بەڵگەنامەیەک لەسەر بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیی بەریتانیا

 بۆ بۆردمان کردنی کوردستان لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی رابوردوودا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

 

 

سەرچاوەی کەتەلۆگی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانی لە عێراق: AIR 19 / 109 (لەسەرەوە  بەدەست نووسراوە) و رەوانە نەکراوە. خاوەندارێتیی ئەم بەڵگەنامەیە هی خاوەن شکۆ حکوومەتی بەریتانییە و بۆ ئەنجومەنی وەزیران چاپکراوە.

                                                    ئۆکتۆبەری ١٩٢٢، نهێنی، سی. پی.

 

 

پەرسەندنی کۆنترۆڵی هێزی ئاسمانی لە عێراقدا

 

 

یاداشتێک لەلایەن وەزیری دەوڵەت بۆ هێزی ئاسمانی

بۆ ئاگادریی هاوکارانم، هاوپێچ یاداشتیکە لە سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانییەوە سەبارەت بەو پێشڤەچوونەی ئەنجامدراوە لە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی لە عێراقدا. ئەو سەرکەوتنانەی کە لەم چەند هەفتە کەمەی رابوردوودا لە کوردستان بەدیهاتوون، بەپێی دوا هەواڵ و زانیارییەکانی کە لەلایەن کۆمیسیاری باڵای عێراقەوە گەیشتوون، بەڵگەیەکی بەرچاوی بەدەستەوەداوە لەبارەی تواناکانی هێزی ئاسمانییەوە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات لەژێر سەرکردایەتیی ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانیدا. من قەناعەتم هەیە کەوا لە رێگەی بەکارهێنانی بەرفراوانی هێزی ئاسمانییەوە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی بەریتانیایە لە رۆژهەڵاتدا و پارێزگارییە لە شان و شکۆی ئیمپراتۆریمان بە کەمترین زیانی گیانی و خەرجی دارایی. حاڵی حازر، کاتێ کە بوارە سیاسی و داراییەکان وا دەخوازێت کە پابەندییەکانی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتدا بخرێنە بەر پێداچوونەوەیەکی ورد و ئەم پرسە گرنگییەکی تایبەتی دەبێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لەسەروەستانێکی تەواو ورد و قووڵ هەیە لەلایەن حکوومەتی خاوەن شکۆوە.

وەزارەتی هێزی ئاسمانی، ئۆکتۆبەری ١٩٢٢. وەزیری دەوڵەت بۆ هێزی ئاسمانی.

_________________________

سەرچاوەی کەتەلۆگ:

پێویستیی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی لە عێراقدا: یاداشتێک لە سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانییەوە.

 

 

 

لەکاتێکدا کەوا بڕیاری گرنگ و بایەخدار دەدرێت لە مەسەلەکانی سیاسەتی سەربازیدا، دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی ئارەزووی تۆمارکردنی بەدەستهێنانی سەرکەوتن دەکات لە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی لە عێراقدا لە کورتترین ماوەدا. لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠دا بۆ حکوومەت روونبووەوە کەوا داگیرکردنی سەربازیی عێراق زیاد لە توانا و وزەی وڵات زیانی گیانی و دارایی تێدەچێت و بەو هۆیەوە پێویست بوو شێوەیەکی هەرزانتری کۆنترۆڵکردنی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە یان چۆڵی بکەین. لە هەل و مەرجێکی ئاوهادا، وەزیری دەوڵەت بۆ هێزی ئاسمانی (مستەر چەرچڵ) رایسپارد کە ئەگەری زیاترکردنی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی تاقیبکرێتەوە. لەم رووەشەوە لە مارتی ١٩٢٠دا پێشنیازگەلێکی دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی بەرزکرایەوە بۆ کۆمیتەی بەرگریی ئیمپراتۆری بۆ پشتبەستن بە هێزی ئاسمانی وەک هێزێکی لێدان و تێسرەواندنی سەرەکی و سنووردانان بۆ ئۆپەراسیۆنی چالاکی هێزەکانی زەمینی. لە مارتی ١٩٢١دا و لە کۆنگرەیەکدا کە لە قاهیرە بەسترا، رێککەوتنێک ئەنجامدرا و لە ئابی ١٩٢١دا ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرۆژەیەک گیرسایەوە بۆ بەرجەستەکردنی نەخشە و پلانی کۆنترۆڵی هێزی ئاسمانی. بەپێی ئەم نەخشەیە بڕیاردرا وردە وردە هێزی زەمینی کەمبکرێتەوە و ژمارەی پۆلەکانی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی زیاد بکرێت بە شێوەیەک کە تا ئۆکتۆبەری ١٩٢٢ دەبێت فەرماندەی هێزی ئاسمانی فەرماندەیی تەواوی هێزەکانی سەربازیی زەمینی و ئاسمانیی بکات لە عێراقدا. مستەر چەرچڵ لە پەرلەماندا رایگەیاند کە بڕی ئەو پارە گێڕانەوەی لە ئەنجامی پشتبەستن بەم نەخشە و پلانە دێتەدی دەبێت ساڵانە بگاتە زیاد لە ١٠ ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی. ئەزموونی کرداریی لە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیی ئۆپەراسیۆنە چالاکەکان بەدەستهات لەبریی رەتڵەکانی هێزی زەمینی بەدرێژایی ساڵی ١٩٢١. لە ماوەی ئەم ساڵەدا هێزی سەربازیی نیزامیی لە ئۆپەراسیۆنی مەیدانیدا بەکارنەهات بەڵکو هێزی ئاسمانیی بەوپەڕی توانا و جێی رەزامەندیی بەکارهات لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیدا. کۆمیسیاری باڵا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کەوا ئەرکی خۆی لە گەلێ گرفت و قەیراندا بەجێهێناوە و لە حاڵەتی عێراقدا مایەی رەزامەندی بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٢وە چالاکیی تورک لە سنووری کوردستاندا زیادی کرد و سەرەڕای ئەوەی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان توانی تاڕادەیەکی باش ئەم چالاکییە بگەیەنێتە ئەنجام لە رێگەی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانییەوە، بەڵام هێشتا کەسانێک لە بارودۆخەکە ناڕازی بوون و وایان لە دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی گەیاندبوو کە بیر لەوە بکاتەوە گوایە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی بەتەواوی ئەو ئەنجامەی بەدەستنەهێناوە کە وایاندانابوو دەیتوانی بەدیبێنێت. بۆ نموونە، تورکەکان هێشتا هەر رەواندزیان داگیرکردبوو، هەروەها لە کانوونی دووەمی ١٩٢٢دا حاڵەتیک روویدا کە تێیدا هێزێکی لێڤی بە شێوەیەکی نەگونجاو بەر هێرش و پەلاماری خێڵەکان کەوتن ، دواجاریش، لە ئابی ١٩٢٢دا رەتڵێک لە هێزی نیزامیی لە ناوچەی رانیە جووڵەی پێکرا و ئەمەش سیاسەتێک بوو هەندێک گومان و دوودڵی باڵی بەسەرداکێشا.

لە رووداوەکەی ئەم دواییەدا بەتایبەتی، دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی وایداناوە کە سوودی تەواو لەو خێراییە وەرنەگیراوە کە دەبوو هێزی ئاسمانیی پێ بخرایەتەگەڕ (راپۆرتی بەرپرسی سیاسیی ناوخۆیی ئەم راوبۆچوونەی ئەوکاتەیانی سەلماندووە)، بەڵام درکیان بەو گرفت و ئاستەنگە کردووە کە دەبێت بەرەوڕووی سەرباز بێتەوە کاتێ کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشت بە چەکێکی نوێ دەبەستێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەکاریدێنێت و تاڕادەیەک بەتەواوی   لێینازانێت و پێی ئاشنا نیە. لە حاڵەتی بوونی فەرماندەیەکی سەربازیدا هەمیشە مەیلێکی سروشتیی دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەو هێزانەی کە بەردەستن. لەبەر ئەم هۆکارەش لە نەخشە و پلانی بنەڕەتیی کۆنترۆڵی عێراقدا هاتووە لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە کەوا دەبێت ئەفسەری سوپا ئەفسەرێکی سەر بە هێزی ئاسمانی بێت، کە بە هۆی مەشق و راهێنان و ئاڕاستەی بیر و بۆچوونیەوە تاڕادەیەک پشتی تەواو دەبەستێت بە هێزی ئاسمانی و پرۆژەی بەرگریش تەنها لەسەر ئەم ئەگەرە بنیاتنراوە. لەبەرئەوە هەمیشە لەو رایەدا بوون کەوا سپاردنی فەرماندەیی هێزەکانی عێراق لە ١ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا بە سێر جۆن سالمۆندی جێگری مارشاڵی هێزی ئاسمانی ئەوکاتە ئەوە هێزی ئاسمانی باشتر دەخرێتەگەڕ. ئەم راوبۆچوونە سەلماندن و جەختکردنەوەیەکی بەپەلە پاڵپشتیی لێکرد و لە تەلەگرامێکی (برووسکەیەکی) رۆژی ٢١ی ئۆکۆبەری ١٩٢٢دا کۆمیسیاری باڵای عێراق (مەندووبی سامی) نووسیوێتی:

"لە ئێستادا هێزەکانی تورک بە شێوەیەکی کردارەکی لە هەموو ئەو شوێنانە کشاونەتەوە کە پێشتر دزەیان بۆکردبوو (وەک باسدەکرێت رەواندزیش) و ئاماژە و بەڵگەکانیش ئەوە دەگەیەنن کە پاشەکشەی تەواو بەردەوامە. ئەمەش بۆ ئەو کاریگەرییە بەرچاوە دەگەڕیتەوە کەوا هێزی ئاسمانیی بەتوانا و بوێرمان لەم چەند هەفتە کەمەی رابوردوودا بە بەردەوامی ئەنجامیداوە. ئێمە بەوەدا دەزانین کە هیچ فەرمانێکی پاشەکشێ دەرنەکراوە (لەلایەن تورکەکانەوە _ و) چونکە فەرماندەی سەربازگەکەی رەواندز لە رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەردا لە قەڵادزێ کۆنفرانسێکی لەگەڵ سەرۆکەکانی پشدەردا بەستبوو و لە هەمان رۆژ و کاتدا قەلادزێ بۆردمان کرا و ئۆزدەمیر پاشەکشەی کرد. بێگومان تورکەکان تەنها بە هۆی ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانییەوە، بێ پاڵپشتیی هێزی زەمینی لە ناوچەکانی کۆیسنجەق و رانیە و قەڵادزێ  و بیرە کەپرە لە باکوور کشانەوە. گەڕانەوەی ئەفسەری سیاسی و پۆلیس بۆ کۆیسنجەق بێ هیچ بەرگرییەک بەتەواوی بە هۆکاری کردەوەی پێشتری هێزی ئاسمانییەوە بوو. ئەو دۆخە گشتییەش کە لە ئەنجامی دەسدرێژیی تورکەکانەوە هاتبووە ئاراوە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی بەرپاکردبوو ئێستا تاڕادەیەکی زۆر باش گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی. من جەخت لەوە دەکەمەوە کە لەپاش گۆڕانکاری لە فەرماندەییدا و لە ماوەیەکی کەمدا کە هێزی ئاسمانیمان بە شێوەیەکی خێرا و چالاکانە کاری خۆی ئەنجامدا و سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد وایدەبینم کە زۆر گرنگە بوار بە تورکەکان نەدرێت داوای هیچ مەرجێک بکەن لەبەرانبەر پاشەکشێیەکدا کە بەسەریاندا سەپێنراوە و ناچارکراون".

مەسەلەی مانەوە لە پێگە و شوێنەکانی ئێستاماندا لە عێراق یان بە شیوەیەکی بچڕبچڕ کشانەوە لێیان کارێکی سیاسەت و بڕیاری حکوومەتە، بەڵام ئەوە ئەرکی دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانییە کە سەرنج رابکێشێت بە ئاقاری لایەنە سەربازییەکانی بارودۆخەکەدا. لە دید و بۆچوونی ئەوانەوە ئەم بەڵگەیەی دوایی بۆ کاریگەریی هێزی ئاسمانی راستییەک دەسەلمێنێت کە مانەوەیان لە بەغدا هاوڕێ نابێت لەگەڵ مەترسیی سەربازیی جیددیدا، چونکە ئەگەر هێزی ئاسمانی توانیبێتی ئەم دەسکەوت و ئەنجامە گەورانە بەدیبێنێت لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا و دوور لە بنکەکانی خۆیەوە، ئەوە پێویست بە گومان و دوودڵی ناکات لە توانا و دەسەڵاتی بۆ تێکشکاندنی هەر  هێرش و پەلامارێک بۆ سەر بەغدا، ئەگەر پەلامار و دەسدرێژییەکی دەرەکیی رێکخراو لەسەر ئاستێکی بەربڵاو ئەنجام نەدرێت. ئەو پێشەوەچوونەی هاتووەتە ئاراوە بە ئاڕاستەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیادا مەترسییەکی زۆر کەمی لێدەکریت یان هەر هیچ مەترسییەکیشی نیە بۆ پاشەڕۆژ. بە هێشتنەوە و توندگرتنی بەغدا و بەسرە دەتوانین هەر بەڵێنێک بەجێبێنین کە خۆمانی پێوە پابەند دەکەین لە مەسەلەی پشتگیری کردنی حکوومەتی عێراقدا و دەکرێت ئیدارەدانی ناوچە دوورەدەستەکان بەردەوام بێت، بەخێرایی یان بە سستی، بەگوێرەی بارودۆخ (وەک لە بنەڕەتدا لە نەخشە و پلانی هێزی ئاسمانیدا باسکراوە). لە هەمان کاتیشدا، لە بەغدا و بەسرە کۆنترۆڵی دوو خاڵ دەکەین لە زنجیرەی پەیوەندییەکانی ئیمپراتۆرییەتدا. هێزی ئاسمانی بوارێکی گرنگ و جێی بایەخی ئیمپراتۆرێتە و لە عێراقیش، لە ژێر رکێف و فەرماندەیی ئەفسەریکی فڕۆکەوانیدا بێت، ئەوە گەلێ بەڵگەی تر کەڵەکە دەبن لەسەر توانای گەورە و کاریگەری. خۆنواندن و خۆسەلماندنی بەردەوامی، تا ئەو ئاستەی کەوا کاریگەریی جێی مشتومڕ نیە، رەنگە ئەنجامی دوورمەودای لێبکەویتەوە و لەوانەیە سەربکێشێتەوە بۆ دەستگرتنەوەی زیاتر و زیاتر بە خەرج و تێچوونی بەرگرییەوە، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە ناوچەکانی تری رۆژهەڵاتیشدا کەوا پێویستە لەسەر هێزە چەکدارەکان سیاسەتی بەریتانیا کارا و کاریگەر بکات و پشتگیریی لە شکۆی بەریتانیا بکات.

 

دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی،

                                                    ئۆکتۆبەری ١٩٢٢

                                                    ئێج. ترێنچارد

سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی

  H. TRENCHARD, Chief of the Air Staff.

 

ئاوێنە

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved