شیعرەكانم بەتاریكی بپێچەوە

چی بنووسم بۆ كۆچی تۆ

كام لاپەرەی

دڵی سپی رەش كەمەوە

خۆڵەمێشی شوێنەواری

كام ماڵە دۆم گەش كەمەوە

دڵنیاكەم

ئەی سەرچاوەی ئازارو خەم

هاوڕێی خەم و

شیعری ئاڵم

كۆشی بەموراد نەگەیشتوو

ئامێزی دوور لەمناڵم

یادت دەكەم

بەقەد بەرزی خەمەكانم

بەقەد فەنابوونی خۆم و

هەڵقرچانی

پیت بەپیتی شیعرەكانم

ئێستا لەكوێی

ئاخۆ شەوان نامەكانم هەڵدەبچڕی

شیعرەكانم

بەتاریكی دەپێچیتەوە

بڵێی ئیستا لەرز داتنەگرێ

كە ئەم شیعرەم دەخوێنیتەوە

وەرەوە كچە هەولێری

قەڵا بێ تۆ

لەكەركوكی دڵ ناپرسێ

شاعیر بێ تۆ

شیعرێكی ئەوین نانووسێ

بۆ كوێ بارگەو

بوخچەی كچێنیت گرێداوە

بۆ ئەوەندە لێم بێزاری

سەفەرت كرد بە یەكجاری و

ئیتر نەتوت ستارەكەم

شەیدام بەتۆ

بەپیرۆزی كوردستان و

پرشنگی گوڵە هۆنراوە

ستار ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved