نەخۆشی شیزۆفرینیا چیە ؟!

 

 

وەهبی هەڵەبجەیی

 

نەخۆشی شیزۆفرینیا یەکێک لە نەخۆشیە ژیریەکانە ( الأمراض العقلية)  ، لەبەر ئەوەی لە لایەک تاوەکو ئێستا هۆکارەکانی نەزانراوە ، لەلایەکی تریشەوە بەزۆری تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە لەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرهەم هێنان و چالاکی دان ، شیزۆفرینا زاراوەیەکی پزیشکی دەرونییە و لە هەردو ووشەی ( شیزۆ ) بەمانای دابەش بوون وە ( فرینیا ) بەمانی ژیری ( عقل)  پێکهاتووە ، واتە مانای دابەش بوونی ژیری مرۆڤە .

بەڵام دابەش بوونی ژیری مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو مرۆڤەی تووشی شیزۆفرینیا بوو ئیتر دەبێت به جەند کەسێک و لە کەسایەتیەک زیاتری دەبێت ، وەک زۆر جار گوێ بیستی جووتە کەسایەتی یان فرە کەسایەتی ( معتدد الشخصيه)  دەبین ، بەڵکو مەبەست لەوەیە کە پڕۆسیسەکانی ژیری ئەو نەخۆشانە ناتوانن بەکارو فەرمانی ئاسایی خۆیان هەڵبستن و تووشی لێکترازان و تێکچوون دەبن ، هەر لەبەر ئەوەشە کە شیزۆفرینیا بە شیرپەنجەی ژیری دادەنرێت .

 

شیزۆفرینیا وەک زاراوە یەکەم جار لەلایەن

زانایەکەوە کەناوی ( بلویلر ) بوو بەکارهێنرا ، (  بلویلر ) لەوباوەڕەدا بوو کە نەخۆشی شیزۆفرینیا لە چەند حالەتێکدا خۆی دەبینێتەوە و وەک نەخۆشیە ژیری و دەروونیەکانی تر یەک حاڵەتی نیە .

٭ چوار نیشانەی سەرەکی بۆ ناسینەوە و دیاریکردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا و دەست نیشان کردنیان هەیە ، کە بریتین لە :

١- تێک چوون و لێکترازانی پڕۆسیسی بیرکردنەوەو پچڕاندنی پەیوەندی نێوان بەشەکانی

٢- خۆیەتی ، واتا گۆشەگیری و خۆ خواردنەوە و سوڕانەوە بە چوار دەوری خوددا و دوورە پەرێزی و دوورکەوتنەوە لە کەسانی چوار دەور و کڕو کۆبوونەوە و نقووم بوون لە جیهانی خەو و خەیاڵ و زێدە خەو و هەڵاوس و ئەوهام

٣- تێکچوونی باری سۆز و هەڵچوونی و گۆڕینی مەزاج و تووش بوون بە حاڵەتی ( هەردەمەی لەسەر هەوایەک ) .

٤- جووت هەستی ( پنائیە الشعور ) واتا نەخۆش دوو هەست و بۆ چوونی جیاواز و دژیەکی بەرانبەر یەک بابەت یان یەک کەسی دیاری کراو لا دروست دەبێت .

٭ درێژەی نیشانەکانی نەخۆشی شیژۆفرینیا :

 

١- تێکچوونی پڕۆسەی بیرکردنەوە :

کەسی تووش بوو بە شیزۆفرینیا توانای بیرکردنەوەی مەنتیقی زۆر لاواز دەبێت و بیر و باوەڕی سەیر و سەمەرە وهەڵە و نادروستی لەلا دروست دەبێت ، بۆنموونە دەڵێت  ( کەسانێک لە بۆشایی ئاسمان کۆنتڕۆڵی هەڵس و کەوت و بیرکردنەوەی من دەکەن ، من هیچ دەسەڵاتێکم نیە ،  کەسانی تر بیر و بۆچوونەکانی من دەدزن و دەزانن من چۆن بیردەکەمەوە ، هەندێک کەس دەیانەوێت وەک ئەوان بیربکەمەوە و بیر و بۆچوونی خۆیانیان لە مێشکمدا چاندووە ، خێزان و کەس و کارم موئامەرەم لێدەکەن و دەیانەوێت دەرمان خواردم بکەن ...... هتد ) ، بەشێوەیەکی گشتی ئەم تێکچوونەی پڕۆسەی بیرکردنەوە بە زۆر شێواز دەردەکەوێت .

 

٢- شڵەژانی لایەنی سۆزو عاتیفەو شعور :

لەلایەنی سۆز و عاتیفەکەشەوە وەک کەسی ئاسایی مامەڵە ناکات و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشی لاواز دەبێت و ناتوانێت بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی کەسانی نزیکی بکات ، بۆ نموونە زۆر بە سادە و سارد و سڕی باسی مردنی دایکی یان باوکی یان منداڵێکی ئازیزی دەکات وەک ئەوەی نەیناسێت و بێگانە بێت ، سەرەڕای ئەوەش هەڵس و کەوت و ڕەفتاری لەگەڵ ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی چواردەوری ناگونجێت ، بۆ نموونە کاتێک هەواڵێکی ناخۆش و دڵتەزێن دەبیستێت ئەوا پێدەکەنێت ، لە کاتێکدا لە ئەنجامی بیستنی هەواڵی خۆش دەست دەکات بەگریان .

 

٣- تێکچوونی پڕۆسەی درکپێکردن :

کەسی تووشبو بە شیزۆفرینیا گوێبیستی هەندێک دەنگ دەبێت کە کەسانی تر نایبیستن ، یان هەندێک شت دەبینێ کە ئەوانەی تەنیشتی نایبینن و لە واقیعدا هیج بوونێکیان نیە ، بەڵکو تەنها لە مێشک و دڵ و دەروونی ئەودا هەیە ، واتە تووشی هەڵوەسە دەبێت و بە ئاشکراو بە دەنگی  بەرز قسە دەکات و هەڵس و کەوتی جۆراو جۆر دەکات وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێک قسە بکات یان گوێبیستی دەنگێکی ڕاستەقینە بێت و هەڕەشەی لێبکەن یان تاوانباری بکەن یان فەرمانی شتێکی پێ بکەن ، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هاوسەنگی پێکهاتەی کیمیایی هەندێک بەشی مێشک تێکدەچێت و کار و چالاکیەکانی وەک پێویست کارناکات و بە هەڵە هەندێک شت لێکدەداتەوە ، سەرەڕای ئەوەش بەبێ ئەوەی وروژێنەری واقیعی و ڕاستەقینە هەبێت ئەوا ئەو تێکچوونی هاوسەنگیە دەبێتە هۆی وروژاندنی ئەو خانانەی کە بەرپرسی بیستن و بینینن و ئەو هەڵوەسەی بیستن و بینینە دروست دەکەن .

 

٤- ڕەفتار و هەڵس و کەوت :

کەسی تووش بوو بە شیزۆفرینیا هەندێک ڕەفتاری سەیر و سەمەرە و نامۆ و سەرنج ڕاکێش دەکات ، بۆ نموونە بە شێوەیەکی سەیر دادەنیشێ یان جەندەها جووڵەی سەیر بەدەم و چاوی دەکات یان بە دەست و قاچی جوڵەی نائاسایی دەکات کە هیچ مانایەکیان نیە ، یان بۆ ماوەیەکی زۆر وەک بەرد و تەختە گیانی ڕەق دەبێت وهیچ جووڵەیەک ناکات و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە یەک شووێن ڕادەوەستێت  .

 

٭ نیشانه نێگەتیڤەکان :

لەلای کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا هەندێک نیشانەی نێگەتیڤ دردەکەوێت ، بۆ نموونە گۆشەگیر دەبێت و حەز بە تێکەڵاوی کەسانی تر ناکات یان کەمتەرخەمی دەکات و گرینگی بە جل و بەرگ و پاک و خاوێنی خۆی نادات و حەز و ئارەزو و گوڕ و تینی جارانی بۆ کارکردن و خوێندن نامێنێت و ووشی تەمبەڵی و سارد و سڕی دەبێت .

 

٭ چۆنیەتی دەست نیشانکردنی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا :

پزیشک و دروونزانەکان کۆمەڵێک نیشانە و مەرجیان بۆ دەست نیشانکدنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا داناوە و کاتێک نیوەی یان زۆربەی ئەو نیشانانە لەلای هەر کەسێک هەبێت ئەوا ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت کە تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوو بێ ،

لە گرینگترینیان ئەمانەی خوارەوەن :

 

١- بیر و باوەڕی هەڵە و نامەنتیقی .

٢- هەڵاوس و بیستنی دەنگ و بینینی شتی ناواقیعی .

٣- شڵەژان و تێکچوونی قسەکردنی .

٤- ڕەفتاری نا ئاسایی و گیان ڕەق بوون بە تەختە بۆ ماوەیەکی زۆر .

٥- هاوبەشی نەکردی خۆشی و ناخۆشیەکانی کەسانی نزیک و لاوازبوونی ئیرادە و کەم قسەکردن .

٦- تێکچوون و لاواز بوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی و کەمبوونەوەی گوڕ و تینی کارکردن و خوێندنی .

٧- نابێت ئەو نەخۆشانەی تووشی لووی  ( ورم ) مێشک بوون یان پەرکەم و فێیان هەیە یان بیرکۆڵن یان کەم و کوورتی لە کۆئەندامی دەماری ناوەندیان هەیە یان ئەوانەی لە ئەنجامی ئالودەبوون و خووگرتن بە ماددەی هۆشبەر تووشی شڵەژانی عەقڵی بوون لەگەڵ کەسانی توشبوو بە شیزۆفرینیا تێکەڵ بکرێن .

٭ ئایا دەتوانرێت لە سەرەتای ژیان و لە تەمەنێکی بچووکدا کەسی تووشبوو دەست نیشان بکرێت ؟

ئەگەر دایک و باوک هەر لە منداڵییەوە سەرنجی ڕەفتار و هەڵس و کەوتی منداڵەکانیان بدەن ، ئەوا دەتوانن لە کاتی خۆیدا کەم و کورتییەکانیان دەست نیشان بکەن و زوو فریایان بکەون ، بەڵام پشتگوێخستنی نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیەکان دەبێتە هۆی دواخستنی دەست نیشان کردن و چارەسەرکردنی منداڵەکانیان ئینجا بۆ ئەوەی دایک و باوک لەم ئەم کارەیاندا سەرکەوتوو بن دەبێت بزانن نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا کامانەن ،

٭ لە گرینگترین نیشانەکانیش ئەمانەی لای خوارەوەن :

١- دوورکەوتنەوە لە کەسانی تر و حەزکردن بە تەنهایی و گومانکردن لە خەڵکی .

٢- پشتگوێخستنی پاک و خاوێنی و گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و ڕواڵەتی خۆیان .

٣- بوونی وەسواسی و ڕاڕایی و عەمەلی .

٤- پێکەنینی بەبێ هۆ و لە ناکاو .

٥- نەبوونی وریایی و بە ئاگایی و لاوازی مامەڵەی دروست لەگەڵ کەسانی تر .

٦- تێکچوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان و نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن و فێربوونی .

٧- هەندێکجار باسی شتی نامەعقولی وەک ( جنۆکەم بینیوە ، قسەم لەگەڵ دێو و درنج کردووە ) .

٨- باش قسە نەکردن و بەزەحمەت تێگەیشتن لە قسەکانیان .

٩- نقوومبوون لە ئاین و زیادەڕۆیکردن تیایدا بە جۆرێکی نا ئاسایی .

١٠- زوو زوو ماندوبوون و حەزکردن بە خەوتن .

 

٭ ئەمانەی خوارەوە بە گرینگترین هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دادەنرێت :

١- بۆماوە

٢- کیمیایی مێشک

٣- کەم کورتی لە بونیاد و پێکهاتەی مێشک

٤- ماددە هۆشبەرەکان ( المخدرات )

٥- هۆکاری ژینگەیی و دەروونی

 

٭ چارەسەری کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا :

 

١-  پەیوەندی پتەوی نێوان نەخۆش و پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی و کەس و کاری نەخۆش زۆر گرنگە و فاکتەری سەرەکییە بۆ زوو چاک بوونەوەی نەخۆش ، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە دەبێت پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی و کەس و کاری نەخۆش پەیوەندی بەهێز و خۆشەویستی لەگەڵ کەسی نەخۆش دابنێن و نەخۆش لەگەڵیان هەست بە ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی بکات ، بەڵام ئەگەر ئەو پەیوەندیە خراپ بێت  و ڕێزی نەگیرێ و لە نرخی کەم بکرێتەوە یان بە چاوی نزم سەیر بکرێت ئەوا نەخۆشیەکەی خراپتر دەبێت و هیچ سوود لە چارەسەرکردن وەرناگرێت .

٢- دەبێت هەر نەخۆشەو مامەڵەی تایبەت بەخۆی لەگەڵ بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و نابێت یەک جۆر چارەسەر بۆ هەموو نەخۆشەکان دابنرێت ، لەبەر ئەوەی جیاوازی تاکی لە نێوان نەخۆشەکان هەیە و دوور نییە هۆکاری تووشبوونیشیان جیاواز بێت ،لەلایەکی تریشەوە زۆر  هەڵەیە کە تەنها یەک جۆر چارەسەر بەکار بهێنرێت بەڵکو دەبێت هەموو جۆرە چارەسەرەکانی وەک ( داو و دەرمان و دەنکۆڵە " حەب " و دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و ڕاهێنانی پیشەیی ) بەکاربهێنرێت .

٣- نابێت ئامانجی چارەسەرکردن تەنها ئەوە بێت کە نیشانەکانی نەخۆشیەکە نەهێڵدرێت ، بەڵکو دەبێت دووبارە نەخۆش بۆ ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی پیشەیی ئامادەبکرێتەوە و بگەیەندرێتە ئاستێک کە بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژیت و هەست بەکەمی و بێدەسەڵاتی و کەم نرخی خۆی نەکات .

٤- دەبێت بە تەواوی پشکنینی پێویست بۆ نەخۆش بکرێت و دڵنیابن کە تووشی شیزۆفرینیا بووە ئینجا بیر لە چارەسەر بکرێتەوە ، لەبەر ئەوەی نیشانەکانی شیزۆفرینیا وەک نیشانەکانی هەندێک نەخۆشی تر وایە ، ئەگینا بە هەڵە دەست نیشان دەکرێت ، ئەو  کاتەش چارەسەر هیچ سوودێکی نابێت ، لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشی شیزۆفرینیای نیە و ئەو چارەسەرەش بۆ ئەو نەخۆشییەی ئەو گونجاو نیە .

٥- پێویسته کاتی گونجاو بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی کەسی نەخۆش بۆ ناو کۆمەڵگا و سەر کار و پیشەکەی دیاری بکرێت ، واتا نابێت دوای چارەسەر بە ماوەیەکی زۆر کەم بۆ سەر کارەکەی بگەڕێندرێتەوە لەبەر ئەوەی هێشتا بەتەواوی چاک نەبۆتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە بە بچووکترین شت هەرەس بهێنێ و زوو ماندوو ببێت و بەرگەی  فشار و هیلاکی کارەکەی نەگرێت ، لەلایەکی تریشەوە نابێت دوای ماوەیەکی زۆر لە چارەسەر ئینجا بۆ سەر کار و پیشەکەی بگەڕێندرێتەوە چونکە ئەو ماوە زۆرە وای لێدەکات کە بڕوای بە خۆی نەمێنێ و بەچاوی گومان سەیری خۆی بکات و متمانەی بە تواناکانی نەمێنێ ، لەبەر ئەوە دەبێت کاتەکە نەزۆر بێت و نەکەم .

٦- ئەوەی زۆر گرنگە دەبێت نەخۆشی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لەسەر وەرگرتن و بەکارهێنانی دەنکۆڵە ( حەب ) و دەرمانەکانی بەردەوام بێت بە پێی ڕێنمایی و ئامۆژگاریەکانی پزیشکی تایبەت و لە خۆیەوە وازیان لێنەهێنێ ، لەبەر ئەوەی ڕازی کردنی نەخۆش و هاندانی بۆ بەردەوام بوون لەسەر بەکارهێنانی دەنکۆڵە ( حەب ) و دەرمانەکانی زۆر گرینگە .

٧- چارەسەر کردن و چاکبوونەوەی نەخۆش بەبێ هاوکاری و یارمەتی خێزان نابێت، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە کە دایک و باوک و خوشک و برا ڕۆڵی گرنگیان هەبێت و بە پێی ڕێنماییەکانی پزیشکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ کەسی نەخۆش بکەن و بە چاوی سووک سەیری نەکەن و تیر و توانجی تێنەگرن ، بە پێچەوانەوە زۆر گرنگە زانیاری پێویستیان دەربارەی ئەم نەخۆشییە و نیشانەکانی و هۆکار و ڕێگاکانی چارەسەر کردنی هەبێت ، بۆ ئەوەی ئەمانیش لە پاڵ پزیشک و چارەسەرکاری دەروونی ڕۆڵی پۆزەتیڤیان هەبێت و فاکتەرێک بن بۆ زوو چاک بوونەوەی ڕۆڵە و خوشک و براکانیان .

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved