| ||
|
||
پارێزگاری سلێمانی ٢٣ رێنمایی نوێی ده‌ركرد
لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌سلێمانی له‌راگه‌یه‌نراوێكدا ٢٣ رێنمایی نوێی ده‌ركرد .
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه...
ئه‌مڕۆ به سه‌رپه‌رشتی د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆبۆوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌ترسییه كاره‌ساتباره‌كانی ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆناو ڕێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كرا، دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئێستا‌و ڕابردوو و پێشبینیه‌كانی داهاتوو، چه‌ندین پێشنیاز خرانه‌ڕوو، به‌كۆی ده‌نگ ئه‌م بڕیار‌و ڕێنمایی و پێشنیازانه په‌سه‌ندكران:
١-ڕێكاره‌كانی چاودێریكردن‌و به‌دواداچوون‌و لێپرسینه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌كی ڕێنماییه ته‌ندروستیی و كارگێڕییه‌كان توندتر‌و خێراتر‌و فراوانتر ده‌كرێن‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بنكه‌كانی ته‌ندروستیی‌و پۆلیس‌و ئاسایشی گه‌ڕه‌كه‌كان ڕاسپێردران‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان دراوه‌تێ بۆ چاودێریكردن‌و لێپرسینه‌وه‌و داخستنی هه‌ر شوێنێك له سنوری گه‌ڕه‌كه‌كاندا، كه پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نه‌بێت.
٢-سه‌رجه‌م یه‌كه كارگێڕیی‌و فه‌رمانگاكانی ده‌وڵه‌ت له سنوری پارێزگای سلێمانیدا ڕاسپێردراون بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری پێویست به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی فه‌رمانگاكه‌یان‌و داخستنی هه‌ر شوێنێكی سه‌رپێچیكار له‌ڕێی تیمی پشكنینی فه‌رمانگاكه‌یانه‌وه به‌تایبه‌تی فه‌رمانگاكانی (ته‌ندروستی، شاره‌وانی، ئه‌وقاف، گه‌شتوگوزار). ٣-لیژنه‌ی به‌دواداچوونی یه‌كه كارگێڕییه‌كان‌و لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائمقامیه‌ته‌كان‌و تیمه ته‌ندروستیه‌كان به هه‌ماهه‌نگیی لیژنه‌كانی ئارامیی له پارێزگا‌و قه‌زاو ناحیه‌كاندا هه‌ر شوێنێكی سه‌رپێچیكار داده‌خه‌ن‌و ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاساییان ده‌كه‌نه‌وه.
٤-به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی‌و قه‌زاو ناحیه‌كان ڕاسپێردراون بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌ر ئۆتۆمبێلێكی گواستنه‌وه‌ی گشتی (تاكسی، مینی پاس، پاس) ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ڕێكارو ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌كان كاربكه‌ن.
٥-هه‌موو فه‌رمانگاكانی ده‌وڵه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت پێویسته پابه‌ندی ته‌واوی ڕێكارو ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌كان بن‌و به‌پێچه‌وانه‌وه ڕێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌رو دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت داده‌خرێن.
٦-هاتووچۆ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه جگه له‌و حاڵه‌ته مرۆیی‌و دبلۆماسیی‌و بازرگانییانه نه‌بێت كه به‌یانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دیاریكردوون، هه‌ر سه‌رپێچی‌و به‌كه‌مگرتنێك به‌ڕێوه‌به‌رو به‌رپرسی ده‌روازه نێوده‌وڵه‌تی‌و مه‌رزو بازگه‌كان ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه.
٧-هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هێنانی خه‌ڵك به‌قاچاخ، یان به‌قاچاخ گه‌ڕانه‌وه، به‌تاوانی زیانگه‌یاندن به سیستمی گشتی‌و ئاسایشی ته‌ندروستیی‌و ته‌ندروستیی گشتیی ئه‌ژمار ده‌كرێت‌و ڕێكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.
٨-هه‌ركه‌س‌و گروپ‌و دامه‌زراوه‌و مێدیاو هێزو لایه‌نێكی سیاسیی، هه‌وڵی به سیاسه‌تكردنی ئه‌م بارودۆخه ته‌ندروستیه بدات‌و هانی هاووڵاتیان بدات بۆ پابه‌ندنه‌بوون‌و به‌دگومانی به مه‌ترسییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا، له‌لایه‌ن فه‌رمانگای داواكاری گشتییه‌وه ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.
٩-له ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه هه‌موو مزگه‌وته‌كانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی تا كاتێكی نادیار داده‌خرێن.
١٠-له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده تا كاتێكی نادیار په‌یمانگا فێركاریی‌و پیشه‌ییه‌كان ناكرێنه‌وه.
١١-دانانی پرسه له مزگه‌وت‌و گه‌ڕه‌ك‌و ژێرخێمه‌و ماڵه‌كانیشدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه.
١٢-ئاهه‌نگ‌و بۆنه‌و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌و لایڤ موزیك‌و هه‌ر چالاكییه‌ك قه‌ره‌باڵغی‌و تێكه‌ڵاوبوون دروست بكات قه‌ده‌غه‌یه.
١٣-پێویسته هه‌موو مۆڵ‌و ماركێت‌و بازاڕه‌كان ڕه‌چاوی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بكه‌ن‌و به‌پێی ڕووبه‌رو قه‌باره‌ی شوێنه‌كان ڕێگا به هاتووچۆی هاووڵاتیان‌و بازاڕكردن بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه داده‌خرێن.
١٤-داوا له هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ین، كه پشتیوانی‌و هه‌ماهه‌نگیی كه‌رتی ته‌ندروستیی ده‌وڵه‌تیی بن، له‌كاتی زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووه‌كاندا نه‌خۆشخانه‌كانیان بخه‌نه خزمه‌ت كه‌رتی ته‌ندروستی گشتییه‌وه‌و خۆیان بۆ ئه‌م دۆخه نوێیه ئاماده‌بكه‌ن، چونكه له حاڵه‌تی زۆربوونی تووشبووندا له توانای نه‌خۆشخانه حكومییه‌كاندا نامێنێت نه‌خۆش وه‌ربگرێت.
١٥-داوا له هه‌موو كه‌ناڵ‌و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین ڕۆڵی به‌رپرسیارانه‌ی مێدیاییانه‌ی مرۆییانه‌ی نیشتمانییانه‌ی خۆیان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ببین‌و پشتیوانی كه‌رتی ته‌ندروستی‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خۆپارێزیی بكه‌ن.
١٦-داوا له ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كه‌ین ڕۆڵی شیاوی خۆیان له بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی خۆپارێزیی‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خۆپارێزیی لای هاووڵاتیاندا، ببینن.
١٧-داوا له هه‌موو هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین به‌یه‌كه‌وه كار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆناو پشتگیریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته خۆجێیه‌كان‌و هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌ن، خۆیان له هه‌ر ململانێیه‌كی سیاسیی‌و به‌سیاسیكردنی دۆز‌و دۆخی ته‌ندروستی، به‌دووربگرن.
١٨-داوا له هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین به متمانه‌یه‌كی ته‌واوو به هۆشیارییه‌كی فراوانه‌وه خۆیان بپارێزن‌و پابه‌ندبن به ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه، كه ئه‌گه‌ر هه‌موو به وره‌و ئیراده‌و متمانه‌یه‌كی ته‌واوه‌وه به‌ره‌نگاری كۆرۆنا نه‌بینه‌وه، ئه‌وا له ڕۆژانی ئاینده‌دا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی مه‌رگی خۆمان‌و ئازیزانمان بكه‌ین‌و توانسته ته‌ندروستی‌و مرۆییه‌كانمان توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشیی نوێ‌و چاره‌سه‌ركردنی ژماره‌ی زۆری تووشبووانی نامێنێت‌و وڵاته‌كه‌مان ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره ده‌بێته‌وه. ده‌بێت دڵنیابن كه گیان‌و ژیان‌و بژێویی‌و كار‌و كه‌سابه‌تمان دوچاری هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره ده‌بنه‌وه. پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای سزا‌و خۆپارێزیی گشتیی، خۆیان له هه‌ر شوێنێك داببڕین كه پابه‌ندی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان نابێت‌و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بكه‌نه‌وه بۆ داخستنی ئه‌و شوێنانه.
١٩-داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه به‌خێرایی موچه‌و مافی دارایی كه‌رتی ته‌ندروستی‌و هه‌موو كه‌رته حكومییه‌كانی تر خه‌رج بكات‌و ڕێزلێنان‌و پێ‌زانین بۆ هه‌موو ئه‌و پزیشك‌و كارمه‌ندانه‌ی بواره جیاجیاكانی ته‌ندروستیی به‌تایبه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆناو كه‌رته جیاجیاكانی كارگێڕیی‌و ئارامیی‌و خزمه‌تگوزاریی‌و ئابوورییانه‌ی تریش بكات، كه له‌م بارودۆخه‌دا خۆنه‌ویستانه خزمه‌ت ده‌كه‌ن.
٢٠-پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، كه ژماره‌ی پشكنینه‌كان له كه‌رتی گشتیدا زیاتر بكات‌و ده‌رفه‌تیش بداته كه‌رتی تایبه‌ت كه له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا بتوانن پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر خۆپارێزی به‌رده‌وام نه‌بێت‌و پابه‌ندییه‌كان زیاتر نه‌بن، له ڕۆژانی ئاینده‌دا ده‌رفه‌ته‌كانی پشكنینی هاووڵاتیان زۆر كه‌مده‌بنه‌وه.
٢١-داوا له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین، كه ئاماری ڕۆژانه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌و له‌یه‌ك كاتدا ڕابگه‌یه‌نێت‌و له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانیش شوێن‌و گه‌ڕه‌كی تووشبووان دیاری بكرێن‌و بڵاوبكرێنه‌وه.
٢٢-هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست، داوا له هه‌موولایه‌كتان ده‌كه‌ین پابه‌ندی ته‌واوی ڕێنماییه ته‌ندروستی‌و خۆپارێزییه‌كان بن، به‌پێچه‌وانه‌وه ناچار ده‌بین له ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتووچۆ بكه‌ین، كه به‌دڵنیایی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی گه‌وره له‌سه‌ر بژێویی‌و ئابووریی‌و ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان‌و ده‌وڵه‌تیش دروست ده‌كات.
٢٣-داوا له هه‌مووان ده‌كه‌ین كه هه‌موو ڕۆژێكی پێنجشه‌ممه له سه‌عات (٨)ی ئێواره‌دا بۆ ڕێزلێنان له ئه‌رك‌و ماندوبوون‌و جوامێریی‌و شكۆمه‌ندیی كه‌رتی ته‌ندروستی: گوڵێك له‌سه‌ر دیواری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یان كه‌ناڵه‌كان، یان ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كان، یان سه‌رمێزو ناوگوڵدان‌و په‌رداخ و حه‌وشه‌و هه‌یوان و ئینجانه‌و باخچه‌ی ماڵه‌كانتاندا دابنێن، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ڕێزگرتن له‌م مرۆڤه میهره‌بانانه.
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||