی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوه‌، كه پێشتر‌ مانگانه‌  ٤٥٣ ملیار دینار بو.

 

به‌ڵام به‌هۆکاری سیاسی و قەیرانی دارایی، ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك راگیرا و پاش جه‌ژنی ره‌مه‌زان به‌ بڕێكی كه‌متره‌وه‌ خراوه‌ سه‌ر ئەژماری بانكیی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری.

 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دابو، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، موچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران پێش جه‌ژن دابه‌ش بكرێت، هه‌ر بۆیه حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ی خۆی دانوستانی لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کرد کە ماف و شایستە داراییەکانی خۆیان بۆ ماوەیەک دوابخەن و بەوجۆرە توانرا ٣٧٥ ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت و دواخستنی ماف و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کۆبکرێتەوە، هەوەروەها ١٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لە چەند کۆمپانیایەکی نەوتی قەرز کرا و وێڕای ئەمەش  بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلار (کە بە دینار دەکاتە ١٦٥ ملیار و ٧٢٥ ملیۆن) لە سەرمایەدارانی ناوخۆ بۆ ماوەی مانگێک قەرز کراو لەگەڵ ١٧ ملیۆنی هاوپەیمانان و ٧٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ، توانرا کۆی موچەی موچەخۆران لە پێش جەژن دابەش بکرێت.

 

چەند رۆژێک دوای جەژن ئەو گوژمەیەی بەغدا گەیشت. بانكی ناوه‌ندیی عێراق به‌ر له‌ گواستنه‌وه‌ی٤٠٠ ملیار دیناره‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌ژماری بانكیی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، بڕی ١٢ ملیار دیناری بۆ قه‌رزی بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان بڕی و تەنها‌ ٣٨٨ ملیار بۆ هەرێم مایەوە.

 

له‌و ٣٨٨ ملیار دیناره‌‌، بڕی ١٦٥ ملیارو ٧٢٥ ملیۆن دینار قەرزی سەرمایەدارانی ناوخۆی گەڕێندرایەوە.

 

ئێستا بڕی ٢٢٢ ملیارو ٢٧٥ ملیۆن دینار لەو پارەیه‌ ماوەتەوە، ئەوجا یان دەبێت له‌گه‌ڵ  کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ و پارەی فرۆشتنی نەوت بۆ موچەی داھاتو تەرخان بکرێت، کە ھێشتا کورتھێنان ھەیە و یاخود باقی قەرزەکانی مانگی ڕابردوی پێ بدرێتەوە.

 

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری

٢٠٢٠/٦/١١

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved