وەرینی ئێوارەیەک

 

‌لە ئێوارەی عومری تەمەن

‌نەسیم کزەی لێوەنایە

‌گریان خامۆشی ماڵمە و

‌فرمێسکیشم تەماشایە

‌.....    .....

‌باڵدارێکی زۆر تەریوم

‌لە هێلانەی عەشقی ئەوین

‌هەنگاوێکی کوێرەوەریم

‌لە باخێکی حەزی وەرین

‌.....    .....

‌مشتێ خەمی غەریبیم و

‌چراشم وا لە ڕێگەی دوور

‌بە بیابانی شەوا ئەڕۆم

‌بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور

‌.....    .....

‌تارماییەک ئەم دوێنێ

‌وەکو ئێوارەی خۆرەتاو

‌دوا سەرنجی عەشقێکی ژان

‌لە کۆچایە لەگەڵ هەنگاو

‌.....    .....

‌سیمای بێ نەوای لێ دیارە

‌ئەوینێکی پڕ لە سەراب

‌عەشقێ پرسەی خۆی ئەگێڕێ

‌لە پاڵ ڕەزێکی بێ شەراب

‌.....    .....

‌پاییزێک لێم بۆتە باڕەش

‌گوڵەکانی عەشقی پێ یە

‌لەو ڕۆژەوە خۆشەوویستی ؟

‌بەتاسەوە وا لەم ڕێ یە

‌.....    .....

 

‌ڕێبوار ئالانی

بەریتانیا

‌٢٠١٤

 

 

Qadirzada.com © 2009-2014. All rights reserved