هۆکاری  گیان لە دەست دانی بەندکراوێکی بەندیخانەی میاندواو

 

 

 بەپێی  ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ: هاووڵاتییەکی خەڵکی سایین قەڵا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میاندواو بە هۆی پێدانی دەرمانی هەڵە گیانی لە دەست داوە و بەڵێنیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە کە سکاڵا نەکەن.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەنەمڕی ٢٧٢٠ (٤ی مەی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی سایین قەڵا بە ناوی ”پەرویز قارەمانی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گیانی لە دەست داوە.

 

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قارەمانی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، پەرویز دوای ئەوەی کە باری جەستەیی ناجێگیر بووە لەلایەن براکەیەوە کە ئەویش لەو بەندیخانەیە بەندکراوە بۆ بێهداری بەندیخانە گوازراوەتەوە و لەو ڕووەوە کە پزیشک لەوێ نەبووە، پەرەستارەکە سەربەخۆ دەرمانێکی پێداوە.

 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، پەرویز دوای ئەوەی دەرمانەکانی خواردووە دۆخی جەستەیی بەتەواوەتی تێک چووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ”فاتمە“ کە لەوێ گیانی لە دەست داوە.

 

پەرویز قارەمانی خێزاندار و باوکی منداڵێکی پێنج مانگە بووە و ئیدارەی ئاگاهی میاندواو بەڵێنیان لە باوکی ناوبراو وەرگرتووە کە نابێت سکاڵا بکات. ئەوان هەروەها بە بنەماڵەکەیان وتووە کە دەبێ لەبەڵهگەی سەرەخۆشی بنووسن بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لە دەست داوە.

 

جێگای ئاماژەیە کە پەرویز قارەمانی یەک ساڵ بوو لە بەندیخانە ئازاد کرابوو. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی تێکهەڵچوونی لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە ڕەوتی ڕفاندنی کوڕی داواکاری گشتی سایین قەڵا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

 

ناوبراو بۆ جاری دووهەم بە تۆمەتی گواستنەوەی ٨ گرەم ماددەی سڕکەر دەستبەسەر و بەندکرابوو.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved