مەسەلەی کورد لەراپۆرتێکی ساڵی ١٩٢٠ی بەریتانیادا

 

 

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی دوەم

 

لە ناوەڕاستی مارتی ١٩١٩دا، مێجەر سۆن کە کەس وەک ئەو شارەزای باشووری کوردستان نیە، کرا بە ئەفسەری سیاسی لە سلێمانی بە ئامانجی ئەوەی پێگەی شێخ مەحموود کەمبکاتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەگەڵ خەسڵەتیدا یەکدەگرێتەوە. پاش ئەوەی مێجەر سۆن بەم دواییە لە مۆڵەتی نەخۆشیی ماوەی ساڵێک گەڕایەوە و لە رێگەیدا بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی، بەوردی بارودۆخی لە کفری و کەرکووک تاوتوێ کرد و بڕیاری لەسەر ئەو هێڵە دا کە لەسەری دەڕوات. لە دەوروبەری کۆتایی مانگی نیساندا لە سلێمانییەوە راپۆرتی دا کەوا کاریگەریی دەسەڵاتی شێخ مەحموود بەخێرایی بەرەو دابەزین دەچێت و دێهاتیش بەمە رەزامەند و دڵخۆشن. بە زیادبوونی سوودی  یاسا و رێسای بەجێ، ناڕەزایی عەشیرەت و هۆزەکان لە حوکمڕانیی شێخ مەحموود تادەهات زیادی دەکرد. لەسەر ئەو بنەمایە، مێجەر سۆن هۆزی جافی لە ژێر رکێفی شێخ دەرکرد و یاریدەدەرێکی ئەفسەری سیاسی لە هەڵەبجە دانا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە، بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ جافدا. هەر کە خەڵکەکە لەوە حاڵی بوون کە ئێمە بەنیاز نین شێخ مەحموود بەزۆر بسەپێنین بەسەر خەڵکانی دوودڵدا، وەک یەکەمجار رامانگەیاند، دۆست و هەواخواکانی هاتنە کەمی و زۆرێک لەوانەی هەڕەشەی لێکردبوون کە بچنە پاڵی لێیتەکینەوە و بێجگە لە چواردەوری نزیکی سلێمانی کەسی لەگەڵ نەما و بەخێرایی پێگەی هاتەخوارەوە بۆ کەسێکی تاڕادەیەک بێوەی.

 لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخەکە بەتەواوی جێی دڵنیایی نەبوو. خولیا و ئاواتی شێخ مەحموود هاتە سەر هەوڵ و تەقەلای ئەوەی شتێک بکات تاوەکو بەتەواوی دەسەڵاتەکەی لەدەست نەچێت. لەبەر ئەوە لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ هۆزی گۆیان و دەیزانی کەوا ئەو دەستدرێژییانەی لە دەڤەری زاخۆدا بەرپایان کردبوو بەشێوەیەکی کاریگەر سزا نەدرابوون لەسەری و چاکی دەزانی کە لە سلێمانیدا هێزێکی وامان نیە بتوانێت لەسەر ئاستێکی بەرفراوان ئاژاوە و پشێوی دابمرکێنێتەوە.  لێڤییە کوردەکان کەوا ئەفسەرانی کورد فەرماندەیان بوون ئامادەبوون بۆ پشتیوانی کردنی شێخ مەحموود، چونکە چاولەبەری بوون بەهۆی کاریگەریی لە دامەزراندنیاندا.

دڵەڕاوکە و نیگەرانییەکان لەجێی خۆیاندا بوون، چونکە شێخ مەحموود لە ٢٠ی مایسدا کوودەتایەکی بەرپاکرد بە پاڵپشتیی سەرەکیی کوردەکانی دیوی ئێران و بەتایبەتی هەردوو هۆزی هەورامان و مەریوان (لەڕاستیدا هۆز نین بەڵکو ناوچەن – و)، کە دەکەونە نزیکەی چل میل لە باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە، بەڵام راستەوخۆ لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی شار و هەروەها لە لایەن چەکداران و تفەنگچییانی خودی شارەوە یارمەتی دەدرا. دۆخەکە بەشێوەیەکی کوتوپڕ و چاوەڕواننەکراو تێکچوو و دەسبەجێ هێزە بچووکەکەی لێڤی شکا و پەرت و بڵاو بووەوە و ئەفسەرە سیاسی و سەربازییەکان لە ماڵەکانیاندا دەسبەسەر کران، بەڵام مامەڵەی خراپ نەکران و تەنها شۆفێری ئۆتۆمبیلێک کوژرا. شێخ مەحموود دەسبەجێ کۆنترۆڵی کاروباری کرد و قایمقامێکی لای خۆیەوە دامەزراند و دەستی بەسەر تەواوی تۆمارە میرییەکان و گەنجینەدا گرت و خەتی پەیوەندیی تەلەگرافی لەگەڵ کەرکووکدا بڕی. کاروانێک کە لە کفرییەوە دەچوو بۆ سلێمانی لەلایەن پیاوەکانیەوە دەستی بەسەرداگیرا لەگەڵ شەست و پێنج گەنجینە و تفەنگ و ئەسپدا و ئەمەش هاوکارییەکی دڵخۆشکەر بوو بۆ هێزەکەی.

لە هەمان کاتی جموجووڵەکەی دژی سلێمانیدا دۆخەکە لە هەڵەبجەش مەترسیدار کەوتەوە. لە ٢٥ی مایسدا یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی راپۆرتی دا کەوا جەندرمەکانی هەڵدێن و لە ٢٦ی مانگدا پیاوەکانی شێخ مەحموود شارەکەیان گرت و تەقە لە فڕۆکەیەک کرا کە بەسەر شاردا دەسووڕایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دانیشتووانی شار و خێڵەکان لە دۆخێکی دڵەڕاوکە و شپرزەییدا بوون. یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی و دەستە و تاقمەکەی هەرچۆنێک بێت توانییان بە هەندێک زەحمەتی بگەنە خانەقین. هاوکاری کردنی بەردەوامی "عەدلە خانمی" ژنە بەڕێزەکەی کە وێنەی نیە لە هەڵەبجەدا، هۆکار بوو بۆ ئەم دەربازبوونەی. ئەو یەکێکە لە زۆرێک لەو خانمە کوردانەی کە خەسڵەتی تایبەتی و کەسایەتییەکەی پێگەیەکی سەرکردایەتی پێبەخشیوە چ لە وڵاتی عوسمانی یان لە وڵاتی فارسدا و دەسەڵاتەکەشی بە ژیری و دانایی پیادە دەکرد. خزمەتەکانیشی لەپێناوی پارێزگاری لە یاسا و نیزام لەم سەروبەندەدا بەشێوەیەکی گونجاو دانی پێدانرا لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە لەپاش تەواوبوونی راپەڕینەکەی سلێمانی.

هەڵبەت کردەوەی سەربازی کوتوپڕی مەسەلەیەکی پێویست بوو، بەڵام کێشە و گرفتەکانی پەیوەندیدار بە لۆجستیک و پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندی تابڵێی زەحمەت بوو بەئاستێک کە هەندێک دواکەوتن مەسەلەیەکی ناچاری بوو. بەهەرحاڵ، هەرچۆنێک بوو یاخیبوونەکە تەشەنەی نەکرد. لە باکووری کوردستان، سمکۆی شکاک و سەید تەهای شەمدینانی برازا و رکابەری سەرسەختی عەبدولقادر، هەستیان بە ئێرەیی دەکرد لە دەسەڵات و کاریگەریی شێخ مەحموود، کە لە پێش راپەڕینەکەدا بەئاشکرا لە هەڵکشاندا بوو. لە کاتی هەڵایسانی راپەڕینەکەدا بەڕێکەوت سەید تەها چووبووە بەغدا بۆ سەردانی جێگری کۆمیسیاری مەدەنی و جیابوونەوەی تەواوی خۆی لە شێخ مەحموود راگەیاند و لە ٢٥ی مایسدا، لە رەواندزەوە گەڕایەوە بۆ نەهریی زێدی خۆی لە ناوچەی شەمدینان، پاش ئەوەی بەڵێنی دابوو کە دەسەڵات و کاریگەریی خۆی دژ بە یاخیبووەکان بەکاربێنێت. بێگومان ئەم کارەی بەرجەستەی نەبوونی هەستی هاونیشتمانیبوونی دەگەیاند لە نێوان باکوور و باشووری کوردستاندا، کە تەنانەت ئەو دیالێکتانەی قسەیان پێدەکرد لێکتر تێنەدەگەیشتن.

 لە سلێمانی ناکۆکییەک سەریهەڵدا و شێخ مەحموود مووچەی هێزە لیڤییەکانی خۆی نەدەدا و چەک و تەقەمەنیی بۆ دابین نەدەکردن. لە ١١ی حوزێراندا، و بەپێی ئەو سەرکەوتنەی لایەنێکی ئیستیتڵاعی بەریتانی بەدەستیانهێنا، ئەم ئامادەیی دەربڕی بۆ دانوستان. بەڵام مەسەلەکە زیاد لە سنووری خۆی تێپەڕاند و لە ١٨ی حوزێراندا هێزەکانیمان شکست پێهێنا، لە دەربەندی بازیانی نێوان کەرکووک و سلێمانیدا و خۆیشی بریندار کرا و بەدیلگیرا و هێزی سوارەشمان هەر ئەو شەوە گەیشتە سلێمانی و خەڵکەکە زۆر پێی خۆشحاڵ بوون. پاشان شێخ مەحموود و شێخ غەریبی زاوای، کە لە بازیان گیرابوون، هێنرانە بەغدا و بە تۆمەتی یاخیبوون درانە دادگا و شێخ مەحموود حوکمی لەسێدارە درا، بەڵام فەرماندەی گشتی سزاکەی کەمکردەوە بۆ دە ساڵ، شێخ غەریبیش پێنج ساڵ حوکمدرا لەگەڵ سزای پێبژاردنی دە هەزار روپێ.

بێگومان مۆرکی نابابەتیی یاخیبوونەکەی شێخ مەحموود ئەو راستییەی سەلماند کە بە خەیاڵی پشتیوانیی چەند هەزار کەسێک، بەڵام لایەنگرانی چالاکی لە سێسەد کەس زیاتر نەبوون. لەو کاتەوەی کە لە کارگێڕیی سلێمانی لابرا و پاراستنی کەسایەتییەکی تایبەتمەندی لە هەندێک وردەکاریی تێکڕا کەرتی میزۆپۆتامیادا، کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ سەرەتا و پرنسیپە داڕێژراوەکانی حکوومەتەکەی عێراقدا، بەئاگاییەوە بڕیاردرا کورد، نەک عەرەب، لە پۆستە فەرمییەکاندا دابمەزرێن لە ژێر سەرپەرشتیی کاربەدەستە بەریتانییەکاندا.

لە تەمووزدا دەستکرا بە ناونووسینی لێڤیی کورد و تا کۆتایی دیسەمبەر، ژمارەکە گەیشتە سێسەد کەس. ئەفسەرەکانیان لەو پیاوانە بوون کە لە سوپای تورکی (عوسمانیدا) خزمەتیان کردبوو، کەوا هەندێکیان ئەزموونێکی سەربازیی بایەخداریان هەبوو، بەڵام ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ فێربوونی مێتۆد و شێوازە سەربازییەکانی بەریتانی. لە ژێر فەرمان و سەرپەرشتیی دەرەجەدار یان چاوشێکی بەریتانیدا لە بەغدا، هێزی پۆلیس بەشێوەیەکی بەرچاو رێکخرا و پەرەیسەند نەک تەنها لە کارامەییدا بەڵکو لە پێگە و شکۆشدا. ئەو پێشکەوتنەی کە بەدەستهات لە ئاسایشی گشتیدا شایەتی ئەو راستییەیە کەوا لە پایزی ساڵی ١٩١٩دا هاتوچۆی زیارەتکاران دەستی پێکرد لە تەبرێزەوە بە سەر سلێمانیدا بۆ یەکەمجار لە دەمێک ساڵەوە (مەبەست سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەیە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا – و). هەروەها هەوڵێکی گەورەش درا بۆ دەستەبەرکردنی دام و دەزگاکانی خوێندن و یەکگرتنەوەی پرسە ئاینییەکان لەگەڵ قەناعەت و خولیا ناوخۆییەکاندا.

ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە ئەو پێشکەوتنەیە کە لە خودی شارەکەدا بەدەستهات. ئێمە کاتێ کە لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا سلێمانیمان گرت لە کۆی نزیکەی شەش هەزار کەس لە دانیشتووانی دوو هەزار و پێنجسەد کەس زیاتر نەمابووەوە و هەروا لاشەی مردوو بوو لەسەر شەقامەکان و نێو ئاوەڕۆکاندا کەوتبوون و گرانی و برسێتی و نەخۆشی بەخێرایی ئەوانەشی دەکوشت کە دەرباز بووبوون. خانووی کەمی تێدا بەپێوە مابوو کە بۆ نیشتەجێبوون بشێت. بە هاتنی کۆتایی ساڵی ١٩١٩، ژمارەی دانیشتووان بەرزبووەوە بۆ زیاد لە دە هەزار کەس. بەڵام سەرباری ئەوەی کە وەستا بەنا و کەرەستەی خانووبەرە دروستکردن کەمبوو ژمارەیەک خانوو چاککرانەوە و دروستکرانەوە و ژمارەی دوکانەکانیش وەک پێش جەنگیان لێهاتەوە. وردە وردە بازرگانی گەشەی کرد و وایلێهات کرێی دوکان و شوێنی بازرگانی لە دوا پێنج مانگی ساڵی ١٩١٩دا لە سەدا سێسەد بەرزبووەوە و خاوەن مڵک بەردەوام کرێی باشی دەخرایە بەردەم لەلایەن کرێچییەکانەوە.

سەبارەت بە بووژانەوەی ناوچەکە، قەرزە کشتوکاڵییەکانمان لە ساڵی ١٩١٨دا زۆر دواکەوتن و زیاتر رۆڵی خۆیان لە رزگارکردنی خەڵکەکەدا بینی لە گرانی و برسێتی، بەڵام کاریگەریی خۆیان هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی تەواو بۆ پێداویستیی هەنووکەیی. بۆ ساڵی دواتر چاندن و تۆودان دوو هێندە و نیو زیادیکرد. ئێستا ئەو رێگەوبانە سەرەکییانە دروستدەکرێن کە کاریگەرییان لە پێشخستنی ئابووری و گارگێڕیدا هەیە لەسەر بنەمایەکی هەمیشەیی لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک بە دەربەندی بازیاندا و هەروەها بۆ هەڵەبجە و بەسەر بەرد و رەقەنەکانی شاخی گۆیژەدا.

لەگەڵ بووژانەوەی ئابووریشدا ئاشتی هات و حاڵی حازر هەڕەشەی بەرپابوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا نیە و ئەگەر بارودۆخی جێگیر لە شوێنەکانی تری کوردستان تێکنەچێت و خولیا و تەماحکاریی ئاغاکان نەورووژێنێت ئەگەر هەیە سەقامگیری بپارێزرێت.

ئێمە کاتێ کە راستەوخۆ لەپاش ئاگربەس سلێمانیمان داگیرکرد ئەنجام و لێکەوتەکانی مەسەلەی کورد نەزانراو و چاوەڕواننەکراو بوون و تا ساڵی دواتر پەرەینەسەندبوو. جەنەراڵ شەریف پاشا خولیا و ئاواتەکانی نەتەوەی کوردی لە نۆڤەمبەردا خستەڕوو، هەروەها کۆمیتەی سەربەخۆیی کورد، کە لە کانوونی دووەمدا لە میسر پێکهاتبوو داوای یارمەتی و هاوکاریی لێکردین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی.

 لە باکووری کوردستان و پاش ماوەیەکی کەم لە ئیمزاکردنی ئاگربەس، بزووتنەوەی کورد چالاکییەکی نوێی بەرپاکرد. پێدەچێت ئەمە بە پشتیوانیی تورکە دەسەڵاتدار و ناودارەکان بووبێت وەک عەلی ئیحسان پاشا کە لەسەروەختی ئاگربەسدا فەرماندەی سوپای شەشی تورکی بوو، هەروەها لەلایەن کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتنەوە (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی) بەنیازی چەواشەکردنی هاوپەیمانان. لە کانوونی دووەمدا ئەندامانی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن لە خەرپوت، کوردەکانیان هاندەدا کەوا لە کۆنفرانسی ئاشتیدا داوای سەربەخۆیی بکەن. عەلی ئیحسان سەردانی سەرۆکە کوردەکانی کردبوو و پارە و چەک و ئەسپی پێدابوون بۆ ئەوەی لەدژی بەریتانییەکان بەکاریبێنن ئەگەر هەوڵیاندا وڵات داگیربکەن. هەڵبەت پەیوەندی ئەم و کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ،  کاتێ کە یەکێک بوو لە هاندەرە سەرەکییەکانی کوشتوبڕی کریستیانەکان لە بەدلیس و وان. لە کۆتایی کانوونی دووەمیشدا لە دیاربەکر چالاکانە کاری دەکرد بۆ سەرکوتکردنی هەر هەستێکی دوژمنکارانە دەرهەق بە تورکیا.

 لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمدا، سێر مارک سایکس کە ئەو دەمە لە حەڵەب بوو، نوێنەرێکی نارد بۆ لای کوردەکانی توورعابدین، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە بەرزاییەکانی باکووری نوسەیبینەوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ بەنیازن بەرگریی بەریتانییەکان بکەن و بۆ ئەوەی نەشهێڵێت یارمەتی و پێداویستی بۆ عەلی ئیحسان دابین بکەن. لەوێ بۆیدەرکەوت کە حیزبێک هەیە ئارەزووی پارێزگاریی بەریتانی دەکات، بەڵام هەر لەوێ عەلی ئیحسان توانیوێتی عەشیرەتەکان   لەخشتەببات و لەدژی بێگانە بوەستنەوە. لە دیاربەکر و ماردین بەپێیان رۆیشتوون و خەڵکیان دژ بە بێگانە هانداوە، بەڵام لە سوعرەد، کە ٧٥ میل لە باشووری رۆژئاوای دەریاچەی وانەوەیە، کوردەکان دژ بە سەربازگە تورکییەکە راپەڕیون و دەریانکردوون، سەرباری هەوڵ و کۆششی عەلی ئیحسان بۆ بەرتیلدان بە سەرۆکەکان. لە باشقەڵا کە دەکەوێتە باشوورەوە، جموجووڵێک هەبوو لەپێناوی سەربەخۆیی کورددا، کە لە کوردستانی ئێرانیدا هاوسۆزییەکی باشی هەبوو، بە سەرکردایەتیی سمکۆی کەسایەتیی ناودار و سەرۆکی هۆزی شکاک.

لە سەرەتای مانگی مارتدا گەورەپیاوانی ناوچەی سێڤەرک، کە دەکەوێتە نێوان دیاربەکر و ئورفەوە، سەردانی دەسەڵاتدارانی تورکی و سەرکردەکانی لقی ناوخۆیی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتنیان کرد و بڕیاردرا هێزەکان و عەشیرەتەکانی تورکیا رێکبخەن بۆ بەرگری کردنی داگیرکاریی بێگانە. هەر ئەودەمە شێخ مەحموودی سەرۆکی باڵای کوردەکانی میللییان بەردا، لە رۆژهەڵاتی ئورفە، کە بەتۆمەتی نادڵسۆزی بۆ حکوومەت بەندکرابوو و فەرمانیان پێکرد هێزەکەی ئامادە بکات و هاوکار بێت لە دەرکردنی بەریتانییەکان لە ئورفە. لەبەرانبەر ئەوەدا تورکەکان بەڵێنیان پێدا کە دان بە پێگە و پایەیدا بنێن وەک سەرۆکی میللی و بیکەنە بەهێزترین سەرۆکی کورد لە رۆژئاوای فوراتدا. بەڵام ئەو هاوکارییەی کە پێشکەشی کرد لەدوای بەربوونی شتێکی ئەوتۆ نەبوو، چونکە نەیتوانی هۆزە کوردەکان بورووژێنێت و تەنانەت لە ناوچەکەی خۆشیدا رێکیان بخات، هەروەها تورکەکانیش نەیاندەتوانی بە ئاشکرا یارمەتی بدەن کە ئاگربەسەکە پێشێل بکات و لە مانگی مایسدا ئەو کۆنفیدراڵییەتە شلوشۆڵەی ویستی دروستی بکات هەرەسیهێنا. ئەو وەفد و نێردانەش کە لە ئەستەمبووڵەوە ئەو تاقمە دەیانناردن کە عەبدولقادری شەمدینان رابەرایەتی دەکردن سەرکەوتنێکی وایان بەدەست نەهێنا، ئەگەرچی عەبدولقادر خۆی ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا و سەرۆکی کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردیش بوو.

لە دیاربەکر و ماردین، یانەی کوردی بەکردەوە خرایەگەڕ. بەپێی راپۆرتێک، کە لە کاتێکی دواتردا مێجەر نۆئێڵ پێشکەشی کرد، ئەم یانەیە بەشێوەیەکی سەرەکی لەو کەسایەتییە گەندەڵ و پووچانە پێکهاتبوو، کە لەپێناوی بەرژەوەندیی تایبەت و شەخسیدا چالاکانە پشتیوانی و لایەنگرییان لە کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن دەکرد. بە شکستهێنانی تورکیا، بەرەوڕووی ئەگەری لەناوچوونی یەکجارەکیی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بوونەوە و چوونە ناو حیزبی نیشتمانیی کوردەوە بە هاندانی تورکەکان، کە بە ئۆتۆنۆمیی کوردی لەژێر سایەی عوسمانیدا چەشەیان کردبوون. ئەم یانەیە دژ بە دەستێوەردانی بەریتانی و دژ بە ئەرمەن و مەترسیی ئەوەیان دەخستە دڵی کوردەوە کە پەیدابوونی هەر هێزێکی رۆژئاوایی لەسەر شانۆی رووداوەکان کە بە حەتمی سەردەکێشێتەوە بۆ ملکەچکردنی موسڵمانان و بۆ بەرژەوەندیی کریستیانەکان. یانەکە هەندێ ئەندامیشی تێدابوو کە خواست و ئارەزووی راستەقینەی خۆیان پاڵینابوون بۆ خۆشی و بەختەوەریی کوردستان بەگشتی، بەڵام تەنانەت ئەو پیاوە زۆر میانڕەوانەش پەککەوتە و کەمدەسەڵات بوون بەهۆی تێوەگلانیانەوە لە کوشتاری ساڵی ١٩١٥دا (مەبەست کوشتاری ئەرمەنە – و) و لەڕووی مادییەوە کەڵکیان لێوەرگرتبوو.

هەرچەندە وەک باسی لێوەکراوە، بارودۆخی مووسڵ هێشتا نەبڕاوەتەوە، بەڵام ناکرێت هەروا لێبگەڕێیت ئەم ویلایەتە کە جەنگ وێرانی کردووە بێ بەڕێوەبردن یان یارمەتیدان بمێنیتەوە و تەنها هەر بە داگیرکردنی سەربازی وازی لێبێنین. بۆیە کۆڵۆنێڵ لیچمەن بە ئەفسەری سیاسی دامەزراوە و لەپاش تەواوکردنی رێکخستنی سەرەتایی، ئەفسەران بۆ رۆژهەڵات و باکوور نێردران بۆ ئاکرێ و زاخۆ بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ کوردەکان و زەمانەت کردنی ئاشتی لە سنوورەکانماندا. لەپشت سنوورەکانی ئاگربەسەوە، بارودۆخ تابڵێی نادیار و تەمومژاوی بوو و بە هاتنی کۆتایی مارت پێویست بوو ئاڕاستەی هەست لە زۆنی تورکیدا ساغ بکەینەوە، نەک تەنها لەبەرئەوەی بێ زانیارییەکی ورد مەحاڵ دەبێت بۆ کۆنفرانسی ئاشتی بگاتە بڕیارێکی پەیوەست بە پاشەڕۆژی کوردستانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئاڵۆزی و پشێوی لە زاخۆ روویدا و لە سەرەتای نیساندا گەیشتە لووتکە و کاپتن پیرسنی تێدا کوژرا. هاندان و ورووژاندن لە جزیرەی ئیبن عومەردا لە سەرەتای شوباتدا لە لایەن عەلی ئیحسانەوە دەستی پێکرد، کەوا هەوڵ و کۆششی لێرە و لە شوێنەکانی تریش دژ بە داگیرکردنی بەریتانیا ئاڕاستە دەکرد. لێرە عەرەب و ئەرمەنە کاریگەرەکان بەبێ هۆ دەگیران و تەگەرە دەخرایە رێگەی هاتوچۆ لە ئاوی دیجلەدا و کوردەکان ناونووس دەکران و پڕچەک دەکران بێ هیچ کێشە و تەگەرەیەک. فەرمان لە ئەستەمبووڵەوە دەهات بۆ پێشێلکردنی بەندەکانی ئاگربەس لەلایەن کوردەکانەوە بە هاندانی دەسەڵاتە لۆکاڵی و ناوخۆییەکانی تورکیا. ئەفسەرێکی تورک سەردانی شەمدینانی کردبوو بۆ بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندەی تورکی، بەڵام بەساردی پێشوازیی لێکرابوو، لەهەمان کاتدا یەکێکی تریان بە ئەرکێکی هاوشێوە چووبووە مووسڵ. لە کۆتایی شوباتدا عەلی ئیحسان لابرا بەڵام لە مانگی مارتدا نوێنەرانی کۆمیتەی نیشتمانیی کوردی لە ئەستەمبووڵەوە بەسەر مووسڵدا چووبوون بۆ    سلێمانی و نامە و پەیامی ئەوەیان پێبووە کە هانی عەشیرەت و هۆزە کوردەکان بدەن بۆ راپەڕین لەدژی بەریتانییەکان. بەهەرحاڵ، ئاژاوەکەی زاخۆ کارێکی خۆڕسکی و لەخۆوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن تورکەکانەوە نەخشە و ئامادەکاریی بۆکرابوو لە رێگەی ئەو کەسانەوە کە راستەوخۆ شارەزای ناوچەکە بوون و پاڵپشتیشی ئەو بارودۆخە بوو کە وەک هەوێنێک لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا بوونی هەبوو.

لە یەکی نیساندا مێجەر نۆئێڵ بە هاوکاریی جەنەراڵ ئەللێنبیی فەرماندی گشتیی هێزەکەی میسر گەیشتە نوسێبین و لەوێوە چوو بۆ دیاربەکر و کاکڵەی راپۆرتەکانی ئەوەبوو کە حیزبێکی چالاکی سەر بە تورکیا هەیە کە دژ بە بەریتانیایە و لە لایەن پان ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام شانبەشانی ئەم هەموو گرفت و دژبەریانە حیزبێکی کوردییە و ئامانجی سەربەخۆیی تەواوی کوردستانە. نۆئێڵ وا باس لەم حیزبە دەکات کە لە ناوەرۆکدا دژی بەریتانیا نیە، هەرچەندە لە ئێمە دوورخراوەتەوە بەهۆی ئەو ترسەوە گوایە ئێمە دەمانەوێت سیاسەتێکی تۆڵەکردنەوە پەیڕەوی بکەین لەبری کریستیانەکان. یانەی کوردی وایدەردەبڕێت کە پێشتر تاڕادەیەک پابەند و ملکەچی حکوومەتی عوسمانی بووە بەڵام لەئێستادا گیانی سەربەخۆییانەی روو لە زیادبوونە. مێجەر نۆئێڵ دەنووسێت: "ئەو بەندە سەرسامکەرەی مەبدەئی سەرۆک ویڵسن کە دەڵێت 'هەمووان پێویستە ئەوە بکەن کە دەیخوازن' بە هەموو توانا سەرنجڕاکێشییەکەیەوە 'لە ئاسۆیاندا' دەرکەوتووە و ئێستا کوردانی تورکیا قەناعەتیان بەوە هێناوە کەوا ئەگەر لای خۆیانەوە بە دەنگی بەرز هاوار بکەن سەرۆک ویڵسن گوێی لە دەنگیان دەبێت و رێگەیان پێدەدا بەخوایشتی خۆیان دیاربەکر بەڕیوەببەن و بەردەوام بن لە برەودان بە "تاڵان و بڕۆی کریستیانەکاندا کە لە سەروبەندی کوشتار و قەسابخانەکەدا دزییان دەکرد، تەنانەت بێئەوەی پێویستیان بەوە بێت تاڵانییەکە لەگەڵ تورکەکاندا بەشبکەن". حکوومەتی عوسمانی تادەهات ناڕەزایی لەسەر گەشەکردنی ئەم یانەیە روو لە هەڵکشان بوو تا دواجاریش بڕیاری داخستن و پاکتاوکردنی دا.

مێجەر نۆئێڵ لەسەری دەڕوات و دەڵێت: "ئەو رووداوانەی کە سەریانکێشاوەتەوە  بۆ ئەم دۆخە، جێی بایەخن، چونکە نموونەیەکی ئایدیاڵت دەدەنێ لەسەر چەندین لەو تەوژمە پەنامەکیانەی لێرەوە سەرچاوەیان گرتووە و ئەو شێوازانەی کە تورکەکان پەنای بۆ دەبەن. کاتێ کە هەواڵی داگیرکردنی سمیرنا (ئێستا ئیزمیرە – و) گەیشت، تورکەکان خێرا بۆ مەبەستی تایبەتیی خۆیان قۆستیانەوە و وایان بڵاوکردەوە کە یۆنانییەکان قەسابخانەیان بۆ موحەممەدییەکان (واتە موسڵمانەکان – و) سازداوە و بەریتانییەکانیان بەوە تاوانبار کرد کە ئەوان یۆنانییەکانیان هێناوە. ئەوجا وایان بردە زەینی کوردەکانەوە کە ئەم حاڵەتەی سمیرنا لە دیاربەکریش دووبارە   دەکەنەوە و یەکەمجار ئینگلیز دێن و شارەکە دەگرن و ئەمەش دەسپێک و زەمینە خۆشکەر دەبێت بۆ هاتنی هێزەکانی ئەرمەن. هەموو ئەمانە کاریگەریی سروشتیی خۆیان هەبوو و ئەندازەیەکی گەورەی دەمارگرژیی بەرپاکرد لە ناو رەشەخەڵکەکە و هەندێک لە خەڵکی کۆنەپەرست و گەندەڵە کۆنەکاندا، کە بە ئەندامانی یانەی کوردی بەناوبانگ بوون و لەوە دەترسان لێپرسینەوەیان لێبکەن لەبارەی تاوانەکانیانەوە کە ساڵی  ١٩١٥ ئەنجامیاندابوو و دەیانخواست کوشتارێکی تر سازبدرێت بۆ ئەوەی دوا شایەتی رابوردوویان لەناوبچن و ئەودەمە مەسەلەکان تێکەڵ دەبن. لەو ماوەیەدا مەسیحییەکان زۆر دەترسان و بەپەلە وەفدێکیان نارد بۆ لام لە ماردین و داوای دەستوەردانی بەریتانیایان لێکردم. حکوومەتیش ناڕەحەت بووبوو چونکە پرۆپاگەندەکەی تاڕادەیەک دابوویە  کزی و وا هەست دەکرا کە پێویستە دژ بە بەریتانییەکان کاربکرێت نەک دژ بە مەسیحییەکان، چونکە بەتەواوی تێگەیشتبوون کەوا کوشتارێکی تر نەگونجاوە. بەهەرحاڵ، تورکەکان رێگەیەکی باشیان دۆزیبووەوە بۆ دەرچوون لەم ئاستەنگە و وایان بە باش زانیبوو یانەی کوردی بکەنە قۆچی قوربانی، کە دەکرێت بۆ نواندنی دادپەروەری بە هۆی چالاکیی ئەندامە زۆر گەندەڵ و دەمارگرژەکانەوە و لەژێر پەردەی پاراستنی مەسیحییەکاندا دەتوانرێت رێکخراوێکی نەیار و نەگونجاو سەرکوت بکرێت کە بەرهەڵستیی دەسەڵات و دەستباڵایی تورک دەکات. بەم پێیە، بە مەسیحییەکان دەوترا ئەوە کوردەکانن، بە هاندانی یانەی کوردی، کە تینووی خوێنیانن. ئەوانیش بە ئەزموونی تاڵی چەند ساڵی رابوردوویان، هەمیشە ئامادەبوون بۆ باوەڕهێنان بە خراپترین پێشهات و بێگومان مەسەلەیەکی سروشتییە کە بڕوای تەواویان هەبێت بەم پێشبینی و نوقڵانە نوێیەی روودانی کارەساتێکی تر. حکوومەت لە گفتارەوە چوو بۆ کردار و چەک و تفەنگیان لەسەر قەڵای شارەکە دامەزراند بۆ ترساندنی خەڵک و داوای سوپا کرا و خرایە ئامادەباشییەوە و سەرکردەکانی یانەی کوردی دەسگیرکران، دواجاریش لە رۆژی چواری حوزێراندا یانەکە خۆیشی داخرا. بەمجۆرە حکوومەت دۆخەکەی رزگارکرد، واتە دۆخ و حاڵەتێک کە خۆی دروستیکردبوو!"

مێجەر نۆئێڵ قەناعەتی بەوە هێنا کە تاوەکو ئەو ترسەی زاڵە بەسەر مەسیحییەکاندا نەڕەوێتەوە مەحاڵە بەرەنگاری بریکارەکانی دەمارگرژی و ئاڵۆزی ببیتەوە. ئەو باوەڕی وابوو کەوا زۆرێک لە جووتیاران ئارەزوویان لە سەقامگیری و هەوڵی کشتوکاڵ کردنە و ئەگەر لە مامەڵەکردنیاندا سیاسەتێکی راست و دروست پەیڕەوی کرا ئەوە وردە وردە واز لەوە دەهێنن کە ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانیان و گەشە دەکەن و دەگۆڕێن بۆ کۆمەڵگەیەکی تاڕادەیەک ئارام و ئاشتیخواز. دەبێت ئەوەش رەچاو بکرێت کەوا هەستکردنیان بە بوونی نیشتمانی ئەوە ناگەیەنێت کە هەستکردن بێت بە یەکێتیی نیشتمانی. چیا سەختەکان کە پەڕینەوە لێیان تاڕادەیەک زەحمەتە و تیرە و هۆزەکانی لێکدابڕیوە و هەر هۆزێک لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی شەخسی و هەنووکەیی خۆیدایە، لەکاتێکدا کە سەرۆکەکانیان هەست بە رق و ئێرەیی توند دەکەن لەبەرانبەر یەکتردا. ئەوان تێکڕا هەر هەموویان زۆر ناحاڵی و دواکەوتوون و بنەمای سەرەکییان بۆ رقلێبوونەوە و ترس لە ئەرمەنەکان ئەوەیە کە دەسکەوتی مۆڵی ئەمان تایبەتمەندییەکی فەرمی و بازرگانییان دەداتێ، ئەگەرچی خاسییەتی دەستباڵایی شەڕکردن و ژمارەی دانیشتووان لەلایەنی کورددایە.

مێجەر نۆئێڵ رایسپاردووە کەوا راگەیاندنێکی دڵنیاکەرەوە بڵاوبکرێتەوە سەبارەت بەو کوشتوبڕەی کوردەکان بەرپای دەکەن (دژ بە ئەرمەنەکان – و)، بە هاندانی یان بە فەرمانی راستەوخۆی تورکەکان، لەگەڵ راگەیاندنێکی فەرمیدا کەوا پێویستە لەسەرمان پێدابگرین لەسەر گێڕانەوەی تەنها مڵکە نەگوێزراوەکان. ئەگەر ئەوەش سەرینەگرت، ئەوە پێیوایە کە جەختکردنەوەی زارەکی لای خۆیەوە بەسە بۆ ئەو مەسەلەیە، ئەگەر رێی پێبدرێت. 

لەڕاستیدا و لەمیانەی بێدەنگیمان سەبارەت بە نیاز و مەبەستی کۆتاییمان، بوارمان بە ناحەز و رکابەرەکانمان دابوو دژایەتیمان بکەن و بەوە تۆمەتبارمان بکەن کە نیازمان نیە بۆ داهاتوو، هەرچەندە رۆژانە روونتر دەبێتەوە، کەوا هاوپەیمانان هیچ هێزێک بەکاربێنن ئەگەر رەزامەندیشی لەسەر بێت. لەبەر ئەوە ئێمە متمانەمان لە کوردستان یان پێگەمان لەسەر سنوورەکانیدا تووشی هەڕەشە و مەترسی بووبووە و بەهۆی ئەو هاندان و ورووژاندنەشەوە کە لە سەرتاپا وڵاتدا تەشەنەی کردبوو. ئەو ئەرمەنانەی کە دەرباز بووبوون ترسی سەرلەنوێ کوشتاریان هەیە کە نابێت رێی پێبدەین و لە هەمان کاتدا مسیۆنێر (مژدەدەرە) ئەمریکییەکانیش هاوبەشی ترس و نیگەرانییەکانیانن. هەڵبەت لەو کاتەوە کە یۆنانییەکان سمیرنایان گرتووە مەترسییەکە زۆر زیادی کردووە و ئەمەش حاڵەتێکی نوێی لە سەرتاپا ئیمپراتۆرێتی تورکیدا بەرپاکردووە. ئەوەی گرنگە باسبکرێت ئەوەیە کەوا کاتێ کۆمیسیۆنێکی ئەمریکی لە وەرزی پایزدا نێردراوە بۆ ئاسیای بچووک بۆ ئەوەی لەسەر تێبینیی شەخسی و لە نزیکەوە بیروڕایەک گەڵاڵە بکرێت، زۆربەی ئەندامانی گەیشتوونەتە ئەنجامی ئەو راستییەی کەوا کارێکی کردە نیە دەوڵەتێکی ئەرمەنی لە کوردستاندا دابمەزرێت.

بە رەزامەندیی جەنەراڵ ئەللێنبی و فەرماندەی گشتیی میزۆپۆتامیا، لە ٤ی مایسدا مێجەر نۆئێڵ راسپێردراوە بۆ ئەوەی لێبووردنێکی گشتی رابگەیەنێت لەو هێڵانەدا کە پێشنیازی کردووە سەبارەت بە کوردەکانی سنووری ویلایەتی مووسڵ و لە تەلگرافێکی دواتردا رێگەی پێدراوە ئەو جەختکردنە زارەکییانە دەربکات کە وایدەبینێت پێویستن بەپێی ئەم راسپاردانە، بە مەرجی ئەوەی  دەستبەرداری پێداگریی نەبێت لە گێڕانەوەی کەسانی رفێنراو و ماڵ و سامانە دزراوەکان. لە یەکی مایسدا کۆمیسیاری باڵا لە ئەستەمبووڵ ئاماژە بەوە دەکات کە سێ قۆناخ یان خولی کراوەمان ئامادەیە. رەنگە ئێمە خۆمان بە خاوەنی هیچکام لەو شتانە نەکەین کە لە دەرەوەی ناوچەی داگیرکردنمان روودەدات و لێگەڕێین مەسیحییەکان بەرەوڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە، یان لەوانەیە داوا لە حکوومەتی تورکی بکەین کاری پێویست ئەنجام بدات کە نەهێڵێت شتێک    رووبدات و ئەگەریش هەیە نەتوانێت یان ئامادە نەبێت ئەو کارە بکات، یان پێدەچێت سوود لەو کوردانە ببینین کە بەپەرۆش بوون بۆ هاوکاریمان و بەباشی لەگەڵمان بوون. جێگری کۆمیسیاری مەدەنی لە بەغدا وایبۆدەچێت کە قۆناخ یان خولی سێهەم باشترین هیوای رەخساندووە بۆ ئارامکردنەوەی وڵات و لە ١٢ی مایسدا پێشنیازی کرد کە بەپێی گرنگی پێدانی حکوومەتی خاوەن شکۆ، پێویستە جەختی تەواو بکەینەوە لەسەر لێبووردنی گشتی و دەربازبوون لە هەژموونی ئەرمەنی لەو ناوچانەدا کە زۆرینەیان کوردن. پێش ئەوەی وەڵامێک لە لەندەن وەربگرینەوە، سەید تەها لە شەمدینانەوە گەیشتە بەغدا و خۆشبەختانە سەردانەکەی هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی ئاڵۆزی و ئاژاوە لە سلێمانیدا. سەید تەها پیاوێکی خاوەن دەسەڵاتی سیاسییە و سیاسەتمەدارێکی گەورەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستاندا و سەید عوبەیدوڵڵای باپیری بەوە بەناوبانگە کە لە ساڵی ١٨٨١دا سەرکردایەتیی هێرشێکی کردووە بۆ سەر ورمێ لەنێو خاکی وڵاتی فارسدا، کە خانەوادەکەیان مڵک و زەویوزارێکی زۆریان هەیە لەوێ. عوبەیدوڵڵا لە ئەستەمبووڵ دەسگیرکرا لەگەڵ عەبدولقادری کوڕی، کە سەرۆکی حیزبی نیشتمانیی کوردە لەوێ. کوڕێکی تری ئەم پیاوە ناوی سادقە و لە کوردستان مایەوە و بەوە ناسراوە کە سەرکوتکەر و چەوسێنەری مەسیحییەکان بوو. سەید تەها، لەپێش جەنگدا میوانی شەرەفی کونسوڵێکی رووسیا بووە و سەردەمێکیش بیروبۆچوونێک لەئارادا بووە کە دەگونجێت وەک سەرۆکی کوردستانێکی بەناو سەربەخۆ بەکاربهێنرێت لەژێر چاودێریی رووسیادا. لەگەڵ ئەوەشدا توانیبووی پەیوەندییەکی دۆستانە و نێوان خۆشی لەگەڵ ئەڵماندا بهێڵێتەوە، بەڵام رووسەکان متمانەی پێناکەن و ساڵی ١٩١٦ کاتێ لە سنوور پەڕینەوە ماڵەکەیان لە نەهری رووخاند. سەید تەها لە رێگەی ژن و ژنخوازییەوە خزمایەتی و پەیوەندی هەیە لەگەڵ سمکۆی سەرۆکی شکاکدا و نێوانیان خۆشە. سمکۆ بە ڕۆڵی خۆی شەڕی رووس و تورک و ئەرمەنی کردووە و بەوە شۆرەتی دەرکردووە کە بە خوێن ساردی مار شیمۆنی پەتریرکی ئاشووریی کوشتووە. ئەم دوو پیاوە، واتە سەید تەها و سمکۆ، دوو کەسی هەلپەرستن لەو جۆرەی کە کوردستان بەزۆری بەرهەمی دێنێت و بەردەوام بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوەن. کێشەی مەسیحییەکان کەمێک کاری کردبووە سەر سەید تەها، بەڵام سمکۆ نیازی نیە دەست لە بچووکترین ئەو دەسکەوتانە هەڵبگرێت کە لە ماوەی جەنگدا لەسەر حیسابی مەسیحییەکان دەستیکەوتووە. ئەو پێگە جوگرافییەیان لە ناو چیاکاندا کە هۆکاری هاتوچۆ و پەیوەندیکردنی نیە گران دەکەوێتەوە بزانرێت کەوا کێ ئامادە دەبێت ناچاری ملکەچییان بکات.

ئامانجی سەید تەها لە سەردانی بەغدا فشارکردن بوو لەپێناوی کوردستانێکی یەکگرتوو لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی بەریتانیادا، لەنێویشیاندا کوردەکانی نێو خاکی وڵاتی فارس (واتە ئێران – و). کاتێ کە بۆی روونکرایەوە کە بەتەمای هیچ یارمەتییەکی ئێمە نەبێت لە بەدیهێنانی ئەم پرۆژەیەدا سەبارەت بە کوردەکانی ئێران، ناڕەحەتی و نائومێدییەکی زۆری دەربڕی و وایلێکدەدایەوە کە جیابوونەوەی کوردستان لە ئێران هەر دەبێت رووبدات تەنانەت ئەگەر ئێمە رەزامەندیش دەرنەبڕین. سەرباری ئەوەش هەڵوێستەکەی قبووڵکرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری و یارمەتیدانمان بە هەموو شێوەیەک بۆ دامەزراندنی ئەو رژێمەی کە دڵخوازی خۆی و هاوڕێکانێتی لە کوردستاندا، بەڵام داوای کرد کە رازی بکەن بەم خاڵانەی خوارەوە: یەکەم، راگەیاندنی لێبووردنی گشتی؛ دووەم، هیچ هەوڵێک نەدرێت بۆ دامەزراندنی یەک سەرۆک لە کوردستاندا بەڵکو پێویستە وڵاتەکە  بەپێی بنەمای گرووپ گرووپی گەورەی سەربەخۆ رێکبخرێت؛ سێهەم، گێڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ زێد و مەڵبەندی خۆیان بە مەرجی ئەوە بێت کەوا کورد نەخرێنە ژێر رکێف و دەسەڵاتی ئەرمەن یان نەستوورییەکان؛ چوارەم، حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا ئامادەبێت کە هەمان یارمەتیی مادی پێشکەش بکات (بە کورد – و)، هاوشێوەی عێراق.

لەبەرئەوەی کە یاخیبوونی سلێمانی هەڕەشە بوو لەسەر ئاشتیی سەرتاپا سنووری کورد، بۆیە وا باشبوو سوود لە هەستی دۆستانەی سەید تەها ببینین و جێگری کۆمیسیاری مەدەنی نامەیەکی بە زمانی فارسی دایە، کە ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانەکەیەتی:

"حکوومەتی خاوەن شکۆ رێگەی پێداوم کەوا بەشەخسی جەختی ئەوەتان بۆ بکەم کە حکوومەتەکەی خاوەن شکۆ نیازی نیە سیاسەتێکی تۆڵەکردنەوە بگرێتەبەر دەرهەق بە کورد سەبارەت بەو کار و کردەوانەی لە ماوەی جەنگدا بەرپاکراون و ئامادەیە لێبووردنێکی گشتییان پێببەخشێت. ئەمەش رێگە لە نوێنەرانی حکوومەتی بەریتانی ناگرێت کە هەوڵ و کۆششی دۆستانەی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی لە نێوان ئەرمەن و کوردەکاندا سەبارەت بە کاروباری شەخسییان، هەروەها ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەسەری کاروباری پەیوەست بە زەویوزارەوە بەشێوەیەکی دۆستانە بێ پەنابردنەبەر دەستێوەردانی چەکدارانە. حکوومەتی خاوەن شکۆ ئومێدەوارە من دڵنیاتان بکەمەوە کەوا بە هیچ شێوەیەک دەسبەرداری بەرژەوەندییەکانی کورد نابین لە کۆنفرانسی ئاشتیدا".

ناوەرۆکی ئەم زەمانەتانە گەیەنرایە مێجەر نۆئێڵ، کە لە ٢٣ی حوزێراندا هۆشدارییەکی دەرکرد بۆ ناوچە کوردییەکانی کە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ئەودابوون و دەڵێت:

"پاشەڕۆژی ئەو ناوچانەی کە بە ئەرمینیا یان کوردستان ناسراوە مەسەلەیەکە دەبێت کۆنفرانسی ئاشتی بڕیاری لێبدات. پێویست ناکات هیچ کەسێک گومان لەوە بکات کەوا کۆنگرەی ئاشتی بەپێی ئەو سەرەتا و پرەنسیپانەی فرەجار گوزارشی لێوەکراوە بڕیار دەدات کەوا گەلان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەیە لە حوکمکردنی خۆیاندا. حکوومەتی بەریتانیش زەمانەتی ئەوەی داوە کە بەرژەوەندییەکانی کورد لە کۆنفرانسی ئاشتیدا پشتگوێ ناخرێن و تا ئەو کاتەی بڕیارەکە رادەگەیەنرێت، ئەوە ئەرک و بەرژەوەندیی تەواوی نەتەوە و چینەکانە لە کوردستاندا کە ئاشتی و ئارامی بپارێزن. سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیش کە لە ئەنجامی فەرمانەکانی حکوومەتی تورکییەوە بووە، ئەوە شارستانییەت داواکار و پێداگری دەرکردنی فەرمانی توندی سزادانی تاوانبارانە، هەروەها بەهەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەرمەنانەدا دەکرێت کە بەرپرسیارن لە دسدرێژی کردنەسەر و کوشتاری موسڵمانەکان. ئەو ژن و کچە ئەرمەنییانەش کە بێدەنگ    کراون و براونەتە ماڵە موسڵمانەکان پێویستە بەربدرێن  و دەبێت ئەو زەویوزار و ماڵ و خانووانەی  بەزۆر لە ئەرمەنەکان زەوتکراون بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە یاساییەکانیان. لەلایەکی ترەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە حکوومەتی بەریتانیاوە هەیە، بەنیاز نیە پەیرەویی سیاسەتێکی تۆڵەئامێز بکات لە ئاست کورددا سەبارەت بەو کار و کردەوانەی لە ماوەی جەنگدا بەرپاکراون و ئامادەشە لێبووردنێکی گشتییان بۆ دەربکات. هەروەها پێویستە لەسەر هەردوو نەژاد و رەگەز کە لە هەمان ناوچە و خاکدا نیشتەجێن هەڵەکانیان بخەنە ئەستۆی حکوومەت و واز لە رق و کینە و یەکتر گوناهبار کردن بێنن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ پێکەوەژیان و لێکبووردن و نیازپاکی. دەسەڵاتداریی بەریتانی تەنها ئارەزووی ئەمە دەکات و بەتوندی سزای هەر کارێکی ناڕەوا و تۆمەتبارکردنی ساختە و درۆ دەدات کە سەربکێشیتەوە بۆ دوژمنایەتیی هەمیشەیی و بەرپاکردنی ئاژاوە".

هۆشدارییەکە کاریگەرییەکی باشی هەبوو لە ناو سەرکردەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا، لەکاتێکدا دەکرێت هۆکاری ئاڕاستەکردنی نامەکە بۆ سەید تەها بەوە لێکدەدرێتەوە کە هیچ ئاژاوەیەک لە ناوچەکەیدا رووینەداوە. زیادەڕۆیی بوو ئەگەر بەتەمای ئەوە بووینایە کە دەبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێردە تورکەکاندا ببڕێت و رێی تێنەدەچوو ئەوەشی بکردایە، بەڵام سوودبەخش بوو لە پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناو خێڵەکانی دەوروپشتی شەمدینان و رەواندزدا و پێدەچێت باشترین کاری کردبێت لە مەسەلەی سنوورداناندا بۆ پرۆپاگەندەی تورکی. لە سەرەتای هاویندا، پێشنیازی بۆکرا کە حوکمی بەشی باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی رەواندز و پێدەشتی بەپیتی دەشتی هەریر لەئەستۆ بگرێت و بێجگە لە بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیە ناوچەی شەمدینان و ئەگەری فراوانبوون و دەستڕاگەیشتنی شوێنانی تریش لەبری حکوومەتی بەریتانیا. هەڵبەت بۆ ئەمە دەبوو هاوکارییەک وەربگرێت بێجگە لە بەڵێننامەیەکیش بۆ ئەوەی پیلان نەگێڕێت لەگەڵ مووسڵ و لەدژی حکوومەتی ئێرانی. سەید تەها وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەدایەوە، چونکە لەلایەکەوە رەنگە دوودڵ بووبێت لە رۆڵبینینێک کە وادیاربوو جیاوازییەکی نیە لەو رۆڵەی بە شێخ مەحموود سپێردرابوو، کە ئەنجامێکی باشی نەبوو. لە لایەکی ترەوە، بەهۆکاری ئەوەی لە مانگی تەمووزدا یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی رەواندز کێشرایەوە بۆ باتاس، کە چەند میلێک لای رۆژئاواوەیە، لەسۆنگەی رووداوەکانی ئامێدییەوە کە لە حاڵی حازردا پەیوەندیدارن و رەنگە ئەمە گومانی لا دروستکردبێت سەبارەت بە بەردەوامیی داگیرکردنی ئێمە. پاشان لەبەرئەوەی پێشنیازەکەی قبووڵ نەکرد لە مانگی ئابدا لە مەسەلەکە کشایەوە، بێئەوەی پەیوەندیی دۆستانەی خۆی لەگەڵمان ببچڕێنێت و وەک باس دەکرێت زیاتر و زیاتر کەوتە دژایەتی تورک.

لە مانگی مایسدا سمکۆ بە رووماندا کرایەوە و کەوتە دەستپێشخەری و بە شێوەیەکی دۆستانە نامەیەکی بۆ جێگری کۆمیسیاری مەدەنی نووسی، کە لەپێش جەنگەوە دەیناسی. نامەکە سکاڵا دەربڕینێکی شەخسی بوو، کە بە لای ئێمەوە کێشەیەکی لاوەکی بوو بەلام بەتەواوی بیر و هۆشی ئەوی داگیرکردبوو، کەوا کەسێک لەو داخ لەدڵە زۆرانە (لێرەدا کاربەستێکی ئێرانی بووە) وای بەبیردا هاتووە بۆمبێکی پێچراوەی بۆ پۆست بکات. بێگومان تووڕەیی و پەستییەکەی لەئاستێکدا بوو کە مەگەر هەر خۆی دەریببڕێت وەختێ بەمجۆرە باسی دەکات: "کاتێ کردمەوە و لە ساتەوەختی تەقینەوەیدا بەرەوڕووی براکەم هەڵمدا". پاشان ئەمیش بۆ تۆڵەی ئەو کارە لە حوزێراندا هێرشی کردووەتە سەر ورمێ. دوژمنایەتیی ئەو بۆ وڵاتی فارس، کە ئێمە لە ئابدا رێکەوتنێکمان لەگەڵیدا ئیمزاکردبوو، سنوورێکی دانا بۆ هەر هیوایەکی هەمیشەیی کە یەکێتییەکی نیشتمانیمان پێباشتر بێت لەنێوان کورد و تورک و فارسدا، سەرباری ترسی سمکۆش لە تۆڵەکردنەوە بەهۆی مامەڵەکردنی خراپیەوە لەگەڵ مەسیحییەکاندا، کە ئەمەش وایلێدەکات تابێت زیاتر خۆی بخاتە باوەشی تورکەکانەوە.

سەبارەت بە سەرۆکە کوردەکانی تر، ئەوە شێخ مەحموودی سلێمانی لەگەڵ شکستهێنانی یاخیبوونەکەی تەواوبوو. شێخ مەحموودی میللی (سەرۆک هۆزی گەورەی میللی - و) بەربژێر کرابوو بۆ پۆستی گریمانەیی حوکمڕانی کوردستانی یەکگرتوو، لە ئەستەمبووڵیشەوە عەبدولقادری شەمدینان ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ لەئەستۆگرتنی هەمان رۆڵ، ئیدیعا و داواکارییەکانی بەدرخانییەکانی حوکمڕانانی پێشووی بۆتان لەوانیتر کەمتر نەبوو بۆ لەئەستۆگرتنی هەمان رۆڵ، لە کاتێکی دواتریشدا شەریف پاشا لە پاریسەوە رایگەیاند کە بە سەرۆکی دەوڵەتی کوردیی داهاتوو هەڵبژێردراە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نیە بیسەلمێنێت کە لەلایەن هیچ کەسیکەوە دەسنیشان کرابێت بێجگە لە قسەی خۆی. لە مانگی شوباتدا سەرۆک وەزیران (سەدری ئەعزەمی دەوڵەتی عوسمانی – و) ئامادەکاریی کردبوو بۆ ناردنی عەبدولقادر یان کوڕەکەی بۆ کوردستان بە ئەرکی هێورکردنەوە. ئەم نەخشە و پلانە هەرگیز سەرینەگرت، بەڵام واتەوات و دەنگۆ گەیشتبووە سەید تەهای برازا و رکابەری کەوا عەبدولقادر لە ژێر چاودێریی ئێمەدا گەشتێکی بە کوردستاندا کردووە و پێدەچێت ئەمەیان ئارەزووی سەید تەهای بەهێزکردبێت کە پێ لە بەرەی تورک نەبڕێت.

لە دەوروبەری کۆتایی مانگی حوزێراندا، مێجەر نۆئێڵ لەبریی جێگری کۆمیسیاری مەدەنی نێردرایە ئەستەمبووڵ بۆ گفتوگۆکردنی بارودۆخەکە لەگەڵ کۆمیسیاری باڵادا. هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کەوا دەرکەوتووترین مۆرک و خاسییەت دابڕان و جیاوازیی نێوان کورد و    تورکە و کۆمیسیاری باڵا پێشنیازی کرد مێجەر نۆئێڵ بە ئەرکێکی تر بنێردرێت بۆ ئاسیای بچووک و بواردان بە کەسانێکی بژاردە لە بنەماڵە کوردە ناودار و سەرۆکەکان لەگەڵی بڕۆن و گەشت بە تەواوی وڵاتەکەدا بکەن بە مەبەستی قەناعەت پێکردنی تیرە و هۆزەکان بە زەروورەتی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و پارێزگاری کردن لە کریستیانەکان. ئەو وایبۆدەچوو کە ئەگەر قایل بکرێن بە هەوڵنەدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێکی نەتەوەیی ئەوە شتێکیان نابێت بۆ ئەوەی لە حکوومەتی عوسمانی بترسن، سەرباری ئەو راستییەی کەوا تورکەکان بزووتنەوەی نەتەوەییان بە گومانلێکراو لەقەڵەمدەدا. مستەفا کەمال، ئەو جەنەراڵە تورکەی کەوا کردەوە و چالاکییەکانی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتەکەیدا نەبوو لە ئەستەمبووڵ و ئەگەرچی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبوو لەگەڵ کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن، بەڵام بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی تورک دەکرد لە ئاسیای بچووکدا دژ بە هەموو ئەوانەی کە دەهاتنە ئەوێ. کۆمەڵەیەک لە ئەنەدۆڵی رۆژهەڵاتدا دروستکرا لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی ئەودا بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی عوسمانی و پرنسیپی سەرەکیی داکۆکی کردن بوو لە یەکپارچەیی تورکیا، لەگەڵ ئەو ئەنجامە سروشتییەی کە نابێت دەوڵەتێکی یۆنانی یان ئەرمەنی لە سنووریدا دابمەزرێت، لەهەمان کاتیشدا پێویستە مافی غەیرە موسڵمانەکان زەمانەت بکرێت و پێشوازی لە دەسەڵاتێکی توندوتۆڵ دەکەن کە رێز لە هەستی نەتەوەیی تورک بگرێت. مەرجیشی ئەوەبوو کە حکوومەتی ناوەندی پابەند بێت بە خواستی   گەلەوە و دەبێت ئەنجومەنێکی نیشتمانیش هەلبژێردرێت. لە مانگی ئابدا کۆمەڵە کۆبوونەوەی خۆی کرد لە ئەرزڕوم، بەڵام پاشان شاری سیواس بە بارەگای کۆمیتەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، کە بۆ هەموو نیاز و مەبەستێک لە سەر شێوازی سۆڤێتی بوو. دەسەڵات و کاریگەریی لە ئاستێکدا بوو کە توانی لە مانگی ئۆکتۆبەردا حکوومەتەکەی داماد فەرید ناچار بکات دەست لەکار بکێشێتەوە، چونکە رەخنەی توندی لێگرتبوو و بە حکوومەتێکی نانیشتمانیی ناوی هێنابوو. کاتێ کە عەبدولڕەزا پاشا جێی داماد فەریدی گرتەوە لە پۆستی سەدری ئەعزەمدا، وەزیری دەریاوانیی تازە بە شەخسی رۆیشت بۆ تەرابزۆن بۆ چاوپێکەوتنی مستەفا کەمال و لەگەڵ خۆی نوێنەرێکی تاقمەکەی سیواسی هێنا بۆ ئەستەمبووڵ.

لە مانگی سێپتەمبەردا مێجەر نۆئێڵ حەڵەبی بەجێهێشت بە یاوەریی دوو کەس لە بنەماڵەی بەدرخان، کە کامەران و جەلادەت بوون. پاشان رایگەیاند لە عەنتابەوە بۆ مەڵاتێ، کوردەکان کە ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەدی دانیشتووانن، بەتوندی پابەندی رێبازی نەتەوەیی کوردن بەڵام بەپێچەوانەی کوردەکانی دیاربەکر و ماردین دژ بە تورک بوون و هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ ئەو راستییەی کەوا زۆربەیان شیعەن و کێشەی ئەرمەنیش لەوێ گەرموگوڕ نیە، چونکە ژمارەی ئەرمەن لەوێ هەمیشە زۆر کەم بووە. کۆمەڵەی بەرگری هۆشداری دا لە مەسەلەی ئەرک و فەرمانی ئەم نێردەیە بەپێی بنەمای ئەوەی کە مێجەر نۆئێڵ هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە دەدات و کار بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات کە لە ژێر رکێفی دەوڵەتی عوسمانی دەرچێت. هەروەها حکوومەتەکەی داماد فەریدیان بە خیانەتکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی تاوانبارکرد، بەو پێیەی کە رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەم گەشتە. ئەحمەد جەودەتیش، کە فەرماندەی فەیلەقی سیانزەی سوپا بوو ویستی هەردوو پیاوەکەی بنەماڵەی بەدرخان بگرێت. بارودۆخەکە هەڕەشە و مەترسیی ئەوەی لەسەربوو ئاڵۆز ببێت و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی میسر مێجەر نۆئێڵ و دوو هاوەڵەکەی لە مەڵاتێ بانگکرد. کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد لە ئەستەمبووڵ ناڕەزایی دەربڕی لە رەفتار و کردەوەی تورکەکان و رایگەیاند کە رووداوەکەی مەڵاتێ بە سووکایەتیی لەقەڵەم دەدرێت بۆ شکۆ و شەرەفی کورد و هەستی نەتەوەیی. لەو کاتەوە ئیتر ناکۆکی لە نێوان پارتە نەتەوەییەکانی کورد و تورکدا زیاتر روونبووەوە و شوێنکەوتووانی مستەفا کەمال هەموو یانە کوردییەکانیان لە ویلایەتەکاندا داخست و بەپێی راپۆرتەکان کردەوە و رەفتاری توندیان گرتەبەر دژ بە هەموو ئەو کەسانەی بەوە ناسرابوون کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کورد دەکەن. وادیارە لە ناو تورکەکانیشدا کۆمەڵەی بەرگری زۆر زیاد رۆیشتبێت. نیگەرانی و دڵەراوکێی جووتیاری ئەنەدۆڵ روو لە زیادبوونە لەم زمانی چەک و چەکدارییە و تەنانەت کاتێ بەناوی نیشتمانی باوباپیرانیشەوە بەڕێوەدەچێت و سەرەتای تێڕوانین بوو بۆ مستەفا کەمال وەک کۆسپ و تەگەرەیەک لە بەردەم گێڕانەوەی ئارامی و گەشەکردن بەناوی نیشتمانپەروەرییەوە. بەڵام ئەم هەستانە هێشتا هەر کۆرپە و لەسەرەتادا بوون.  

ئەم پیلانگێڕی و دوژمنکارییانەی دروستبوون رەنگیدابووەوە لەسەر پەیوەندیمان لەگەڵ کورد لە سنووری مووسڵ و تاڕادەیەکیش بەرپرس بوو لە بەرپابوون و تەشەنەسەندنی ئاژاوە و پشێوییەکانی ئامێدی و ئاکرێ لە تەمووز و نۆڤەمبەردا. ئەوە ویست و خواستی دەسەڵاتدارانی بەریتانی بوو بۆ گێڕانەوەی ئاوارە ئاشوورییەکان بۆ زێد و شوێنی خۆیان لە چیاکانی تەیاری. هەڵبەت نزیکترین و گونجاوترین رێگە بۆ ئەوە لە ئامێدییەوە بوو، بۆ ئەم مەبەستەش کارگێڕیی بەریتانی بەم ئاڕاستەیە فراوانکرا. لە مانگی کانوونی دووەمدا مەفرەزەیەکی هێزەکان لە دووریی چوار میل لە ئامێدییەوە جێگەی گرت و دوای ئەوە لە مارتدا یاریدەدەرێکی ئەفسەری سیاسی لەوێ دانرا. مامەڵەی کوردەکان بە لیبراڵییەتێکی زۆرەوە دەکرا سەبارەت بە پەرەپێدان و قەرزی کشتوکاڵی و جیاوازی نەدەکرا لە نێوان ئەوان و مەسیحییەکاندا. بەڵام یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی خودی خۆی خستە پێگەی چەسپاندنی یاسا و رێسا و بنەماکانی کارگێڕییەوە و ئەمەش بێ ئەملاوئەولا خستیە ململانێ و ناکۆکییەوە لەگەڵ سەرۆک و دەمڕاستە کوردەکاندا، کە تەماشایان کرد وا سەربەخۆییان کەوتووەتە بەر هەڕەشە و بەخراپی بەکاردێت. شارۆچکەی ئامێدی گرفتاری رقەبەرایەتی و دوژمنایەتیی دوو هاونیشتمانیی دەسەڵاتداری شارەکە   بووبووەوە و هیچکام لە دانیشتووان و هۆزەکانی دەوروبەریش دەسەڵاتیان نەبوو. بەڕیوەبەرێتیی بەریتانییەکان جێی ناڕەزایی نەبوو لەبەرئەوەی چالاکییەکانی سنووردار بوو لە دابەشکردنی   قەرز و یارمەتی بۆ جووتیارەکان کە بێ ئەوە گوندە وێران و رووخاوەکان نەیاندەتوانی کاروباری کشتوکاڵی ئەنجامبدەن، بەڵام کاتێ ئاڕاستەی کۆکردنەوەی باج و توندوتۆڵیی نایاسایی و ملهوڕیی ئاغا و سەیدەکان هاتە ئاراوە مەسەلەکە جێی رەزامەندیی ئیدارە نەبوو. کاتی خۆی تورکەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر مامەڵەیان لەگەڵ پابەندیی رەسمیی خۆیاندا دەکرد، هەرچەندە هێزێکی لەوەی ئێمە گەورەتر پشتیوانی لێدەکردن. سەرباری ئەوەش، لای هەمووان ئاشکرابوو کە ئێمە بیرمان لە گێڕانەوەی ئاشوورییەکان کردبووەوە بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان و مەسیحییەکانی ئامێدیش درێغییان نەکردبوو لە سەرنجڕاکێشانی موسڵمانەکان بۆ ئەو راستییەی کەوا لەمەودوا گرێی بەختیان کراوەتەوە و رۆژ رۆژی ئەوانە. بێگومان کاریگەریی دەرەکیش ئامادەبوو بۆ زیادەڕۆیی کردن لە باسوخواسی ئەم مەسەلەیە.

بەڵام گێڕانەوەی هەزاران خێزان بۆ ناوچە شاخاوییە سەختەکانی دەرەوەی دەسەڵاتمان کارێک نەبوو هێند بە سووک و ئاسان وەریبگرین و بە هاتنی بەهار روونبووەوە کە دەبێت گێڕانەوەی ئاوارەکان دوابخرێت. لەبەرئەوە هیچ سوودێکی نەبوو کە هێزەکان دوور لە بنکە و سەربازگەی خۆیان بمێننەوە، بەتایبەتی کە هێڵەکانی پەیوەندی کردن زەحمەت بوون و لە حوزێراندا پاشەکشەیان پێکرا بۆ دەربەندی سوارە، لە دووریی هەژدە میل لە رۆژئاوای ئامێدییەوە (رەنگە مەبەستی سوارەتووکە بێت – و).

ئەمەش کاپتن ویلیی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی بەتەنها هێشتەوە لە شارۆچکەکەدا، لەگەڵ مولازم ماکدۆناڵد و سێرجنت (عەریف) ترووپ کە بەرپرسی هێزەکانی لێڤیی کورد بوو و دوو کەسی هندیی نووسەری تەلگراف – بەو باوەڕەی کە ئەم پیاوە ئینگلیزە وایبۆدەچوو کە دەسەڵاتە شەخسییەکەی لەخۆیدا پارێزگارییەکی تەواوە و ئەمەشی زیاتر بە ڕاست دەزانی وەک لەوەی هەڵە بێت. خەڵکە تووڕە و ناڕازییەکەش ئەم دۆخەیان بە دەرفەت زانی و لە شەوی ١٥ی تەمووزدا سەرۆک دەستە و تاقمەکانی شارۆچکەکە بە هەماهەنگیی ژێربەژێر و بێدەنگیی عەشیرەتەکان کەوتنە پاکۆدانی جەندرمە ناوخۆییەکان و کوشتنی هەموو گرووپەکە. هیچ گومانێک نەبوو لە ناشەعبییەتی شەخسی کاپتن ویلی، کە ئەفسەرێکی ئەزمووندار بوو، بەمدواییە لە ئامێدی دانرابوو، مولازم ماکدۆناڵدیش کەسێکی دڵگەرم و کارا و زۆر خۆشەویست بوو. ورووژانەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بوو دژ بە دەسەڵاتی بەریتانی و بە دیاریکراویش خەسڵەتێکی دژە کریستیانەکانی هەبوو. گوندە کریستیانەکانی ناوچەی ئامێدی بە شێوەیەکی سیستماتیک پەلاماردران و هەرچەندە زیانی گیانی کەم بوو، بەڵام بەروبوومی کشتوکاڵی و مەڕوماڵات وێرانکرا و دەستی دزی و تاڵانییان پێگەیشت. بەڵام هەردوو هۆزی گۆیان، کە لە مانگی نیساندا بەرپرسیار بوون لە کوشتنی کاپتن پیرسن و گولی لە باکووری ئەوانەوە، بەشداریی ئاژاوە و هەڵچوونەکەیان کرد بە هاوکاری لەگەڵ هۆزی بەرواری لە ناو ئامێدیدا. کاتێ کە رەتڵەکانی هێزی سزادان لە شارۆچکەکە نزیکبووەوە، پیاوکوژان هەڵاتن بۆ ناوچەی هۆزی گۆیان. ئێمە لە ٨ی ئابدا چووینە ناو ئامێدییەوە و هەندێ لە تاوانبارانی لاوەکیمان دەسگیر کرد پاش مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردەکانی یاخیبووان لە گوندەکانی بەرواریی خواروودا و هێزەکانمان خێڵەکانی بەرواریی باڵای لە چیاکانی باکووری شارۆچکەکە راوەدوونا و پاشان بایاندایەوە سەر گۆیان و گولی. دوو بەتالیۆنی ئاشووری، کە لە باقووبە مەشقیان کردبوو، نێردرانە هانای هێزەکانەوە و رۆڵێکی ئازایەتیی چاکیان بینی. لە سێپتەمبەردا ئۆپەراسیۆنەکان هاتنە کۆتایی و هەرچەندە پیاوانی خێڵەکان کەیفیان بە شەڕوشۆڕی گەریلایی و پارتیزانی دەهات کە بەدرێژایی ژیانیان لە شاخەکاندا پێیڕاهاتبوون و چاو و راویان لەگەڵ هێزەکانی ئێمەدا دەکرد (وەک چۆن پێش ئێمەش لە گەڵ تورکەکاندا کردبوویان)، بەڵام ئێمە توانیمان ترسێکی گشتگیر بخەینە دڵیانەوە و قەناعەتیان پێبێنین کە ئاژاوە و هەڵچوونەکەیان هەڵە بوو و ئەوان تاڕادەیک لە ناوچە و خاکی خۆشیاندا بە شێوەیەکی گونجاو بەر زەبری لێدانی ئێمە کەوتن. لە مانگی ئۆکتۆبەردا هەموو شوێنەکان، هەندێکی کەمی لێبەدەر و گوناهبارە سەرەکییەکان ملکەچیی خۆیان راگەیاند و بە لێبووردەیی مامەڵەیان لەگەڵ کرا و وادانرا کە ئەو سزایەی لەسەردەستی هێزەکانمان چەشتیان بەسیان بێت. پاشان خەڵکانی خۆمان لە ئامێدی و بەرواری دانا و هۆکاری پێویستمان خستە بەردەستیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان. لە مانگی دیسەمبەریشدا هێزەکان کشانەوە بۆ دهۆک، کە دەکەوێتە نیوەی رێگای نێوان ئامێدی و مووسڵ و لەو دەمەوە کە کشاوینەتەوە ناوچەکە ئارامە.

ساڵەکە تەواو نەبوو بێئەوەی زیانی گیانیی قورسمان لێنەکەوێت و خەڵکانێکی بەنرخ لەدەست نەدەین کە بەهۆیانەوە خزمەتی سیاسیی ناتەواویی تێکەوتبوو. پاش ماوەیەکی کەم لە ئاگربەس، یاریدەدەرێکی ئەفسەری سیاسی نێردرا بۆ ئاکرێ، کە دەکەوتە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵەوە و نزیک بە رۆخی دەشتەکەی و لە نیوەی رێی نێوان ئامێدی و رەواندز. ئەو شاخانەی کە ئاکرێ لە زێی گەورە جیادەکاتەوە زێد و مەڵبەندی کوردە زێبارییەکانە و بەڵام لەوبەری زێوە ناوچەی شێخی بارزانە. لە سەردەم و رۆژگاری تورکدا بارزان مێژوویەکی پڕ لە هەرا و هەڵچوونی هەبووە و شێخ عەبدولسەلام کێشە و گرفتی زۆری تووشبووە لەسەردەستی حکوومەتی عوسمانی. لە ساڵی ١٩٠٩دا تورکەکان هێزێکیان کردەسەری و سەرکەوتنێکی زۆر مامناوەندیی بەدەستهێنا. نازم پاشا، کە لە ساڵی ١٩١٠دا کرا بە بەرپرسی باڵای هەرسێ ویلایەتی بەسرە و بەغدا و مووسڵ، بە ئاشتی چارەسەری کێشەکانی کرد، بەڵام لە ساڵی ١٩١١دا کاتێ کە نازم کەوت و لادرا، تەواوی ئەو چارەسەریانەی کە توانیبووی پێکیانبێنێت هەموو هەرەسیانهێنا و کاتێ کە شەر دەستیپێکردەوە شێخی بارزان بیری لەوە کردەوە کە بە ناچاری بەرگریی لەخۆ بکات و ئەو دەسپێشخەریانەی رووس کە بەردەوام دەیانخستە بەردەمی قبووڵ بکات و داوای پارێزگاریی لەوان کرد. دوژمنایەتییەکی سەخت و تاڵ هەبوو لە نێوان بارزان و زێباردا و تورکەکانیش، بە پەیڕەویکردنی ئەو شێواز و کردەوانەی پێی ناسرابوون و نامۆ نەبوو، فارس ئاغای زێبارییان بەکارهێنا و بە هاوکاری و یارمەتیی ئەو شێخی بارزانیان خستە داوەوە و گرتیان و لەسێدارەیان دا. پاشان شێخ ئەحمەد بوو بە میراتگری و دوژمنایەتییەکانیشی بەمیرات بۆ مایەوە بەڵام نەک زیرەکی و وریاییەکەی شێخ عەبدولسەلام. کاتێکیش کارگێڕیی بەریتانی لە ناوچەکەدا دامەزرا، ئەم زۆر ناڕازی و تووڕە بوو لەوەی کە ناوچەکەی بخرێتە بندەستی ئاکرێ، چونکە وای لەقەڵەمدەدا   رەنگ و بۆ و کاریگەریی زێباری وەرگرتبێت و لە سەروەختێکدا بەپەرۆش بوو کە بیگوێزێتەوە بۆ کەرتی رەواندز، بەڵام ئێمە پرۆژەکەی ئەومان پەسەند نەکرد و بەدڵمان نەبوو. بەهەرحاڵ، رێگە بە فارس ئاغا نەدرا لە زێ بپەڕێتەوە بۆ خاک و ناوچەی بارزان. هەر هەوڵ و کۆششێکیش بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەلایەن هەردوولاوە رەتدەکرایەوە و بوارێکی باش و لەباری بۆ پرۆپاگەندەی تورک رەخساندبوو، کە زیرەکانە لەلایەن حەیدەر بەگی فەرمانداری پێشووی وانەوە بەڕێوەدەبرا. لە سەرەتای زستانەوە قسە و باسێکی زۆر دەکرا لەبارەی گەیشتنی ئەنوەر پاشاوە بۆ وان بە هێزیکەوە کە پێکهاتبوو لە تورک و هەڵاتووەکانی رووسیاوە و لە نامە و نامەکاریی چالاکیشدایە لەگەڵ سیتۆ ئاغای ئۆرامار لە باکووری ئامێدی و هەروەها بەروارییەکان و خەڵکانی تری     پەست و ناڕازی. پێدەچێت لە رێگەی ناوبژیی تورکەوە دوژمنایەتی و ناکۆکیی نێوان فارس ئاغای زێباری و شێخ ئەحمەدی بارزان بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر کرابێت. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک بریکار و مورید لە سووریاوە کەوتبوونەکار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو مەزهەب و رێبازانەی سەرنجی ئاغاکانیان رادەکێشا و بەبایەخەوە گوێیان لێدەگیرا، چونکە باسیان لە ئەگەری کۆنترۆڵێکی ئیسلامیی دوور و ناکاریگەر دەکرد کەوا بەگوێرەی ئەوە دەسەڵاتی راستەقینە لای ئاغا دەبێت، بەڵام جووتیارە خێڵەکییەکان، کە رەنگە ناچار بکرێن لەژێر دەسەڵاتی ناتەواوی سەرۆکەکانیاندا بمێننەوە، پێناچێت مەسەلەکە بە هەمان چاو تەماشا بکەن.

کۆڵۆنێڵ بیڵ وەک ئەفسەری سیاسی لە مووسڵ، جێگەی کۆڵۆنێڵ لیچمەنی گرتەوە و بیڵ کە ئەزموونی دوورودرێژ و توانای تاکەکەسیی وەک ئیدارییەک کۆکردبووەوە. بەو هۆیەوە کە ئەو تازەیە لە کەرتەکەدا (واتە ویلایەتی مووسڵ – و)، دەیویست خۆی بە شەخسی بچێتە وردەکاریی هەموو شتیکەوە، بە مەبەستێکی تایبەت و بۆ گەڵاڵەکردنی ئەنجامگیرییەک لەبارەی مەسەلەی کوردەوە. لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا سەردانی ئاکرێی کرد و سزای پێبژاردنی بەسەر فارس ئاغا و سەرۆکێکی تری زێباریدا سەپاند کە بابەکر ئاغا بوو، چونکە دەستە و تاقمی هەردوکیان جەندرمەکانی ئێمەیان کردبووە ئامانجی تەقە لێکردنیان. لە ١ی نۆڤەمبەردا لە زێ پەڕینەوە بۆ پشکنینی لێڤییەکانی یەکێک لە سەرۆکەکانی ناوچەکە. هەردوو پیاوە زێبارییەکەی کەوا هێجگار پەست و تووڕە بوون لەوەی کە هێنرابوونە ژێر باری یاسا و نیزام و سزای پارە بژاردن، پەیوەندییان کردبوو بە شێخ ئەحمەدی بارزانەوە و ئەمیش براکەی لەگەڵ نزیکەی بیست پیاودا ناردبوو بۆ یارمەتیدانیان. ئەوانە لەگەڵ فارس و بابەکر و پیاوەکانیاندا، کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی سەد کەسێک، لە نزیکی پیرە کەپرەی گوندەکەی بابەکرەوە بۆسەیەکیان بۆ ئەفسەرە بەریتانییە گەڕاوەکان دانابوو و تەقەیان لێکردبوون. ئەوان چوار جەندرمە بۆ پاسەوانی یاوەریی کردوون و دوانیان کوژراوە، کە یەکێکیان ئاشووری بووە و ئەویتریان خەڵکی ئاکرێ بووە و هەوڵیداوە بەرگری لە ئەفسەرەکانی بکات، دوانەکەی تر زێباری بوون و چوونەتە پاڵ دوژمن. هەموو بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کوشتنی دوو ئەفسەرە بەریتانییەکە پێشتر پلانی بۆ دانەنرابوو، بەڵکو بەهۆی هەڵچوون و تووڕەییەکی کوتوپڕەوە بووە کە شێوازێکی نموونەیی سروشتی کورد بوو، بەڵام هەر کە ئەوە روویداوە دەسبەجێ ئیشارەتی یاخیبوون و دەستکردنەوە دراوە. هەر لەو گەرماوگەرمەدا زێباری و بارزانییەکان هێرشیان کردووە و ئاکرێیان    تاڵانکردووە و ئەفسەری جەندرمەی بەریتانی هەڵاتووە و بە زەحمەت گەیشتووەتە مووسڵ. لە ماوەی رۆژێک دوواندا خێڵەکان لەناو خۆیاندا بوو بەشەڕیان لەسەر دەسکەوت و تاڵانی و بارزانییەکان گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان. پاشان زۆرێک لە تیرە و هۆزەکانی ئەو ناوە ناڕەزایی دۆستانەیان پێگەیاندین و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریمان. کاتێکیش کە لە ٩ی نۆڤەمەردا، کاپتن کیرکی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لە باتاس (کەرتی رەواندز)، گەیشتە ئاکرێ بە یاوەریی تەنها لێڤییەکانی کورد، تەماشای کرد کەوا خەڵکی شارەکە دەست بەدۆعاوەن بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی بەریتانی. کاتێکیش کە رەتڵێکی هێزەکانمان بۆ سزادان گەیشتە دۆڵی زێ، زۆربەی گوندەکان ئاڵای سپییان بەرزکردبووەوە و وادیاربوو کە ترسێکی راستەقینەیان هەیە لە رق و تووڕەیی ئاغاکانیان و پێشوازیی لە ئێمە دەکەن بۆ ئەوەی لەوان بیانپارێزین.

هێزەکانمان ماڵی سەرۆکەکانی زێباریان سووتاند و لەوبەری زێوە هەمان سزایان بەسەر بارزاندا سەپاند، بەڵام لێرەش چەشنی ئەو رەفتار و کردەوانەی لە هێرشەکەی ئامێدیدا پەیڕەوی کرا گوندنشینەکان بێزار نەکران. یاخیبووەکان نەیاندەتوانی تیرە و هۆزەکانی ناوچەکە لەدژی ئێمە هەڵبنێن و بیانورووژێنن، هۆکاری ئەوەش بەزۆری بۆ دڵسۆزمان عەبدولقادری شووش دەگەڕێتەوە، ئەو پیاوە سەرکردەیەی لە نزیکی ئاکرێوەیە. هیچ بەرگرییەکی پێشڕەویی هێزەکانمان نەکرا و هەر چوار تاوانبارەکە، فارس و بابەکری زێبار و شێخ ئەحمەدی بارزان و براکەی هەڵاتن بۆ چیاکان و لەیاسا دەرچوون و قاچاخ بوونەوە. ئاژاوەی هاوسۆزی لە ئامێدی رووینەدا و سەید تەهای شەمدینان رەتیکردەوە گوێ لە پێشنیازی قایمقامی نەهری بگرێت، کە تورکەکان سەربازگەیەکی بچووکیان تێدا دانابوو، کەوا ئەو و سیتۆی ئۆرامار لەبریی زێبارییەکان    هاوکاری و هەماهەنگیی بکەن. ئەم هەڵوێستەی سەید تەها قایمقامی نیگەران کرد و لەبەر سەلامەتیی خۆی نەهریی بەجێهێشتت و بەرەو باکوور رۆیشت و لە باشقەڵا دانیشت و خۆی کەنارگیر کرد. ئەوجا پاش ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکان تەواوبوون بڕیاردرا سنوورمان تا ئاکرێ بێت و هیچ هەوڵێکی تر نەدەین ناوچەی زێباری نێوان ئاکرێ و زێ بخەینەوە ژێر دەسەڵاتی خۆمان.

بەم پێیە و تا کۆتایی ساڵ ئێمە وازمان هێنا لە ئیدارەدانی سنوورە شاخاوییەکانی لای باکووری کوردستان کە تا ئەم کاتە ئەم ئەرکەیمان لەئەستۆگرتبوو. لە رەواندزەوە پێگە و بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لابران تا مەودای ١٨ میل لە باشووری رۆژئاوای باتاسەوە و لەوێوە هێڵەکە تا ئاکرێ و دهۆک رۆیشت، بەدەر لە زنجیرە شاخەکانی لای راستی زێی گەورە و   ئامێدی و زێبار کەوتنە دەرەوەی زۆن و ناوچەی ئێمەوە. بۆ یەکەمجار هاتنمان بۆ ناوچەکە لە هەموو حاڵەتێکدا مایەی خۆشحاڵیی خەڵکەکەی بوو چونکە کەرەستە و ئامرازی بەگژداچوونەوەی ئەو وێرانە و برسێتی و گرانییەمان پێدان کە تورک لەدوای خۆی بەجێیهێشتبوو. ئێمە بە بێلایەنییەکی تەواو لە نێوان موسڵمان و کریستیانەکاندا کەرەستە و بابەتی فریاگوزاریمان دابەش دەکرد و رەنگە ئەو هاوکاری و یارمەتییەی پێشکەشمان کرد بووبێتە هۆی رزگارکردنی ئەوانەی کە مابوونەوە لە دانیشتووانی جووتیار و کشتیار. بەڵام نیاز و مەبەستی خۆمان نەشاردەوە لە گێڕانەوەی ئاوارە کریستیانەکان کە داوای پارێزگاریی ئێمەیان دەکرد و بەردەوام فشاری ئەوەیان دەکرد لەسەر خواست و ئارەزوویان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێد و مەڵبەندی خۆیان و تەنها ئەمەش بووبووە بابەتی ئەو پرۆپاگەندە کە لەدژمان خرابووەگەڕ. لەبەرئەوە خۆلادانی ئێمە لە هاندان و ورووژاندنی دژایەتیی ئاغاوات چووبووە خانەی مەحاڵی پلە یەکەوە. کۆڵۆنێڵ ناڵدەر لە بواری سەرنجدانیدا بۆ هەڵچوون و یاخیبوونی زێباری وایبۆدەچێت کە "پایە و مەقامی ئاغای ئاسایی کورد یەکناگرێتەوە لەگەڵ حکوومەتی ئێمە یان هەر حکوومەتێکی تردا و وەک ئەو بارۆنە فیوداڵەی سەدەکانی ناوەڕاست وایە کەوا کۆمەڵێک خزمەتکار و پاسەوانی چەکداری راگرتووە بۆ ئەوەی لە سەر خواستی ئەم ستەم لە جووتیارەکانی بکەن و بیانچەوسێننەوە". ئەو زەویوزارەی کە مڵکی فارس ئاغا و براکەیەتی "زەمانەتی ئەو داهاتی ساڵانەی هەزار روپێیان بۆ ناکات"، لەبەرئەوە ماڵ و سامانی تەواوی ئەمان پشت بە رووتاندنەوەی جووتیارانی گوندەکان   دەبەستێت و دەسەڵات و کاریگەرییان لەو راستییەوە دێت کە ئەمان سامان و دەسکەوتیان لەو باندە چەکدارانەدا خەرج دەکەن کە هێز و دەسەڵاتیان دەچەسپێنن. لەبەرئەوە ئەم جۆرە کەسانە ناتوانن بڕواننە هیچ شێوەیەک لە شێوەکانی حکوومەتی جێگیر و چەسپاو بەدەر لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ. کاتێکیش ئەم تێڕوانین و حوکمی پێشوەختە تێکەڵ بە هەستی دژ بە کریستیانەکان و پرۆپاگەندەی بەربڵاوی تورکی دەبێت، ئەوکاتە ئەم هەست و هۆشەی حاڵی حازر لە سەر سنووری باکووری کوردستان هەیە "بەتەواوی" راڤە دەکرێت. 

دادپەروەری لەم باسەدا بەڵگەیەکی ئیزافیی تری حاڵەتی ئێستای باشووری کوردستان وەردەگرێت. یاخیبوونەکەی شێخ مەحموود سەریکێشایەوە بۆ لەناوچوونی دەسەڵاتێک کەوا رێکوڕەوان لەگەڵ کورتە بۆچوونەکەی کۆڵۆنێڵ ناڵدەردا یەکدەگرێتەوە. لێرە دانیشتووانی ناوچەی سلێمانی هیچ ئاماژە و بەڵگەیەکی داخ و پەشیمانییان بۆ ئەو دەسەڵاتە لەناوچووە پێوە دیارنەبوو، چونکە ناوچەکە تاڕادەیەک جێگیر و لەسەر رێڕەوی بووژانەوە و گەشەکردن بوو، بەڵام لە باکووری کوردستاندا، کە ئاغاکان لە ئیدارەیاندا، ئاژاوە و بێسەروبەری بەجارێ تەشەنەی سەند و باڵی کێشا بەسەر ناوچەکەدا. بێجگە لە سلێمانی، دەشتی هەولێریش خاسییەتێکی تری مایەی رەزامەندی دەخاتەڕوو، چونکە ناوچەکە، کەوا بەئاسانی لە مووسڵەوە پێیدەگەیت، لە ژێر     بەزەیی و دەسەڵاتی ئەو سەرۆک هۆزانەدا نیە کە پەنا ببەنە بەر قایمکاریی سەختی شاخەکان و لەوێوە بە سەلامەتی و کامی دڵی خۆیان ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدەن. لێرە خەڵک یەکگرتنی کارگێڕی لەگەڵ حەوزی دیجلەدا بەرز دەنرخێنن کەوا زیاتر شارستانیترە و خواستی کۆتاییهێنانی پەیوەندییان نیە لەگەڵ مووسڵ و بەغدادا کە لەهەمان کاتدا سوودبەخشە بۆ هەردوولا. هەولێر، بە کۆیسنجەق و رانیەشەوە، سیفەتی کەرتێکی پێدراوە. (کەرت یان بەش Division بریتی بوو لە دابەشکردنی ئیداریی حوکمی راستەوخۆی بەریتانیا بۆ عێراق، لە سەرەتای داگیرکردنیەوە لە ساڵی ١٩١٧ تا دیاریکردنی شا فەیسەڵ و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١دا – وەرگێڕ).

کاروبار لە ئامێدیدا هێشتا هەر ئارامە و عەبدوللەتیف ئاغای نوێنەر و بەربژێرمان توانیوێتی پێگەی خۆی بپارێزێت. لە رەواندز ئیسماعیل بەگی گەنج کوڕی سعوود بەگ بە پشتگیریی ئێمە و فەوجێکی لێڤییە کوردەکانمان کاروبار بەباشی راییدەکات و رێکخستنی بارودۆخ و یاسا و ڕێسا بەشێوەیەکی بەرچاو جێی رەزامەندییە.

 

ئاوێنە

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved