راگەیەنراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە

 

 

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لە وەزارەتی ناوخۆ بڵاو كردەوە.

 

دەقی راگەیەنراو:

 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢-٦-٢٠٢٠، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، كۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوە:-                                                     

 

یەكەم-

 بەناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بكەین، كە بەهەق نموونەیەكی جوان و شارستانیان لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەكانی قەدەغەی هاتوو چۆ نیشاندا و ئێمەیان سەربەرز كرد.                                                         

 

دووەم-

دوای ئەو كۆبوونەوەی كە ئەمرۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەكانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی یەكە ئیدارییەكان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكان ئەنجامدرا، لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕیاردرا لە سبەی ٣-٦-٢٠٢٠ كاتژمێر (٦)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەكان كۆتایی پێبهێنرێت.                                                                

 

سێیەم-

 سەرجەم دوكان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی كە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتییان كرابوونەوە دەكرێنەوە بە مەرجی جێ بەجێ كردنی ڕێنامایی خۆپارێزی تەندروستی وورد كە بۆ هەر سێكتەرێك كۆمیتە و لێژنەی تایبەتمەند لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بۆ بەدوا داچوون و چاودێریكردن و جێ بەجێ كردنی ئەو ڕێنماییانە پێكهێنراوە، بۆیە داواكارین هەموو هاوڵاتییان و ئەو شوێنانەشی كە كاردەكەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەر شوێنێك پابەند نەبێت ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.                                                  

 

چوارەم-

 ڕاگرتنی هاتوو چۆ بەشێوەیەكی تەواو لە نێوان سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگاكانی تری عێراق، بەپێی خاڵی یەكەمی بەیانی ژمارە(٣٨)ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا كاتژمێر (١٢)ی شەوی ٦-٦-٢٠٢٠، بەداخراوی دەمێنێتەوە.

 

پێنجەم-

 هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەكەینەوە، هەموو توانای خۆمان لەپێناوی پاراستن و پارێزگاریكردنیان خستۆتەگەڕ، بەهەموو شێوەیەكیش لە هەوڵەكانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و بەدوورگرتنی هاوڵاتیانمان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامین، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنكردن دایە و سەرچاوەی تەشەنەكردنەكەشی نادیارە، تووشبوانی ئەم دوایەش بەم ڤایرۆسە حاڵەتەكانییان ناجێگیرە و سەرچاوەی توشبونییان نادیارە، بەداخەوەش لەشارەكەماندا بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانییان لە دەستدا، بۆیە داواكارین و تكا لە هاوڵاتیانی شارەكەمان  دەكەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بن و زۆر هەستیارانە مامەڵە بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەكان و دەستكێش و دەمامك ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەكەمان و سەلامەتی هاوڵاتییانی.                                   

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved