کورد لەنامەکانی میس بێڵ-دا

 

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق - لەئینگلیزییەوە کردویەتی بەکوردی

 

بەشی یەکەم/ نامەکانی ساڵانی 1917 تا کۆتایی 1921

1

 13ی كانوونى یەكەمى 1917

 

باوك و دایكی ئازیزم، تا ئێستا پۆستەم دەست نەكەوتووە و تاقە سەرچاوەی هەواڵی دنیای دەرەوەم لە ئاژانسە خراپەكەی ڕۆیتەرەوەیە. مۆڵخواردنی ئەڵمان لە بەرەی ڕۆژئاوادا جێی مەترسییە و نازانین ئەنجامی چۆن دەبێت. ئەمریكییەكان هێز و چەكێكی زۆر دێنن و تۆ بڵێی لە گشت دەریاكان بپەڕنەوە؟ ئەگەر وا بێت پاڵپشتێكی باش دەبن. لێرە جەنگ لە كۆتاییدایە بەڵام بەڕێوەبەرێتی هەر لە جێی خۆیدایە و ئێمە دۆڵی فوراتمان تا باشووری ڕۆژئاوا گرتووە و چووینەتە ئەو ناوچانەوە كە نەخشەیان بۆ نەكراوە و شتێكی ئەوتۆش لە بارەى هۆزەكانی ئەو ناوە نازانین. من لە كۆتایی مانگدا بۆ ئەو ناوچانە شۆڕ دەبمەوە. حاڵی حازر من تاوتوێی جوگرافیای حەوزی فورات دەكەم و بە پێی توانا سكێچی بۆ دەكەم، ئەمەش لەو جۆرە كارانەیە كە تا ڕادەیەك مەحاڵە لە ئۆفیسدا ئەنجام بدرێت چونكە هەموو دەم كارت پێدەبڕدرێت و بە گشتی من كتێب و نەخشەكان دەبەمە ماڵەوە و دوای نانخواردنی نیوەڕۆ كاریان لە سەر دەكەم. ڕۆژ بە فڕین دەفڕێت و هەفتەش بە پەلە دەڕوات و زۆر قورسە بیر لەوە بكەیتەوە كە ئێمە ئێستا لە نزیكەی نیوەی زستانداین. تا ئێستا ئەو بارانەی حەزی لێدەكەین نەباریوە بەڵام ئەوە هەفتەیە سەرماكەی بەدڵمانە و حەوزی ئاوی باخچەكەم ئەو دوو بەیانییە دەیبەستێ و ئەمە زۆر خۆش و جێی سەرسوڕمانە. دوێنێ بەرەبەیان چووم بۆ دەرودەشت و زۆر كەیفم بە تەزینی بەر ئەو هەوا ساردە دەهات و لە پاش سەعاتێك ئەسپ سواری دەست و قاچم سڕ بووبوو. دوای نیوەڕۆیەك چووم بۆ شوێنی پێشبڕكێی ئەسپ لە دەرەوەی شار، كەوا كاپتن لۆپتن سەرپەرشتی دەكرد. بە ڕاستى شوێنێكی خۆش بوو و لەو ناوەدا ئەسپ لە تەویلەی گەورەدا یارییان دەكرد لە ژێر دارخورمادا و كێڵـگەی گەنمە شامی و جۆ و سەوزەواتیان بە تەنیشتەوە بوو. كاپتن لوپتن ماینێكی زۆر جوان و ڕەخشنی عەرەبی پێبەخشیم بە مەرجی ڕەزامەندیی جەنەراڵ هۆڵدسوێرس، بۆ ڕۆژی دوایی ئەم پیاوەم لە سەر جادە  بینی و بە پێشنیازەكە ڕازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی بە تەواوی ئاگام لێبێت و چاودێریی بكەم. دوێنێ دوای نیوەڕۆ سواری بووم و تەماحم خستە بەر سێر پێرسی بچێتە بەشی چاودێریی ئەسپ و داوا بكات جەنەراڵ ئەسپێكی باشی بداتێ و مەیتەرە عەرەبەكەم هۆشداریی ئەوەی دامێ كەوا ئەم ماینە ڕانەهاتووە بە عەرەبانەی ترام و ئۆتۆمبیل و جادەش پڕە لەمانە.

جەنەراڵ هۆڵدسوێرس پیاوێكی خۆش مەشرەبە و سەرەوكاریی كۆمەڵێك تەویلە دەكات كە دوو هەزار ئەسپیان تێدایە. پێم بڵێ مستەفا پاشات لەبیرە؟ ئەم پیاوە كوردێكی دەسەڵاتدار و دەسڕۆی خانەقینە لە سەر سنووری ئێران (1841 ـ 1921) و لە مانگی مایسەوە هاتووەتە ئێرە پاش ئەوەی ڕووسەكان بێ ماڵ و حاڵیان كرد كاتێ لەوێ بوون. من ساڵی 1911 لای ئەو ماومەتەوە و زۆری هاوكاریی كردم. هەفتەی پێشوو ژنەكەی گەیشتە ئێرە و ڕوخسارێكی جوان و قەشەنگی هەیە و وەك زۆربەی كوردەكان سوورو سپی و ناسكە و هاوینی رابوردووی لە چیاكان و ناو هۆز و خێڵەكاندا بەسەربردووە و پاش ئەوەی ڕووس خانەقینیان بەجێهێشت گەڕایەوە ئەوێ. من بانگهێشتم كرد بۆ ئێرە چونكە كاتێ لەوێ بووم بووبووینە هاوڕێ و باسی ئەوەی بۆ كردم كەوا چۆن هەموو چاوەڕێیان كردووین تا فڕۆكەیەكی ئینگلیز دەركەوتووە و بەمە زانیویانە ئێمە   نزیكبووینەتەوە و هـاكا لە دەست تورك و ڕووس ڕزگارمان كردن. بە هەر حاڵ ئێمە ئەوێش دەگرین، بەڵام ئەگەر ڕووس بە تەواوی لەو سنوورە نەمان، وەك چاوەڕوان دەكرێت. ئەو دەمە ڕەنگە تووشی كێشە و گرفت ببین لەگەڵ ئێراندا چونكە ئەڵمان تۆڕێك سیخوڕ و كڕێگرتەیان دروست كردووە.

سوریا شوێنێكی باش و پرشنگدارە بەڵام دەترسم تا سەر وا نەبێت. رژێمە تازەكە بە باشی بەڕێوەدەچێت و من سبەینێ لەگەڵ (س) نانی نیوەڕۆ دەخۆم و پیاوێكی خۆش مەشرەبە. لە ناو تازە دامەزراوەكاندا كوڕێكی سێر وینگەیتی تێدایە و دوێنێ نانی لەگەڵم خوارد و چیرۆكی دڵتەزێنی لە بارەى ڕووسیاوە باس دەكرد و كچێكی پرۆفیسۆر ڤینۆگرادۆڤی خواستووە و وای بۆ دەچێت تەواوی خەڵكانی چینی باڵادەست لەناوبرابێتن و كەمیان بە زیندوویی ڕزگاری بووبێت و من لام سەیرە ئەگەر ئەوە ڕاست بێت. ئاخۆ هیچ هەواڵێكی متمانە پێكراو هەیە لە بارەى ئەوەوە كەچی ڕوویداوە؟ پێدەچێت سرووشتی ئەو هەواڵانەی وەریاندەگرین بە تەواوی پشت بە بیروڕای ئەو لایەنە ببەستێت كە سەرەوكاریی وێستگەكانی بێتەل دەكات.

 

       كچی دڵسۆزتان

    گێرتروود

 

2

29ى كانوونى یەكەمى 1917

 

... ڕۆژى جەژنى لەدایكبوون لەگەڵ سێر پێرسى چووین بۆ ئاهەنگێكى چای خواردنەوە كە لە نەخۆشخانەى سەربازى سازدرابوو. بۆ ڕۆژى دواتر چووم بۆ نەخۆشخانەى مەدەنى كە تازە چاكمان كردبووەوە و سەردانى هەموو نەخۆشەكانم كرد بە عەرەب و جوولەكە و ئەرمەنەوە و گفتوگۆم لەگەڵ كردن، هەروەها لەگەڵ دەستە خوشكى دێرینم مەدام مستەفا پاشاى كورد، )كە دایكى سەرهەنگى خانەنشین عەزیز یامڵكییە(. ئەم خانمە پێش ماوەیەك نەشتەرگەرییەكى بۆ كرابوو، بەڵام بینیم لە سەر جێگەكەى دانیشتبوو و مێزەرێكى كوردیى بەستبوو بە سەریەوە و لە كاتى قسە كردنماندا خەریكى جگەرە كێشان بوو.

 

3

28ى حوزێرانی 1918

 

... پلانى گەشتەكەم بۆ ئێران بە تەواوى دانراوە و فەرماندەى گشتى كە بە مۆڵەت دەچووە هندستان لەو كاتەدا پێشنیازى بۆ كردم ئۆتۆمبیێلەكەى ئەو بەكاربێنم. (ئەو دەمە جەنەراڵ ولیەم مارشاڵ  فەرماندەى گشتى بوو، كە لە شوێنى جەنەرال ستانلى مۆد دانرابوو لە دواى مردنى و ئەم فەرماندەیە ساڵى 1939 كۆچى دوایى كردووە ـ و). هەروەها جەنەراڵ گیلمان هەموو ئامادەكارییەك دەكات لە پێویستییەكانى گەشتەكە وەك ئەسپ و هێستر و شتى لەم چەشنە. لە ئێستادا سەرۆكى ئاینیى یەزیدییەكان سەردانمان دەكات كە پیاوێكى خۆش مەشرەبە و هەستێكى باشمان هەیە بەرانبەرە. ئەمانە لە باكوورى مووسڵدا دەژین و زۆر پەرۆشن بچینە ناوچەكانیان و یارمەتییان بدەین لە دژى توركەكان و ئەمەش لە ئێستادا كارێكى وا ئاسان نیە. من بە هیوام بتوانین یارمەتییان بدەین و دۆستایەتیى كۆنم لەگەڵ هەندێكیان هەیە و خەڵكێكى باشن. (ئەو دەمە هێشتا مووسڵ داگیر نەكرابوو ــ و).

 

4

30 ى ئابى 1918

 

ئەگەر سێر پێرسی  زستانی ئەم دواییە لێرە بوایە ئەوە دەیانتوانی كارەكان بێ من رایی بكەن، بەڵام من لەو ساتەوەی كە گەڕامەوە، كاپتن ویڵسن هەواڵێكی زۆر ناخۆشى پێڕاگەیاندم ئەویش دامەزراندنی سێر پێرسی بوو لە تاران. بەڵام لێرە نەبوونی وایلێكردم كەوا من لە سەر هەق نەبم كە لە میانەی زستانی رابوردوودا لەوێ نەبم. ئەوەش شتێكی ئازاربەخش بوو، وا نیە؟ چونكە من پاش ئەم هەموو ماوەیە بە شێوەیەك چاوەڕێم دەكرد وەك لە سەر ئاگر بم.

من كوردستانم خۆشویست بە وڵات و خەڵكەكەیەوە و زمانە فارسییەكەم بەس بوو كەوا گفتوگۆی خۆشیان لەگەڵ بكەم، چونكە فارسی وەك دەزانن تا بڵێی ئاسانە (لێرەدا مەبەستى ناوچەكانى كوردستانى ئێرانە ــ و). من لەو سێ هەفتەیەدا كە بە سواری ئەسپ بە سەرمبرد لە گەشتەكەمدا لەوە زیاتر فێر بووم ئەگەر لە ماوەی چەند مانگێكدا بە ئۆتۆمبێل بسووڕامایەتەوە لەو وڵاتەدا. بەڵام ئەمە كارێكی پڕ زەحمەت و ماندوێتی بوو، چونكە ڕێگە و بانەكان بێئەندازە خراپ بوون و كەش و هەوا هێجگار گەرم دەبوو لە نێوەڕواندا و ساتەوەختی تاقەت پڕووكێنم تووشهات لە ماندوێتی و بێزاری كەوا لە ڕۆژانە نووسینمدا باسم نەكردووە، بەڵام هەرگیز لە خەیاڵ و یادەوەریم دەرناچێ. لەگەڵ ئەوەشدا پاش گەڕانەوەم تەواوی چالاكی و ئامادەیى كاركردنم بۆ گەڕایەوە.

ئەو دوو مانگەی لە ئێران بە سەرمبرد وزەی زۆری پێبەخشیم و ئەمەش كارێكی باشە، چونكە بە شێوەیەكى گشتی ئاگاداریی كاروبار بووم و وایلێكردم شتەكان باش هەڵبسەنگێنم، بۆیە دەڵێم گەشتەكە ئەو زەحمەت و ماندووبوونەوەی دەهێنا، بێجگە لە خۆشی و كەیف و سەفاكەی.

 

5

31 ی ئابی 1918

 

... وەك دەزانن سێر پێرسی ڕۆیشت بۆ تاران و منیش هزرو ئەندێشەم دابەشبووە بە سەر لەدەستدانی بـۆ جاری دووەم و خۆشحاڵیم بەوەی كەوا دواجار هەل و دەرفەت رەخسا كەوا كەسێك دەتوانێت بارودۆخی قورسی ئەوێ چارەسەر بكات، لە كاتێكدا كە سێر مارلینگ نەیتوانی ئەو كارە بكات، لە بەر هۆكاری زۆر كەوا هەمووی لە ئەنجامی هەڵەی ئەوەوە نەبوو.

رووس بە شێوەیەك كوردستانی وێران كردووە كە ناچێتە ئەقڵەوە و زستانی رابوردوو هێند كاریگەریی داگیركردنی رووسی بە سەرەوەیە كە بە ئەندازەى هەر وڵاتێكە تووشی وێرانكاریی جەنگ بووبێت. لە هەندێ شوێن پێنجیەكی دانیشتووانی لە برسا مردوون، چونكە سەرجەمی بەروبوومیان دەستی بە سەردا گیراوە و زۆربەی گوندەكانیان وێران كراوە. ئەو ناوچانەش كە ئێمە توانیومانە دەستی بە سەردا بگرین ئەوە خواردنمان داوە بە خەڵكەكەیان و ئاسایشمان بۆ گێڕاوەتەوە. لێرە هەمووان پێ لەو چاكەیە دەنێن با زمان درێژان لە تاران بۆ خۆیان بڵێن. لە كوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بەپەرۆشن بۆ ئێمە و ئاواتەخوازن وڵاتەكەیان بەڕێوەببەین.

 

9 ی مایسی 1920  (شەخسى و نهێنى)

 

... ڕۆژى هەینى مستەفا پاشاى باجەڵان سەردانى كردم و زۆر لام دانیشت. ئەى. تى. ویڵسن نامەیەكى توندى بۆ ناردبوو و ئاگادارى كردبوو كە هەقى بە سەر هیچەوە نەبێت و بچێت بە لاى كارى خۆیەوە، لە بەر ئەوەى مستەفا تكاى بۆ ئەم و ئەو كردبوو، بەڵام وەڵامەكە بە تەواوى رووشكێنییەكى ناپێویست بوو. داماوە مستەفا پاشا بۆ پۆزش هێنانەوە لە ڕێگەى منەوە و دەیوت پێى بڵێ كەوا "إنكسر خاگره"، واتە خاترى نەگرتووم و شەرمەزارى لاى خەڵكى كردووم. دوێنێ ژنەكەشى هاتە لام چایەكم لەگەڵ بخواتەوە و تا دواى رەمەزان ناڕواتەوە بۆ خانەقین و هەر لە بەغدا لە ماڵى باوكى دەمێنێتەوە ئەگەر پاشا مۆڵەتى بدات. ژنێكى ژیر و ئاقڵە و دەزانێت چۆن دڵى مێردەكەى رازى بكات.

... یاداشتێكی نایابمان لە وەزارەتی جەنگەوە پێگەیشت و بۆ ئاگالێبوون نێردراوە بۆ ئێمە و وەزارەتی جەنگ و لەم یاداشتەدا سەرنجمان بۆ لای ئەو گەوجێتییە بێسنوورە رادەكێشێت كە لە مەرجەكانی ئاشتیدایە لەگەڵ توركیا. هەروەها یاداشتەكە دەسنیشانی ئەوە دەكات كەوا كێ نیشتەجێ كردنی ئەرمەن لەئەستۆ دەگرێت كە لە زەوییەكانی توركیا بۆیان تەرخان كراوە. ئێستا ئەستەمبووڵ بە تەواوی دەستەوسانە لە جێبەجێ كردنی هەر حوكمێك كە دەریدەكات، تەنانەت ئەگەر مەرجەكانیش قبووڵ بكات. ئەوجا بە چ هۆكارێك پێشنیازی پێكهێنانی حكوومەتێكی كوردیی خاوەن ئۆتۆنۆمی دەكات و وەزارەتی جەنگ رادەسپێرێت كەوا پێویست دەكات هیچ شتێك لە مەرجەكانی ئاشتیدا دانەنێت كە ئەگەری قبووڵ كردنی نەبێت، چونكە هیچكام لە ئێمە ئامادە نیە پارە و سوپای پێویست دابین بكات بۆ مەبەستێك كە ناكرێت قبووڵ بكرێت بە زەبری هێز نەبێت. لە بەر ئەوە چاوەڕوان دەكەم بانگەوازێكی نوێی ناردبێت بۆ ئەمەریكا و داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كردبێت كەوا بەرپرسیارێتیی كێشەی ئەرمینیا لە ئەستۆی خۆی بگرێت. بە هەر حاڵ ئەوان ئەمە رەتدەكەنەوە و ئەگەریش پرس بە منیش بكرێت هەر رەتیدەكەمەوە. لە هەمان كاتدا نەستوورییەكان (ئاسوورییەكان) بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان كەوا لە ژێر دەستى كوردەكاندایە و هەفتەى پێشوو شەش هەزار كەسیان لەوێ هەڵاتبوون و ئێمە لەمەشدا ناتوانین یارمەتییان بدەین. من زۆر بە ترسەوە دەڕوانمە ئەم كێشەیە و بڕوام وایە دەبوو یەكەمجار كەسانێك بنێردرایەن بۆ ڕێگە خۆشكردن و ترسی ئەوەم هەیە دەردەسەرییەكی خراپ رووبدات و ئەگەر روویشیدا ئەوا ئێمە ناتوانین ویژانی خۆمانی پێ ئاسوودە بكەین. من پێموایە ئەم بزووتنەوەیە خراپ دەورووژێت بە هۆی ئەوەی كە مەرجەكانی ئاشتی هەستی موسڵمانانی ئەنەدۆڵ دەورووژێنێت و دەبێتە هۆی كوشتوبڕێكی گشتی بۆ مەسیحییەكان. پێویستە وەك كۆمێنتێك ئەوە بڵێم كە ئێمە دەتوانین لە ئەستەمبووڵدا هەر شتێك بمانەوێ بیكەین بەڵام ناتوانین لە ناوەڕاستی ئاسیای بچووكدا هیچ شتێك بكەین.

 

7

2 ی ئابى 1920

 

... دوێنێ دواینیوەڕۆ دوو كاتژمێرم بە مشتومڕ و گفتوگۆ بردەسەر لەگەڵ حەمدی بەگی باباندا  سەبارەت بە دامەزراندن و چێكردنی دام و دەزگا ئۆتۆمییەكان لە باشووری كوردستاندا و هیوای خواست بە ئاكام بگات و بابەتەكەم خستە ناو یاداشتێكی دوورو درێژەوە بۆ ئەی. تی. ویڵسن ئەم بەیانییە. من ئومێدی هەموو چاكە و سەركەوتنێك دەخوازم بۆ حەمدی بەگ بەڵام گومانم هەیە ئەم لەو پیاوانە بێت كە بتوانێت دەرەقەتی ئەم ئەركە  بێت و ئەگەر بتوانێت ئەوە بۆ ئێمە لەبار و گونجاو دەبێت و ئەی. تی. ویڵسنیش هەر ڕای وابوو.

 

8

5ی ئەیلوولی 1920

 

دایكی ئازیزم، بە ڕاستى گەرما تەواو شەكەت و ماندووی كردووم و وا هەست دەكەم ئەم مانگی ئەیلوولەم لێناڕوات. چەند ڕۆژێكی ئەم هەفتەیە گڕەیەكی پیس هەڵیكردبوو بەڵام ئێستا كەمێك باشترە و تا دەی سەرلەبەیانی پێویستمان بە پانكە نیە، بەڵام لە دوای نیوەڕۆدا پانكە ببێت و نەبێت پلەی گەرما لە سەدی فەهرنهایت نزیك دەبێتەوە. ئەم نامەیەی من وەڵامی نامەكەی 28ی تەمووزی تۆیە (بە هەمان شێوە ئەوەی باوكیشم)، چونكە تۆ لە سەر تێبینییەكانی من قسەت كردووە لە بارەى سڵێمان فەیزییەوە. ئەو لەو جۆرە پیاوانەیە كە شت قورس دەگرێت و زەحمەتە لێی تێبگەیت و ئەو یەكێكە لە جێگرانی جارانی كۆمیتەكەی سەید تالیب. تۆ وا دەزانی لە هەوڵی چارەسەرێكی بەجێدایە، نەخێر وانیە و لە پاش ئەو مشتومڕە بە ماوەیەكی كەم بە دزە خۆی گەیاندەوە بەسرە و لەگەڵ پیاوماقووڵانی ئەوێدا هەوڵ و تەقەلایەكی زۆری دا بۆ بەرپا كردنی ڕاپەڕینێكی چالاك و پێیوتوون كەوا شوورەییە بۆیان كە نادەنە پاڵ بەغدا. پێموایە دەیەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشاى سەنادا حیزبێك دروست بكات ئەگەر ئەمیان بە قسەی بكات. بەشێكی مشتومڕەكەی لە سەر ئەوە بوو كەوا من و سێر ئێدگار بە توندی بەرهەڵستیی كۆمیتەكەیانین. كاتێ كلكی خستە ناوگەڵی و بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە بۆ بەغدا ناردمە شوێنی و پێموت هەموو شتێكم بیستووە و لەمەدا سوپاسی ئەحمەد پاشا دەكەم.

هەروەها بیروڕای خۆمم لە بارەیانەوە بۆ ڕوونكردنەوە، كەچی  سووك و ئاسان كەوتە درۆ كردن و نكووڵیی لە هەموو شتێك دەكرد و بەردەوامیشە لە سەر ئەوپەڕی هەوڵدانی بۆ ناكۆكی نانەوە. باشە دەبێ چۆن لەگەڵ ئەو جۆرە پیاوانەدا هەڵسوكەوت بكەیت؟ ئایا دەكرێ ڕێزیان لێبگیرێت؟ من ئەو ڕۆژە گفتوگۆیەكی خۆشم لەگەڵ نەقیبدا هەبوو، وابزانم پێشموتی. نەقیب وتی: "تا چەند باشە بۆ تۆ ئەگەر من لە ڕەمەزاندا چوومە سەر مینبەر و بە خەڵكم وت كەوا مەولوود و زكریان بۆ مەبەستی سیاسیی پێچەوانەی ئیسلامە؟ من كاریگەریم تا سنووری هندستانیش بڕ دەكات و مەسەلەكە وا دەكەوێتە كە من كافرم و ئینگلیز كڕیومی. باشە ئەمە یارمەتی من یان تۆ دەدات؟ تۆ دەزانی من بە تەواوی مەیلم بە لای ئێوەوەیە، بەڵام ئەگەر بە كافر لە قەڵەم درام پێتوایە چیتر كەڵكم بۆتان دەبێت لە ناو ئیسلامدا؟". هەڵبەت ئەم پرسیارە وەڵامی نیە تا ئەو كاتەی ئەقڵییەتی موسڵمانەكان دەگۆڕێت و ئەمەش كاتی دەوێ.

