( بانگه‌واز )

 

هه‌ر كاتێك حیزب كایه‌كانی ژیانی گرته‌وه‌ ، ئیتر مانایه‌ك نامێنێ‌ ..

بۆ قه‌ڵه‌م ، راستگۆیی ، جوانی ، پاكی ، ئه‌ده‌ب ، .. لێره‌دا باسی من ئه‌ده‌به‌ و به‌تایبه‌تی شیعر .

كه‌سیاسه‌ت و ئه‌م بواره‌ تێكه‌ڵبوون و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستران ، ئیتر شاعیر ـ یاخود نووسه‌ر .. له‌ئه‌رزو حاڵ نووسێ به‌ولاوه‌ هیچی دیكه‌ی لێده‌رناچێت .ئه‌و كاته‌ رۆح ده‌پووكێته‌وه‌ / شیعر له‌گیانه‌ڵای مردنا ده‌بێت .قه‌له‌میش ده‌بێته‌ ئامڕازێكی بێ‌ گیان و ئه‌وه‌ی هه‌ڵیده‌ڕێژێ‌ .. جگه‌ له‌پیاهه‌ڵدانی كه‌سه‌ ناشیرینه‌كان و ده‌ربڕینی نادادپه‌روه‌رانه‌شتگه‌لێكی تر نین . بۆیه‌ ده‌بینی نووسه‌رو شاعیرمان زۆرن ، كه‌چی له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن ، تووشی په‌تایه‌ك بوونه‌ ـ به‌ره‌و خێڵگه‌رایی ، گرووپ و گرووپكاری په‌لی گرتوون و به‌ڕاست و ناڕاستا پێنووسه‌كه‌یان به‌كارده‌هێنن . هه‌مان خه‌سڵه‌تی به‌رپرسه‌كان

له‌هۆش و هزرو ره‌فتاریانا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ .ڕه‌ش ده‌كه‌ن به‌سپی و سپی به‌ڕه‌ش . له‌زه‌مه‌نێكی ته‌كنۆبه‌ردینی چه‌واشه‌كاریا ده‌ژین .

مه‌سه‌له‌ ڕۆحیه‌كان سڕاونه‌ته‌وه‌ . هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ وای لێكردووین ـ  له‌بارێكی ناته‌ندروست و نائاراما ته‌ماشای په‌یج و نووسین و كه‌سانی سه‌رشاشه‌كان و به‌رهه‌می فه‌یس بووك  بكه‌ین . جۆره‌ ناڕازیبوونێك لامان دروست بووه‌ .. هه‌میشه‌ قه‌ڵسین له‌خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان و كه‌سه‌كان چێژ وه‌رناگرین .

ئه‌وه‌ی هه‌شه‌ له‌میهره‌جان و ته‌نانه‌ت لایك و كۆمێنته‌كانیشا هه‌ر ئه‌م باره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و ئه‌و جۆره‌ دیاردانه‌ی تێدا ده‌بینین ... درۆ , پاكانه‌ ، گرووپ و گرووپكاری ، خێڵگه‌رایی ، هاوڕێتی ، ناسیاوی ، خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ له‌مێینه‌ ،.. هتد .. ئه‌مانه‌ ئه‌ده‌بیان به‌لاڕیدا بردووه‌ و له‌نه‌شونمایان خستووه‌ .

ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی شیعری كلاسیك ده‌كات .. به‌رهه‌مه‌كانی له‌نامه‌ی دڵداریا تراتێن ده‌كات ، ئه‌وه‌یشی باسی شیعری مۆدێرنه‌ ده‌كات . تێكسته‌كانی دووره‌ .. له‌خه‌یاڵ ‌ وێنه‌ی شیعری ، ئیقاع و مه‌عریفه‌وه‌ .

گرفتێكی گه‌وره‌یه‌ ـ تێی كه‌وتووین .

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ .. زۆرینه‌مان لووت به‌رزی و بڕوا به‌خۆبوونێك له‌ناخمانا ڕوواوه‌ .وایلیكردووین به‌خۆمانا نه‌چینه‌وه‌ .. ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین به‌دانسقه‌ی بزانین و دان به‌به‌رامبه‌ردا نه‌نێین . له‌كاتێكدا .. ئه‌ده‌ب و هونه‌ر روو له‌هه‌ڵدێره‌و توێشووی به‌تاڵمان ، جگه‌ له‌خامه‌ وێرانی و نۆغرۆ بوونی ئه‌ده‌ب هیچی تر نییه‌ .

 

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2009 - 2021. All rights reserved