وەلی دێوانە

وەلید کوڕی کوێخا محەمەد ناسراو بە وەلی دێوانە ھۆنراوەنووسێکی کوردی سەدەی ھەژدەھەم بووە. ھۆنراوەکانی ئەم شاعیرە کە بە شێوەزاری ھەورامی بوونە پشتاوپشت بیستراون. بۆ یەکەمجار ھۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی ژیان و ژین بڵاو کراونەتەوە، پیرەمێردی شاعیر گرنگیەکی زۆری بە ھۆنراوەکانی داوە و کردوونی بەشێوەزاری سۆرانی. مەحمود خاکی لە ساڵی ١٩٧٠ و عوسمان ھەورامی لە ١٩٧٦دا ھۆنراوەکانی وەلی دێوانەیان کۆکردووەتەوە و چاپیان کردووە. وەلی دێوانە شارەزای زمانی فارسی بووە.

ناوی وەلید کوڕی کوێخا محەمەدی تیرەی کەماڵەیییە. باوکی پیاوێکی خانەدان و موڵکداربوە. لە دەشتی شاکەل و شێروانە ھاتۆتە دنیاوە. لە سەرچاوەکاندا ساڵی لە دایک بوونی ئاشکرا نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لە سەدەی ھەژدەیەمدا ژیاوە و مردووە (لە ساڵی ١٧٥٦دا ھێشتا لە ژیاندا بووە).

 

لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی حەزی کردووە فێری خوێندن و نووسین ببێت، لە شاری سلێمانی فەقێیەکی بۆگرتوە فێری خوێندنی بکات و لەسەر دەستی مامۆستاکەی مەلا یوسف فێری خوێندن و نووسین و و قورئان بووە. خوێندەواری وەلی دێوانە و ناوبانگی مامۆستاکەی گەیشتۆتە ھۆزەکانی تر. کوێخا قادر شێروان کە یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی و کچێکی ھەبووە بە ناوی شەم (شەمسە) داوای لە مامۆستاکەی کردووە ئەمیش فێری خوێندن بکات و پێکەوە لەگەڵ وەلی دێوانە خوێندوویانە. وەلی شەیدای شەم دەبێ و پەیمانی خۆشەویستیان بەستووە. دەچن بۆ خوازبێنی و بەڵام بڕیاریان داوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بەدەستگیرانی بمێننەوە. لە کاتی کۆچی ھاوینەی جاف بەرەو کوێستان، ناکۆکی لە نێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە کەلی پەیکووڵیدا، ڕوویداوە. بەھۆی ئەو ناکۆکییەوە، دوو دڵدار بە یەک نەگەیشتن و لەیەکتری دابڕاون و یەکتریان نەدیوەتەوە. خۆشەویستی شەم زۆر کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەم شاعیرە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی و لێک دابڕانی شەم بووە.

 

گۆڕی وەلی دێوانە بە قەد پاڵی کێوی سەید سادقەوەیە لە قەزای سەید سادقی ناوچەی شارەزووردا.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved