سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی: ساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتی پیرۆز دەکات

 

           

به‌بۆنه‌ی (٤٥)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، په‌یامێكی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

 

له‌ چل ‌و پێنجه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و چل ‌و چوار ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا، گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێده‌كه‌ین. له‌م یاده‌دا، بانگهێشتتان ده‌كه‌ین پێكه‌وه‌ تاوێك له‌ كاروانی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی پڕ شه‌هید و پڕ ده‌سكه‌وتی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان رابمێنین. پێكه‌وه‌، سه‌ری رێز و وه‌فا بۆ شه‌هیده‌كانمان نه‌وی بكه‌ین، كه‌ له‌پێناو سه‌رخستنی باوه‌ڕه‌ نه‌گۆڕه‌كانی یه‌كێتی بۆ ئاشتی ‌و ئازادی، مافی چاره‌ی خۆنووسین، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خه‌ڵكی كوردستان، گیانی خۆیان به‌خشی. پێكه‌وه‌ به‌ڵێن بده‌ین به‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان، به‌ پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌ رێكخستنه‌ نهێنییه‌كان ‌و سه‌ركردایه‌تیی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ پارتیزانه‌كانی دوای ئه‌نفال، به‌ خه‌باتگێڕانی قۆناغه‌ سه‌خته‌كانی خه‌باتی شاخ ‌و شار، به‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (ی.ن.ك)، به‌ رۆحی به‌رزی سه‌رۆك مام جه‌لال، كه‌ پابه‌ندبین به‌و ئه‌مانه‌ته‌ گرنگ ‌و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌ی دوای سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چوار خراوه‌ته‌ سه‌رشانمان. ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵێن ده‌ده‌ین درێژه‌پێده‌ری ئه‌م كاروانه‌ بین، ده‌سكه‌وته‌كانی بپارێزین ‌و ده‌سكه‌وتی زیاتری بخه‌ینه‌ سه‌ر و له‌م ساڵیاده‌دا، به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینكردن ‌و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان، خه‌بات بكه‌ین.

 

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

 

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ر به‌ سروشت پێشه‌نگه‌. دوای نسكۆ و بێئومێدی، هیوای به‌خشییه‌وه‌ و شۆڕشی كوردایه‌تی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌، به‌ بڕوایه‌كی نه‌گۆڕ، له‌پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسیندا خه‌باتی كرد و، تا گه‌یشتن به‌ دوا ئامانجیش بۆ هه‌موو قوربانیدانێك ئاماده‌یه‌. وه‌ك چۆن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رژێمی به‌عسی دیكتاتۆردا پێشڕه‌و بووه‌، له‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆریشدا، ئه‌وه‌ یه‌كێتی بوو توانی له‌ كوردستانی باشووره‌وه‌ تا رۆژئاوا، شكست به‌ تیرۆر  بهێنێت ‌و هه‌وڵی داگیركاری ‌و ئه‌فسانه‌كه‌یان پووچه‌ڵبكاته‌وه‌. له‌پێناوی ئاینده‌ی كوردستاندا، یه‌كێتی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ و سه‌دان فه‌رمانده‌ ‌و سه‌ركرده‌ی قاره‌مانی به‌ختكردووه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه‌، نازناوی حزبی شه‌هیدانی پێ خه‌ڵاتكراوه‌. بوونی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی یه‌كێتی له‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان، سه‌لمێنه‌ری باوه‌ڕی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یه‌ به‌ داكۆكیی هه‌میشه‌یی یه‌كێتی له‌ ماف ‌و ئازادییه‌كانیان ‌و، نیشانده‌ری متمانه‌ی كه‌سوكاریانه‌، به‌ ئامانجی ره‌وا و خه‌باتی روونی یه‌كێتییه‌كه‌تان. ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نوێ، به‌ هیواوه‌ له‌گه‌ڵتانین، باوه‌ڕمان به‌ توانای ژنان و مامۆستایان و پیشه‌وه‌ر و فه‌رمانبه‌ران و سه‌رمایه‌دار و بازرگان و كاسبكارانی بازاڕ و ره‌نجده‌رانی كورده‌واری، لاوان و گه‌نجان و پێگه‌یشتووانی ئه‌م گه‌له‌ هه‌یه‌، كه‌ باری لاری سه‌رشانی كوردستان ڕاست بكه‌ینه‌وه‌ و بێ دوودڵی، هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بنێین. له‌م رێبازی چه‌پكه‌ گوڵه‌شدا، كه‌ هه‌ڤاڵی كۆچكردوومان مام جه‌لال بۆی جێهێشتووین، ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر دۆست و دڵسۆزێك، كه‌ بیه‌وێت له‌ رێی یه‌كێتییه‌وه‌ خزمه‌تی نیشتمانه‌كه‌مان بكات. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت شوێنی شیاو به‌ كه‌سی شیاو پڕبكه‌ینه‌وه‌ و، ژینگه‌یه‌كی كاری حزبی و حوكمڕانیی ئه‌وتۆ بڕه‌خسێنین، كه‌ تیایدا گه‌نجان و خاوه‌ن بڕوانامه‌ و پسپۆڕییه‌كان، خه‌ڵكانی ئاسایی و دڵسۆز، هه‌موو چین و توێژه‌كان بێ جیاوازی و به‌ یه‌كسانی، بتوانن ده‌رفه‌تی پێشخستنی خۆیان و به‌ره‌وپێشبردنی كوردستانیان بۆ بڕه‌خسێندرێت و هیوایان به‌م نیشتمانه‌، بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

 

هاونیشتمانیانی به‌ڕێز

 

له‌م ساڵیاده‌دا، رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ دوای كۆنگره‌، یه‌كێتی نوێ، (خه‌باتی مافه‌كان)ی به‌ره‌و پێشبردووه‌. ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت به‌ سوود وه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانی دا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و، ئه‌و واقیعه‌ ‌بخوڵقێنین كه‌ ‌رۆحی شه‌هیدان و ویژدانمان ئاسووده‌ ‌ده‌كات. كوردستانێك بنیادبنێین، كه‌ تیایدا ماف و ئه‌ركه‌كان دادپه‌روه‌رانه‌ و به‌هاوسه‌نگی دابه‌شكرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نه‌هێڵین و، حوكمڕانییه‌كی به‌رپرسیار و پارێزه‌ری مافی هاووڵاتی دروست بكه‌ین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزه‌ران بێت و، نه‌هێڵین چاوچنۆكیی سیاسی، قه‌یران له‌ دوای قه‌یران بنێته‌وه‌. بڕوای ته‌واومان به‌وه‌یه‌ كه‌ شاڕێی گه‌یشتن به‌م ئامانجانه‌، دروستكردنی باڵانسی هێزه‌، رێزگرتنه‌ له‌ پێگه‌ی هاووڵاتی و ماف و له‌ ئازادییه‌كان، پابه‌ندبوونه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌كان و، ملكه‌چكردنه‌ بۆ سه‌روه‌ریی یاسا له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا.

 

تا داڕشتنی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ند بۆ هه‌رێم، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ بۆ په‌رله‌مان، كارایی بۆ حكومه‌ت و به‌ نیشتمانیكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، له‌م قۆناغه‌دا جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی (لامه‌ركه‌زیی ئیداریی و دارایی بۆ كوردستان) به‌ پێویست ده‌زانین. هه‌روه‌ك له‌رێكه‌وتنی سیاسی نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیشدا هاتووه‌، ده‌ستوور، یاسا، جه‌ماوه‌ر و خواستی زۆرێك له‌ حزبه‌كانی تریش پشتیوانی له‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو رێكارێكی سیاسی، یاسایی، ئیداری و مه‌ده‌نی بۆ پشتیوانیكردن له‌ لامه‌ركه‌زیی، ده‌گرینه‌به‌ر كه‌ بێگومان ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی كارایی حكومه‌ت و به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستان. به‌كرده‌وه‌ به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان بۆ ده‌سه‌لمێنین كه‌ یه‌كێتی حزبی خه‌ڵكه‌ و، بێ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، به‌رگریكردن له‌ ماف ‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتان به‌ ئامانجی باڵای خۆی ده‌زانێت ‌و به‌رپرسیاره‌، كه‌ خه‌باتی بۆ بكات. ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو كه‌س ‌و حزب ‌و لایه‌ن ‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ك، تا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌ست له‌ناو ده‌ست ‌و له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی باشتر، تێبكۆشین. ده‌مانه‌وێت له‌ ناوخۆی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌مووان كۆده‌نگ بین. هه‌ر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵمان بێت، ده‌ستی هاوكاریی ده‌خه‌ینه‌ ناو ده‌ست.

 

له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندیی دراوسێیه‌تیی باش درێژه‌ پێده‌ده‌ین ‌و، له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهان، بۆ پاراستنی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، كار ده‌كه‌ین. له‌گه‌ڵ هێز ‌و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان و پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات ده‌سازێین، به‌ڵام سازش ناكه‌ین له‌سه‌ر ماف ‌و ده‌سكه‌وته‌كان، كه‌ به‌ خوێنی ده‌یان هه‌زار قوربانی به‌ده‌ستهاتوون. یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ پارێزگاریكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ‌و، له‌ خاوه‌ندارێتیكردن له‌ كه‌ركوك ‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، به‌پێی مادده‌ی ١٤٠ له‌ ده‌ستووری وڵات خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ زامنكردنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كوردستانیبوونی چاره‌نووسیان. ئێمه‌ باوه‌ڕی ته‌واومان وایه‌ تا كوردێك له‌ كه‌ركوك مابێت، یه‌كێتی ده‌مێنێت ‌و تا یه‌كێتیش بمێنێت، به‌رگریی ده‌كات له‌ كه‌ركوك ‌و ته‌واوی خاك ‌و خه‌ڵكی كوردستان. لێره‌وه‌ یه‌كێتی پێداگر ‌و پشتیوانه‌ بۆ سه‌رخستنی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا، له‌سه‌ر مووچه‌ ‌و بودجه‌ی هه‌رێم ‌و، له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی خاك ‌و سنوور ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانمان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ما نیشتمانی ‌و ده‌ستوورییه‌كان.

 

ئه‌ندامانی دڵسۆزی یه‌كێتی

 

له‌ چل ‌و پێنجه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌تاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سه‌رۆك مام جه‌لال ‌و سه‌ركرده‌ نه‌مره‌كان و شه‌هیده‌كانمان به‌رز ده‌نرخێنین، پێداگریی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی ‌و دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی، به‌ هه‌مووتانه‌وه‌ پته‌و ‌و یه‌كێتییه‌. ئه‌م رێگه‌یه‌ش كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیی نوێ گرتوومانه‌ته‌ به‌ر، هه‌رچه‌ند پڕ هه‌وراز ‌و نشێو بێت، به‌ڵام هه‌رگیز كۆڵناده‌ین ‌و به‌رده‌وام ده‌بین. جێی شانازییشه‌ كه‌ له‌م كاروانه‌دا ته‌نها نین ‌و ده‌بینین ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌كانی یه‌كێتی، به‌ خواستیان بۆ چاكسازی ‌و به‌ پشتگیرییان له‌ (خه‌باتی مافه‌كان)، له‌گه‌ڵمانن ‌و بۆ پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵك ‌و ده‌سكه‌وته‌كانی كوردستان، تێده‌كۆشن. بۆیه‌ دڵنیاین به‌ پشتیوانیی ئێوه‌، به‌ دروستبوونی كۆده‌نگیی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان ‌و، به‌ یه‌كدڵی ‌و یه‌كڕیزیی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م كاروانه‌ش ده‌گاته‌ ئه‌نجام ‌و وه‌ك هه‌میشه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشه‌نگ ‌و مێژوویی خۆی ده‌گێڕێت.

له‌كۆتاییدا ته‌ئكید له‌ ھه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر  خۆپارێزی و پابه‌ندی به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ ھیچ گردبوونه‌وه‌ و بۆنه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ساز ناكرێت به‌ سه‌ردانی مه‌زاری مامی گه‌وره‌شمانه‌وه‌. ھه‌ڤاڵانی یه‌كێتی ھاوكار و پێشه‌نگ ده‌بن له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان بۆ چاكه‌ی گشتی و پاراستنی میلـله‌ته‌كه‌مان. به‌تایبه‌تی له‌م شه‌پۆلی دووه‌می نه‌خوازراوی كۆرۆنادا. ھیوا دوارۆژی گه‌ش بۆ ھه‌مووان ده‌خوازین و دڵنیابن له‌ ئاینده‌ی نزیكدا یادێكی شایسته‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ حزوری مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌..

 

به‌رز‌و پیرۆز بێت یادی ٤٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی (ی.ن.ك)

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

١-٦-٢٠٢٠

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved