ڕاپۆرتێک لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێم

 

 

ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی لەسەر کۆی پێشێلکارییەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە

 

 دەقی ڕاپۆرتەکەی ١٧ی شوبات:

 

ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناوەوەو دەرەوەی وڵات خۆبەخش و بێلایەن و پیشەییانە کاردەکات لەسەر تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان و بەدواداچون دەکات لەسەر تەواوی پێشێلکارییەکان و ناوەندە جیهانیەکانی لێ ئاگاداردەکاتەوە بەتایبەت تیرۆرە سیاسیەکان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت و هەوڵدەدات کەس و لایەنی سیاسی ئەنجامدەر ئاشکرابکات بۆ ڕای گشتی.

 

١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان پۆڵێن دەکات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەکەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسە و ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەکردن لەخۆپێشاندەران. جۆری دووەم ئەو پێشێلکارییانە دەگرێتەوە کە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەکو خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران.

 

مانگی یەك:

 

٦/١ لە شیلادزێ، قارەمان کوڕی شەهید شوکری ڕێکانی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی دەستگیرکراو دوای ماوەیەك ئازادکرا.

 

١٥/١ سەرنوسەری پێگەی پەڕەگراف، سورکێو محەمەد لەسەر سکاڵای ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستبەسەرکرا دوای ئەوەی راپۆرتێکی لەسەر ئەم بەرپرسە بڵاوکردبۆوە کە موڵکی گشتی ناگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.

 

١٦/١ لەناو زیندانێکی پارتی، پێشمەرگەیەکی یەکێتی خەڵکی گوندی سیساوە بەناوی مەجید برایم عەبدوڵڵا لەژێر ئەشکەنجەدا ژیان لەدەستدەدات. هەمان رۆژ لە دهۆك، رۆژنامەوان و چالاکوان سعود صابر محەمەد بەهۆی نوسینەکانی لە ئەژماری خۆی لە فەیسبوك بانگهێشتی ئاسایشی پارتی دەکرێت و داوای لێدەکرێت کە نوسینەکانی بوەستێنێت و پێشووتریش هەڕەشەی وازهێننان لە کاری رۆژنامەوانی لێکراوە.

 

١٩/١ جارێکی دیکە سەرنوسەری پێگەی پەڕەگراف، سورکێو محەمەد لەسەر سکاڵای ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستبەسەرکراو دواتر ئازادکرا.

 

 ٢٧/١ لە سەیدسادق، چالاکوان زانا عەلی بەهۆی بەشداری و وەك رێکخەرێکی خۆپێشاندانەکە لەلایەن ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکرا و دوای ئەشکەنجە و سوکایەتیەکی زۆر هەمان رۆژ ئازادکرا.

 

٢٨/١ لە هەولێر، کوڕی بەرپرسێکی پارتی بەناوی کەمال تورگەیی کە سەرەڕای ئەوەی سەرپێچی هاتوچۆی کردبوو تەقە لە کارمەندێکی پۆلیسی هاتووچۆ دەکات و برینداری دەکات.

 

مانگی دوو:

 

٢/٢ لە بازگەی دێگەڵە، کە لەلایەن هێزەکانی پارتی بەڕێوەدەبرێت ڕێگریکرا لە خوێندکارانی دانەمەزراوی شارۆچکەکانی هەڵەبجەی شەهید و دەربەندیخان و سیدسادق بۆ خۆپێشاندان بچنە ناو شاری هەولێر.

 

 ٤/٢ لە هەولێر، هێزەکانی پارتی ڕێگریان کرد لە گردبوونەوەیەکی نارەزایی کە لەلایەن ژمارەیەك چالاکوانی شارەکەوە دژی دواکەوتنی موچە و سیستەمی حکومڕانی لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخرابوو.

 

مانگی سێ:

 

٧/٣ لە چەمچەماڵ، رۆژنامەوان پێشەوا شێخ رەئوف لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە کەرتی تەندروستی دەستگیرکراو دوای چەند رۆژێك ئازادکرا.

 

١١/٣ لە پێنجوێن، رۆژنامەوانی پێگەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان عەدنان ڕەشیدی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی پێنجوێنە هێزێکی دەمامکداری نەناسراو هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و خۆی و هاوژینەکەی ئەشکەنجە دەدەن و وێنەی هاوژینەکەی بەڕووتی دەگرن. هەروەها، هەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن کە نابێت چیتر کاربکات و زانیاری بدات لەسەر پێشێلکاریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

١٧/٣ فەرماندەی لیوای ١ی پیادەی کەرکوك، عەمید روکن ڕێبوار عەلی بەهۆی داواکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە ئەرکەکەی دورخرایەوە بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە.

 

١٩/٣ لە حاجی ئۆمەران، ستافی ئێن ئاڕ تی و پەیامنێری ئەو کەناڵە عەبدۆ حوسێن لەلایەن ئاسایشی پارتی ڕێگری لێکرا کە روماڵی سەردانەکەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەو مەرزە نێودەوڵەتیە. هەمان رۆژ، ئامانج وەرتی پەیامنێری سایتی سبەی و کەی ئێن ئێن هەڕەشەی لێدەکرێت.

 

٢٠/٣ لە دهۆك، رۆژنامەوان و چالاکوان ئومێد حاجی بەرۆشکی دەستگیردەکرێت بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە کەرەنتینە نەکردنی کەسایەتییەك بەناوی مەلا ئیحسان ڕێکانی دوای ئەوەی لە وڵاتی ئەلمانیا دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان دوای هەفتەیەك لەدەستگیرکردنی ئازادکرا.

 

 ٢٤/٣ لە هەولێر، رۆژنامەنوس و چالاکوان هێمن مامەند دەستگیرکرا و دواتر لەبەرواری ٥ی نیسان بەبێ دادگاییکردن بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازادکرا. هەمان رۆژ لە شارۆچکەی تەقتەق، چالاکوان سەنگەر جەوهەر لەسەر بڵاوکردنەوەی نوسینێکی ڕەخنەیی لەسەر بەرسانی ناوچەکە لە ئەژماری خۆی لە فەیسبوك دەستگیرکرا دوای ٢٤ کاتژمێر ئازادکرا.

 

٢٥/٣ لە شارۆچکەی قەسرێ، ئاسایشی پارتی دوو کادیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەناوەکانی شەماڵ مەلا کوردستانی و کارۆخ بەکر دەستگیرکردووە و هۆکاری دەستگیرکردنیان نەزاندراوە.

 

٢٦/٣ لە بازگەیەکی هەولێر، بەبێ هێچ پاساوێکی یاسایی ڕێگریکرا لە هەردوو پارێزەران گۆران دیبەگەیی و هەرێم رەفعەت کە بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

 

٣١/٣ لە سۆران، چالاکوان سیهاد یاسین حوسێن دانیشتووی سیدەکان لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە هەڕەشەی لێدەکرێت گەر کۆتایی بە نوسینە ڕەخنەییەکانی نەهێنێت.

 

مانگی چوار:

 

٢/٤ لە سلێمانی، هێزێکی ئەمنی یەکێتی چووە سەر ماڵی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەستگیریکرد بەهۆی نوسینی کۆمێنتێکی لە فەیسبوك لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

 

٦/٤ لە سلێمانی، زریان موحەمەد رۆژنامەوانی ئاوێنە لەلایەن هێزێکی یەکێتی دەستگیرکرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێكی لەسەر خۆپارێزی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. دواتر لەهەمان رۆژدا و دوای چەند کاتژمێرێك ئازادکرا.

 

 ٧/٤ کاتژمێر ١ی شەو، پانزە ئەفسەری پۆلیس هەڵدەکوتنە سەر ماڵی رۆژنامەنوس و چالاکوان هێمن مامەند دوای ئەوەی دەستگیری دەکەن لەبەرواری ٢٨ی هەمان مانگ بەکردنەوەی ٨ دۆسیەی جیاجیا و بە کەفالەتی شەش ملیۆن دینار ئازاد دەکرێت تائێستاش دۆسیەکەی بەکراوەیی ماوەتەوە.

 

لەهەمان رۆژ، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوێك داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرد بەمەبەستی ڕێگریکردن لە روماڵکردنی ئەو کەناڵە لەسەر پێشهات و زانیاریەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ.

 

١١/٤ لە سنوری پێنجوێن، مستەفا سەلیمی کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران لەسێدارەدرا دوای ئەوەی کە لەزیندانێکی ئەو بەشەی وڵات رایکردبوو خۆی گەیاندبووە باشوری کوردستان بەڵام لەلایەن هیزەئەمنیەکانی یەکێتی دەستگیرکرا و رادەستی ئێران کرایەوە.

 

٢٦/٤ لە دهۆك، لەگردبوونەوەی خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل ڕێگریکرا لە رووماڵکردنی تیمی کەناڵی سپێدە ئازاد سەعدی پەیامنێر و محەمەد حسێنی کامێرامان.

 

٢٩/٤ لە سۆران، کاتژمێر ١٠ی شەو ئاسایشی پارتی پۆلیسێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران بەناوی جەواد ڕەسوڵ حسێن دەستگیردەکەن.

 

مانگی پێنج:

 

 ١٦/٥ لە دهۆك، مامۆستایان و چالاکوانی شارەکە خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان دژی پێنەدانی موچە ئەنجامداو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی ٦٠ کەس لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکران، بەشێکیان هەمان رۆژ یان رۆژی دواتر ئازادکران بەڵام ١٢ کەسیان تا چەند رۆژێك لەزینداندا مانەوە، بەدیاریکراویش مامۆستا بەدەل بەرواری دوای دوو هەفتە لەزیندانیکردنی لەبەرواری ٣١ی هەمان مانگ ئازادکرا.

 

لەهەمان رۆژدا، ٨ رۆژنامەوان لە میدیا جیاجیاکان دەستگیرکران کە روماڵی خۆپێشاندانەکەیان دەکرد بەناوەکانی (ئازاد، پەیامنێری سپێدە، عەلی دیوالی، پەیامنێری سپێدە، کاروان سدیق، پەیامنێری گەلی کوردستان، هجری بەرواری، وێنەگری سپێدە، ساهر سەگڤان، بەرێوەبەری کەنالی لۆکاڵی خاپوور،.ئەحمەد شەرنیخی، بەڕێوبەری ڕادیوی خاپوور، ئومێد بەرۆشکی، ڕۆژنامەنووس، ئەکەرم کوللی، پەیامنێری سپێدە).

 

٢٦/٥ لە سلێمانی، ساکار عەبدوڵڵا پەیامنێری کەناڵی ناوخۆیی سی ئیم کەی لەلایەن کەسێکەوە لەکاتی چوونی بۆ کەناڵەکە هەوڵی رفاندنی دەدرێت دواتر کەسەکە لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستگیردەکرێت و پاشان بەکەفالەتی ٥٠٠هەزار دینار ئازاد دەکرێت و تائێستاش کەیسەکە بەکراوەیی ماوەتەوە.

 

مانگی شەش:

 

 ١/٦ لە بازگەیەکی پارتی لەنێوان مەخمور - هەولێر، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئیدریس سەلیم بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لەبەرواری ٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوو واتە دوای زیاتر لە ساڵێک و بەبێ بینینی دادوەر و ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک ئازادکرا.

 

٢/٦ لە سلێمانی، هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی بەزەبری هێز و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بڵاوەیان بەو خۆپێشاندانە کرد کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهۆی دواکەوتنی موچە و سیستەمی حکومڕانی ئەنجامدرابوو.

 

٤/٦ لە بازگەی کەڵەك کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی بەڕێوەدەبرێت رۆژنامەوان و کامێرامانی کەناڵی سپێدە بەناوەکانی عەزیز موحەمەد و موحەمەد رەئوف سوکایەتیان پێدەکرێت و لێیان دەدرێت و دەستبەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانیاندا دەگیرێت.

 

٥/٦ لە خەلیفان، هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان هێمن خەلیفانی لەسەر نوسینە ڕەخنەیەکانی لە دەسەڵات دەستگیردەکرێت.

 

٧/٦ لە هەولێر، هاوڵاتیەك بەناوی شاخەوان عمر عزیز پێی رادەگەیەنن کە چیتر ناتوانێت لەناو یاریگا وەرزش بکات بەهۆی ئەوەی کە پارتی نیە و ڕەخنەی توند ئاراستەی دەسەڵات دەکات لەڕێگەی ئەژماری خۆی فەیسبووک.

 

١١/٦ لە هەولێر، ئالان ساحێبقران رۆژنامەنوس و سەرنوسەری پێگەی KGN  دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر سایلۆی هەولێر بڵاودەکاتەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك دەستگیردەکرێت و دواتر بەکەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد دەکرێت.

 

١٥/٦ لە هەولێر، دوای ئەوەی چین و توێژەکانی ئەو شارە گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکخست دژی داگیرکاریەکانی تورکیا، هێزە ئەمنیەکانی پارتی ڕێگریکرد و ٢٤ کەسی لە بەشداربووانی گردبووەکە دەستگیرکرد و دوای چەند کاتژمێرێك ئازادکران.

 

٢٠/٦ لە شیلادزێ، خۆپێشاندانێکی بەرفراوان دژی لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەچوو. لەم خۆپێشاندانەدا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو هێزەئەمنیەکانی پارتی بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد نزیکەی ١٠ خۆپێشاندەریان دەستگیرکرد.

 

٢١/٦ لە هەولێر، پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی بەپلەی نەقیب بەناوی (هـ. کەریم حاجی بریندار برادۆستی) بەهۆکارێکی نەزانراو کوژراوە، لەپزیشکی دادی هەولێر دەرکەوت گوللـەیەك نراوە بەسەریەوە

 

٢٦/٦ لە گەرمیان، لەلایەن ئاسایشی یەکێتی و لە شیلادزێ لەلایەن هێزەئەمنیەکانی پارتی ڕێگریکرا لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی نارەزایی دژی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

٢٧/٦ لە شیلادزێ، قارەمان کوڕی شەهید شوکری ڕێکانی بەبێ ئاگادارکردنەوە و نوسراوی دادگا لەلایەن هێزەئەمنیەکانی پارتی دەستگیردەکرێت.

 

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەناویدا لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەگوێرەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی و ڕیزبەندی ١٦٢مین وڵاتی گرتووە لەکۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان لە خراپی رەوشی کاری رۆژنامەگەریی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم هاوس ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان و عێراق نیە.

 

لەکۆتاییدا، ئێمە وەك ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنین: هەر دوو حزبی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەکییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلکارییانەی کە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەتایبەتی. هاوکات، ئامار و داتا تۆمارکراوەکانی ڕێکخراو و ناوەندەجیهانیەکان دەریدەخەن، ئازادی رادەربڕینی تاك و کاری رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان لەئاستێکی ترسناکدایە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved