( په‌یكه‌ر )

 

له‌به‌فرنیگارت ده‌كێشم

ته‌مومژ ده‌كه‌مه‌ پۆشاكی

تریفه‌یه‌ك له‌گیانت وه‌رده‌ده‌م

به‌تاریكی ره‌نگت ده‌كه‌م

دوو ئه‌ستێره‌ بۆ دیه‌كانت

ده‌ڕه‌نگێنم

هه‌تاو چاویلكه‌ی چاوانته‌

سپیده‌یه‌ك له‌دایك بێ

توانه‌وه‌ ده‌تسڕێته‌وه‌

شه‌وێكی تر

په‌یكه‌رێكت بۆ داده‌تاشم

ئاگر گزنگی رۆحت بێ

خۆر بازنه‌ی ده‌رباز بوونت

به‌ڵكوو روناكی بتخوازێ

به‌ئه‌سكڵ جۆشت دامرێ

ده‌زانم ..

سووری ئاسۆ ده‌ركه‌وێ

تاسه‌ت ده‌مرێ

چی دی كه‌س به‌لاتا نایه‌

كه‌ ئاوڕێك ده‌ده‌یته‌وه‌

تێده‌گه‌ی عومرت ئاوایه‌

گه‌لۆ زه‌مه‌ن

میژوو ده‌نوسێته‌وه‌

به‌رواری تۆیش

لرفه‌ی زریان و ره‌شه‌بایه‌

شه‌وگار به‌پرچ راده‌كێشێ

هه‌موو شه‌وێ

په‌یكه‌رێكت بۆ ده‌تاشم

له‌گه‌ڵ زریانا گیان ده‌ده‌ی

ده‌بیت به‌شێ

 

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2009 - 2020. All rights reserved