..  ناونیشان  ..

 

ئەگەر پیتێک بینم بگرێ

دێڕێک لەملم دەئاڵێ

بمەوێ شیعرێک قووت بدەم

ناونیشانێک ڕامدەماڵێ

...      ....          ....

لەنێوانی وێردی خەون و

بەسەرهاتی پێشینەما

تاریکیەک هەڵمدەگرێ

بۆ شەوباس و دڕکە سەما

....     .....        .....

ئەم ژانی عەشقە دەمکوژێ

بەوشەی ئاڵ دانامرکێ

تەماشای پەڕەی دڵم کەن

خوێناوی شیعری لێدەتکێ

.....    .....   ......

فریادڕەسێ یادم ناکات

نیوە دێڕێکم وەرگرێ

گیرفان باوانی ئەمڕۆیە

دڵ لەزڕەی پوولا دەمرێ

.....    .....        ......

ئەمەک پاشماوەی ئاگرە

پرچی دایکمەو سووتاوە

چۆن خاکێکە سەرچاوەی من

سەد کەرت دەکرێ لەچوار لاوە

 

ستار ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2009 - 2021. All rights reserved