| ||
|
||
ئەی شەهید
ئەی شەهیدی ڕێ ی کوردستان قارەمانی خاک و ووڵات تۆ هەڵاڵەی دەشت و دەری وا خۆر هەڵدێ لەسەر گۆنات ..... خۆشەوویستی گەل و وەتەن تۆ ڕەحمەتی هەروەک باران وەرزی سەربەستی ئەتناسێ ئەڵێ ی نووری وەکو ئاسمان ..... چاوت خۆری ئازادی یە پڕ لە دەریای هەروەکو نوور ووشەی ڕاستی لەلای تۆیە پارێزەری خاک و سنوور ..... ئومێدی نیشتمانی تۆ وەرزی حەق و پڕ لە ویژدان لێوان لێوی لە ئەفسانە بەرخۆدانی بۆ کوردستان ..... ئامێزت جیهانی هەژان بووی بە چیرۆک و سەد ڕۆمان من دڵنیام لەم ڕێگەیە بووی بە ئەستێرەی ئەوینمان ..... گیانت بۆ خاکت شێواوە وەک فریشتەی هەنگاو هەنگاو ئاوات لە باڵای تۆ ئەچێت تۆ ژیانی هەروەکو ئاو ..... چاوەکانت کۆچی خاکە تاڵی ژیان بە کۆڵتەوە عاشقانە شێتی زەویت بە ئاڵاو خاک و خۆڵتەوە ..... شەپۆلی بێ گەردی تفەنگ وا ئاڵاوە لە شانتەوە ڕێگەی ئاسۆ چەندە دوور بێ وا تۆ ناوتە بە گیانتەوە ..... ناخت پڕە لە سۆزداری ئومێدت هەر خاک و ئاوە جەستەت پڕیەتی لە کڵپە سینەت تەوژمی هەتاوە ..... هەناوی تۆ پڕ ئاگرە شاخ و شەقام لە چاوتایە بێ ئەندازە هەنگاو ئەنێ ی چونکە وەتەن لە تاوتایە ..... ئازادیمان بۆ دەهێنی دەریاچەی بیرت پۆڵایە ئەم شەپۆلی پڕ حەزانەت ئاگردانی نێو بڕوایە ..... سەربەستیمان جوانتر دەکەی لەگەڵ چرکەی نەمانی خۆت ئۆقرە ناگری لەم کاروانە پەیامێکە بۆ ڕێ ی ئاسۆت ..... قاپی ویژدانت ئەجوڵێ توند و تۆڵی پڕ سەفەری شەوەزەنگت چراخانە بۆیە هێندە وا سەروەری ..... خۆری دڵت بێ وەنەوزە وێڵی پەیامی ویژدانی لە قامیشلۆ تێدەکۆشی چونکە تاسەی لای بۆکانی ..... خەمت هەر خەمی ووڵاتە پێشەوەی بێ گەڕانەوە زەردەپەڕی لەم عاشقەت پڕ لە دوعا و پاڕانەوە ..... ڕووباری ناخ و بینایت تەنیا نوێژی خاک و ئاوە ئەڵێ ی ئەستێرەی ئاسمانی هەر ئەدرەوشێ ی بە حەواوە ..... دەستەمۆیت قبوڵ نەکرد باوەڕت پڕ لە نەوویستە لە بانە و ئامەد و گەرمیان بۆیە تۆیان خۆشەوویستە ..... خەوت زڕان لە گیان و چاو چرای ئومێد پرشنگدارە کۆترێکی سپی ئاشتیت لەسەر تاجی ئائەم شارە ..... قەتیس نابیت لە هەڵوەرین قەت ناترسی لە ڕووی مردن گەرووت پڕە لەو سروودەی هەستمان ئەبا بۆ نوێ کردن ..... وەکو هەڵۆی بەرزە فڕی بازووت پڕە لە هانای پاک من دڵنیام ئەو خوێنەی تۆ وەک بارانە بۆ ئاو و خاک ..... ڕێبوار ئالانی بەریتانیا
|
||
Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved
|
||