جەنگ لێكەوتە و دەرەنجامى خۆی هەیە و كۆسپ و ئاستەنگیش بەردەوامن. من بەهیوام ئەم هەفتەیە ئیمتیازى هێڵی ئاسنی ئێران بەدەستبێنین. وا ئەفسەرێكی ترمان لەدەستچوو، كە جێگری حاكمی سیاسیی كفری بوو، من ئەم ئەفسەرەم نەدەناسی و لەلایەن خێڵەكانەوە دەستبەسەر كرابوو و بە دیلیی كوشتبوویان، وەك بزانم . ئەمە چیرۆكێكی ڕاچڵەكێنە بەڵام كە خەڵكی كێوى شەڕ دەكەن كاری دڕندانە ئەنجامدەدەن و كەس ناتوانێ لەم چەرخ و زەمانەدا بەر لە دڕندەیی ئەمانە بگرێت. ئێمە دەنگوباسی ئەم جۆرە كوشتنانە هەر دەبیستین ئەگەر بێت و هەندێك دەستكراوەیی بۆ سەربازە ئاساییەكانمان نەڕەخسێنین و وابزانم ئەمە ڕای ئەی. تی. ویڵسنیشە . بە گشتی من لە ڕووى بەراوردەوە ئەم دۆخە بە ئێرلاند دەشوبهێنم و كێشەكە لە پاشەڕۆژدایە چونكە خێڵەكان نایانەوێ ببنە بەشێك لە دەوڵەتێكی یەكگرتوو، شارەكانیش بێ ئەمە بەڕێوە ناچن. كەواتە چۆن پشتگیریی توخمەكانی جێگیربوون بكەین و بیانپارێزین و لە هەمان كاتیشدا بیگونجێنین لەگەڵ باری ئابووریی وڵاتەكەدا چونكە حكوومەتێكی سێنتراڵت نابێ ئەگەر كەس باج نەدات و زۆرینەی دانیشتووان نەیانەوێت باج بدەن و ناتوانن كاروباری بازرگانی ڕایی بكەن؟ كارەكە بەو جۆرەش ناڕوات كەوا  لۆرەنس لە سەر كاغەز نووسیوێتی. قسە كردن لە سەر پێكهێنانی دوو فیرقە لە سوپایەكی عەرەبی بە تەواوی بێمانایە، چونكە بێجگە ئەفسەران چ كەرەستەیەكی ترمان نیە و سوپایەك تەنها لە ئەفسەر پێكهاتبێت هیچ سوودێكی نیە. ئێمە بە شێوەیەكی بچڕبچڕ لەشكرێكمان لە كرێكاران دروستكرد و ژمارەی گەیشتە نزیكەی بیست هەزار و وا ئێستا من بە سەر بیر و بۆچوونەكانمدا دەچمەوە. لەشكری كرێكاران شەست هەزار كەسێك دەبن و من باسی ئەوەم كرد كەوا لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵدا بیست هەزار پیاومان دەستكەوتووە بێ سەربازگرتنی زۆرەملێ بەڵام ناتوانی بیانكەیتە سوپایەك تۆكمە لە ماوەی كەمتر لە پێنج ساڵدا. هەموو كەس دەزانێ كە لێرە بارگرانیی لە سەر كۆمەڵـگەی كشتوكاڵی لەڕادە   بەدەرە و لە هەندێ وەزری ساڵدا پێداویستیی كشتوكاڵ زیاد دەكات وەك پەین كردنی دارخورما و دروێنەی مەرەزە و جۆ و شتی لەم جۆرە كە پیاوی زۆری دەوێ و كەواتە ئەم دوو فیرقەیەت لە كوێ پەیدا كرد؟ ڕەنگە بتوانی دوو لیوا پێكەوە بنێی و تەنانەت ئێستا سێ هەزار لێڤی  یان زیاترمان پێكەوەناوە و لە حیللە كاری باش دەكەن. بەڵام من تا ڕادەیەك دڵنیام لەوەی كە وەختێكی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بكرێت بۆ دەستەبەر كردنی یاسا و نیزام. توركیا توركی بەدەستەوەیە و ناتوانن یاسا و نیزام بچەسپێنن و لەگەڵ ئەوەشدا سەربازگیریی زۆرەملێیان هەیە و من بەگومانم لەوەی حكوومەتێكی عەرەبی بتوانێ سەربازگیریی زۆرەملێ بسەپێنێ. من ناتوانم بیر لەوە بكەمەوە كەوا بۆچی ئۆفیسەكانی هندستان ڕێگە بەم خراپی و گەندەڵییە دەدەن و سوورییەكان لەمەدا خراپیان كرد. با جارێكى تر بێینەوە لای تی. ئی. لۆرەنس كاتێ كە دەڵێ ئێمە بە زۆر زمانی ئینگلیزیمان بە سەر خەڵكی وڵاتەكەدا سەپاندووە تەنها هەر درۆ ناكات بەڵكو زۆر باش دەزانێ ئەوە درۆیە و لێرە ورد و درشتی كاروباری ڕەسمی هەر بە زمانى عەرەبییە و لە قوتابخانە، دادگا، نەخۆشخانە زمانی تر بەكار ناهێنرێت و ئەمە یەكەمجارە شتى وا ڕووبدات لە سەردەمی ڕووخانی عەباسییەكانەوە.

دوێنێ ئێوارە لەگەڵ سەید تالیب ئێوارەخوانێك كۆیكردینەوە بە ئامادەبوونی جەنەراڵ هەمبرۆ، ئەیڵمەر، كاپتن كڵەیتن، ئەی. تی. (ویڵسن)، سێر ئێدگار و مستەر بۆڵارد و ئاهەنگێكی خۆش نەبوو بەڵام وابزانم سەید تالیب پێیخۆش بوو. ئەی. تی. خراپ نەخۆش كەوتبوو و من تەواو دڵم پێ دەسووتا و ئاگام لێبوو، من هەمیشە سەرنەكەوتووم لە پەیوەندیدا و لێی تێناگەم و سەرسام بووم بەوەی دڵی هەر لای میسۆپۆتامیا بوو. ڕاستە ئێمە بە تەواوی دەناڵێنین بە دەست بارودۆخێكەوە كەوا كۆنترۆڵی ناكەین بەڵام دۆخی هەڵوەشاوی ناسیۆنالیزمى عەرەبى لە سوریادا و هەمان دۆخی ئیسلام لە توركیادا بە تەواوی بۆ ئێمەی سەلماندووە كە پێویستە دووربین بین و نامانبەخشێ لەوەی كە كوێر بین لە ئاستیدا.

 

9

5ی كانوونى یەكەمی 1920

 

... دوێنێ دواینێوەڕۆ بە سواری چووم بۆ كازمێن (كازمییە) بۆ بینینی خانمە شازادەیەكی تەمەنداری ئێران، كە نازناوی بانوو عوزمایە و كچی ناسرەدین شایە. حەمید خان (ئامۆزایەكی ئاغا خانە و یاریدەدەرێكی سیاسیی كەمبایەخی ئەم خانمەیە). لە نەجەف لە دەروازەی شارەكە بینیمی و بردمی بۆ ماڵی ئەم خانمە. حەمید خان ئینگلیزییەكی باش دەزانێت و ناوبەناو ئەگەر هەڵەیەكی بكردایە بە قۆشمەیی دایدەپۆشێ. بانوو عوزما خانوویەكی لە نەجەف كڕیبوو بەو ئومێدەی پاش مردنی لێرە بنێژرێت. ئەو بە سەردان هاتبوو بۆ كازمێن و لێرە خانوویەكی بچووكی بە كرێ گرتبوو. لەوێ بینیم لە هۆدەیەكی بچووكدا بوو كە بە سەر حەوشەكەدا دەكرایەوە و لە ناوەوە فەرشی تێدا راخرابوو و پەردەش بە پەنجەرەكانەوە بۆ گلدانەوەی سەرما و لەولاشەوە مەقەڵییەكی خەڵووز و تووتییەك لە قەفەزێكدا ناو ماڵەكەی تەواو كردبوو. خانم لە سەر دۆشەكێك كە بە سەر فەرشی ناو هۆدەكەدا راخرابوو پاڵكەوتبوو و بە لێفەیەكی خوری داپۆشرابوو. سەرتاپا جل و بەرگی لە چەناگەیەوە بۆ پەنجەی پێی قەڵاخیی رەش بوو. ئەوەی كە بە دەرەوە بوو دەست و دەم و چاوی و جووتێ چاوی زل لە پشت چاویلكەكەیەوە و ئەوە دەگەیەنێت كەوا لە ڕۆژگاری خۆیدا زۆر جوان بووبێت و ژنە قاجار بەناوبانگ بوون بە بەژن و روخساری جوانیان. خانمی شازادە بە فارسییەكی ناسك و خۆش و لەسەرخۆ قسەی دەكرد، شیرین و نەرم چەشنی سێبەری دەنگێكی سەرسوڕهێن و پێی وتم كەوا میسۆپۆتامیا چەند نەفرەتی و دۆزەخ ئاسایە پاش ئەوەی باخ و باخاتە خۆشەكەی ئەسفەهانی بەجێهێشتبوو چۆن خەریكە لە گەرما دەپڕووكێ. پاشان لە بارەى ئەو پلانەیەوە قسەمان كرد سەبارەت بە دروستكردن و بەخشینی نەخۆشخانەیەك لە نەجەف و هەروەها لە بارەی كوڕە خراپەكانیەوە كە دەیانەوێت مڵك و ماڵی داگیر بكەن. ئەم خانمە ژنێكی ئازا و دلێرە و دژ بە پیاوانی خزمی خۆی وەستاوەتەوە و بە رووپۆشی و بە دەگمەن دەچێتە ناو نەجەفەوە و پێیوتم كە زۆر هەست بە تەنیایی دەكات و داوای لێكردم سەردانی بكەمەوە و بەدڵنیاییەوە منیش جێبەجێی دەكەم. ئەو لە ئێستادا بە دەست رۆماتیزمەوە گرفتارە و دەیەوێت بچێتە نەخۆشخانە مەدەنییەكەمان و بەهیوام ئەم كارەی بۆ ئاسان بكەم چونكە ئەم خانمە شازادە بە تەمەنانەی قاجار كەوا ناوە ناوە و بە زۆریش بۆ زیارەت دەردەكەون بە شێوەیەكی نائاسایی خۆش مەشرەبن و ئەمانە خانمگەلێكی زۆر   گەورە و میهرەبانن، بەڵام من لە ڕادەبەدەر بانوو عوزمام خۆشدەوێت و پێموایە هەرگیز كەسێكی خۆوڵاتیی جیاكاری گەورەی وەك ئەم خانمە بەساڵاچووە ئێرانییەم نەبینیوە كە لە سەر ئەرز راكشابێت.

كاپتن كڵەیتن و مێجەر موڕەی و من لەگەڵ ماڵی مستەر تۆددا ئێوارە خوانێكمان رێكخست بۆ بینینی ساسۆن ئەفەندی و جەعفەر پاشا و لە ڕاستیدا ئێوارەیەكی زۆر خۆش بوو. لەوێ كەوتینە قسە كردن لە بارەى توركیاوە و من سەبارەت بە ئەنوەر لە ساسۆنم پرسی و ئەویش بە سەركردەیەكی سەبازیی بلیمەت وەسفی كرد كە زۆر ئازا و چاونەترسە بەڵام لە ڕووی رۆشنبیرییەوە كزە و بایەخێكی ئەوتۆی نیە؟ هەروەها وتیشی ئەو بڕوای وابوو كە ئەڵمانیا لە جەنگدا دەیباتەوە و هەر لەو سۆنگەیەشەوە بوو كە توركیای لە جەنگەوە گلاند و تا سێپتەمبەری 1918ش كە بە ئاشكرا روونبووەوە ئێمە براوەین ئەو هەر قەناعەتی وابوو ئەڵمانیا سەركەوتوو دەبێت.

من باس و خواسێكی دوور و درێژم لەگەڵ جەعفەر كرد لە بارەى سوپای نیشتمانییەوە و ئەو ڕای وابوو كە هیچ شتێك ناكرێت بێ پلان و بەرنامەیەكی بە سەربازگرتنی زۆرەملێ لە پیاوانی شارەكان و لای ئەم پیاوانی خێڵ و هۆزەكان هیچ بایەخێكی نابێت بۆ هێزە نیزامییەكان.

 

10

12ی كانوونى یەكەمى 1920

 

... مستەر گاربێتی داماو بە فڕۆكە ویستی بچێت بۆ كەركووك بۆ بەشداربوون لە كۆنفرانسێكدا بەڵام فڕۆكەكەیان لای تاوق (داقوق) تێكشكا و ئەم بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە لە كەركووك و قۆڵێك و دوو پەراسووی شكاوە و بیستوومانە كەو نیشانەی نەخۆشیی سنگ و سییەكانی لێدەركەوتووە و دەترسم پەراسووە شكاوەكانی چەقیبێتە سییەكانی. لە رووداوەكەدا فڕۆكەوانەكە مردووە و بە ڕاستى ئەمە كێشەیەكی ناخۆشە و ئەوان ویستوویانە بە ناچاری بنیشنەوە و خۆیان كێشاوە بە تەپۆڵكەیەكدا. ئەمە یەكەم فڕینی مستەر گاربێت  بووە و پێموایە بەسەرهاتە بێماناكەی ئەی. تی. ویڵسنم بۆ نەگێڕاونەتەوە كاتێ كە بە فڕۆكە چووە بۆ هەولێر و مووسڵ لە مانگی سێپتەمبەردا و هەر كە ئەوێی بەجێهێشتووە كەوتووەتە ناوجەرگەی ئەو خێڵ و هۆزانەی لە یاخیبووندان و فڕۆكەكەی تێكچووە و ئەگەر   بهاتایە و بە ناچاری بنیشتایەتەوە ئەوە بە مسۆگەری خێڵەكان دەیانكوشت. ئەو رێك لەو كاتەدا كە (كەركووك یان هەولێری بەجێهێشتووە) لە بنكەی فەرماندەییەوە برووسكەیەكی پێگەیشتووە بە دەقی ئەم وشانە "ئەگەر كۆمیسیاری مەدەنی بەردەوام بێت لە ڕۆیشتن بۆ مووسڵ كارێكی باش دەكات ئەگەر بۆمبێك بە سەر باتاسدا بەربداتەوە"،  بێگومان باتاس لەو كاتەدا بە تەواوی لە حاڵەتی یاخیبووندا بوو و هەڵبەت ئەوەش جۆرێك بوو لە خۆشبەختی كەوا ویڵسن بەرهەڵستیی جێبەجێكردنی نەكرد بەڵام داڕشتنی وشەكانی برووسكەكە وەك بێمێشكییەكی ناوازە ئازاریدام.

 

11

22 ى كانوونى دووەمى 1921

 

... لەم ڕۆژانە بانگهێشتێكی نانخواردنی ئێوارەم ساز كرد كەوا بەشداربووان تێیدا كاپتن كوك لە وەزارەتی ئەوقاف و شاكر بەگ كە دەسنیشان كراوە بـــۆ پۆستی قــــایمقامی دەڵتاوە (خاڵس  ـ و) و یوسف بەگی ژنبرای كە لە وەزارەتی پەروەردەەیە. شاكر بەگ كۆڵۆنێڵێكی پێشووی توركیایە و هەرچەندە عەرەبێكی بەغدادییە بەڵام لە تایپی ڕاستەقینەی توركە و چووەتەوە سەر هوون (واتە خێڵە تۆرانییەكانی ناوەڕاستی ئاسیا ــ  و). ئەو دەڵێ كەوا هۆزەكانی دیالە تەنها پێویستیان بە ئیدارەدانێكی توندوتۆڵە و لەمەدا ڕاست دەكات و پاش مانگێك دوان لە دەستبەكاربوونی خۆی دەزانێت چۆن هێوریان دەكاتەوە و لە شوێنی خۆیان دادەنیشن. ئەم پیاوە هەمیشە مەیلی بە لای ماندێتی بەریتانیاوەیە و بەشدار نەبوو لە ئاژاوەگێڕییەكەی هاویندا كەچى لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بە گومانێكی زۆرەوە چاودێرییان دەكرد و پێموایە ئەوەش هەڵە بوو. ئەو دەزانێ كەوا زۆر كەس پلە و پایەى باشیان بووە لە سەردەمی توركدا و رایشی وایە كەوا هیچ حكوومەتێكی عەرەبی ناتوانێت لە سەر پێی خۆی بوەستێت ئەگەر هێزی بەریتانیا پشتیوانیی نەكات. ڕەنگە یوسف بەگ نەتەوە خوازێكی بەپەرۆش و دڵسۆز بێت و لێی پرسیم ئاخۆ دڵنیام لەوەی كەوا تورك نەیانویستووە سەربەخۆیی بدەنە عەرەب، منیش پێموت زۆر دڵنیام كە نەیانویستووە و ئەگەر گەرەكیشیان بووایە نەیاندەتوانی لە بەر ئەوەى  پارە و هێزی پێویستیان نەبوو بۆ ئەو مەسەلەیە. ئەم مشتومڕە ئەوەی دەگەیاند كەوا ئەو پێ لەوە دەنێت كە توركەكان لە ماوەی سێ ساڵدا زۆر نەگۆڕاون و هەروەك خۆیان دەمێننەوە. من زۆر ژنەكەی شاكر بەگم خۆشدەوێ كە خوشكی یوسف بەگە و هەر كاتێ چوون بۆ دەڵتاوە سەردانیان دەكەم.

ئێوارەی دواتر بانگهێشتی چەند كەسێكی ترم كرد بۆ نانی شێوان، لەوانە مستەر موور، كە پەیامنێری ڕۆژنامەی تایمزە لە تاران و هاتووەتە ئێرە بۆ نووسینی چەند بابەتێك لە سەر میسۆپۆتامیا و پیاوێكی چاك و زیرەكە، هەروەها مێجەر لۆنگریك لە كەركووك و مستەر هێكس گاوەر كە یەكێك لە ستافەكانی كۆڵۆنێڵ ناڵدەرە لە مووسڵ. مێجەر لۆنگریك كە من پێموایە یەكێكە لە بەتواناترین پیاوە گەنجەكانمان و كوردەكانی زۆر بەدڵ بوو. ئەو پێیوابوو كەوا كوردەكانی سنوورى میسۆپۆتامیامان بە تەواوی خواستی خۆیانەوە دێنە ژێر ڕکێفی حكوومەتی عەرەبی ئەگەر بە شێوەیەكی گونجاو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و من دەزانم كۆڵۆنێڵ ناڵدەریش هەر وا بیر دەكاتەوە. سلێمانی كێشە و گرفتێكی قورسە بۆمان و پێموایە بە تایبەتى لە بەر ئەوەی مێجەر سۆنی  حاكمی سیاسی هەموو بیر و بۆچوونێكی دامەزراوە لۆكاڵییەكانی ڕەتكردووەتەوە و لەوە تێناگات كەوا ئیدارەی بەریتانی دەبێ هەر كۆتایی پێبێت.

 ئێمە دەبێ شێوەیەك لە شێوەكانی حكوومەتی كوردی لۆكاڵیمان هەبێت كەوا باشترە پەیوەندیی بە میسۆپۆتامیاوە ببێت بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەكی پەیوەندیدار و تاقە ئەڵتەرناتیڤیش بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە كە بچینە دەرەوە و مەسەلەكە هەر بە پشێوی و ئاڵۆزی بهێڵینەوە. بەڵام بیر و باوەڕەكانی ئەی. تی. ویڵسن دەكرێ كاڵ بێتەوە و بگۆڕێت كەچی مێجەر سۆن هەرگیز كۆڵ لە ئایدیا و باوەڕی خۆی   نادات و خۆشبەختانە وا بۆ مانگێك دوان مۆڵەت وەردرەگرێت و مێجەر لۆنگریك بە تەواوی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت و هاوكار دەبێت لەگەڵمان.

 

12

13 ى شوباتى 1921

 

باوكی ئازیزم، وا خەریكم وەڵامی نامەكەت دەدەمەوە كە لە 12ی كانوونی دووەم بۆت   ناردم و خۆزگەم دەخواست كە لە موحازەرەكەتدا بەشدار بوومایە، دەستخۆش و خوا سەلامەتت بكات. من دڵنیام كە زۆر خۆش بووە و بە كارتەكەدا دیارە كە بە شێوەیەكی سەرسامكەر هەمەلایەنە بووە. من كە ئەم نامە  دوور و درێژانەت بۆ دەنووسم چونكە تاقە شێوەی ڕۆژانە نووسینەكانمە كە بیپارێزم و نامەوێ كۆپیی لێبپارێزیت تەنها یەك دوو ڕۆژ نەبێت كە ڕەنگە بمەوێت و كێ دەزانێت؟

ئەم هەفتەیە بە شێوەیەكی بەرچاو سەرنجڕاكێش بوو كە تێیدا بیست كەس لە دوورخراوەكان گەڕانەوە كەوا ئەی. تی. ویڵسن ناردبوونی بۆ هەنجام و یەك لەوانە سەید ئەحمەد داودی سەرۆكی ئاژاوەگێڕانی بەغدا بوو كەوا وڵاتی بە سەر یەكدا تێكدابوو. هەڵبەت سڵێمانی كوڕیشی لەگەڵ تاقمێك ئاژاوەگێڕی تردا گیران و ئەمانە نووسەر و هەواخوای ڕۆژنامەی ئیستیقلال بوون كەوا هەفتەی رابردوو كورتەیەكیم لەبارەوە بۆ ناردیت. قەدەغە كردنی ڕۆژنامەكە بۆ ماوەیەك بوو بە مایەی مشتومڕ بەڵام مەسەلەكەی سپاردە وەزارەتی ناوخۆ و دواجار سەید تالیب  بوێریی خۆی كۆكردەوە و كارەكەی جێبەجێ   كرد و ئەمەش كارێكی شكۆمەندانە بوو لەلایەن ئەوەوە و پێدەچێت بە تەواوی تێیدا سەركەوتوو بێت. من هیچێكی وام نەبیستووە هەندێ دەربڕین و گوزارشتی فریاكەوتن نەبێت لەملاولاوە، بە تایبەتى قەناعەت هێنانی دوو عالمی بەتەمەنی نەجەف و هەندێ شێخ و سەیدی دیوانییە لە بارەی یاخیبوونی ئێستای دژ بە ئێمە و لێرەش تكاكارن لە سێر پێرسى بۆ بەردەوامی پێدانی بەڕێوەبەرێتیی بەریتانیا! ئەوەی ئەوان دەیڵێن گوایە بەغدا پێشتر فێڵی لێكردوون و بۆیە ئەوان سزایان وەرگرتووە و ئێستا دەڵێن خوا شایەتە كە بەغدا دەیەوێت دیسان هەمان گەمە بكاتەوە. هەڵبەت ئەمەش دانپیانانێكی ناوخۆیی سەیرە كەوا بەم ئاسانییە و بۆ دووەمجار فێڵیان لێكراوە. حكوومەتەكەی ئێستا هێشتا دەستی بە سەر لیواكاندا ناڕوات بەڵام پێموایە لێرە (واتە بەغدا ـ و) جێگەی خۆی  كردووەتەوە و ئەم دۆخەش تا ڕادەیەك وایلێكردووین كە سوپاسی سەید تالیب بكەین و چاوەڕوانی و بۆچوونەكانی باشترن و دیارە زۆر باش گەمەكە دەكات، بەڵام هێشتا هەر قەناعەتم پێ نیە.

... بەڵام من گومانم لەوە هەیە كەوا ئێمە كاتمان هەبێت بۆ پەیڕەویكردنی ئامۆژگارییەكانی عیززەت پاشا و لێگەڕێین شتەكان رێچكەی خۆیان بگرن بۆ چەند مانگێك و كۆنگرەی پاریس ڕەنگە دەرفەتێك بداتە ئیمارەتی میسۆپۆتامیا بۆ توركیا یان بە نەخێر بشكێتەوە. لە كۆبوونەوەی نێوان سێر پێرسى، وینستن (چەرچڵ) و ئەللێنبى و سەمۆییڵ لە سەرەتای مارتدا، ئەوە بەدڵنیاییەوە سێر پێرسى دەیەوێت من لەگەڵ خۆی ببات و منیش ئامادەییم دەربڕی بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێم كە زۆر هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەم لە بەجێهێشتنى وڵات بۆ چارەنووسی خۆی لە غیابی سێر پێرسیدا و قەناعەتم وایە كە باشترە من لێرە بمێنمەوە تا ئەو ئاستەی كە هەر كەسێك هەر شتێك بكات بۆ لە چوارچێوە گرتنی رای گشتی ئەوە من باوەڕم وایە كە من یەك لەو كەسانە بم ئەو كارە دەكەن و ڕەنگە ئەگەری ئەوەش هەبێت كە من هەڵە بم. هەروەها دەیویست ساسۆنیش لەگەڵ خۆی ببات و وایبۆدەچم ئەمە زیرەكییەكی تەواوە و ئەمەش یارمەتیی سێر پێرسى دەدات كە هەستی حكوومەتێكی عەرەبیی ڕاستەقینە بداتە كۆنگرەكە و حكوومەتەكەش وا هەست بكات كە لە سەر زەمینەیەكی پتەو وەستاوە. من زۆر جار لە پێشبینییەكانم بە هەڵەدا دەچم بەڵام لەمەدا باوەڕم وایە كە ئەگەر ماندێت رەتبكەینەوە ئەوە  هاتوهاوار و غەڵبەغەڵب لە وڵاتدا بەرز دەبێتەوە و تكامان لێدەكەن كە قبووڵی بكەین. من گومانم هەیە كە فەرەنسییەكان هەر خەریكی فــڕوفێڵە ئاساییە قێزەونەكانیانن و عیززەت پاشا ئاگاداری كردوومەتەوە كە بە دڵنیاییەو فەرەنسییەكان خەریكی دنەدان و هاندانی كوردەكانن كەوا لەگەڵ عێراقدا نەڕۆن بەڵكو داوای ماندێتی فەرنسییەكان بكەن! لە ئێستادا كــــوردێكی پیرە ساڵ لە پاریسە و ناوی شەریف پاشایە  و لە ڕێگەی ئەمەوە فەرەنسییەكان هەوڵی خۆیان دەدەن وەك عیززەت باسی دەكات. مەسەلەیەكی گەرمی تر لە ئارادایە كە ئەویش لێبووردنی گشتییە و من دڵنیام كەوا كاتی هاتووە، یان زۆر نزیكبووەتەوە و پێویستە دەستپێشخەریی تێدا بكەین. ئەمە لە لایەن دەسەڵاتدارە سەربازییەكانەوە بە توندی بەرهەڵستیی دەكرێت و حاڵی حازر سێر ئەیڵمەر  ناڕەزایی دەردەبڕێت لە سەر گێڕانەوەی دوورخراوەكانی لە پێشەوە باسم كردن. من پێموانیە سێر ئەیڵمەر رای تایبەتی خۆی هەبێت چونكە هیچ كاتێك نیەتی بەڵام هەندێ لە ستافەكەی دەیخەنە سەر ئەو ڕا و بۆچوونە. ئەوان لەوە تێناگەن كە حكوومەتێكی عەرەبی هیچ كات رازیی نیە بە سەپاندنی سزا لە سەر یاخیبووانی دژ بە كارگێڕیی سەربازیی بەریتانی. ئێستا من دەمەوێ سەربڵندیی ئەوەمان پێببڕێت كەوا خۆمان ئەو هەنگاوە بنێین و ڕێگە نەدەین عەرەبەكان فشارمان بخەنە سەر بۆ ئەو كارە و ئێمە هەرگیز شتەكان لە كات و ساتی خۆیاندا ناكەین و سێر پێرسى زۆر بە رەقی بڕیاریداوە كە بیروبۆچوونە ڕاستەكان ئەنجام بدات. بەم ڕەنگە ئەگەر من كارەكە چێبكەم پێموایە ئەو رازی بێت لە سەری. ئەم ئێوارەیە جەعفەر پاشا و كاپتن كڵەیتن لای من نانى شێوان دەخۆن و ئەم مەسەلەیان لەگەڵ باس دەكەم.

 

13

29ى مایسى 1921

 

... هەوڵەكانی ئەم هەفتەیەكمان بە شێوەیەكی سەرەكی    ئێرانە و كەوتنی سەید زیائەدین ئێران دەخاتە نێو مەنجەڵێكی كوڵاوەوە و دەترسم زۆر بە توندی بتەقێتەوە. قەوزاقەكانی رەزا خان لێی هەڵـگەڕاونەتەوە و رەزا خان خۆیشی سەربازێكی نەزان و نەخوێندەوارە و زۆر نەگونجاوە بۆ بەڕێوەبردن و پەرۆشی دامەزراندنی دكتاتۆرێتێكە. هەر كە هێزەكانمان لەوێ كشانەوە هێزی كاریگەری وڵات كەوتە دەستی و شای ئاگادار كردووەتەوە كەوا سەید زیا دەستی لەگەڵ بەلشەفیكەكاندا تێكەڵ كردووە بۆ رووخاندنی ئەم و پشتگیریی لە پاشماوەكانیان دەكات. بەڵام ڕاستێكەی ئەو ئێرانی وا لێدەكرد كە خاكێكی بەپیت نەبێت بۆ بەلشەفیزم بە بنكۆڵ كردن و لابردنی ئەو زەمینەیەی بەلشەفیزمی لە سەر وەستابوو. بە پێچەوانەوە وەزیرە تازەكە پشتی رەزا خانی دەگرت چونكە وای بڵاو دەكردەوە كە سەید زیا لە نزیكەوە بووبووە داردەستی ڕاوێژكارە سەربازی و داراییە بەریتانییەكان. هەرچەندە هێشتا زووە بۆ پێشبینی كردن بەڵام پێدەچێت ئەم كوودەتایە وا بكات لە باكووری ئێران كە جارێكی تر بكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی رووسیا  ـ  واتە رووسیای نوێ كە سیاسەتی دەرەوەی زۆر نەگۆڕاوە لەگەڵ رژێمی پێشوو. ئەوان ڕەنگە وڵاتەكە بكەنە بەلشەفیك، لە حاڵەتی تێكچوونی شیرازەی حوكم و ئاژاوە و پشێویدا و هـــۆزە گەورە و دەسەڵاتدارەكان هەرچییان دەست بكەوێت لە شارەكاندا بیفڕێنن و بیخەنە ژێر رەحمەتی خۆیانەوە، یان بە شێوازی كۆن ئێران لاواز بكەن، بەڵام سەید زیا هەوڵی دەدا لەو دۆخە بیپارێزێت.

سبەینێ لێبووردنی گشتییەكە دەردەكەوێت، سوپاس بۆ خوا و ئەمە دەستی ناسیۆنالیستەكانمان دەكاتەوە بۆ كاركردن. بە ڕاستی گوتارەكەی مستەر چەرچڵ بۆ پەرلەمان روونكردنەوەیەكی ئیزافی بوو، چونكە دەبێ شتێك بڵێ لە بارەى ئەوەوە كە فەیسەڵ كاندیدێكی پەسەندە لای خاوەن شكۆ (مەلیكى بەریتانیا ـ و) كە بە فراوانی رەچاوی ئەوە دەكرێت وەك زۆرترین پەسەندكراو. ئەم هەفتەیە گرژییەكی سووك روویدا لە سەر پێكهێنانی سوپای عەرەبی و كۆڵۆنێڵ جۆیس پڕۆژەیەكی خستە بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی لایەنەكانی ئەفسەرە دامەزراوەكانی عەرەب و لەگەڵ نەیاریی سەلبى بەرامبەر دەوەستنەوە.

ئەنجومەنیش، كە ڕەنگە جەعفەر تێیدا تاكە ناسیۆنالیستى دەركەوتوو بێت، زۆر ئەنجومەنیش كە ڕەنگە جەعفەر تێیدا تاكە كەسى ناسیۆنالیستی دەركەوتوو بێت، زۆر بە دڵنیاییەوە هەست بەوە دەكەن كەوا سوپا دەبێتە لانكەی ناسیۆنالیزم و ئەفسەرە دامەزراوەكانیش پرۆپاگەندەی نەتەوەیی لە وڵاتدا بڵاو دەكەنەوە. بەم پێیە ئەنجومەن بەرهەڵستیی خۆی راگەیاند و مەسەلەكەی دواخست و پاساوی ئەوە بوو كە لە ئێستادا هێزی لێڤی بەسە و بە رەخنە گرتنى توند لە ئەفسەرە عێراقییەكان كۆتاییان پێهێنا كەوا خزمەتی سوریایان كردووە. بۆ بەیانیی ڕۆژی دواتر عەبدولمەجید شاوی هاتە لام و لە بارەی مەسەلەكەوە چۆن كەوتەوە لەگەڵم دوا و داوای ڕاوێژی لێكردم كە چۆن دەنگ بدات كاتێ كە گفتوگۆ دوادەخەنەوە. بۆ ئێوارە كۆڵۆنێل جۆیسم بینی و سبەی بەیانیش بە ڕێكەوت نەقیبم بینی و مەسەلەی سوپای خستە بەر باس و وتی كەوا لەوە دەترسێ ئەوەی لە سوریا روویدا لێرەش دووبارە بێتەوە، كەوا توندوتیژیی سەربازی حكوومەتێكی نیشتمانیی رووخاند و ڕەنگە هەمان ئەو كەسانە لێرەش ئەكتیڤ بن. منیش وتم هاوتەریبییەك لە مەسەلەكەدا نیە، چونكە لە سوریا ئەوان شەڕیان لەگەڵ دەسەڵاتی ماندێتدا دەكرد و لای ئێمە كارەكە بەو جۆرە نیە.

... من نیازم وایە لە كۆتایی هەفتەدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بچم بۆ سلێمانی و دوو شەویش لە كەركووك بمێنمەوە و بە ئۆتۆمبێل بڕۆم. سلێمانی لە ڕاپرسیدا ئەوەی رەتكردەوە كە بێنە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عەرەبی و حاڵی حازر بەرەو ئەوە دەڕوات كە ببێتە ناوچەیەكی بچووكی كوردی و ڕاستەوخۆ لەلایەن سێر پێرسییەوە بەرێوە ببرێت. ئێمە بەهیواین لە دواجاردا بێتەوە ناو عێراق بەڵام كارێكی باش نیە ئەگەر مەسەلەكە زەبری هێزی تێبكەوێت. دانیشتووانی ئێرە سەرلەبەر كوردن و دەڵێن كەوا نایانەوێت ببنە بەشێك لە دەوڵەتێكی عەرەبیدا. من هەرگیز نەچووم بۆ ئەوێ و بەتەماین هەواڵی مامەڵەی چاك ببیستین لە فەرمانگەی كۆمیسیۆنی باڵاوە.

 

14

5 ى حوزێرانى 1921

 

... ئێمە لە كاتێكی زۆر دژوارداین. ئێران گومانێكی زۆری بۆ دروست كردووین بەڵام جارێ هەر بە خامۆشی ماوەتەوە. ئەو پیاوەی خراوەتە جێگەی سەید زیائەدین، واتە قەوامولسەڵتەنە ــ كەسێكی بەتوانایە وەك سێر پێرسى دەڵێ و نوێنەرایەتی ئەرستۆكراتە لیبراڵەكان دەكات، بەڵام ئاخۆ هیچ ئەرستۆكراتێك هێند لیبراڵە كەوا دژ بە بەلشەفیزم بوەستێتەوە، ئەوە من گومانم هەیە. ئارمیتاج سمیس ماوەیەكە كاری خۆی راگرتووە بەڵام من لاموایە ئەمە شووم و چارە ڕەشییە و كۆڵۆنێڵ هادڵستۆنی ڕاوێژكاری سەربازیی بلیمەت باس لە ڕێگا چارەیەك دەكات. ئەگەر سمیس بڕیاریدا بڕوات من هیواخوازم كاروباری لێڤی بەڕێوەببات لە شوێنی ئایرنساید.

سەید زیا ئێستا لێرەیە و (واتە بەغدا ـ و) بە ڕێگەوەیە بەرەو هندستان و پاشان بەریتانیا. پێدەچێت بەریتانیا ببێتە داڵدەدەری نەتەوەخوازە لە كارخراوەكانـ یەكەمجار فەیسەڵ و دواتر سەید زیا! هەڵبەت ئەمەش شتێكی سەیر و سەمەرەیە، كاتێ كە بیری لێدەكەیتەوە كەوا زوڵم و ستەمی ئیمپریالی وەك بەلشەفیكەكان لە سەرانسەری ئاسیادا ناویان زڕاندووە، دەبێ لە ژێر باڵی خۆیدا نیشتمانپەروەرە لەكارخراوەكان كۆبكاتەوە. سەید زیا پیاوێكی زۆر خۆش مەشرەبە و جارێكیان لە نێوەڕۆخوانێكدا لە تاران لەگەڵ خانەوادەی كۆكسدا    كۆبووەوە و بۆ سەبەینێش لەگەڵ مندا بۆ بینینی جەعفەر و ئاشنایی پەیداكردن لەگەڵی و من و ئەو پێكەوە بە فارسی و فەرەنسی قسەمان دەكرد. ئەو هۆكاری رووخاندنی خۆی كە تەواوی دەگێڕێتەوە بۆ پیلانگێڕیی شا چونكە لە پڕۆژەكانی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی ئەم دەترسا و بڕیاری دابوو بیگۆڕێت. من ناخوازم ئێران بكەوێتە ناو ئاژاوە و پشێوییەكی بەلشەفیكانەوە، بەڵام ئەوە مایەی پێكەنینمە كە ببینم شا ئاوها نوقمی بووە.

... پێموایە ئاگادارم كردوویتەوە كە لە ئەنقەرەدا پەڕگرەكان دەستێكی باڵایان پەیدا كردووە كە لە دیدو بۆچوونی ئێمەوە ئەوە دەگەیەنێت كە ئاژاوەگێڕیی توركیا بەردەوام بێت لە ناوچە سنوورییەكانی باكوورماندا. دوا رووداو ئەوەیە كەوا ئەفسەرێكی تورك لەگەڵ 13 كەسدا لە رەواندزدا بینراون، كە شارۆچكەیەكی كوردنشینە لە چیاكانی ڕۆژئاوای مووسڵدا و بەشێكی زۆری دانیشتووانی ئەم شارۆچكەیە بەم دواییە عەرزەوحاڵێكیان بۆ ناردووین و داوا دەكەن بخرێنە سەر عێراق و لە ژێر ماندێتی ئێمەدا بن. بەڵام دەركەوتن و پەیدابوونی ئەم دەستە و تاقمە ترس و لەرزی خستووەتە هەموو ناوچە سنوورییەكانی كوردنشینەوە كە چاوەڕوانن ئاخۆ ژمارەی زیادی تری تورك دێنە ئەم ناوە و دەبێ ئینگلیزەكان چیبكەن. وەك خۆشت دەزانیت ئێمە هێزێكی سەربازیی وامان نیە بۆ بەرگری كردن لەم سنوورانە دژ بە دەسدرێژیی تورك و گریمانەش لە قاهیرە ئەوەیە كە ئێمە لەگەڵ توركیادا لە حاڵەتی ئاشتیداین.

 

15

14 ى ئابى 1921

 

باوكی ئازیزم، ریفراندۆمەكە تەواو بووە و ئێمە تەنها چاوەڕێی دوا ئیمزای ئەنجامەكان دەكەین بۆ ئەوەی لە لیواكانەوە بگات و پاشان فەیسەڵ وەك مەلیك رادەگەیەنرێت بێ دواكەوتن. هەڵبژاردنەكە بە كۆی دەنگ ئەویان دیاری كردووە بەڵام لە ژمارەیەكی هێجگار زۆری دەنگەكاندا كە دەتوانم بڵێم زیاد لە نیوەی وڵاتە ـ خەڵكەكە لای خۆیانەوە مەرجێكیان داناوە و دەڵێن هەتا ئەو كاتەی ئەم مەلیكە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ حكوومەتی بەریتانیادا دەپارێزێ ئێمە قبووڵمانە یان تا ئەو كاتەی كە لە ژێر پارێزگاریی بەریتانیادا دەنێن. داڕشتنی ئەم ئیزافەیە لای هەر یەكە و بە جۆرێكە بەڵام هەموویان لە سەر هەمان شت كۆكن و تاقە بواردنێكیش لەم مەسەلەیەدا كەركووكە. وەك خۆت دەزانی لەوێ خەڵكی عەرەبیان ناوێ و لە ناو توركەكاندا پرۆپاگەندەیەكی زۆری داتاشین بە لای توركیادا هەیە. دوو گەڕەكی شاری كەركووك داوای فەرماندارێكی توركیان كردووە و كوردەكان دژی ئینگلیز نین بەڵام حكوومەتێكی كوردیی سەربەخۆیان دەوێ لە ژێر سایە و پارێزگاریی ئێمەدا و ئەمەی ئەوان گەرەكیانە نە خۆیان و نە كەسی تریش سەری لێدەرناكات، چونكە ئەوان بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ ببەسترێنەوە بە لیوا كوردییەكەی سلێمانییەوە، كەوا پێش هاتنی فەیسەڵ دەنگی بەوە داوە كە لە دەرەوەی دەوڵەتی عێراق بێت. بە هەر حاڵ، ناسیۆنالیزمی كوردی لەم چەند مانگەی دواییدا زۆری ڕست و زۆری وڕێنە كرد، كە ڕەنگە بیستبێتت، تا لە ڕاستیدا سێر پێرسى توانی قەناعەت بە كەركووك بكات بێنە سەر ڕێ و گوێ لە ئەقڵ و مەنتیق بگرن. ئەربیل و تەواوی ناوچە كوردییەكانی دەوروپشتی مووسڵ هاتوونەتە ژێر بار، چونكە دەزانن كە بەرژەوەندیی  سیاسی و ئابوورییان بەستراوە بە مووسڵەوە. ئەوان سەودا و مامەڵەیان لە سەر ئەمە كردووە و هەمان ئیمتیازیان دەست دەكەوێ چەشنی كاربەدەستانی كورد. هەندێك لەوان داواكارن كەوا خوێندن لە قوتابخانەكاندا دەبێ بە كوردی بێت و ئەمەش داواكارییەكی   ڕەوا و بەجێ نیە ئەگەر ئەو ڕاستییە رەچاو نەكرێت كەوا كوردی بە دەگمەن زمانی   نووسینە و هیچ مامۆستایەكی كوردیش نیە و ئەوان دەتوانرێ تەنها بە عەرەبی راهێنانیان پێبكرێت، لە بەر ئەوەی بە هیچ كلۆجێك كتێبى كوردی نیە.

 

ئای دنیا چەند سەیر و سەمەرەیە!

 

... ڕەنگە بەشێكی بە هۆی كەشوهەواوە بێت و بەشێكیشی بە هۆی خراپی و بێماناییەوە بێت كە وایلێكردم شێت و هار بم بە دەست ڕۆژنامە لۆكاڵییەكانەوە. ڕۆژنامەی "دیجلە" لەلایەن كابرایەكی گەنجی گەوج و بێئەقڵەوە دەردەكرێت كە هێرش دەكاتە سەر هەموو كەس و گوێ نادات بەوەی كێیە و كێ نیە. ئەم بڵاوكەرەوە بێئەقڵە بازاڕییە كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنێكی گەردوونیی دەزانێت ڕۆژنامە شەق و شڕەكەی بە پەرۆشەوە ئەوە دەخاتە ڕوو كەوا بنوێنێ نەیاری ئێمەیە و خۆی وا لە قەڵەم دەدا كە نیشتمانپەروەرێكی ئاست بەرزی عەرەبە بە هۆی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ئەو سەركەوتنانەی توركیا لەم شەش هەفتەیەی رابوردوودا بێ ئەوەی بیر لە ڕۆژ و بەروار بكاتەوە. دواجاریش ڕاستیی دەردەكەوێت لە نێو تەمومژدا و هەمان ئەو ڕۆژەى ئەو جاڕیدا كە گریكەكان (یۆنانییەكان) بە كەشتی لە ئیزمیر هەڵاتوون كەچی هەر لەو ڕۆژەدا ڕۆیتەر لە ڕۆژنامەیەكی تری پەیوەندیدار بە عەرەبەوە رایگەیاند كەوا توركەكان ئەنقەرەیان چۆڵكردووە و ئەمەش لەوە قورستر بوو كە من پێم قووت بدرێ. تۆ دەزانی كە لێرە لە ئاستی میللیدا خەڵك رقیە لە سەركەوتنەكانی گریك و ئافەرینی هەر كەسێ دەكەن كە لە بارەى سەركەوتنەكانی توركیاوە دەدوێ سەرباری ئەوەش ڕۆژنامەكەی  دەكڕن و لە بنەڕەتدا منیش هەمان هەستم هەیە. من هەر هیچ نەبێ نامەوێ گریك لە ئاسیای بچووكدا ببینم و لەوێ جێگیر بن، بەڵام ئەركی من لە ئێستادا دروستكردن و دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەرەبییە لە میسۆپۆتامیادا، لە بەر ئەوە تاقە دوژمنێك كە لە ئێستادا دەیبینم كەمالییەكان و هاوپەیمانییانە لەگەڵ بەلشەفیكەكاندا. ئەوان لەم ساتەدا بە هێزێكی شەست كەسییەوە پارچەیەك لە وڵاتە شاخاوییەكەی ئێمەیان داگیر كردووە كە دەكەوێتە باكووری ئەربیل (هەولێر)ەوە و حكوومەتێكی توركییان تێدا دامەزراندووە و مەسەلە تەنها هێزە و هیچی تر، بەڵام ئێمە هێزی تەواومان نیە بینێرینە سەرەوە بۆ ئەو شاخانە و تەنها دەتوانین بە هێزی ئاسمانی مامەڵەی لەگەڵ بكەین كە ئەویش بەس نیە. بەم پێیە جارێ لێگەڕاوین و ئەنجامەكەشی ئەوەیە كەوا هەر سەلكە زۆڵێك بە درێژایی ئەو سنوورانە خۆی پێدا بكات. لە كاتێكدا كەوا ڕۆژنامەی "دیجلە" برووسكەى سەركەوتنەكانی توركیا بڵاودەكاتەوە، جەعفەر ناردبووی بە شوێن ناونووسین و دامەزراندن لە سوپای عەرەبیدا بەڵام كەسی دەست نەكەوتبوو، چونكە خەڵك هزر و ئەقڵی شێواوەوە كەوتوونەتە قسە و باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی توركەكان! ئەمەش لە ڕۆژهەڵات خەڵك حەزی پێدەكات.

 

16

28ى ئابى 1921

 

باوكی خۆشەویستم، پاش ئەوەی دوو هەفتە بوو نامەم بە دەست نەگەیشتبوو، ئەم هەفتەیە دوو نامەم بە دەست گەیشت كە لە 19ی تەمووز و 27یدا نووسرابوون بە باسكردنێكی  قووڵ و خۆشی ناوجەرگەی یۆرکشایەر من وا نامە بۆ دایكم دەنووسم و نامەكانم هەمان شێوازی پەرۆشیی جارانیان پێوەیە. هەرچۆنێك بێت هەفتەیەكی ترسناكمان بردە سەر و مەلیكەكەمان تاجی  لەسەرنا و سێر پێرسى و منیش لە سەر ئەو ڕایە كۆكین كەوا نیوەی دەریامان بڕیوە و نیوەكەی تریش كە ماوە مەسەلەی پەرلەمان و دەستوورە. بەینی خۆمان بێت خۆ ئەوەم بۆ نووسیت كەوا حكوومەتی خاوەن شكۆ چ كێشە و گرفتێكی بۆ دروستكردین لە دوا ساتدا و وەڵامی فەیسەڵ و سێر پێرسى.

حكوومەتی خاوەن شكۆ وەك من ناوم لێناوە تازە بە تازە خەریكی دارەدارەیە لەم ڕووەوە و ئەمە هەمووی هەڵە بوو و دوور لە نیازی ئەوان بۆ دەستێوەردان و خوا كەریمە و ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بەرەو پێشەوە دەچین. شەوی دووشەممە ئاهەنگێكی نانخواردنی خێزانیمان ساز كرد لەگەڵ جەعفەر و نوری و ژنەكانیان، هەروەها برایەكی گەنجی جەعفەریش كە ناوی تەحسین بوو بەشداری كردین، ئەم برایەی پشكنەری پۆلیسە لە سامەڕا و گەنجێكی زۆر باش و بەتوانایەو بە ڕاستی شەوێكی خۆش بوو. جەعفەر و نوری یەكبینە لەخۆشییاندا خەریكی نوكتە گێڕانەوە بوون و منیش بۆم دەسەندنەوە. ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنان ڕۆژی سێشەممە كاتژمێر شەش دەستی  پێكرد و زۆر جوان بەڕێوەچوو، سەكۆیەكی 2 × 6 پێ بەرز لە ناوەڕاستی حەوشەی سەرای گەورەدا دانرابوو، لە پشتیەوە جێگەی فەیسەڵ تەرخان كرابوو لەگەڵ شوێنی گەورەی پێشوازیی حكوومەت و لە پێشەوە جێگەی ئێمەش ڕیز ڕیز دیاریكرابوو: ئینگلیزەكان، كاربەدەستانی عەرەب، پیاوماقووڵانی شار، وەزیرەكان، نوێنەرە ناوخۆییەكان و تێكڕا ژمارەی ئامادەبووان دەگەیشتە هەزار و پێنجسەد كەس. ئێمە لە دەروازەی سەراوە بە پسووڵە دەهاتینە ژوورەوە و كاتێ مەراسیمەكە دەستی پێكرد پۆلیسی عەرەب نەیهێشت كەس بێتە ژوورەوە و زۆرێك لەو كەسایەتییە پایەبەرزانەی درەنگ هاتن نەیانتوانی بێنە ژوورەوە. ئەمە هەموو ڕێكخستنی عەرەب بوو و بە تەواوی ڕاست و دروست بوو. من پێش ئەوەی ماڵەكەم بەجێبێڵم حاجی ناجی بەرەو ئاهەنگەكە بەڕێكەوت و بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆم سەرمخست و پێكەوە ڕۆیشتین.  من و لەیدی كۆكس و گاربێت و خاتوو سڵەیتەر و یەك دوو پیاو لە بارەگای حكوومەت لە ڕیزی پێشەوەی ئینگلیزەكان بووین. ڕێك كاتژمێر شەش فەیسەڵمان بینی بە بەرگی ڕەسمییەوە، لەگەڵ سێر پێرسیدا بە دەستەجلێكی سپیی یونیفۆرمەوە بە تەواوی شریت و ئەستێرەكانیەوە، سێر ئەیڵمەر، مستەر كۆرنواڵیس و تاقمێك بەدوایانەوە بە سەر فەرشی درێژدا هەنگاویان دەنا و گاردی شەرەفیان دەپشكنی و بەرەو سەكۆكە دەچوون. لە ناو ئەوانەدا سەید مەحموودی كوڕە گەورەی نەقیب و سەید حوسێن ئەفنانی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون. ئێمە هەموو هەڵساینە سەرپێ كاتێ ئەوان هاتنە ژوورەوە و ئەوجا دانیشتین كاتێ كە جێگای خۆیان لە سەر سەكۆكە وەرگرت. فەیسەڵ زۆر بە شكۆوە دەركەوتبوو بەڵام بە تەواوی شڵەژابوو و ساتەوەختێكی پڕ كەف و كوڵ بوو. ئەو چاوی بەڕیزی پێشەوەدا دەگێڕا و چاوی خستە سەر من و سڵاوێكم لێكرد، پاشان سەید حوسێن ئەفنان هەڵسا و بەیاننامەی سێر پێرسیی خوێندەوە و ڕایگەیاند كەوا فەیسەڵ بە دەنگی 96% ی خەڵكی میسۆپۆتامیا بە مەلیك هەڵبژێردرا. بژی مەلیك! لێرەدا ئێمە هەڵساینە سەرپێ و سڵاومان بۆ كرد و ئاڵای نیشتمانی لە تەنیشتیەوە بەرز كرایەوە و تیپى مۆسیقایش سروودی "خوایە مەلیك بپارێزی"ی خوێند، چونكە تا ئێستا سروودی نیشتمانییان نیە (هەڵبەت ئەمە سروودى نیشتمانیى بەریتانیا بوو ـ وەرگێڕ) و لە پاش سڵاوی نیشتمانی بیست و یەك گوللە تۆپ تەقێنرا و لەو كاتەدا سەید مەحموود زۆر بە شێوەیەكی نەشیاو دۆعای سوپاسگوزاریی خودای خوێند و لەجیاتی ئەنجومەنی وەزیران بەیعەتی مەلیكی كرد. مێجەر دیچبێرن لە ناوچەی ناسرییەی دوورەدەست پێیوتم كاتێ تۆپەكان تەقین یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی سەعدوون كە لە هەڵۆ دەچوو و بە تەنیشتیەوە دانیشتبوو وتوویەتی "هادە الحچی، واتە ئەمەیە قسە!" (مەبەستى ئەوە بووە كە ئیش هەر لە خۆیان دێت ــ و) و وا دیارە بووە بە قسەو باسی هەموو شوێنێك. دواجار مەلیك فەیسەڵ وتارێكی بۆ خەڵكەكە داو ئێمە تێكستی وتارەكەمان بە برووسكە بۆ ناردوون و دەتوانن بیخوێننەوە، پاشان كە مەلیك هاتە سەر بڕگەی بەریتانیای مەزن ئاوڕی بۆ لای سێر پێرسى دایەوە. بە هەر حاڵ وتارەكە زۆر جوان و سادە و دڵـگیر بوو. لە پاش ئەمە دەرچوونە دەرەوە بەو شێوەیەی كە هاتنە ژوورەوە و ئێمەش تاوێك دانیشتین تا سێر پێرسى و جەنەراڵ بە ئۆتۆمبێلەكانیان ڕۆیشتن و پاشان ئێمەش بە ڕێككەوتن بە دەم قسە كردن و گۆڕینەوەی سڵاو و پیرۆزباییەوە. شتێكی سەرسامكەر بوو كە هەموو عێراق لە باكوورەوە بۆ باشوور ببینی لەوێدا پێكەوە كۆبوونەتەوە و لە مێژوودا یەكەمجارە ئەمە ڕووبدات. پاشان من چووم بۆ ئۆفیس و لەگەڵ خانەوادەی كۆكسدا قاوەڵتیمان كرد و دواتر پێشوازیم لە كۆمەڵێك خەڵك كرد كە هەر یەكەیان بەیت و باوێكی ئەو بەیانییەى لەلابوو كە یەك لەوانە عەلی سڵێمانی دلێم بوو كە دەیوت "بەو خوایە سێر پێرسى كۆكس وەك مانگ لە ناویاندا دەدرەوشایەوە (مانگ لای عەرەب بۆ نێرینەیە) و ڕوخساری لە هی فریشتە دەچوو". من لە خەڵكی ترم بیست كەوا گەورەترین ئاسوودەیى و كەیفخۆشیی شێخەكانی ناوچە دوورەكان ئەوە بووە كە چاویان بە سێر پێرسى بكەوێت چونكە پێشتر نەیانبینیبوو. ئەمە شتێكی چاكە كەوا كەسایەتییەكی لەم چەشنەیە، بە باڵای بەرز و باریكی و لووتی پڵنگ ئاسای. بۆ ئێوارە ئاهەنگێكی نانخواردنم بۆ هەشت كەس ساز كرد كە مێجەر دیچبێرن و موتەسەڕیفی لیواكەی كە ئیبراهیم بەگی سەعدوونە و پۆستەكەی وەك موتەسەڕیف كەمێك زەحمەت بوو چونكە خوێندەواریی نەبوو، هەروەها عەبدوڵا بەگی سەعدوون كە هەفتەی پێشوو بۆم باسكردی، عەبدولمەجید شاوی، مستەفا چەلەبیی سابوونچی كە یەكێكە لە پیاوماقووڵانی مووسڵ. بەهیوام دوو كەسایەتییەكەی ترم بیر بێتەوە كە ناوەكانیانم لەبیرچووەتەوە. هەردوو سەعدوون جلی بەدەوییان پۆشیبوو، چەلەبی كەواو مێزەر، عەبدولمەجید بە جلی  ئەوروپی و فێسێكی لە سەر نابوو. كارەكە بە باشی بەڕێوەچوو. ئەحمەد پاشاى سەنا لە بەسرە، كە نەهات بۆ بانگهێشتنەكە، چایەكی لەگەڵ خواردمەوە و بە دوور و درێژیی لە بارەی دۆخی بەسرەوە دوا و باسی ئەوەی دەكرد كە بەسرە دەیەوێت ببێتە بەشێك لە عێراق و دەخوازێ پەیوەندیی نزیك و بەهێزمان هەبێت زیاتر لە هەر بەشێكی تری عێراق. منیش وتم ئەمە هەمووی ڕاستە كاتێ كە ئەوان بەشێكی تەواوكەر و دانەبڕاو بن لە عێراق و ئەندامانیان بنێرنە ئەنجومەنی هەڵبژێردراو.

بۆ بەیانیی ڕۆژی ئایندە سێر پێرسى و ستافەكەی یەكەم كەس بوون بچنە خزمەتی فەیسەڵ. ئەمە كاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی دەستی پێكرد و یەكەمجار سێر پێرسى ڕۆیشت ئەوجا مستەر گاربێت و دوای ئەوانیش من. فەیسەڵ لە پێش تاجەكەیدا وەستابوو، سێر پێرسى لە لای ڕاستیەوە، مستەر گاربێت لە لای چەپیەوە و منیش پاش ئەوەی بۆی نووشتامەوە چوومە لای چەپی سێر پێرسى، لە كاتێكدا هەموو ستافە بەریتانیەكان بەوێدا تێپەڕین. (من ئەستێرەكەم و هەر سێ ویشاحی جەنگم بەستبوو، بۆ یەكەمجار لە كاتی تاج لەسەرناندا). ئێمە هەرسێكمان لەگەڵ فەیسەڵ و دواتریش مستەر كۆرنواڵیس لە سووچێكی ژوورەكەدا دانیشتین و كەوتینە قاوە خواردنەوە تا ئەو كاتەی هاتن و وتیان ئاهەنگەكە سازە و ئەوجا ئەوێمان جێهێشت درەنگانێكی پاش نیوەڕۆ خانەوادەی كۆكس ئاهەنگێكی بچووكیان ساز كرد لە باخچەكەیاندا و فەیسەڵ هەواڵی لێگێڕاینەوە كە حەز دەكات بێت بۆ ئەوەى سوپاسی سێر پێرسى بكات. مستەر كۆرنواڵیس، كۆڵۆنێڵ جۆیس و تاقمی سێر پێرسى و ماڵی گاربێت و من لەوێ بووین. ئاهەنگەكە ئەوپەڕی خۆش و قەشەنگ بوو لە سەر سەوزەگیای ژێر دارخورماكاندا. فەیسەڵ پێنج شەش كەسی دەستە و تاقمەكەی خۆی هێنابوو، هەموو دانیشتن بۆ ماوەی سەعاتێك و شیرینى و ساردەمەنیمان خوارد. پاشان من بانگهێشتێكی ترم هەبوو بۆ نانخواردنی ئێوارە بۆ هەشت كەس كە عەبدوللەتیف پاشای مەندیل و حاجی مەحموود وەزیری ئەوقاف و قایمقام و نەقیب و قازی بوون و دانیشتنێكی زۆر خۆش بوو. قازیی مووسڵ ڕەنگە خۆشەویستترین پیرەمێرد بێت لە هەموو عێراقدا، كە پیاوێكى سپی پێست لە جبە و مێزەرێكی سپیدا و زۆر قەشەنگ و ژیر دەینواند، وەزیری ئەوقاف كەسێكی ڕووخۆش و ئاقڵ، نەقیب پیاوێكە تەمەنی كەمێك سەروو هەفتا ساڵە و مێزەرێكی سەوزی تێری بە سەرەوەیە و زۆر بایەخێكی ئەوتۆی نیە بەڵام هەر ئەوەیە كە ڕاستەوخۆ نەوەی پێغەمبەرە و بنەماڵەكەی فەرمانی نەقیبییان هەیە لە زەمانی تەیموورلەنگەوە. ئەمەش بە شێوە توركییەك نووسرابوو كە نەیاندەتوانی بیخوێننەوە و بەڵـگەنامەیەكی ڕێزلێنان بوو. سەیدەكانی مووسڵ بەشێكی زۆر بایەخدار بوون لە   شاردا و ئەمانە هەر هەموو نەوەى یەك باپیرە گەورەن و نزیكەی هەشت سەد لەمەوپێش هاتوونەتە مووسڵ. لە نێو ئەم تاقمە دێوانە و دەروێشەدا عەبدوللەتیف مەندیل كەسێكی جیاواز بوو و ڕوخسارێكی نەجدی و شێوازی عەرەبێكی قووڵایی وڵاتی عەرەبستانی هەبوو. باوكی لە بەسرە نیشتەجێ بووە و ئێستا كە تالیب دەسەڵاتی نەما پێموایە بەهێزترین كەسایەتییە لە وڵاتدا و هەر ئەویش داواكاریی خەڵكی بەسرەی ڕێكخست بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە. باشە بۆچی؟ ئاخر ئەو بازرگانێكی گەورەیە و دەیەوێ لە ئاوی مەنگ و هێمندا ڕاوە ماسی بكات و گوزارشی تەواو بەهێزی دەكرد لە دید و بۆچوونی خۆى لەم ئێوارە خوانەدا. پاشان هاتینە سەر گفتوگۆ كردن لە سەر كەركووك و وەزیری ئەوقاف كەوتە دۆعا و پاڕانەوە لە خوا كەركووك لە عێراق جیابێتەوە چونكە وەقفەكانیان هیچ نانێرن و لە ناو خۆیاندا هەر خەریكی شەڕ و ئاژاوەن و لێرەدا مەجلیسەكە هەموو دایانە قاقای پێكەنین، بەڵام قازی سەری هەڵبڕی و بە هەندێك دوور و درێژی و زۆر ئاقڵانە لە سەر مەسەلەی كورد دوا. لێرەدا دوو میوانەكەی ترم بیركەوتەوە كە لە ئاهەنگەكەی یەكەمجاردا هاتبوون، ئەوانیش موتەسەڕیفی عەمارە ساڵح باش ئەعیان بوو كە لە زیرەكیدا مەیموونیش گرەوی لێنەدەبردەوە و من زۆرم خۆش دەوێ، لەگەڵ عەبدولقادر باش ئەعیانی خوشكەزایدا كە ئاهەنگێكی گەورەی لە قاهیرە بۆ جەعفەر سازكردبوو.

سێر پێرسى زۆر نەخۆش بوو، بەڵام لە ڕۆژی تاج لەسەرناندا تەندروستیى باشتر بووبوو و ئێستا بە تەواوی چاكبووەتەوە، لە بەر ئەوە من كە بۆ ماوەی هەفتەیەك نەمدەهێشت خەڵك بچێتە لای و بۆنەیەكم ڕێكخست بۆ پیاوماقووڵان كەوا سەردانی بكەن و سڵاوی لێبكەن و دوو ڕۆژمان بۆ ئەوە دانا، كە هەینی و بەیانیی شەممە بوو. زەحمەتە پێت بڵێم لە یەك كاتدا چەند كەس لە ئۆفیسدا بوون و زۆرم لا خۆش بوو ئەوانە ببینم كە هی وایان تێدابوو لەوەوپێش هەرگیز نەمدیبوو، هەروەها زۆرێك لەوانە پێشتر بەغدایان نەدیبوو. بەسرە و عەمارە ڕۆژی هەینی هاتن، حیللە و مووسڵ ڕۆژی شەممە و هەر هەموو گەورە پیاوانی ئەو شوێنانە بوون. لە ناو ئەمانەدا مووسڵ لە هەمووی خۆشتر و سەرسامكەرتر بوو و من كردمن بە سێ تاقمەوە: یەكەم بۆ گەورە پیاوانی شاری مووسڵ كە میوانەكانی من و هاوەڵەكانیان بوون، ئەوجا قەشە و مەترانەكانی مەسیحی كە زۆرن لە مووسڵدا لەگەڵ گەورە ڕابی و حاخامی جوولەكە. یەك لە مەسیحییەكان مار شەمعوونی بچكۆلە بوو كە مەتران و فەرمانڕەوای نەستوورییەكان بوو و ئەم پۆستە لە بنەماڵەكەیاندا بە میراتی لە باوباپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە و ئەمیش پار ئەم جێگەیەی وەرگرتووە. ئەم كوڕە بچكۆلە ڕۆحسووكە تەمەنی دە ساڵ بوو و بە تەواوی بە پێی داب و دەستووری كەنیسە هاتبوو، خاچێكی زێڕی گەورە و زنجیرێكی لەملدا بوو و چارەنووس بۆی دانابوو كە ببێتە مەتران. گرووپی سێهەم لەوانیتر خۆشتر و سەرنجڕاكێشتر بوو ئەویش سەرۆكە كوردەكانی ئەو سنوورانە بوون كە هەڵبژێرابوون بێنە ناو دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەو دەمەی كوردستانێكی سەربەخۆ گەڵاڵە دەبێت و خواستیان دێتەدی. من پێشتر تەنها یەك كەسم لەوانە دەناسی ئەویش سەعید بەگی سەرۆكی ئاینیی ئێزیدییەكان و ئەو دەمەی لە ساڵی 1909 دا من لەگەڵ باوكیدا بووم ئەو منداڵێكی حەوت هەشت ساڵان بوو. دەستمان كردە ملی یەكتر و بە تەواوی ئەوەی لەبیر بوو كە هەموو جار دەهات لە خێوەتەكەمدا لەگەڵم دادەنیشت. هەندێكی تریان خەڵكی زۆر كەتە و زل بوون و لەوانە شێخ نوری بریفكانی كە سەری پاك سپی و مێزەر و جبەشی هەر سپی بوو و دەسەڵاتی ئاینی و دنیایی بە سەر بەشێكی زۆری خەڵكی سنووردا دەڕۆیشت. قادر ئاغای شووش لە ناوچەكەدا زۆر دەستباڵا بوو و لە زمانی كوردی بەولاوە هیچی تری نەدەزانی و پیاوێكی كەتە و لەڕادە بەدەر قەڵەو بوو، دەستەجل و شەرواڵێكی پانوپۆڕ و خەتخەتی لە بەردا بوو لەگەڵ پشتێنێكی گوڵـگوڵی و گەورەترین مێزەری كوردیی بە سەریەوە و شاڵێكی گەورەشی بە دەورەوە پێچابوو، بە ڕاستى بینینی ئەم پیاوە شتێكی خۆش بوو. پاش ئەوەی چارەكە سەعاتێكیان لەگەڵ سێر پێرسى بردە سەر، هەر هەموو بە نۆرە هاتنەوە لای  من و لەوێدا كوردەكان هاتن و زۆر لام دانیشتن. قایمقامی زاخۆ قسەی دەستپێكرد و وتی دەرفەتی ئەوەیان نەبووە باسی پاشەڕۆژی كوردستان بكەن لەگەڵ سێر پێرسیداو لە بیروڕای منیان پرسی لەو بارەیەوە، منیش پێموتن كەوا ڕام وایە ئەو ناوچانەی ئەوان لێیەوە هاتوون لە ڕووی ئابوورییەوە پشتیان بە مووسڵ بەستووە و بەم پێیە بێت دەبێ چەند كوردستانێك دروست بێت. ئەوان قەناعەتیان بەم قسەیە كرد، بەڵام شێخ نوری وتی دەبێ كاربەدەستی كوردمان هەبێت و منیش وتم ئەمە كارێكی زەحمەت نیە. هەروەها داواكارییان ئەوە بوو كە منداڵان بە كوردی بخوێنن لە قوتابخانەكاندا، بەڵام من ڕام وابوو ئەو كارە زەحمەتە تا ڕادەیەك چونكە یەك دانە كتێبى قوتابخانە و بگرە هی تریش نیە كە بە كوردی نووسرابێت. لێرەدا هەڵوەستەیەكیان بۆ كرد و پاش تێڕامانێك وتیان قەیدی نیە با خوێندن بە عەرەبی بێت، بەڵام ئەی بەڕێوەبردن و ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی چۆن دەبێت؟ منیش وتم: "باشە لەو بارەیەوە قسەتان لەگەڵ فەیسەڵی گەورەماندا كردووە؟ وتیان: "نەخێر" منیش پێشنیازم كرد "چاكە وا باشترە دەسبەجێ بچن بۆ لای و ئەوەی لەگەڵ باس بكەن، ئەگەر دەتانەوێ دیدارێكتان لەگەڵیدا بۆ ساز بكەم؟" وتیان: "بەڵێ". بەمجۆرە تەلەفۆنم كرد بۆ ڕۆستەم حەیدەر و دواینیوەڕۆی دوێنێم ڕێكخست بۆ ئەو چاوپێكەوتنە، چونكە خۆیشم بەپەرۆش بووم بزانم فەیسەڵ لەم بارەیەوە چی دەڵێ. سەیرە، وا نیە.

 

ڕۆژی پێشتر دوو سەعاتم لەگەڵ فەیسەڵدا بەسەربرد و داوای چای بۆ كردم و وێنەكانی سەیرانەكەمانم بۆ برد (ئەوەی كە بۆم باسكردیت) لەگەڵ نەخشەیەكی سوریادا، لە تایمسەوە وەرگیرابوو، بەو شێوەیەی كە فەرەنسییەكان سوریایان لەتوپەت كردبوو بە سەر ویلایەتی جیاجیادا. فەیسەڵ زۆری حەز لە وێنە بوو و سوێندی لە سەر نەخشەكە خوارد "بەخوا، ئەمە حەرامە" و ئێمە پێشتر لەو بارەیەوە ئەمەی سوریامان بە كوفر و ناڕەوا داناوە. هەر لەو كاتەدا نوری و ڕۆستەم بە دوای جەعفەردا خۆیان كرد بە ژووردا (رۆستەم خەڵكی سوریا بوو). من پێموتن كەوا بێجگە لە ڕۆستەم وا بزانم لە هەر یەكێك لە ئێوە باشتر سوریا دەناسم و زیاترم خۆش دەوێت، گوند بە گوند و شاخ بە شاخ و ڕووبار بە   ڕووبار و باوەڕم وابوو تاقە یەك هیوا هەیە بۆ سوریا، كە دەبێ لێرە بە تەواوی دانیشتن و ورتەمان لە دەم نەیەتە دەرەوە و خەریكی كاری خۆمان بین. كاتێ كە ئێمە میسۆپۆتامیامان كردە دەوڵەتێكی نموونەیی عەرەب هیچ عەرەبێكی سوریا و فەلەستین نەبوو حەز نەكات ببێتە بەشێك لەو دەوڵەتە و من بەهیوام پێش ئەوەی بمرم فەیسەڵ لە سنووری ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕاست حوكم بكات. بەڵام ئەگەر لێرەوە ئاژاوەمان بەرپا كرد و پەنجەمان بەرز كردەوە و دەنگمان هەڵبڕی ئەوە سوریا و عێراق وەك یەك خاپوور دەبن. ئەمە تا ڕادەیەك بە هۆى مەولوود پاشاوە بوو كەوا دەردی جەعفەر پێی دەڵێ "كەری نمرە یەك" و لە بارەی مووسڵەوە دەیوت هەر كاتێ فەیسەڵ فەرمان بدات سوریا دەگرمەوە، هەروەها ئەو بوو كە ساڵی پار سەركردایەتیی هێرشێكی كرد دژی ئێمە لە سەر فورات و فەرمانەكانی فەیسەڵی فەرامۆش كرد. مەسەلەیەكی سەیر و سەمەرە ئەگەر لە پاش داگیركردنی دێرەزور (دیر الزور) لە باكوورەوە و دەرپەڕاندنی ئیدارەی بەریتانی لە ساڵی 1920 دا، بێت دێرەزور لە باشوورەوە بگرێت و ئیدارەی فەرەنسی لە ساڵی 1921 دا دەردەپەڕێنێت! بەڵام بێگومان ئێمە ڕێگەی پێنادەین. پاشان سەعاتێكی خۆشمان بەسەربرد و گفتوگۆمان لە سەر ئەم شتانە كرد: (ئە) سنووری بیابانمان لە باشوور و ڕۆژئاواوە، (بێ) ئاڵای نیشتمانی و ئاڵای شەخسیی فەیسەڵ و بۆ ئەمەی دواییان بە شێوەیەكی كاتی ئەم سێكچەمان ڕێكخست و ئاڵای حیجاز لەگەڵ تاجێكی ئاڵتوونیدا لە سەر سێگۆشەیەكی سوور و با ئەوەشت پێبڵێم كەوا سوور ڕەنگی خانووەكەیەتی بۆیە دەیەوێ ناو و مۆركی خۆیی بخاتەسەر. باوكە لە ڕێی خوادا پێم بڵێ ئایا ئاڵای حیجاز لە ڕووی ڕەسەنایەتییەوە ڕاستە؟ بە برووسكە بۆم بنێرە و پێموایە ئاڵایەكی زۆر باشە و دەتوانین لەمەی عێراقدا گۆڕانكاریی تێدا بكەین و ئەستێرەیەكی ئاڵتوونی بخەینە سەر شریتێك قوماشی ڕەش یان سێگۆشەیەكی سوور. ئەنجومەن ڕاستەوخۆ ڕەزامەندیی لە سەر دەردەبڕێت كاتێ كۆبووەوە و تكایە لە كاتی گونجاوی خۆیدا ئاگادارم بكەرەوە و ئەگەر هەر پێشنیازێكیشت هەیە بۆ ستانداردەكەی فەیسەڵ بۆم بنێرە.

 

بە هەر حاڵ لە پاش خۆرئاوا لێبووینەوە و فەیسەڵ خێرا ڕاپەڕی و كڵاوەكەی لەسەرنا و وتی: "دەبێ ئێستا بچم بۆ نوێژ كردن" و هەر كە ئەو چووە دەرەوە من و جەعفەر ویستمان لە ژووری تاجەوە بڕۆین بەڵام جەعفەر وتی "خاتوون كەمێك چاوەڕێ بكە" و بردمیە ئەو باڵكۆنەی كە بە سەر دیجلەدا دەیڕوانی. ئەوەی كە ویستی پرسیارم لێبكات لە بارەی كابینە نوێكەوە بوو. شتێكی سەرسورهێنەر بوو، ڕووناكییەكی سوور بە سەر دیجلەوە، شەوێكی   گەرم و قسە پڕ دڵەڕاوكێكەی جەعفەر و بە شێوەیەكی سروشتی هیچ شتێكی تر باس نەكرا. یەك لە ڕۆژنامەكانی ناوخۆ خەڵاتێكی دانابوو بۆ هەر كەسێك بە ڕاستى مەزەندەی ژمارەی كاندیدی حكوومەت بكات. ئەم دواینیوەڕۆیە ناجی سوەیدى هاتە لام و وتی وەزارەتی ناوخۆم ناوێت (كەوا بایەخدارترین وەزارەتە)، چونكە وەك دەیوت خەڵكی لێیدەئاڵین و كاریان لێدەوێ. من پێموت بیستوومە كەوا وەزارەتی داد بۆ تۆ   دانراوە و وتی پێی ڕازیم. ئەمە سەلماندنێكی گرنگ بوو چونكە نە سێر  پێرسى و نە نەقیب، كە داوای لێكرابوو پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، ناجییان خۆش نەدەویست. ئەوان وایاندەبینی كەوا كەسێكی زۆر بەتوانایە بەڵام تەواو جێگیر نیە بۆ ئەم كاتە ناسكە. من لای خۆمەوە وای بیر لێدەكەمەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە هەموو شتێك بە ڕێكی ئەنجام بدات و بە تایبەتیش فەیسەڵ پێی باشە و بەڵام دەزانێ كە سێر پێرسى حەزی لێناكات و زیاتر بە دوای كەسێكی دڵسۆزدا دەگەڕا و جەعفەری زیاتر پێ پەسەند بوو.

 

جەعفەر تا سەر ئێسقان دڵسۆزە بەڵام ناتوانێ ناوخۆ بەڕێوە ببات و لەوەش ئەولاتر نابێ وەزارەتی بەرگری وەربگرێت لە سەروبەندی دروستكردنی سوپایەكی عەرەبیدا. جەعفەر بەوە دەستی پێكرد و پاشان پێشنیازی ناجی كرد و منیش ڕێك ئەوەم پێوت كە ناجی   پێیوتم و ئەمەش كارتێكی زۆر سوودبەخش بوو. پاشان جەعفەر ناوی حەمدی پاچەچی هێنا كە هەرگیز نەیدەكرد، چونكە كابرایەكى بێكەڵكی لووتبەرز بوو. وابزانم لەو ڕووەوە جەعفەرم قەناعەت پێكرد و ئەویش وتی "ئەی نوری چۆنە؟" لە وەڵامدا وتم من نوریم خۆش دەوێ بەڵام ئەو هێشتا زۆر گەنجە و ئەزموونی بەڕێوەبردنی نیە. جەعفەر زۆر بە شڵەژانەوە تەماشای دەكرد و پێموت: "ئێستا دەبێ پێت بڵێم ئەو پیاوەی سێر پێرسى بۆ ئەم سەردەمە كاتییە گەرەكێتی و لەم كاتەدا كە بانگهێشت و ڕێنمایی نوێنەران دەكەین بۆ داڕشتنی یاسای بنەڕەتی، ئەحمەد پاشای سەنائە. جەعفەر و نوریش هەر بیریان لەم   كردووەتەوە و ئێمە بە تایبەتى ئەحمەد پاشا دەناسین. بۆیە وامبیستووە كەوا ئەگەری دامەزراندنی ئەویان باس كردووە". جەعفەر وتی "بەڵێ بەڵام ترسم لەوەیە پەڕگر و توندڕەوان ناڕەزایی توند دەرببڕن". من داكۆكیم لەوە كرد كەوا هەموو خەڵكانی كاریگەر وەك گەرەنتییەك تەماشای ئەم پیاوە دەكەن بۆ جێگری و بێجگە لەوەش ئەگەر تۆ پیاوێكی خەڵكی بەسرەت لە وەزارەتێكی گرنگدا دانا ئەو كاتە زۆر زەحمەتە بەسرە سوور بێت لە سەر جیابوونەوەی ئیداری لە عێراق. لەم كاتەدا فەیسەڵ، كە لە نوێژ كردن بووەوە، گەڕایەوە و مستەر كۆرنواڵیسیش گەیشت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئیش و كار قسەی لەگەڵ بكات. بەم ڕەنگە منیش ئەوێم بەجێهێشت و كاتێ كە لەگەڵ جەعفەردا بە قاڵدرمەكاندا دەچووە خوارەوە جەختم لە سەر دوا مشتومڕیان كرد و بە تەواوی سەری سوڕمابوو. بەهیوام بەهەڵەدا نەچووبێتم بەڵام ئەمە خواستی سێر پێرسى یە و بە زۆری ئەو هەڵە ناكات. بۆ سبەی بەیانی تەواوی مشتومڕەكەم بۆ فەیسەڵ باس كرد و ئەویش سەری ڕەزامەندیی بۆ لەقاند.

 

                                                                                               كچى دڵسۆزتان   

    گـێـرتـروود

 

17

 

17 ى ئەیلوولى 1921

 

باوك و دایكی ئازیزم، ئەمڕۆ نامەكانی 16 و 17 ی ئابی ئێوەم پێگەیشت و تیایاندا باستان لە بابەتێكی نابەجێ كردووە كەوا لە سەر من لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرك هێراڵدا بڵاوكراوەتەوە و باستان نەكردووە كەچی تێدا وتراوە و وای بیر لێدەكرێتەوە كە لەوەی كە هەیە خراپترە. من هەرگیز ناوی جۆن ماكهاف ستیوارتم نەبیستووە و پێستی سەری بە نەعلەت بێت. بە پێچەوانەی ئەوەوە هەموو هەواڵەكانی ترتان دڵخۆشكەرن و من خۆشحاڵم بەوەی چێژ لە نامەكانم دەبینن و سوپاستان دەكەم. ئەوە هەمووی ڕاست نیە كە من بڕیار لە سەر تەواوی چارەنووسی عێراق دەدەم، بەڵام ئەوەیان ڕاستە كە من تا سەر ئێسقان لەگەڵ دروستكردنی حكوومەتێكی عەرەبیدام و مەسەلەیەكی زۆر ناسك و هەستیارە هێند جێی متمانەیان بم و زۆر بەئاگام لەوەی كە لووت نەژەندمە هەموو كاروبارێكیانەوە و هەر كاتێ ئەوان سەرقاڵی شتی تر بوون ئەوە من دەچمە لای كاری خۆمەوە. پاشان هەر هەموو بە هەناسە سواری هانام بۆ دەهێننەوە! چونكە كاریان مەیسەر نابێت و بە هەڵەداوان دەخوازن كاری ئاڵۆزیان بۆ ساز و چارەسەر بكەم و ڕەنگە بەمە كەمێك هۆشیان بێتەوە سەر و شتێك فێر بن لەوەی كە من گاڵتەیان پێدەكەم، بەڵام ڕاستیەكەی لەوەدایە كە نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینە لەم وڵاتەدا زۆر كەمە (هەرچەندە ئاسان نیە كە بیزانن) و هەر واشدەبێت تا خەڵكی ئەوە نەبینن كە حكوومەتە عەرەبییەكە و ئێمەش لە پشتیەوە، بەرەو  شكست و هەڵدێر دەچێت. حاڵی حازر ڕێژەیەكی بەرچاوی گەوج هەن كە قەناعەتیان وایە یان دەبێ كاروباری شانۆكە ئەوان ڕایی بكەن یان هەڵیدەگێڕنەوە و هەڵبەت هێچكامێكیشیان پێناكرێت. مەسەلەیەك نیە بەلای منەوە ئەوانە تێدەگەن یان نە، چونكە ئەوانە هیچ بایەخێكیان نیە و تەنها پەرۆشم كە ئەوانیتر بزانن كەوا ئەوانە بێبایەخن.

سێشەممەی رابوردوو پانزەی موحەڕەم بوو كە عاشوورایە و لووتكەى شین و شەپۆڕە بۆ یادی كوشتنی حوسەین، من چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمەكە لە كازمیەدا بینم، بەڵام لە ڕاستیدا نایانبینی چونكە دەچنە ناو مزگەوتەوە، بەڵام قایمقامی كازمییە هۆدەیەكی لە خانوویەكی چۆڵدا بۆ ئامادە كردبووین كەوا ڕوویكردبووە مزگەوتەكە و لەوێ دانیشتین چاودێریی خرمەی پێی ئەسپەكانمان دەكرد. گرووپی ئێمە مستەر گاربێت و من و خەڵكی جۆراوجۆری تری ئۆفیسەكان بووین. من و مستەر گاربێت كاتژمێر پێنج و نیو بە ئۆتۆمبیل ڕۆیشتین و ئەوانی ترمان لەوێ بینی. خانووەكە خانوویەكی زۆر كۆنی مۆدێل ئێرانی بوو بە پەنجەرەی تەلبەندەوە، كە هی كەسێكی خەڵكی نەجەف بوو. هەر كە ئێمە گەیشتین فەیسەڵیش هات و چووە ناو مزگەوتەكەوە بۆ شوێنێكی تایبەتی چون سندووق كە بە تایبەتى بۆ ئەویان تەرخان كردبوو لە حەوشەكەدا بۆ تەماشا كردنی ڕێوڕەسمی موحەڕەم، كە بێگومان ئێمە نەماندەبینی. ئەوان تەواوی دیمەنی مەرگی حوسەینیان دەنواند، هێرشی لەشكری معاویە و كوشتنی تاقمی ژمارە كەمی حوسەین یەك لە دوای یەك، سووتاندنی خێوەتەكانیان و بڕینی سەری كوژراوەكان و ناردنیان بۆ معاویە (ڕاستێكەى بۆ یەزیدى كوڕى معاویە بووە ــ و). بەڵام پێش نمایشكردنی ڕێوڕەسمەكە مەوكیب لە دوای مەوكیب تێدەپەڕین بە بەر پەنجەرەكەی ئێمەدا و لە ناو ئەوانەدا تاقمی فیداییەكانی حوسەین بوون كە دوو جۆر بوون: تاقمێكیان بە هێمنی سینگیان دەكوتا و تاقمێكی تری پیاوان خۆیان بە شمشێر لەتوپەت كردبوو. لە زەمانی توركدا هەندێك لەم تاقمەی دواییان خۆیان دەكوشت هێند شمشێریان لەخۆ دەدا، بەڵام ئێستا پۆلیس ڕێكیاندەخات و بەو ڕادەیە مەترسیدار نیە. پرۆسەكە بەم جۆرەی خوارەوەیە: زۆر بە چاكی سەرت تاشیبێت و ڕووتت كردبێت و وەك بەشدارێكی توندڕەو و پشكنەرێكی پۆلیس بە شمشێر گەلێ برینی قووڵ دەكاتە تەوقە   سەرت و برینەكان خوێنیان لێدەچۆڕێت و خوێن سەر و دەم و چاوت سوور دەكات و كاتێ دەست دەكێشی بە سەرتدا و پاشان دەیدەی بە كەوا سپییەكەتدا یەكپارچە پەڵەی  خوێن و دیمەنێكی سەرسامكەر دروست دەكات. هەندێك لەوانە كەواكەیان لە دواوە بە تەواوی شەڵاڵی خوێن دەبوو، من فرە جار وام بەبیردا دەهات كە ئەوە خوێنی شتێكی تر بێت و ڕەنگە خوێنی مەڕ بێت. لە هەمان كاتدا زۆرێك لەوانە بە تەواوی تێكچووبوون و لەتریان دەدا و هاوەڵەكانیان گرتبوونیان و یەكێكیان هەر بوو بە لاشە و بە چواردەستە بردیان. پاشان هەر هەموو بە پڕتاو لە مزگەوت وەدەركەوتن و شمشێر و تیغەكانیان ڕادەوەشاند و زیرەكانە بەكاریاندەهێنا و پشكنەری پۆلیس لە ساتەوەختی دڵـگەرمییاندا نەیدەهێشت چیتر خۆ بكوتن و ببڕن. ئەمە هەموو كاری دڕندەیی نائاسایی بوو و سونییەكان ڕقیان لێدەبۆوە و وای بۆ دەچوون كەوا كارێكی شوورەییە لە ئیسلامدا و ئەوجا هەر وایشە.

 

بارودۆخەكە لە كوردستان بە شێوەیەكی سەیر پەرەیسەندووە و لەو كاتەوە كە فەیسەڵ گەیشتووە بەردەوام لە گەورە پیاوانی كوردەوە لە ناوچەكانی باكوورەوە نامە و پەیامی پێدەگات و دەڵێن دەیانەوێ لە دەستی تورك ڕزگاریان بێت و كوردستانێكی ئۆتۆنۆمیی دروست ببێت و فەیسەڵ مەلیك بێت و لە ژێر سایە و پارێزگاریی بەریتانیادا بن (بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك دەوڵەتی نەمسا  ـ مەجەر). وا ئێستا داوای لێدەكەن لە بەغدا كۆنفرانسێك بۆ سەرۆكە كوردەكان ببەسترێت، كە هەندێكیان لە پاریسن و هەندێكیش لە ئەستەمبووڵ. فەیسەڵ ئێمە لە هەموو شتێك ئاگادار دەكاتەوە و ئەگەر ئەوەشی نەكردایە ئەوە بەردەوام خەڵكی خەفیە دەهاتن و چی لە نامەكاندا نووسرابوو پێیاندەوتم و تەنانەت پێش ئەوەی بگەیشتنایەتە دەستی ئەو من دەمزانی چییان تێدایە. فەیسەڵ بە عادەت دەیویست سیاسەتی حكوومەتی خاوەن شكۆ بزانێ و مەسەلەكە بە هۆی ئەم فاكتەرانەوە ئاڵۆز بوو:

 

1 ــ هەرگیز دوو كورد لە سەر شتیك ڕێكنەدەكەوتن لە پراكتیكدا.

 

2 ـ ئەو بەشەی هەرێمەكە كە پێشنیازیان دەكرد دەوڵەتێكی كوردیی لێپێكبێنن لە ژێر     سایە و پارێزگاریی بەریتانیادا دەكەوتە بازنەی دەسەڵاتی فەرەنساوە.

 

هـەرچۆنێك بێت و كوردەكان هەرچییەك بكەن لەگەڵ فەرنسییەكاندا من باوەڕ ناكەم بتوانن زۆر لە كوردەكان بكەن دەسبەرداری دەوڵەتی كوردی بن، با لە بازنەی دەسەڵاتی ئەوانیشدا بن. ئێمە توانیمان عەرەبەكان بكەینە دوو كەرتەوە و دوو وڵاتی جودایان بۆ پێكبێنین بەڵام هەردوو وڵاتەكە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی فەرەنسا و بەریتانیادایە، بەڵام حاڵەتەكە لەگەڵ كوردستاندا وا نیە و فەرنسییەكان لە ڕووی سەربازییەوە هیچ بەشێكی وڵاتی ئەوانی داگیر نەكردووە. كەواتە لەم حاڵەتەدا كێ دانیشتووان ناچار دەكات ئەگەر دانانی ئەو هێڵی سنوورە دەستكردانە ڕەتبكەنەوە كە لەندەن و پاریس لە سەری ڕێككەوتوون؟

دوێنێ ئێوارە نانی شێوانم لەگەڵ هەندێ كەسی هاكەزاییدا خوارد كە بریتی بوون لە یوسف غەنیمەی مەسیحیی بچكۆلە و قەشەنگ كە ئەمینداری كتێبخانەی گشتیی سەلامە و من سەرۆكیم، سەرنووسەری یەك لە ڕۆژنامە ناوخۆییەكان، عەبدوللەتیف فەلاحیی كە كابرایەكی بۆش و بەتاڵە، دوكتۆر مەعلووف كە دوكتۆرێكی سەربازیی زۆر ڕێكوپێكە (لە سوپای عەرەبیدا) و سوورییەكی سادە و بەڕێزە و حەسەن ویفقی، بە ڕاستى ئێوارەخوانێكی پڕ لە خۆشی و پێكەنین بوو.

 

18

 25 ى ئەیلوولى 1921

 

... بارودۆخێكی زۆر دڵخۆشكەر شكستی هێرشەكەی توركە لە باكووردا. لەم ماوەیەدا ئەفسەرێك و نزیكەی شەست سەربازی تورك رەواندزیان داگیر كرد (كە ئێمەشى تێدا نەبووین) و كەوتنە هاندانی هەندێ خەڵكی یاخی لە ناو خێڵە كوردەكاندا و پێشڕەوییان كرد بۆ تاڵان كردن و وێرانكردنی باتاس و رانیە. ئێمەش بە زەبرى بۆردمانى فڕۆكە و هێزی   لێڤی و عەشیرەتەكانەوە هەردوو شوێنەكەمان لێسەندنەوە و ڕاستێكەی باشیی كارەكە و دەستوبرد و كارامەیی هێزە ناوخۆییە نیمچە مەشقپێكراو یان هەر مەشق پێنەكراوەكان بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزى ئاسمانیدا كە بە خەستیى بۆمبارانی دەكرد و ڕێگەی دەكردەوە بۆ پیادەڕۆیی هێزە ناوخۆییەكان كە وەك ئامێر ملیان دەنا و هێرشیان دەكرد. ئەوە مژدەیەكی زۆر باشە بۆ سوپای عەرەبی  كە بە هاوكارییەكی كەمی ئێمە لە ڕێگەی فڕۆكەوە ئەو نەبەردییە ئەنجام دەدات.

 

... وەك دەزانیت كەوا ئارمیتاج سمیس بەم دواییە ڕۆیشتەوە بۆ ئێران و جێگرەكەی مستەر بەلفۆر هاتووە بۆ ئێرە لە ڕێگەیدا بۆ سەفەری وڵات. ئارمیتاج چووەتەوە بۆ ناو   بەختیاری و ناوچەى  بوشەهر و زۆر حەز بە ئیش دەكات لە ئێراندا و وەك مستەر بەلفۆر دەڵێ دۆخی ئێستای ئێران خراپتر بووە. پێدەچێت دوو ئەڵتەرناتیڤ لە ئارادا بێت و ڕەنگە وڵاتەكە ببێتە دوو بەشەوە و ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا دەستیپێكردووە و هەردوو ئوستانی ئازەربایجان و گەیلان جاڕی سەربەخۆییان داوە و لە حكوومەتی ناوەند جیابوونەتەوە. یان بەلشەفیكەكان بێنە ناوەوە، چونكە نزیكەی سەد هەزار سەرباز لە هێزەكانی بەلشەفیك رۆڵی كەرت كردن ببینێت لەگەڵ حكوومەتی  ئێراندا و لە یەكەمجاردا ئێران دەبێتە وڵاتێكی پڕ ئاژاوەی  بێنرخ و پاشاگەردانی دەبێت و دووەمجاریش بەلشەفیزم بە لووشدانی وڵاتێكی تری موسڵمان بە تەواوی سووك و لەكەدار دەبێت لە جیهانی ئیسلامیدا. بەم پێیە من وایبۆدەچم كە هیچ ئەڵتەرناتیڤێكیان لێرە زیان بە ئێمە ناگەیەنێت و ئەوەش ئێستا لە ئێراندا روودەدات زۆر بەلامەوە گرنگ نیە، چونكە ناتوانین هیچ شتێك بكەین.

  

19

17 ی تشرینى یەكەمی 1921

 

باوكی ئازیزم، دوێنێ یەكشەممە ڕۆژێكی خۆشم بردەسەر. كوڕێكی گەنج هەیە ناوی كاپتن ڕیدە و ئێستا ڕاوێژكارە لە باقووبە و كوڕێكی زۆر باشە و من ماوەیەكی دوور و درێژە دەیناسم، بەڵام تووشی خوویەكی دوورەپەرێزیی خراپ بووە و هەرگیز نایە هیچ كەسێك لە ئێمە ببینێ و لە ڕاپۆرتەكانیدا هەستی ئەوەم لا دروست بووە كە بە تەواویی حاڵی خراپە و لەدەست دەرچووە، بۆیە برووسكەم بۆ كرد و پێمڕاگەیاند كە دەچم نانی نیوەڕۆی لەگەڵ دەخۆم و بۆ ئەو مەبەستە ئۆتۆمبیلێكم بە كرێ گرت و گەشتێكی سەرلەبەیانیی پڕ خۆرەتاوم دەستپێكرد و كاتژمێر یانزە و نیو گەیشتمە باقووبە و لەو كاتەدا ئیتر خۆرەكە گەرمی كرد. ئەم ناوچەیە جوان بوو لەگەڵ دۆڵ و شیوی پڕ لە باخاتی پرتەقاڵدا و چەم و ئاوێكی بچووك كە كلكەی چەمی خۆراسان بوو و بە ناوەڕاستیدا دەڕۆیشت. من یەكسەر چووم بۆ سەرای و لەوێ كاپتن ڕید و ئەحمەد حاڵەت بەگی موتەسەڕیفی  پیر و ڕۆحسووكم بینی كە جارێكیان لایدابووە لام بەڵام من لە دەرەوە بووم و بە دیداری شاد نەبووم و ئەمە پیاوێكی بەشكۆ و ڕێزە و لە چاكترین جۆری كاربەدەستانی توركی كۆنە. من زۆرم لا خۆش بوو ئەو دۆستایەتییە بەتینەی نێوان ئەم پیاوە و كاپتن ڕیدم بینی و ئەگەر پرسیارت لە هەر كامێكیان بكردایە ئاوڕیان بۆ لای یەكتر دەدایەوە و بۆ دڵنیا بوون لە دروستیى وەڵامەكانیان. هەرسێكمان لە ئۆفیسی موتەسەڕیف  دانیشتین و ماوەی نیو سەعاتێك لە بارەی كاروباری دیالەوە دواین و پاشان من بۆی نووشتامەوە و پێموت تۆ سەرقاڵیت با لە كاتت نەگرم و لە ئۆفیسەكەی كاپتن ڕید چاوەڕێت دەكەم تا كاتی نانخواردنی نیوەڕۆ، بەڵام سوودی نەبوو موتەسەڕیف بە غاردان شوێنمان كەوت و لەوێ دانیشت دەستی كردە قسە و دەمەتەقێ لە كاتێكدا كەوا كاپتن ڕید خەریكی ئیمزا كردنی نامە و نووسراوەكانی بەردەمی بوو، پاشان پێی لە سەر ئەوە داگرت كە هەموو سەراییم پێشان بدات، ئەو شوێنەی كە لە هەرا و ئاژاوەكەی پاردا سووتا و هەردوكیان لەوێ كەوتنە باسی نیازی چاككردنەوەی. دواتر لەگەڵ كاپتن ڕیددا چووم بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە خانووە بچكۆلە شەق و شڕەكەیدا بێئەوەی بوارم هەبێت تۆسقاڵێك پشوو بدەم. چەرچەفی سەر خوانەكە بە دڵنیاییەوە مانگێك بوو نەشۆردرابوو و نانی نیوەڕۆمان گۆشتى پۆڕ بوو، پاشان كاڵەكی نایابی قزل ڕەباتمان خوارد، كە بەناوبانگە بە كاڵەكی بەتامى و بە درێژایی ماوەی نانخواردن كاپتن ڕید بەردەوام قسەی لە سەر موتەسەڕیف و دەستە و دایەرەكەی دەكرد. من زۆر بەپەرۆش بووم بۆ قسەكانی، بەڵام ئەگەر واشنەبوومایە ئەو هەرچییەكی لەدڵدابوو هەر هەڵیدەڕشت سەبارەت بەو شتانەی زۆر نزیكن لێیەوە: خێڵ و عەشیرەتەكانی، شێخەكانی، موتەسەڕیفەكەی و چۆن كاری خۆی بە جوانی ڕادەپەڕێنێ و چۆن بە سەر سەربازەكاندا دەگەڕێ و تەنانەت شەو لە خێوەتی عەرەبێكدا دەباتە سەر و ئەمە شتێكە باوەڕ ناكەم هیچ موتەسەڕیفێك لە سەردەمی توركدا وایكردبێت و چۆن لەگەڵ خەڵكدا باشبووە و لە یەكتر تێگەیشتوون و تێكەڵ بوون. پاش نانی نیوەڕۆ بە ئۆتۆمبیل چووین بۆ دەڵتاوە، كە نزیكەی دە میل لە باكووری باقووبەوە بوو، بە سەر ناوچەیەكدا دەیڕوانى كە بە دار و دەوەن داپۆشرابوو چون مێرگێكی ئینگلیزی ئەوە نەبێ كە ئەمەی ئێرە  قاوەیی و زەرد بوو لەبری سەوز و پەمەیی. چەمى خوراسان ئاوی ئەم ناوە   دەدا و لە هەموو شوێنێك باخی دارخورما دەبینی. دەڵتاوە خۆی، كە من پێشتر هەرگیز نەمدیبوو، وەك هەر گوندێكی نموونەیی عێراقی كەوتبووە ناو باخی خورما و پرتەقاڵەوە. لەوێ چووین بۆ ماڵی قایمقام كە دۆستێكی نزیكمە و هەڵبەت لەو دواینیوەڕۆ زووەدا بێئاگاداری سەردانمان كرد و لە توێی بیجامەدا بوو، بەڵام كاتێ كە من چوومە سەرەوە بۆ بینینی ژنەكەی (كە كچێكی بەغدایی بوو و چاكم دەناسی)، قایمقام بە پەلەپڕووزێ قاتی  چاكەت و پانتۆڵی لە بەر كرد و كاتێ دابەزیم و چوومە دیوەخانی پیاوان ئەم بە تەواوی لە شكۆ و ڕێزی خۆیدا بوو. بە درێژایی ڕێگای ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ دەڵتاوە كاپتن ڕید لە قسە كردن نەكەوت.

ئەمانە بە ڕاستی سەیرن، ئەم كوڕە گەنجە ئینگلیزانە، كە فڕێدراونەتە لیواكان بە كەیفی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن. ئەوان لە ناو ئەو دەوروبەرەیاندا وا خۆیان لە قەڵەم دەدەن كە هیچ شتێكی تر ئەو بایەخەی نیە لایان، بەڵام ئەگەر وایان بە خەیاڵدا هات كە تۆ كەیفت پێیان دێت ئەوە وەك گوڵ دەگەشێنەوە بۆ سەرسامی و ئارامیت كە چۆن ئەم ساڵانەیان گوزەراندووە.

پاشان دۆعاخوازیم لە كاپتن ڕید كرد و بەڵێنی ئەوەم لێوەرگرت ئەمجارە كە هات بۆ بەغدا موتەسەڕیفیش لەگەڵ خۆی بێنێ بۆ ئەوەی پێكەوە نانی نیوەڕۆ بخۆین. منیش بەڵێنی ئەوەم پێدا بەم زوانە   بێمەوە و شەو لە شارەبان بەسەرببەین، كە قایمقامە تازە دامەزراوەكەی خەڵكی بەغدایە و زۆرم خۆش دەوێ.

ئەمڕۆ سەید فەیسەڵ لە مووسڵ گەڕایەوە و كاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی گەیشتەوە و ئێمە هەموو بۆ پێشوازیی چووین بۆ وێستگەی شەمەندەفەر. سێر پێرسى، سێر ئەیڵمەر، گشت وەزیرەكان و خەڵكێكی زۆر لەوێ بوون و ئاهەنگێكی خنجیلەی سەركەوتوو سازكرا و لە دەرەوەی وێستگەكە خێوەتێكی بچووكى پڕ لە رایەخ و فەرش هەڵدرابوو كە مەلیك تێیدا بە راوەستانەوە تەوقەی لەگەڵ خەڵكەكە دەكرد كە هاتبوونە پێشوازى، پاشان من و مستەر كۆرنواڵیس و یەك دوو كەسی تری بانگ كرد و قاوەیەكمان خواردەوە و تاوێك پێكەوە قسەمان كرد. پێدەچوو فەیسەڵ دڵى خۆش بێت بە سەركەوتنی سەردانەكەی مووسڵی و سوپاس بۆ خوا كە بە سەلامەتی گەڕایەوە!

مێجەر یۆنگ بە فڕۆكە لە ئۆرشەلیمەوە گەیشت و من ئەم بەیانییە بۆ تاوێك لە وێستگە بینیم و وەك هەمیشە بە كەیف و خۆشحاڵی هاتە بەرچاوم و بۆ سبەینێ بانگهێشتم كرد بۆ ئێوارە خوانێك لە ئەنجومەنی وەزیران.

دایكە، بۆ ئاگاداریت رۆبە شینەكەم و عەباكە لە خانم بێڵەوە   گەیشتن و بە ڕاستى بەڕێز و میهرەبانن، من زۆر سوپاسگوزاری ئەوانم كە زۆر زەحمەتیان پێوەكێشام.

 

20

 

24ی تشرینى یەكەمی 1921

 

... هەفتەیەكی جەنجاڵم بەسەربرد و شتێكی زۆر تایبەت نیە بیخەمە ڕوو، جارێ با پێتان بڵێم كە مێجەر یۆنگ زۆر لەوە میهرەبانتر بوو كە چاوەڕێى بووم، ڕۆژی 18ی مانگ نانی نیوەڕۆم لە ماڵی گاربێت خوارد و لەوێ چاوم پێكەوت و زۆرمان گفتوگۆ كرد، بۆ سبەی ئێوارەش لەگەڵ من شیوی  كرد و لەم بانگهێشتنەدا مستەر كۆرنواڵیس بەشدار بوو لەگەڵ ناجی سوەیدى، ساسۆن ئەفەندی، سەید داود (كە ئامۆزای خانەوادەى نەقیبە) و عەبدوللەتیف مەندیلى بەسرە كە وەزیری بازرگانییە. لەم ڕۆژانەدا و لە ئێوارە خوانێكی زۆر خۆشى مەلیكدا زمانە عەرەبییەكەی مێجەر یۆنگ زۆر سەیر و سەرنجڕاكێش بوو كە تێیدا ماڵی سڵەیتەر، كۆڵۆنێڵ جۆیس (كە تازە ژنی هێنابوو بەڵام ئەو ئێوارەیە ژنەكەی لەوێ نەبوو)، كاپتن كڵەیتن و چەند وەزیرێكیش بەشدار بوون. خانمی سڵەیتەر و من بەرانبەر بە فەیسەڵ دانیشتین و لە بەر ئەوەى ئەم خانمە هیچ قسەیەكی نەكرد ئەوە دەمەتەقێكە بە زۆری ڕووی دەكردەوە كۆتایی مێزەكە كە ناجی سوەیدى و منی لێبووین و جەعفەریش بەرانبەرمان دانیشتبوو و لەگەڵ مەلیكدا كەوتبوونە گفتوگۆیەكی خۆشەوە.

ئەو دواینیوەڕۆیە هەموو لە ڕەیسس بووین و زۆر خۆش نەبوو چونكە دنیا زۆر گەرم و وەڕسهێن بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی یەكەم هاتنی فەیسەڵ بوو من بە فەخری جەمیلم وت    بێت و منیش بگەیەنێت. من دەبوو چاودێریى بكەم بزانم پیاوماقووڵانی تر لەوێن (كە زۆر كەم بوون) و بانگهێشت كرابوون بۆ شوێنی تایبەتی مەلیك. ڕێكخەرانی بۆنەكە باش نەبوون لە كارەكەیاندا و كەمتەرخەمیی پێوە دیار بوو، بەڵام زۆر دەرفەت و كاتی باش رەخسا بۆ گفتوگۆ كردن لە سەر پاشەڕۆژی كوردەكان و دوو پیاوماقووڵی پیر و شكۆدار لێرەن، وەك نوێنەری كۆمەڵـگەی نەتەوەیی لە ئەستەمبووڵ، كە هاتوون بزانن هیچ شتێك دەكرێ لە مەسەلەى سەرپێخستنی كوردستانێكی سەربەخۆدا. ئەوان كاتێكی زۆریان لەگەڵ من بردەسەر و بە تەواوی نائومێد بوون لە قبووڵ كردنی هەر شێوەیەكی حكوومەت، نیشتمان یان هەر شتێكی تر بۆ ئاغا كوردە كێوییەكان لە وڵاتێكی شاخاوی و كێویتردا. من هەست و سۆزێكی گەرمم بۆ ئەم دوو پیرە بەڕێزە دەربڕی و ئێوارەی 21ی مانگ لەگەڵم شێویان كرد و كاپتن كڵەیتنم بانگ كرد بیانبینێ و تا كاتژمێر 11ی شەو لە سەر مەسەلەی نەتەوەیی كورد گفتوگۆمان كرد. بۆ سبەی بەیانیی كاتژمێر هەشت یەكێكیان هاتە ئۆفیسەكەم و ئاڵایەكی نەتەوەیی كوردیی تازە داهێنراوی پێشاندام و هاوزەمان بە نهێنی پێیوتم كە زۆر لە    هاوەڵە پیرەكەی تری دەترسێت هەموو كەشتییەكانی لە ئەستەمبووڵ سووتاندبێت بە هاتنی بۆ ئێرە و ڕەنگە ناچار بێت، ئەگەر ئێمە پشتگیریی نەكەین، خۆی بكاتە سەرۆكی تاقمە جەردەیەكی كورد و بە تەنها پەلاماری توركەكان بدات و ئەوجا بە هەناسە هەڵكێشانێكەوە وتی:

"وەك دەبینی، هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی تری نیە". من قەناعەتم وایە كەوا ئەڵتەرناتیڤی گونجاو بۆ رەفعەت بەگ ڕەنگە خانوویەكی بچكۆلەی قەشەنگ بێت لە قەراخ شاردا، بەڵام ئەوەیان گونجاو نیە بوترێ و بەو پێیە منیش ئەوە بە باشتر دەزانم بۆ هاوەڵەكەی. من پێشنیازم كرد بۆ سێر پێرسى كەوا گۆڕانكارییەكی خۆشە بۆ من ئەگەر بە شاژنی تاج لە سەر نەنراوی كوردستان دابنرێم و نامەوێ كۆسپ بخەمە ڕێگەی ئەگەر حەزی بەم كارە بێت و ڕەنگە ئێمە خەت و شێری بۆ بكەین.

ئەم دواینیوەڕۆیە چووم چایەكم لای فەیسەڵ خواردەوە و سەبارەت بە دانانی یاسا و ڕێسایەك بۆ میسۆپۆتامیا قسەمان كرد (چونكە دەبێ چوارچێوە و دیكۆرێكی خۆمان هەبێت). لەو دانیشتنەدا قسە و باسێكی زۆرمان لە سەر كوردستان كرد كە بە ڕای من مەلیكی خاون شكۆ   ژیرى و داناییەكی گەورەی تێدا خستەڕوو، كە بە ڕای ئەو بە هیچ شێوەیەك گونجاو نیە بۆ ئێمە و بۆ ئەویش دەستمان بە سەركێشییەكی كوردی بسووتێنین و یەكەم شت ئەوەیە كەوا دەبێ داوا لە كوردەكان بكرێت كەسێك لای خۆیانەوە دەسنیشان بكەن بۆ پۆستی مەلیك یان سەرۆك و كاكڵەی بزووتنەوەیەك دروست بكەن  ـ واتە لە ڕاستیدا فەیسەڵێكی كورد گەلاڵە بكەن. من بڕوا ناكەم هیچ كەسێكیان هەبێت و قەناعەتم وایە كە لەگەڵ كوردستان و ئەرمینیادا جاڕدانی ئاگربەسمان زیاتر دەبێت لە توانای جێبەجێ كردنمان و دەبێ لە ئێستادا زۆر بە وردی ئاگاداری ئەوە بین كە بە راشكاوانە ئەوە بسەلمێنین كەوا پوولێكمان نیە لە مەسەلەی سەربەخۆیی كورددا سەرفی بكەین، چونكە ئەگەر ئێمە خەڵكی وەك دوو برادەرە ئەستەمبووڵییەكەی من هان بدەین دەبێ تەنها بۆ ئەو ساتەوەختە دایاننێین كە پێویستمان پێیانبێت و ئەمەش ڕەنگە خراپترین ئەگەر بێت. ئەمە بەسە بۆ كورد، بەڵام ئەوان كاتی زۆریان دەوێ و من سەرلەبەیانییەكی تەواوم تەرخان كرد بۆ نووسینی دوو یاداشت لە بارەی ئەوانەوە بۆ سێر پێرسى و كۆڵن گاربێت.

 

دوێنێ، یەكشەممە، ئازادیم بە خۆم دا و لەگەڵ فەخری ئەفەندی بە ئۆتۆمبیل چووم بۆ باخەكانی سەرووی باقووبە و كاتژمێر 8ی بەیانی كەوتینەڕێ و دیمەنێكی هێند جوان بوو باوەڕ ناكەم هەرگیز بینیبێتم. ئەمساڵ خورما درەنگ پێگەیشت و هێشتا هەر بە دارخورماكانەوەیە بە هێشووی ئاڵتوونیی گەورە گەورە و لە ژێریشیاندا هەنار بە دارەوە شۆڕ بووەتەوە و دار پرتەقاڵەكانیش بەریان خەریكە پێدەگات و پرتەقاڵی سەوز ماتەی زەردیی داوە و ئەم باخە بەهەشتێكی خوا بوو بۆ خۆی. من لە ناو باخەكەدا بە سەرسوڕمانەوە پیاسەم دەكرد و مێو بە سەر  دار و كەپردا پەلى كوتابوو و لە ئاخر و ئۆخری بەریدا بوو، هێشووی زل زلى ترێی سپیش سێبەر و ساباتی بۆ كرابوو تا خۆر لێیان نەدات. دواجار نانی نیوەڕۆمان لەو دەشت و دەرە بۆ لێنرا كە بریتیبوو لە برنجی نایاب و مریشك و گۆشتی كوڵاو لە سەر ئاگری كز، لەگەڵ شەربەتی هەناردا بۆ خواردنەوە، كە لە ژێر سابات و كەپری داردا دانیشتینە سەرى. پاشان جووتیار و باخەوانەكانی فەخری هاتن بۆ لامان و بە چواردەوردا دانیشتن و لەگەڵمان كەوتنە دەمەتەقێ و ئێمەش خەریكی ناندان بووین بۆ ئەو پیرەمێردە هەشتا ساڵەی باپیری كە هەموو ئەوانیتری دەناسی، وەك لە دێبەرێكی گەورەی بەریتانیادا، تەنها ئەوەبوو كە ئەوان شەرمیان كەمتر بوو لە جووتیار و باخەوانەكانی ئێمە، كە سادەتر بوون. پاش نانخواردنی نیوەڕۆ چووین بۆ بینینی كوڕانی نەقیب: سەید سەفائەدین و سەید محێدین لەو ماڵەدا كەوا كاتی خۆی من و تۆ نانی نیوەڕۆمان تێدا   خوارد و باخەكەیان لەو كاتەدا جوانتر دێتە بەرچاو كە تۆ لێرەبوویت و پڕە لە داری میوەجات.

 

سەید محێدین پیاوێكى قورسە و زۆر سادە نیە و سیناتۆرێكی توركییە و وابزانم دەیەوێت وەك تورك بمێنێتەوە و لە پێش هاتنی فەیسەڵدا خانەنشین بووە و لە باخەكەی خۆیدا لە دیالە ژیان  دەباتەسەر و لەو كاتەوە هەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ بەغدا. من خۆم شەخسی زۆرم خۆشدەوێ و باشترین كوڕانی نەقیبە، بەڵام دەبێ خۆی ساغ بكاتەوە ئایا خۆی بە ڕەعییەتێكی عێراقی دەزانێ یان توركی، خۆ ئەگەر ئەمەی دواییان هەڵبژێرێ وا چاكترە بچێتەوە بۆ ئەستەمبووڵ. من هەستێكی تەواوم هەیە كە ئێمە لە پێشكەوتنداین چونكە سەردانەكەی فەیسەڵ بۆ مووسڵ سەركەوتنێكی گەورە بوو و كاریگەرییەكی زۆر باشی لە بەغدا دروستكرد و مووسڵییەكان بایەخێكی گەورەیان پێدا و ئەو زۆر بە خۆشحاڵی لای  ئەوان و مستەر ناڵدەر گەڕایەوە و لە هەردوولا هەستێكی پڕ متمانە هاتە كایەوە. ئێستا ئەو كەوتووەتە هەستكردن بە بایەخی ئەو كەسانەی ئێمە بڕوامان پێیان هەبوو و مایەى رەزامەندى بوون لامان، نەك لە بەر ئەوەی ئێمە پەسەندمان دەكردن بەڵكو ئەو خۆی تاقیكردنەوە و بۆی دەركەوت چەند لە ناخەوە پاك و باشن. مستەر ناڵدەر لە لایەك و لەولاشەوە شێخ عەلی سڵێمانی دلێم كە هاتە بەغدا و بە دڵـگەرمی لەگەڵ خاوەن شكۆ دوا كە هەڵوێستی ئەمی لەبیرە و خەڵكێكی زۆر هەن بەوە دەزانن كە نەیداوەتە پاڵ ڕاپەرینی پار ساڵ و هاوكار بووە لە پاڕاستنی ئاشتی و ئاسایشدا و ئەو ئەمەی لە پێناوی حكوومەتی عەرەبی و حكوومەتی بەریتانیادا كردووە. فەیسەڵ زۆر خۆشحاڵ بوو بە دیداری و عەلی سڵێمانیش، كەوا كەسایەتییەكی گەورەی عێراقە، بە كەیفخۆشییەوە ڕۆیشت. ئەمە ڕێك ئەوەیە كە دەیخوازیت بیبینی و ئەویش دروستكردنی متمانەی دووسەرەیە لە نێوان پاشا و ڕەعییەتدا. ڕەفتار و هەڵسوكەوتی ئەم پیاوە زۆر یارمەتیدەری بوو و خێرا پێزانین و ناسینی دەوروبەری ڕۆڵی گەورەیان بینی لەمەدا.

 

سبەینێ مەلیك دەچێ بۆ گەشتێكی یەك هەفتەیی لە ناوچەی حیللە و هیوادارم بە قەد سەردانەكەی مووسڵ پڕ بەرهەم بێت. لەم ماوەیەدا پەیماننامەی نێوان بەریتانیا و حكوومەتی عێراق تەواو دەبێت و ئەم بەیانییە فەیسەڵ و سێر پێرسى و مێجەر یۆنگ یەكەم كۆنفرانسیان بەست و سێر پێرسى پێیوتم كەوا چاوەڕێی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك ناكات و كاتێ كە ڕایی كرا و خرایە نێو چوارچێوەی خۆیەوە ئەوە گەورەترین كۆسپ لە ڕێگەی ئێمەدا تەخت دەبێت. فەیسەڵ زۆر هەست بە مەترسی دەكات لەمە و ترسی ئەوەی هەیە لەوانەیە حكوومەتی بەریتانیا داوای لێبكات ڕازی بێت لە سەر هەل و مەرجێك كە ناسیۆنالیستەكان پێی ڕازی نەبن، وەك ئەوەی كە حكوومەتی فەرەنسی كردی لە سوریادا. لە بەر ئەوە تا ئەو مۆتەكەیە نەڕەوێتەوە ئەو هەست بە ئەمان ناكات، بەڵام من پێموایە هیچ هۆكارێك نیە بۆ ئەم دڵەڕاوكێیەی ئەو. سێر پێرسى زۆر باش دەزانێ كەوا چەند شتی جۆراوجۆر دەبێ  تاوتوێ و چارەسەر بكرێت، سەرباری ئەوەش ئێمە پێشتر بینیومانە، هەر كاتێ سێر پێرسى بڕیارێك بدات دەبێ مستەر چەرچڵ بە تەواوی پابەندی بێت. (ئەم بڕگەیە با هەر بۆ خۆمان بێت)! ئێمە ناتوانین بە ڕق و كینەوە متمانە بدەین بە شتێك و فەیسەڵ هەموو جار ئەوە دووپات دەكاتەوە كەوا ئەو هیچ توانا و دەسەڵاتێكی نیە بێ یارمەتیدانی ئێمە و هەڵبەت هیچ هۆیەك نیە كەوا گومان لە دڵسۆزیی ئەم پیاوە بكەین (من هیچ گومانێكم نیە). هەروەها دەبێ دید و بۆچوونی ئەو ڕەچاو بكەین كاتێ دەڵێ ئەگەر بڕوا بە بەرپرسیارێتیی من دەكرێ كە بووم بە مەلیكی عێراق ئەوە دەبێ بوارم بدرێتێ كە مەلیكێكی ڕاستەقینە بم، نەك دروستكراوی هێزێكی بێگانە، بە پێچەوانەوە كۆت و پێوەندێكی قورس دەخرێتە دەستی لە جێبەجێ كردنی ئەركێكدا كە لە باشترین حاڵەتیدا ئاسان نیە.

 

21

 

27ی تشرینى یەكەمی 1921

 

سەرلەبەیانیی 25ی مانگ لەجیاتی سێر پێرسى چووم بۆ بینینی فەیسەڵ و لەوێ من و مستەر كۆرنواڵیس و هەموو وەزیرەكان و زۆرێك لە پیاوماقووڵان لە مەجلیسەكەیدا بووین و پاش ئەوە لەگەڵ مستەر كۆرنواڵیس قاوەڵتیی بەیانیمان كرد. لای منەوە كاتم زۆر كەمە و بەردەوام مێشكم ماندووە و كارەكانم بە تەواوی ڕاناپەڕێنم و وای بیر لێدەكەمەوە هەفتەی داهاتوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بچمە سلێمانی. دوێنێ سێر پێرسى ئاهەنگێكی لە باخچەكەی خۆیدا سازكرد بۆ چاوپێكەوتنی مێجەر یۆنگ و یەكەمجار بوو مەجلیسێكی لەو جۆرە تێكەڵ ببەستین كە وەزیرە عەرەبەكان و هەندێك لە پیاوماقووڵان تێیدا بەشداربن و پێموابێت سەركەوتنێك بوو. ئەمڕۆ هەوڵ و تەقەلای ئاسایی خۆمان دا بۆ تەواو كردنی ئەو شتانەی كە سبەینێ بە پۆستی ئاسمانی دەڕوات و من نابینم ڕۆڵێكی بایەخدارم تێدا گێڕابێت. ئەمەریكییەك لە تارانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئێرە و ناوێكی بێفەڕی هەیە جۆن دۆس پاسۆس و پەیامنێری ڕۆژنامەی نیویۆرك تریبیۆن هات بۆ لام چایەكی لەگەڵ خواردمەوە و پیاوێكی خۆش مەشرەب و ڕۆحسووكە و گەشتێكی لە ئەستەمبووڵەوە كردووە بە سەر قەوقازدا و فرە چیرۆك و بەسەرهاتی پێیە بیگێڕێتەوە.

دوو نامەی شیرینی تۆ و دایكمم پێگەیشتووە كە هی 20 و 28ی سێپتەمبەرن و زۆر سوپاسی دایكم دەكەم بۆ گرفت و سەرئێشەكەی بە بۆنەی وتارەكەمەوە و بڵاوكراوە نیومانگییەكە جوانە، بەڵام دەترسم نەتوانم چیتر بۆیان بنووسم چونكە من هەموو دەم لە بەغدام و هیچ شتێك گونجاو نیە لە سەری بنووسی. من زۆر هەست بە لاوازی و بێتاقەتی دەكەم و هەر شتێكیش بوو لە بارەیەوە بنووسم هیچم پێناكرێت و هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە ئەم نامەیە هێند بڵحە.

 

كچی دڵسۆزتان

  گێرتروود

 

22

 

9 ی تشرینى دووەمی 1921

 

باوكی خۆشەیستم، شتێكی باش نیە پێت بڵێم لە كوێم، چونكە بە پێی ئەوەی لە نەخشەی جەنگیدا دیاریكراوە دەبێ پابەند بم پێیەوە. من شەوی 2ی نۆڤەمبەر بەغدام بە شەمەندەفەر جێهێشت. هەڵبەت تووشی سەرسوڕمان نابیت ئەگەر ئاگادارى بارودۆخی هێڵی ئاسنی میسۆپۆتامیا بیت و ئەوە ببیستی كە پێش ئەوەی دەست بە جووڵە بكات مەكینەكەی  شكا و دوو سەعات دواتر و لە نیوەشەوداو دواجار كاتێ كە لە خەو هەڵسام لە قزل ڕەبات بووین، ڕێك لەو شوێنەدا كە هەردوكمان پێكەوە بەرەو سنووری ئێران دەڕۆیشتین. گرد و بەرزاییەكانی ئێران لە حوكمی چاودا بوون و شنەبایەكی خۆش و فێنكی ئەو بەرزاییانە پێشوازیت لێدەكات وەك خێر و بەرەكەت. ئێمە كاتژمێرێك یان زیاتر لە قزل ڕەبات ماینەوە و لێرە بە تۆبزی بڕی پێنج ڕوپێ  سزا بۆ هەر پاسپۆرتێكی حاجییە ئێرانییەكان وەردەگیرێت (مەبەستى زیارەتكەرانى شارە پیرۆزەكانى كەربەلا و نەجەفە ـ و) كە خۆیان دزیوەتەوە لە داواكاریی پۆلیس كە ئەو بڕە پارەیە لە بەغدا بدەن و سەرپێچییان كردووە. پاشان خۆم گۆڕی و بە هێلكەی كوڵاو قاوەڵتیم كرد لەگەڵ چایەكی گەرمی چاكدا و بەرەو كنگربان    كەوتینەڕێ و موعجیزەیەك بوو بۆ خۆی كە فارگۆنەكەی من لەوانیتر نەترازا، چونكە هێڵە ئاسنەكانی میزۆپۆتۆمیا هەژدە مانگ لەو دەمە كۆنترن كە تۆ بینیتن و ئێمەش پارەمان نیە بۆ كڕینی پێچكەی نوێ و كەرەستەی یەدەك و چاككردنەوە و جا وەرە بیر لە ئەنجامەكەی بكەرەوە. دەسكی دەرگاكان لە كردنەوەدا بەدەستتەوە دێن، ئەگەر نەزانی و ئاگات لە خۆت نەبوو پەنجەرەیەكت كردەوە ئەوە جارێكی تر داناخرێتەوە، بەلووعە لە حەمام و دەستشۆرەكاندا لە كاركەوتوون و ئەگەر بمەوێ ئاوی گەرمم لە مەكینەكەوە دەست بكەوێت دەبێ كونی حەوزەكە بە كاغەز بگرم. لە كنگربان ئۆتۆمبیل چاوەڕێی دەكردم و كاتژمێر شەشی ئێوارە گەیشتمە كەركووك و لەوێ لەگەڵ ڕاوێژكاری لیواكە، مێجەر مارشاڵ مامەوە. هەمان هۆدە لە حەوشە بچوكەكەدا و جۆگە ئاوێكی پێدا تێدەپەڕی. بیرت دێتەوە كە تۆ لە هۆدەكەی ئەوبەر بوویت؟ من گفتوگۆیەكی دوور و درێژم كرد لەگەڵ مێجەر مارشاڵ سەبارەت بە مەسەلە سیاسییەكانی ناوچەكە و خۆت دەزانی كەركووك زۆر بە توندی سوێندی بەیعەتی بۆ فەیسەڵ ڕەتكردەوەو ئێرە نیوەی توركە و نیوەی كوردە و خەڵكە توركەكەی راشكاوانە دەخوازن بگەڕێنەوە سەر توركیا و لە بەر ئەوەی كەركووك دەكەوێتە ناوەڕاستی عێراقەوە ئەو مەسەلەیە سەرناگرێ و بەشە كوردەكەشی ئەگەری ئەوە هەیە بدەنە پاڵ دەوڵەتێكی كوردی ئەگەر هاتە ئاراوە. ئێستا تەواوی لیواكە لە ژێر ڕكێفی موتەسەڕیفێكی عەرەبدایە كە زات ناكات ئاڵای عەرەبى هەڵبكات و ناشتوانێ ئاڵای بەریتانیا هەڵبكات و بەو ڕەنگە هیچ ئاڵایەكی هەڵنەكردووە. فەتاح پاشای موتەسەڕیف هات بۆ ئێوارە خوانێك كە بۆ من ساز كرابوو، فەتاح پاشا كەم تا زۆر كاربەدەستێكی شكۆداری سەر بە قوتابخانەی كۆنە و خۆی لە دۆخێكی زۆر ناسكدا دەبینێ و تەنها قەرەبووی ئەو دۆخەی دۆستایەتییە بەتینەكەیەتی لەگەڵ ڕاوێژكاردا.

بۆ بەیانیی ڕۆژی دواتر گەورە پیاوی شار سەردانێكی كردم، كە تورك بوو و كەسی سەرەكی بوو لە بزووتنەوەی سەر بە توركدا، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا دۆخی كەركووك دیاری نەكرابوو هیچمان باس نەكرد لە باسی كەشوهەوا و بەروبووم بەولاوە. هەر ئەمڕۆش كاتژمێر 11 بە ئۆتۆمبێل بەرەو ڕۆژهەڵات بەڕێكەوتم بۆ سلێمانی ڕێگەكە یەكەمجار بە دێهاتی ناڕێكوپێكدا دەڕۆیشت بە ناو گرد و تەپۆڵكەی بچووكدا و وردە وردە هەردە و هەڵەت خۆیان كۆدەكردەوە و بەرزاییەكیان پێكهێنا و شۆڕ بووەوە بۆ دەشتایی و نزماییەكی پڕ گژوگیا كە بەهارێكی بچووك سەریهەڵدابوو و گوڵی پەمەیی پەیدا بووبوو. كاتێ گەیشتینە ترۆپكی بەرزاییەكە لە خوارەوە دۆڵی چەمچەماڵمان بینی كە ڕیزە شاخێكی ڕاستەقینە لەوسەریەوە بوو، ڕووتەن و بەردین. لە پشتی ئەویشەوە زنجیرە لە دوای زنجیرە چیا بەرزاییەكانی هەرێمی كوردیان پێكدەهێنا و تا بەرەو سنووری ئێران بڕۆیشتیتایەی بەرزتر دەبووەوە. دوور بەرەو باكووری ڕۆژهەڵات بڕۆیت هاوینە هەواری قەندیل داغە كە لووتكە بە بەفر داپۆشراوەكانی چووە بە ئاسماندا. گرد و دۆڵەكان تا ڕادەیەك وەك یەك بوون نە خەڵكیان تێدابوو و نە كشتوكاڵ و تا چاو بڕ بكات فەرشی گژوگیا ئەو ناوەی گرتبوو و ترۆپكە شاخی بەردین لووتی ژەندبووە ئاسمان و هیچ شتێكی تر نەبوو. لەو ناوەدا تەنها لە بەر پێماندا گوندی چەمچەماڵ دیاربوو، خانووی قوڕی ساپیتە فلات لە بن گردێكی كۆنی میدییەكاندا بە تەنیشتی یەكترەوە دروستكرابوو (چەمچەماڵ لەو دەمەشدا شارۆچكەیەك بووە نەك گوند ـ و). ئەمە وڵاتی عەشیرەتی هەمەوەندی بەهێز بوو كە بەردەوام مایەی ترس و تۆقاندن بوون بۆ حكوومەت و لەو گوندە پەرت و بڵاوانەی نێوان گرد و تەپۆڵكە و دۆڵەكاندا دەژیان و تا ئەو دەمەی ئێمە هاتین و تەماشامان كرد. هەمەوەند كۆمەڵێكن لە نزیكەی دوو سەد ئاغایەكی چاوچنۆك زیاتر نین و لەلایەن جێگرێكی ئەفسەری سیاسیی بەریتانییەوە  كۆنترۆڵ و جڵەو كراون و ئێمە تەنها خانوویەكی گەورەمان بۆ دروستكردبوو كە ئاڵای بەریتانیاى بە سەرەوە دەشەكایەوە، بەڵام هێشتا نەچووەتە ناوی و من لە ماڵە كوردێكی بچووكدا بینیم لە سەر سندووقێكی هەڵەوگێڕاو نانی نیوەڕۆی دەخوارد و ئاغایەكی هەمەوەندیش بە تەنیشتیەوە چوارمشقی دانیشتبوو، بۆ خۆیان دەمەتەقێیان دەكرد. من دە دەقیقەیەك لە لای دانیشتم و لەو كاتەدا تایەیەكی ئۆتۆمبیلەكەیان گۆڕی و پاشان بە سەر ناوچەیەكی هەردەو هەڵەتدا ڕێمان گرتەبەر و وردە وردە بەرەو دەروازەی زنجیرە شاخێك هەڵكشاین كە دەربەندی بازیان بوو، ئێمە لێرە لە هاوینی 1919دا هێزەكانی شێخ مەحموودمان شكاند و تەفروتوونامان كردن . ئەوەش چیرۆكێكی دوور و درێژ و پڕ لە پێچ و پەنایە و تەماشای هەر كتێبێكی سپی بكەیت تێدەگەی مەسەلە چی بووە (ئەو كتێبە یان ڕاپۆرتە بەرگ سپییەیە كە دەوڵەت دەریدەكرد لە سەر مەسەلە یان كێشەیەك ــ و). لە دەربەندەكەدا ژنە كوردێكی بەژن و باڵا گۆشتنى ڕووگەشمان بینی كۆرپەیەكی بە كۆڵیەوە دابەستبوو و مانگایەكیش بە بارەوە هێدی هێدی لە پێشیەوە دەڕۆیشت و ئاژەڵێكی بارهەڵـگری سەیر بوو. هەر كە ئێمەی بینی سڵەمییەوە و دای بە تاوێر و بەردی قەراخ ڕێگەكەدا و بە بارەوە گلاو كەوت. منداڵەكە دەستی كردە گریان و ژنە كەوتە لێدانی  مانگاكە و ئەمیش كەوتە لنگە فرتێ و وامزانی هەر ئێستا قاچی دەشكێ. ئێمە بە ئۆتۆمبیلەكەمان لە كوردستان ئەم هەراو بەزمەمان نایەوە! لە بەر ئەوە بە هەڵەداوان ڕامانكرد و بارەكەمان لە مانگاكە داگرت و هەڵمانسانە سەر پێ و منداڵەكەمان گرت تا دایكەكە سەرلەنوێ بارەكەی توند كردەوە و ئەوجا بە خۆشییەوە هەر یەكە بە ڕێی خۆماندا ڕۆیشتین. ڕێگەی ئێمە خۆش و پان و پۆڕ بوو و بە دۆڵی بازیاندا خلۆر بووینەوە كە بە پڵ و پووشی زەردی ئاڵتوونی داپۆشرابوو، لەوبەری دۆڵەكەوە زنجیرە شاخێكی نزمترمان چاو كرد كە تاسڵووجە داغی ناو بوو. لێرە بە لێژاییەكی پڕ لە پووشی نەرمدا وەستاین بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ و لەولامانەوە خێزانێكی كورد لۆكەیان دەچنی لە مەزرایەكی بچووكدا و نەمزانی ئەمانە لە كوێوە هاتوون چونكە هیچ گوندێكم لەو ناوەدا بەرچاو نەكەوت و پاشان دەربەندی تاسڵووجەمان بڕی و چووین بە دیوی دۆڵی سلێمانیدا كە زۆر بەرفراوانتر بوو لە بازیان و چەمچەماڵ. دوور لە خواری دۆڵەكە دار و خانووەكانی شاری سلێمانیمان بەدیكرد، كە لە نزیكەی كاتژمێر پێنجدا پێیگەیشتین و لەو ناوەدا لەملاو لەولاوە چەند گوندێكمان بینی و خەڵك بە ڕێگاوە بوون بۆ ماڵی خۆیان و ئافرەتان گورزە پووش و چیلكەیان بە كۆڵ هەڵـگرتبوو كە 8 تا 10 پێ درێژ و 4 پێ پان بوو. ئەوان وەك هەندێ جۆری قالۆنچەی سەیر دەهاتنە بەرچاو كە كۆمەڵە پووشەكە بە سەر پشتی چەماوەیانەوە بوو و هیچی تر نەدەبینرا لە دوو قولەپێی بەهێز بەولاوە و لەرەلەری گورزەیەك. خۆر لە ئاوابووندا بوو كە ئێمە گەیشتینە سلێمانی و یەكڕاست چووین بۆ ماڵی مێجەر گۆڵدسمیس، كە خانوویەكی قەشەنگ بوو لە سەر شێوەی ئێرانی و باخێكی تێدابوو پڕ لە دار هەناری گەڵا زەرد هەڵـگەڕاو لەگەڵ چەند ڕیزە كۆسمۆسێكی درەنگ گوڵكردوو. بە هۆڵێكی بچووكدا دەچیتە ژوورەوە بۆ دیوەخانێكی گەورە و فراوان و چەند كۆڵەكەیەكی دارینی تێدایە و دەڕوانێتە سەر باخچەیەكدا و لەوێ دانیشتین و چایان بۆ هێناین. هۆدەی خەوتنەكەی من، وەك هەر هۆدەیەكی خەوتنی ئێرانی پەنجەرەی تەلبەندی هەبوو و بە سەر باخچەكەدا دەیڕوانی لە بەرانبەر هۆدەی دیوەخانەوە و لە پشتیشیەوە هۆدەیەكی گەورەی پێشوازی خرابووە سەر خانووەكە. شوێنەكە خۆش و دیوارەكان سپی و تاقمی جوان لە دیوارەكاندا هەبوون و بنمیچی دارین و ئاگردانی گەورە گەورە زۆری دڵخۆش كردین كە لە ئێوارەدا ئاگری دارمان دەبینی دەسووتا. سلێمانی دەكەوێتە سەر بەرزیی 2 ــ 3 هەزار پێ (لە ڕووی دەریاوە) و وەرزی ئەم درەنگانی پایزە زۆر خۆشە. لێرە كاپتن بێلی، كە دەمێكە دەیناسم و خۆشمدەوێ، یاریدەدەری مێجەر گۆڵدسمیسە، سكرتێرەكەشی كاپتن هۆڵتە (كە ڕۆژی دوای ئەوەی من گەیشتم تووشی ئاوڵە بوو و لە جێگادا كەوتووە، داماو خۆی)، هەروەها ئەفسەرەكانی لێڤی كاپتن ماكانت و كاپتن بۆرن بوون، یەكەمیان كەسێكی چاك بوو كە بە عادەت زۆربەی كاتی لەگەڵ من بە سەردەبرد كاتێ كە دەهات بۆ بەغدا. ئێمە سلێمانی وەك لیوایەك بەڕێوە دەبەین كە هەموو دانیشتووانی كوردن، ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی كۆمیسیاری باڵادا و جیا لە عێراق و هیچی تری لەگەڵ ناكرێت. لێڤییەكانی كوردن و هێزی بەریتانیمان لەوێ نیە و هەموو كاربەدەستان كوردن و هەموو كار و ڕایی كردنی مامەڵەیەك هەر بە زمانى كوردی دەكرێت. ئێمە ئێستا وا خەریكی دامەزراندنی ئەنجومەنێكی هەڵبژێردراوین كە پێكهاتووە لە چوار ئەندامی حكوومەت (مێجەر گۆڵدسمیس خۆی و سێ كاربەدەستی كورد)، چوار نوێنەری شاری سلێمانی و یەك نوێنەریش لە هەر قەزایەك لە چوار قەزاكە. ئەم چوارەیان ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژارندان و كارێكە پێی ئاشنا نین چونكە پێشتر هیچ كەس هەڵنەبژێردراوە و كاندیدەكان زۆر شەرم دەكەن بێنە پێشەوە، بە ڕادەیەك كە دەبێ ئەفسەرە سیاسییەكان ڕازییان بكەن و هەوڵیان لەگەڵ بدەن. بە هەر حاڵ ئێمە كەم تا زۆر هەر نوێنەرایەتییەكی وڵاتمان دەستدەكەوێت وردە وردە بەرپرسیارێتیی دەخەینە ئەستۆ. لە ئێستادا مێجەر گوڵدسمیس دەبێتە سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە چونكە كەسێك نیە لەو شیاوتر بێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دواتر بەهیواین بتوانن كەسێك هەڵبژێرن بۆ ئەو شوێنە و ڕەنگە پیاوێكی خوێندەواری خۆوڵاتی بێت، كە زۆرێكیان لە ئەستەمبووڵ فێر بوون، چونكە توركەكان كاتی خۆی زۆر لە بنەماڵە گەورەكانیان بردووە بۆ پایتەخت. هەر كاتێكدا كە ئەوە ئەنجامدرا ئەوە پێكهاتەكە تەواو دەبێت، كە قەوارەیەكی ناوخۆیی حوكمی حكوومەتی كوردی دەكات لە ژێر دەسەڵاتی كۆمیسیۆنی باڵادا و هەڵبەت ئەمە شتێكی سەرسامكەرە كە لەم ماوەیەدا كار لەم بوارەدا كراوە. لە كاتی دەسەڵاتی توركدا تەواوی هەرێمەكە لە پشێوی و نائارامیدا بووە و هیچ ڕێگاوبانێك سەلامەتی و ئەمانی تێدا نەبووە و هیچ كارێكی حكوومەت جێبەجێ نەدەكرا، بەڵام ئێستا بە ئاشتی و ئارامى كار بەڕێوەدەچێت و چاوچنۆكی و تەماحكاریی سەرۆك و ئاغای تیرە و هۆزەكان بەری لێگیراوە و جووتیار ڕەز و باخی خۆی دەكێڵێ و تووتنی خۆی دەكات و بەروبوومی خۆی بە سەلامەتی دێنێتە بازاڕی سلێمانییەوە و ئێستا بە سەرپەرشتییەكى كەم خەڵكەكە خۆیان كاروبارى خۆیان بەڕێوەدەبەن. داهاتی كورد بە ڕەسمی دەخەمڵێنرێت و هەروەها ئەرك و كارەكانی لێڤیش، بەڵام دەفتەر و تۆمارەكانی دەبێ بخرێنە بەر پشكنینی كاربەدەستی بەریتانی لە هەموو شوێنێك بۆ پشكنین و ڕێكخستن و ڕاست ڕاگرتنی ژمێریاری بە شێوەیەكی دروست و هەڵبەت كاربەدەستی بەریتانی هەموو ئەوانە بە كوردی دەكات. من ڕۆژانی پێنج و شەشی ئەم مانگەم لە سلێمانی بەسەربرد و یەكەم ڕۆژم تەرخان كرد بۆ بینینی ئەم شارە جوان و بچووكە و گەڕان بە ناو بازاڕە قەشەنگەكانیدا. كوردەكان خەڵكێكی ڕووخۆش و بە وێڵ و ماریفەتن. مێزەری زلى تێكەڵاویان (مەبەستى تێكەڵكردنی مشكی و جامانەیە كە ئەو دەمە باو بووە ـ وەرگێڕ) شەرواڵی فشەڵ و پانوپۆڕیان كە لە ناوقەدیانەوە بە چەندین یارد پشتێنی قوماشی لۆكە بە شێوەی قوڵف و گرێ گرێ دەیبەستن و چاكەتێكی كورتی بە سەردا لە بەر دەكەن و سەیر دەنوێنێ لە تەماشا كردندا. پیاوانی شار كەوای رنگاوڕەنگ یان بە ئاوڕێشم چنراو لە بەر دەكەن لە ژێر چاكەتێكی زۆر كورتدا (مەبەستی سەڵتەیە ـ و) و خەنجەرێكی مشتوو زیو دەكەن بە بەر پشتێنەكەیاندا، بەڵام كەس ئێستا پێویستی بەوە نیە چەك هەڵبگرێت و بچێ بۆ سەر ئیشی   ڕۆژانەی و بەم پێیە ئەگەر ڕەزنێ دوان فیشەك لەخۆ بدەیت و بە چواردەوری شاردا بسووڕێیتەوە و خۆت با بدەیت قەیناكە بەڵام نەك لە ناو شاردا. لای ئێوارە هەر سێ كاربەدەستەكەی حكوومەت هاتن بۆ لام، كە قازی و ماڵ مودیری (بەڕێوەبەرى داهات) و دادەوەر بوون. ئەمان هەموویان بە عەرەبی قسەیان دەكرد و خێرا خێرا جەختیان لە سەر ئەوە دەكردەوە بۆم كە هیچیان لەگەڵ عێراق و فەیسەڵدا نیە.

 

سلێمانیی سەربەخۆ ــ من تەنانەت ناڵێم كوردستان ــ شتێكە كە ئەوان فەرامۆشیان كردووە و لەگەڵ ئێمەدا هاوكار بن و ئامۆژگاریی كاربەدەستانی كورد بكەن و ئەگەر توانیمان پارە پەیدا بكەین هێڵێكی ئاسن لە كەركووكەوە ڕاكێشین بۆ ئێرە ئەوە منەتبار دەبن، بەڵام من پێمڕاگەیاندن كە ئەم خاڵەیان پێدەچێت جێبەجێ نەبێت. ڕۆژی شەشی مانگ باران بوو بەڵام من سەرلەبەیانییەكەی بەخۆشییەوە لە بناری شاخدا ئەسپ سوارییەكی چاكم  كرد و جەندرمەیەكی عەرەبیزان وەك ڕێپیشاندەر یاوەریی دەكردم. پاش نیوەڕۆ لەگەڵ كاپتن ماكانت سەردانی سەربازگەى لێڤیم كرد لەگەڵ نەخۆشخانەی سەربازی و چەند شوێنێكی تر و یەك لە سەربازگەكانیان خانووە گەورەكەی شێخ مەحموود بوو. دواتر هەر چوار ئەندامە هەڵبژێردراوەكەی ئەنجومەن هاتنە لام و پێكەوە چایەكمان خواردەوە و سیانیان بە عەرەبی قسەیان دەكرد و هیوام بۆ خواستن بە گشتی سەركەوتوو بن لە كاروباری ئەنجومەن و حكوومەتەكەیاندا و وتیشم ئێمە دەمانەوێ لە هەلومەرج و دۆخێكی باشدا بن لەگەڵ عێراق و چ حكوومەتێك هەڵدەبژێرن لای خۆتانە. هەروەها ڕەزا بەگی قایمقامیش هات و ئاماژەی بەوە كرد كەوا ڕەنگە كەركووكیش بیەوێت بێتە سەر سلێمانی بەڵام من ئەو مەسەلەیەم پێ قبووڵ نەبوو و بەدڵنیاییەوە ئەو هەستەم لا دروست بووبوو كەوا كەركووك ناداتە پاڵ كەس   (لەبەر هۆۆیەکی بەجێ) pour le bon motif. بە هەر حاڵ ئەوان دەبێ نەخشەی كاری خۆیان دابڕێژن بۆ ڕزگار بوون بەڵام ئومێدم وایە ڕێگای گەوجانە نەگرنە بەر. سەرلەئێوارە بوو بە باران و هەورە  گرمە و لە بەر ئەوە زۆرم هیوا نەما بەو گەشتەی بەنیازی بووم لە ناوچە شاخاوییەكاندا بەڵام بۆ بەیانیی حەوتی مانگ هەور بە ئاسمانەوە نەما و دنیا لە دوای ئەو بارانە ساف و ڕوون بوو. بەم پێیە بەیانیی كاتژمێر نۆ من و كاپتن بێلی كەوتینەڕێ بە یاوەریی دووسێ جەندرمە كە بەرگی ڕەسمیی سەرنجڕاكێشیان پۆشیبوو بە جۆرێك كەوا لەگەڵ پێگە و پایەبەرزیی ئێمەدا بگونجێ (یەكێكیان كە ناوی ساڵح بەگ بوو و عەرەبی زانێكی باش بوو بە دەستەجلێكی قاوەیی و نەخشی چنراوی ئاڵتوونییەوە، كەوتە تەك من) و زەیا بە جووتێ هێسترەوە كە جانتا و تفاقمانیان هەڵـگرتبوو بە دوامانەوە بوو. من هیچێكی ئەوتۆم لەگەڵ خۆم نەبردبوو بێجگە لە كورسی و  دەستشۆر و دەستێك جل و كیسە خەوێك و ئەمە هەموو ئەو شتانەیە كە لە كوردستاندا پێویستت پێیانە و تۆش لەوە تێدەگەیت كەوا جارێكی تر دڵم كەوتە ترپە ترپ بە زرنگەی زەنگی كاروان لە ئاوزەنگییەكانی لای پاژنەمەوە. ئێمە بە سواریی ئەسپ یەكڕاست بە شاخەكەی پشتی شاری سلێمانیدا سەركەوتین و لەوێوە و لە سەر لووتكەی شاخەوە بە سەر تەواوی وڵاتەكەدا دەمانڕوانی و دنیایەك زنجیرە شاخی پڕ دارستانمان بینی و لووتكە شاخێكی ڕووتەنیش كە سنووری ئێرانی دیاری دەكرد. كاتێ چووینە ئەودیودا وردە وردە دەوەن و داربەڕووەكان گەورەو گەورەتر دەبوون، لێرە و لەوێ هەندێك گۆڕستانمان بینی كە دار تیایدا پیرۆزە و تەنانەت نابێ لقە دارێكیشی لێببڕیت بۆ سووتاندن و داری زل زل سێبەریان كردبوو بۆ كێلە بەردی سەر گۆڕەكان. من وایبۆدەچم كە ئیسلام بە سووكی تەماشای خەڵكی چیانشین دەكات، چونكە لە هەموو لا گۆڕی پیرۆزت بەرچاو دەكەوێت پیاوچاكێكی لەبیركراو یان تەواو خەیاڵی لە ناویاندا نێژراوە و كۆمەڵە بەردێكی لە سەر كەڵەكە كراوە بۆ دیاری كردنی مەزارەكەی و داربەڕووی لارولوێریان لە سەر دەڕوێ و ڕێبواران پارچە قوماشی شەكاوە بە لقەكانیدا هەڵدەواسن لە هەر لایە ترۆپكی گرد و   تەپۆڵكەیە و مەزاری ئەم حاجی و ئەو شێخن وەك خواپەرستێكی كۆن لە موسڵمانانی ئەمڕۆ دەخوازن پارچە پەڕۆ یان نازانم چییەك بكەنە نەزر بۆ ئەو شوێنەی باوباپیرانیان كڕنووشیان بۆ چیاكان و نووری بەهەشت بردووە. بەم جۆرە بە دۆڵێكی قووڵدا شۆڕ بووینەوە كە لاپاڵەكانی بە داربەڕوو داپۆشراوە و هەموو شتێك جوانیی ئەو پایزە درەنگوەختەی دەنواند. داربەڕووەكان بڕبڕ لە بەرگی   قاوەیی و سەوزدا دەدڕەوشانەوە، داربی،  دارچنار و سپیندار لە بنی دۆڵەكەدا دیمەنێكی دڵڕفێنی زەرد و ئاڵتوونییان دەنواند. لێرە و لەوێش ڕەزە ترێ هێشتا هەندێ لە دوا گەڵامێوی درەوشاوەیان پێوە مابوو، یان چڵە مێوێك لە سەرەوە تا خوار خۆی لە داربەڕوویەك ئاڵاندووە. لەو كاتەدا هێزێكی سوارە هاتە سەر ڕێگەمان و ئەمانە قایمقامی ئەو ناوچەیە و دەستوپێوەندی بوون و هاتبوونە پێشوازیی كاپتن بێلییەوە و كەوتنە تەكمان بۆ بارەگای قەزا، كە گوندێكی بچووك بوو پێیان دەوت كانی سارد و لەوێ لە بیناكانی حكوومەتدا دایانبەزاندین. ڕەنگە وابزانن خانووی گەورە و پۆشتە و پەرداخ بووبێتن؟ با بۆت باس بكەم چۆن خانوویەك بوو، سێ ژووری لە  قوڕ و بەرد دروستكراو بە سەر هەیوانێكی قوڕدا  كراوەتەوە و بنمیچەكەی قامیش و چەند لقە دارێك بوو، هەر سێ دەرگاكە قاپیی پێوە نەبوو، ئەم هۆدانە هیچ پەنجەرەیان تێدا نەبوو لە كونێك زیاتر لە بنمیچی هۆدەكاندا بۆ ئەوەی دووكەڵی ئاگردانی ناوەڕاستی هۆدەكانی لێوە دەرچێت كاتێ ئاگریان تێدا دەكرێتەوە. من زانیم دووكەڵ دەرناچێت چونكە بە شەو جەندرمەكانمان لە هۆدەكەی بەرانبەری ئەوەی من ئاگریان كردەوە و دووكەڵەكەی هەموو هاتە ژوورەكانی ترەوە تا بە شتێك گرتیان. لە هەیوانەكەدا سفرە ڕاخرا و نانێكی بەتامیان بۆ كردبووین كە بریتی بوو لە برنج و گۆشتی كوڵاو و ماستاوی سوێر و ترێی ڕەشی بچووك كە دوا بەری ترێ بوو لەم شاخانەدا. كاپتن بێلی دواینیوەڕۆكەی زۆر سەرقاڵ بوو و یەكەمجار پێنج شەش بازرگانی كۆكردەوە كە لە سلێمانییەوە هاتبوون بۆ كڕینی تووتنی ئەو وەرزە لە دێهاتی ئەو دەوروبەرە و لەگەڵیاندا ئەو نرخەی بڕییەوە كە ئامادە بوون بیدەن بۆ كڕینی تووتن و بەو پێیە دەكرا دە یەكی حكوومەت بە ڕاستی بخەمڵێنرێت. دوای ئەوە چووە سەر حیسابی عەبدوڵا ئەفەندیی كاربەدەستی ناوخۆیی داهات و چاوی بە كارەكانیدا خشاندەوە لە دەفتەر و تۆمارەكانیدا و پەڕە پەڕە هەڵیدایەوە كە هەمووی بە زمانی كوردی نووسیبووەوە و عەبدوڵا ئەفەندی بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش دەفتەر و تۆمارەكانی خۆی بە رێكوپێكی ڕاگرتبوو. بەڵام من بەجێمهێشتن و بۆ خۆم كەوتمە گەڕان لە دۆڵەكەدا لە خوار ئاواییەوە بە ڕاڕەوە پر گژوگیاكاندا و بە ناو پەڵە تووتنە چێنراوەكاندا و پەڵە جۆی سەوزی زستانەدا، تا گەیشتمە بن دارتوویەكی ئاڵتوونی و لەوێ بۆ خۆم پاڵمدایەوە و تەماشای زنجیرە شاخی شین و دارچنارم دەكرد كە لە ناو چەمەكەوە هەڵكشابوون و دەدرەوشانەوە. دەمەو خۆراوا   گەڕامەوە و ڕوانیم كاپتن بێلی ژمێریاریی خۆی تەواو كردووە و لە پێش نانی ئێوارەدا چەندین پیاڵە چای شیرینیان بۆ هێناین و هەر كە پیاڵەیەكت دەخواردەوە خێرا یەكێكی تریان بۆ دەهێنایت و هیچ سوودی نەبوو بتوتایە بەسە ئیتر ناخۆمەوە. لەوێ باسی گالیپۆڵی مان كرد كەوا كاپتن بێلی شەش مانگى تێدا بەسەربردبوو وەك ئەفسەری تۆپخانە تا تووشی نەخۆشیی تایفۆیید (گرانەتا) بووبوو و لە پێش هێرشەكەدا ناردبوویانەوە بۆ ماڵەوە. لەم شەڕەدا چل ئەفسەر بێسەروشوێن بوون لە فەوجەكەدا و بگرە فەوجەكە خۆیشی نەما و تەفروتوونا بوو. وادیارە باوەڕ ناكرێ لە ناو ئەم چیا هێمن و بێدەنگانەی كورددا شێت و شبرێكی لەم چەشنە لە ماوەیەكی كەمدا دنیا بگەڕێ.

 

بۆ نانى شێوان لە نانخواردنی نیوەڕۆ زیاترمان خوارد و دواتر هەر لە هەیوانەكەدا لێی خەوتم، چونكە شەو لە كانی سارددا بە واتا خەوتن. بۆ سبەى بەیانیى 8ی نۆڤەمبەر، كەشێكی خۆش و بێ هەوری هەبوو، تەنها ئەوەندە سارد بوو ناچا بیت بە دوای گەرمیی خۆردا بگەڕێیت كە سێ سەعات زیاتر بوو هەڵاتبوو بەڵام ئەوەندە تینی نەبوو وا هەست بكەم جلە تەنكەكانی ئەسپ سواریم لێ ببێتە بار. كاپتن بێلی بە ئەرك گەڕایەوە بۆ سلێمانی و زۆرم خەفەت خوارد بۆ ئەو جیابوونەوەیە و بەیانیی كاتژمێر هەشت لەگەڵ ساڵح بەگ و زەیا و دوو هێستر و سێ جەندرمەی تر بەڕێكەوتم، نەك لە بەر سەلامەتی بەڵكو بۆ ڕاگرتنی   شان و شكۆی كاروانەكەم. گەشتەكەم حەوت كاتژمێری سواریی برد بۆ شیوەكەڵ كە نیو سەعات لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو. من هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵڕفێنم بە چاو نەدیوە و سێ جار ڕاڕەوی هەورازمان هەڵكشا بۆ دوو یان سێ هەزار  پێ و پاشان دوو یان سێ هەزار پێ شۆڕ دەبووینەوە بۆ شیوێكی تر و بە ناو پەڵە داربەڕووی قاوەیی سوورباودا بەو لاپاڵ و نشێویانەدا و زینی ئەسپەكانمان لەم هەوراز و لێژییەی دۆڵ و شیوەكاندا دەخزا و لارەسەنگ دەبوو. چەم و شیوەكان پڕبوون لە دار قەزوان و چنار و سپیندار و بی و تووتڕك بە گوێی جۆگە ئاوەكاندا و ئێمە لە سێ چەم و ئاومان دا و پەڕینەوە چونكە وەرزەكەی پایز بوو و لە بەهاراندا هەرگیز بواری پەڕینەوە نادەن لە بەر ئاو زۆرییان. هەموو قەدپاڵی گرد و چیاكان یەكپارچە ڕەزو دار و دەوەن بوون و سەوزەگیایەكی نەرمیش سەری دەرهێنابوو، بەڵام ئەم ناوە هەمووی چۆڵ بوو و بە درێژایی ڕۆژەڕێیەكمان چل كەس كەمترمان بینی بە كاروانی بچووك بچووك كە بارە تووتن یان گوێزیان پێبوو بۆ بازاڕی سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەكی كەمی ئاوارەی ئێران كە لە بەر ئاژاوە و پشێویی ئەو سنوورانە هەڵاتبوون و هەندێ شڕكە و پڕكەی ناوماڵیان لەگەڵ خۆ هێنابوو. كوردستانی بەری لای ئێمە بووبووە جۆرێك لە پەناگە و داڵدە بە هۆی ئاشتی و ئارامی و بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەوە و چاودێریی ژمارەیەكی كەم گەنجی ئینگلیزەوە. لە هەر شوێنێكی ڕێگا تووشی هەر پیاوێك ببوایەم دەوەستا و سڵاوی بۆ دەكردم، نەك لە بەر شەخسی خۆم بەڵكو لە بەر گەورەیی و خێرخوازیی حكوومەتەكەم بێجگە لەوەش كە غەریب بووم و بۆ ماوەیەكی كاتی لە ناو خەڵكێكی میوان پەروەردا بووم.

 

پاش ئەوەی چەمی سێهەممان بڕی، كە لە هەمووی جوانتر و دڵڕفێنتر بوو، ڕێك بەرەو شاخەكەی سنوور هەڵدەزناین بەڵام بە ڕێگایەكی پێچاوپێچى بێكۆتاییدا. شتێكی زۆر گرنگە كە هاتنت بۆ كوردستان تەنها لە پایزدا بێت بۆ بینینی گوڵى سۆرنجانی زەرد. هەموو قەدپاڵێكی بەردین تۆپی ئاڵتوونیی گوڵی ئەو ڕووەكەی لە سەر پەرت و بڵاو بووەتەوە و خۆی لە بەر خۆر هەڵخستووە و چەشنی ئەستێرە ئەو خاكە سوورباوەی گرتووەتەوە و جریوەی دێت لە سەری.

 

ئێمە هەر هەڵكشاین و هەڵكشاین و لە بەر ئەوەی هیچ گوندێكمان نەهاتەڕێ تەواوی ڕۆژەكە هیچمان نەخوارد و لە بەر ئەوەی ڕێگەی نێو چیاكان بە لێژایی تووش و سەختدا شۆڕ دەبووەوە من بە زۆری بە پێیان دەڕۆیشتم بۆ ئەوەی ماینەكەم بپارێزم لە گلان و پێش ئەوەی تەلانەكانی شیوەكەڵ بەدی بكەین من هەستم بە برسێتیی زۆر دەكرد. ئێمە لە ناو پەڵە تووتنەكاندا ڕێگەمان ونكرد و كە هاتینەوە سەر ڕێ تووشی مودیر بووین كە لەگەڵ سوارەكانیدا هاتبوونە پێشوازیمانەوە، چونكە كەمێ پێش ئەوە پیاوێكمان ناردبووە لایان كە هەواڵیان بداتێ وا گەیشتین. شیوەكەڵیش وەك هەموو گوندە كوردەكانی تر بە لاپاڵێكی تووش و لە گوێ چەمێكدا دروستكرابوو، لە پێشەوە خانووەكان لە دوو نهۆم دروستكرابوون، خوارەوەیان بۆ ئاژەڵ و پاتاڵ و سەرەوەش بۆ نیشتەجێی خۆیان، لە پشتیشەوە بنمیچەكە لەگەڵ ڕاڕەوەكەدا یەكسانە و خانووەكە لەوەی سەرەوەی خۆی جیادەكاتەوە. نهۆمی سەرەوە لە دواوە بە سەر ساپیتەی گەوڕەكەوەیە و بە پەیژەیەكی داریندا سەردەكەویت و دەچیتە دیوەخانێكی گەورەوە كە بنمیچەكەی بە كۆڵەكە دار ڕاگیر كراوە و لێرە لە سەر قاڵی و دۆشەك دادەنیشیت و چەند كەسێكیش خەریكی چاى لێنانن. ئاگر لە ناوەڕاستی دیوەخاندا دەكرایەوە كە یەكپارچە دەیكردە چەڕە دووكەڵ، یان لە ئاگردانێكی ناو دیوارەكەدا لە هۆدەكەوە ئاگر دەكرایەوە و دووكەڵی كەمتر بوو، لەم وڵاتەدا وا دیارە دووكەڵیش بەكار نەدەهات. هۆدەیەكیش لە پشتی دیوەخانەوە هەبوو زۆر تاریك بوو و تەنها لە دەرگا و هەندێ كونی دیوارەكەیەوە كەمێك ڕووناكیی پێدەگەیشت و لێرەدا ئەندامانی خێزان لە شوێنێكی هێند پیسدا دەژیان كە هەر باس ناكرێت. لە لایەكیشەوە هۆدەیەكی درێژ و تەسك هەبوو، بە درێژایی دیوەخان و هەیوانەكە، كەوا بزانم لە زستاندا وەك دیوەخان بەكاردێت كاتێ كە دنیا زۆر  ساردە و ناكرێ لە داڵاندا دانیشن، بەڵام بە زۆری ئێستا بەتاڵە و ئەمە ئەو هۆدەیە بوو كە بۆ من تەرخان كرا وەك شوێنی حەوانەوە و خەوتن. لێرەدا نەخشەی خانوویەكی كوردی دەخەینەڕوو كە لە زۆر شوێن بەمجۆرەیە بە هەندێ جیاوازیی كەمەوە لێرە و لەوێ (بە داخەوە لە دەقە ئینگلیزییەكەدا وێنەكە هاوپێچ نەكرابوو ـ و). سەرنج بدە كە هۆدەكەی من لەو ڕووەوە باش بوو كە دوو پەنجەرەی تێدابوو بە سەر ساپیتەی گەوڕەكەدا دەكرانەوە و بە ئەڵقەڕێزێكی دارین دادەخران و تەلبەندێكی دارینیشیان پێدا گیرابوو كە دەكرانەوە. پەنجەرەكان شووشەیان پێوە نەبوو و زەویی هۆدەكان هەر بە قوڕ سواغ درابوو، دیوارەكانیش هەر قوڕ بوون و لە كون و درزی ژوورەكەوە گیانلەبەری خشۆك و جۆراوجۆر دەردەچوون كە نەمدەخواست بیانبینم، بەڵام سوپاس بۆ خوا وەرزی كێچ خەریكبوو بە سەردەچوو.

 

با ئێستا بێینەوە لای شیوەكەڵ.

 

ئێمە چووینە ماڵێكەوە كە مودیری تێدا بوو، چونكە ماڵی خۆی لەم گوندەدا نەبوو و لە دیوەخاندا دانیشتین. دەربەندێكی تەنگەبەری بچووك لە خوارمانەوە پڕ بوو لە دار قەزوانی  جوان و خوڕەی ئاوەكەی بووبووە مۆسیقا لە گوێی مندا، بەڵام هێندەم برسیبوو زۆرم چێژ لە بیستنی ئەو هاژەی ئاوە وەرنەدەگرت و خۆشترین ساتەوەخت ئەوە بوو كە مودیر چای ئامادە دەكرد و تەبەقێك نانی تەنكی كوردی و ماستاوی سوێر و چەند شیشێك كەبابی گەرمی هێنا. پاشان بە زمانێكی فارسیی سەر و گوێلاك شكاو كەوتمە دەمەتەقێ لەگەڵ مودیر و زۆربەیان كەمێك قسەیان پێدەكرد، چونكە ئێرە سنووری ئێران  ـ كوردستان بوو. پاش تاوێك من چوومە ژوورەكەی خۆم بۆ تەواوكردنی ئەم نامەیە بۆ تۆ (واتە بۆ باوكى ــ و) كە هەمووی هەر لە ساتەوەختی ناڕێك و ڕەوتەنیدا نووسراوە. دواتر كاتژمێر شەش گەڕامەوە بۆ ئەوەی نانی شێوان لەگەڵ مودیردا بخۆم. كاتژمێر هەشت زەیای دڵسۆز ئاوی بۆ گەرم كردم و خۆم شۆرد و ڕێك 10 كاتژمێری تەواو لێی خەوتم بێ ئەوەی بیر لە هیچ بكەمەوە و ئێستا دوای ئەوەی هەفتەیەكە بەغدام جێهێشتووە وا هەست دەكەم كەسێكی ترم.

 

لێرە نەك هەر تەنها خەڵك كەمە بەڵكو سەیر ئەوەیە باڵندە و ئاژەڵیش كەمن. لە ڕێگەماندا بەرەو شیوەكەڵ هەندێك بزنە كێوی و مەڕە كێویمان بینی كە پێشتر نەمدیبوون، هەروەها كەوی قاچ سووری سەر بەرد و هەندێك قەلە بازەڵە و هەڵۆ، ئەمە هەموو ئەو باڵندە و ئاژەڵانە بوون كە بینیمن. لە بەهاراندا تەواوی وڵاتەكە دەبێ بە بەهەشتی گوڵ و گوڵزار و زەنبەقی ڕەش ڕێك لە زەوی ڕاستبووەتەوە، زافەرانی شین و زەردی پایزە، دیانساسی پەمەیی و نەعنای سوورباو هەموو ئێستا گوڵیان كردووە و هەموو جۆرەكانی ڕوەكی پیازی و   سەلك و ڕەگ و جۆرەكانی تر هەموو ئێستا نەماون. یاوەرەكانم هیچ لە پایز ڕانەدەمان و كاتێ من بە سەرسامی لە بەردەمی شكۆی دار قەزوانەكان و ڕەزی سوور هەڵـگەڕاودا ڕادەوەستام و ئەوان تەنها ئەوەیان دەوت كە ئێرە لە بەهاراندا زۆر جوانە. گوندی شوێن بەرزی وەك شیوەكەڵ، كە نزیكەی هەشت هەزار پێ لە ڕووی دەریاوە بەرزە، ساڵانە ماوەی   3 - 4 مانگ لە ژێر بەفردا دەمێنێتەوە. من سەرم لەوە سوڕدەمێنێ چۆن خەڵكی بە زیندوویی هەڵدەكەن كاتێ كە شەكر و چایان لێدەبڕێت و بەفریش ڕێگای سلێمانییان لێدەگرێت. ئەوان دارێكی زۆریان هەیە بۆ سووتاندن و داربەڕووەكانیشیان ئالیكی ئاژەڵیان بۆ دابین دەكات و لە ناو لقەكانی هەر دەوەنێكی بەڕوودا لە نزیك گوندەوە باوەشێك گەڵا دەبینی. ئێمە لە نۆڤەمبەردا دیسان  كەوتینەڕێ و مودیر و ئەو كەسانەمان كەوتنە تەك كە لە شیوەكەڵدا بوون وەك كارمەندی داهات بۆ ئەوەی ماوەی چەند میلێكی كەم كەشوفش بە كاروانەكە   بدەن و ڕێگامان بۆ یەكەم قۆناخی ڕۆژ بە قەدپاڵەكانی سنووری ئێراندا هەر هەوراز و نشێومان دەكرد و بە ناو دارستانی بەڕوودا ئەمسەر و ئەوسەرمان دەكرد. دوو جار بە ناو گوندێكی بچووكدا تێپەڕین كە لە گوێ چەمێكدا دروستكرابوو و پڕ بوو لە دار قەزوان و بی و دەوەنی تووتڕك، هەروەها پەڵە تووتن و جۆی زستانە هەموو لاپاڵەكانی گرتبووەوە. بەڵام هەرگیز بیر لەوە مەكەرەوە كە لەم گوندە برسییانەدا جووتیار خاوەنی زەوی بێت چونكە تەواوی زەوی و زار یان لانی كەم بەشی زۆری مڵكی مودیرن، لە بەر ئەوەی باوكی لە سەردەمی توركدا قایمقام بووە و بەو پێیە هەموو شتێكی بۆ خۆی قۆرخ كردووە. ئەو خانووەی من لە شیوەكەڵدا تیایدا خەوتم هی بازرگانێكە و لەو گوندەشدا كە پیایدا تێپەڕیم سەرنجی خانوویەكی نائاسایی باشم دا و دواتر زانیم ئەویش هی هەمان بازرگانە و لە هەر یەكێكیاندا ژنێك و خێزانێكی هەیە و لە شوێنی تریش هەمان شتی    هەیە و بەو ڕەنگە بۆ هەر شوێنێك بچێت بۆ كار و بازرگانی ماڵێكی خۆی هەیە. وەك باویاپیرانی ئیسپانیی تۆ، گوندی سێهەم كە زۆر لەوانیتر گەورەتر بوو، ئەوەبوو كە مودیری لێدەژیا. ئێمە كاتژمێر 11 گەیشتینە ئەوێ و بۆ نانی نیوەڕۆ لاماندا. من لەو ناوەدا گەڕام و وێنەم گرت و لە دیوەخانەكەی مودیردا لە بەر خۆر دانیشتم و كەوتمە چاى خواردنەوە لە چاوەڕوانیی نانی نیوەڕۆدا، كە نانێكی زۆر تایبەت و چاك بوو لەگەڵ گۆشتی كوڵاوی نایابدا لە سەر برنج، بێجگە لە نانی گەرم و ماستاو و قووڵینەیەك ترێ. ماڵی مودیر گەورە و فراوان بوو، دوو هێندەی ئەوەی من نەخشەم بۆ كێشابوو، واتە دوو بەرە خانوو بوو كە دووەمیان بۆ ژنەكان بوو، هەروەها دەتتوانی بە قاڵدرمەیەك سەركەوی بۆ دیوەخانەكەی.

 

پاش نانخواردنی نیوەڕۆ سەرلەنوێ كەوتینەوە ڕێ و مودیر ماوەی نزیكەی نیو سەعاتێك بە سواری كەوتە تەكمان. ڕێرەومان بە شانێكدا دەڕۆیشت و پاشان شۆڕ بووینەوە بۆ گوندێكی بچكۆلانەی جوان كە ناوی سوورەبان بوو. شتێكی سەیر بوو كە ئەم گوندە و هەروەها نۆڕكی گوندەكەی مودیریش لە نەخشەی جەنگیدا دەسنیشان كرابوون، بەڵام ناوەكانیان هێند بە نامۆ و زەحمەت حینجە دەكرا كەوا كەس نەیدەناسینەوە. من لام سەیر نەبوو، چونكە ئەگەر ئاشنا نەبوویتایە بە زمانی كوردی نەتدەتوانی بیانناسیتەوە و بە پێی ڕەگی وشەكە دەگۆڕان. بۆ نموونە چووڵەغان ڕەگێكی هەبوو و نۆڕكیش لە ڕەگێكی ترەوە دەهات. لە پاش سوورەبان و كێڵـگە بچووكە بەیەكەوە بووەكانی، هاتینە ناو چەم و دۆڵێكی بەرفراوانتر كە ناوی ئاوی سیوەیل بوو. چەمێكی پڕ لە گاشە بەردی دڵڕفێن و ئەملاو ئەولای لێژگەیەكی تووش و سەخت و بە درێژایی ماوەی ڕێكردنمان بە سواری هەمووی ڕووەكی سۆرنجان بوو. پاشان هێدی هێدی لە چەمەكە پەڕینە ئەوبەرەوە كە كێڵـگەی درێژ و بەرفراوان و پڕ لە دار و دەوەن و جۆگە ئاو و دۆڵ و كەندڕ بوو، ئەمە هەمووی دەستكردی سروشت بوو و كەسی تێدا نەدەژیا و كەسیش نەیكێڵابوو، بەڵام گاگەل و مانگای گوندێكی ئەو نزیكانەی تێدا دەلەوەڕا كە ئێواران دەیانبردەوە بۆ گوند. لێرەدا مودیر سەرنجی ڕاكێشام بۆ لای ئارامیی ناوچەكە و پاش ئەوەی دابەزین وەختەكەمان هەموو بە دەمەتەقێیەكی مودیر و ساڵح بەگ بە سەربرد. ساڵح بەگ پیاوێكی زۆر دڵپاك و كراوە و رێكپۆش بوو بەڵام كەمێك بێئەقڵ بوو، كە ئەمەی خوارەوە شێوازێكی قسەكانمان بوو:

 

ــ ساڵح بەگ: خاتوون، ئەو كچە دەبینی؟ دایكی تەمەنی هەشتا ساڵ بوو كە ئەو لەدایكبوو.

ــ گێرتروود بێڵ: هەشتا ساڵ! دەی وەڵڵاهی ئەوە تەمەنێكی زۆرە.

ــ ساڵح بەگ: بەڵێ هەشتا یان شەست، دەى با شەست بێت.

من مەزەندەی ئەوەم كرد ڕەنگە تەمەنی دایكەكە 35 بووبێت.

 

ئەو هیچ كاتێ بۆ وەڵام دانەدەما و من لێمدەپرسی ئەم ڕێگا یان ئەویتر بۆ كوێ دەچێت و هەرچەندە ئەو بچووكترین شارەزایی نەبوو بەڵام یەكسەر دەیوت: "خاتوون ئەم ڕێگەیە دەچێ بۆ فڵانە ناوچە لە فڵانە شوێن" و بێ ئەوەی هیچ گومانێك پیشان بدات دەستی بۆ ئەو لایە ڕادەكێشا. كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بەرەو سپیارە هەڵكشاین، كە دەبوو لەوێ چاومان بە مودیری پێنجوێن بكەوێت. من نەمدەزانی ئەم چاوپێكەوتنە لەوێ لە سەر چ بنەمایەكە و ئەگەر من مودیر بوومایە كەس قەناعەتی پێنەدەكردم كە تاقە شەوێكیش لە سپیارەدا ببەمە سەر. خوایە گیان ئەمە چیەو بە هەر حاڵ دێهاتییەكان هەمیشە بە   وێڵ و كەماڵن و هەموو لە ژێر دار قەزوانێكی گەورەدا كۆبووبوونەوە بۆ پێشوازی و بەخێرهاتنمان كاتێ كە دەگەین و ئەوان ئەمە پیشەیانە هەر كاتێ سەردانى گوندەكەیان بكەیت. ئێمە پێنج دەقیقەیەك پێش گەیشتنمان پیاوێكمان نارد هەواڵیان بداتێ بۆ ئەوەى كۆببنەوە. ئەگەر تۆ چارەكە سەعاتێك تەرخان بكەیت بۆیان ئەوە چاوت بە پێنج كەسی داماوی جل شڕ دەكەوێت بە ترسێكەوە سڵاوت لێدەكەن و ئەوجا بە ڕێزەوە پاشەوپاش دەكشێنەوە. خەڵكی سپیارە وەك خەڵكی شوێنەكانی تر بەڕێز و نەزاكەت بوون بەڵام ئەم گوندە هەژارترین و پیسترین ئەو گوندانە بوو كە من ڕێم تێكەوتن. پاشان بردمیان بۆ دیوەخانی ماڵێك و خێزانی ماڵەكە بە ترس و شپرزەییەكی زۆرەوە چوونە هۆدەیەكی ڕەشی تاریكەوە، بەڵام ئەوان كێچەكانیان لەگەڵ خۆیان نەبرد و منیش بۆم دەركەوت كە لەو گریمانەمدا ڕاست نەبووم كەوا وەرزی كێچ بەسەرچووە و بە قەد بەرزیی شوێنی سپیارە كێچ كەڵەكە بووبوون و باوەڕ ناكەم كەس لە دنیادا بە ئەندازەى ئەم كوردانە پیس بێت هەرچەندە خەڵكێكی زۆر باش و دڵپاكن. ئەوان ناتوانن بە درێژایی 4 - 5 مانگی زستان خۆیان بشۆن لە بەر ئەوەی زۆر ساردە و پێدەچێت لەو باوەڕەدا بن كە خۆشۆردن لەو مانگانەدا بێسوودە و چاكترە خۆیان لە مانگەكانی تردا بشۆن و هەرگیز جلە زۆرەكانی بەریان داناكەنن زستان بێت یان هاوین، بە تایبەتیش مێزەرە زلەكانی پیاوان و ژنان كە قەت لە سەرى داناگرن. ژنیان قژ بە  لاجانگیاندا و بە سەر گوێچكەدا بەردەدەنەوە و بە زۆریش پەلكی ڕەشیان دەبەنە دواوە و لە ژێر سەرپۆشدا دەیشارنەوە. هەركە بەهار هات كێچ هێند زۆر دەبێت لە ماڵەكاندا تاڕادەیەك كە كوردە سەرەتاییەكانیش بەرگەی ناگرن و تەواوی گوند چۆڵی دەكات بۆ خانووی هاوینە كە وا لە گەڵا و لقی داربەڕوو دروست دەكرێ بە لاپاڵەكانەوەو منیش بەم حاڵ و بارەوە ویستم لە سپیارەدا بخەوم! پاش ئەوەی گەیشتم فرەی پێنەچوو جێگرێكی مودیر بە سواری هات كە گەنجێكی كەتە بوو و زۆر جار بینیبووم چونكە هۆدەكەی من ژووری تۆمار كردنی ئەو بوو كاتێ كە خەریكی كاروباری گومرگ دەبوو. ئێمە هێشتا هەر نزیكەی سەعاتێك لە سنووری ئێرانەوە دوور بووین. پاش ئەوەی شەو داهات هیچ ڕووناكییەك نەبوو ڕووناكیی ئاگری داڵانی دیوەخانەكەی لێدەرچێت و نانی شێوانمان چەند مریشكێك بوو لە سەر برنج بە نان و ماستاوی سوێرەوە. من پڕكێشیم كرد كە پارەی خواردن و خەوتن بدەم وەلێ ئەوان بە سووكایەتی پێكردنیان لە قەڵەم دا، بەڵام ژن و منداڵ هەلیان دەقۆستەوە و سواڵیان لێدەكردم و بە جۆرێكی تر ئەو قەرزەم بە سەر خۆمەوە نەهێشت. بۆ سبەی بەیانی چوار كەسی جل شڕی هەژار هاتنە لامان لەو كاتەدا كە ئەسپەكانیان بۆ زین دەكردین، دوانیان بە تەواوی نابینا و دوانیشیان یەكچاو بوون و من هەستم كرد ئەمە ڕێكەوت نیە و ئەوەی پێویست بوو بەجێمهێنا و لەو بڕوایەدام ئاوات بەوە دەخوازن كە هەموو جارێك ساحێبێكی ئینگلیز شەو لە سپیارەدا بكاتەوە.

 

23

 

 10 ی تشرینى دووەمی 1921

 

من خۆشحاڵ بووم بەوەی چوومە شوێنێك هەوای پاك و سارد بوو، شوێنێكی بێ كێچ با بڵێم و ئێمە لە لاشانی شاخێكی پڕ لە دارستان بەرەو لووتكە هەڵكشاین و لەوێوە و لە پشتی دۆڵ و شیوەكانەوە بەرزاییەكانی سنووری ئێران دیار بوون و كەوانێكی گەورەی بەرەو ڕۆژهەڵات دروستكردبوو. لێرە و لە گوندێكی تابڵێی پیسدا  ـ كە بیرم كەوتەوە ناوی بەهێ بوو و وابزانم بە واتای هەنار دێت (لێرەدا لێی تێكچووە ــ و) و نەگونجاو بوو لەگەڵ ئەم ناوەدا، لەگەڵ جێگری مودیر بەڕێكەوتین و بە سواری بە دۆڵەكەدا بەرەو خوار بووینەوە كە هەر چوار لای شاخی بەرز بوو، هەروەها پێشیشی زنجیرە شاخێكی بڵند  گرتبووی و دەبوو سبەینێ ئێمە لەوێوە بپەڕینەوە و كە چووینە ناو دەربەندێكەوە لەسەرخۆ دەڕۆیشتین و بە ڕاستى ڕەوتكردنی وڵاخەكانمان بە سەر نەرمە گیای دۆڵی پێنجوێندا زۆر خۆش بوو. كاروانی گەورەی هێستر بە دەنگی زەنگ و قۆڕەوە بە دوامانەوە بوون، ڕێك وەك ئەوەی لەشكری سوارە بن و ئێمەش لە سوپایەكى سوارە دەچووین لە كاتی هێرشدا و جەندرمە پۆشاك سەیرەكانم خۆیان بە تفەنگەكانیانەوە بادەدا و زەیا لە پانتۆڵی كورتی خاكیی قەشەنگدا دەتوت لە ئاهەنگدایە، بەڵام باوەڕ ناكەم چەكمە قاوەییە درێژەكانی من و شەبقە سەوزباوەكەم دیمەنێكی جوانیان نواندبێت، تەنانەت بە پانتۆڵی سواریی ئینگلیزیشەوە و وەی كە كۆرسێكی قۆشمەمان پێكهێنابوو. لە ڕێگا چاومان بە پیاوێك كەوت بە زەحمەت ڕێی دەكرد و بارێكی بە سەر شانەوە بوو و تفەنگێكی ڕووسیی بە دەستەوە، جەندرمەكانی من كە لە قەزای شارباژێرەوە هاتبوون (هەڵبەت ئێمە ئێستا لە قەزای پێنجوێنین) ڕایانگرت و ڕوخسەتیان لە من خواست چیبكەن، چونكە جەختیان لە سەر ئەوە كردەوە كە تفەنگ هەڵـگرتن بێ پاس قەدەغەیە و كابرا پێی لەوەنا كە هی خۆی نیە و بیانووی ئەوە بوو كە: (ئە) تفەنگەكە هی شێخ حەسەن بەگە كە ئێمەی لێ ئاگادار نەكردووەتەوەو (بێ) بۆیە پێویستی پێیەتی نەوەك ئەو شتومەكانەی لە توورەكەكەدا هەڵـگیرتوون لە ڕێگا دز لێی بسەنێت. كابرا لەم قسانەدا بوو و توورەكەكەی كردەوە و من وای بۆچووم كە بۆمان بسەلمێنێت چۆن تفەنگەكە پاڕاستوویەتی. دادگای لێكۆڵینەوە پێی وا نیە ئەم باس و خواسە بەس بێت، لە بەر ئەوە عەلی بەگ، كە یەكێك بوو لە جەندرمەكانی من، تفەنگ و ڕەزنەكەی لێسەند و لەگەڵ ئەوەی خۆیدا كردیە شانی و بە كابرای خاوەنی وت شوێنمان بكەوێت بۆ لای مودیری پێنجوێن، كە ئێمە خۆمان بۆ لای ئەو دەڕۆیشتین. كۆتایی چیرۆكەكە ئەوە بوو وەختێ ئێمە گەیشتینە پێنجوێن و زانیمان ئەم فەرمانە جارێ جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تفەنگ و ڕەزنەكەمان دایەوە بە كابرا و سەرباری ئەوەش من هەندێك بەخشیشی دۆستانەم دایە و (بە ڕاستی لە دڵەوە پێم خۆش بوو دەست بە سەر تفەنگەكەیدا نەگیرا) و دەتوانم بڵێم كەوا ئەم ڕووداوە بە خۆشی و ڕەزامەندی كۆتایی هات.

 

پێنجوێن لە دوورەوە شوێنێكی خۆش دیارە و هەر لەو دۆڵە بەرفراوانەدا كە تێیدا هەڵكەوتووە جوانییەكی بێوێنەی داربی دەبینی بە گوێ چەم و جۆگە و ئاوەكاندا و چنار كە سەریان بەرز كردووەتەوە بەرەو دامێنی گردەكان. بەڵام كاتێ دێیتە ناو شارەوە یەكپارچە كارەساتە! لە هەموو لایەكەوە و وێرانەی لە ڕووس بەجێماوە (كە لە ساڵی 1916 یان 1917 پێموایە هاتوونەتە ئێرە). لێرە تەنها نیوەی خانووەكان بە پێوە ماون، بازاڕ پەیكەرە ئێسكێكی بێ ساپیتەیە، قەیسەرییە جوانەكە، خانی ناو بازاڕ هەمووی كەلاوەیە. حەمامەكان و مزگەوتەكان كە مۆركی جوانیی شار بوون نیوەیان ڕووخاون. ڕووس هەرچی ئاژەڵ و ماڵاتیان هەبووە كوشتوویەتی یان بە تاڵانی بردووە و خەڵكەكە شتێكی وای بە دەستەوە نەماوە، سەد حەیف و مخابن!

 

مودیر، كە بە سواریی هاتبووە دەرەوەی شار بۆ پێشوازیی من، ناوی عەونی ئەفەندی بوو و پیاوێكی قەشەنگ و بەشكۆ بوو و عەرەبییەكی باشی دەزانی و ڕۆشنبیر و ڕووخۆش بوو. كاتێ چووینە ماڵیان دەسبەجێ ژنە شۆخەكەی و منداڵەكانی پێناساندم. ئافرەتی كورد سەرپۆشیان بە سەرەوە نیە و تێكەڵی پیاوان دەبن و خانمی گەورەی ماڵن چەشنی ئەم خانمە و بۆ كوێیان دەوێ دەڕۆن. ژنەكەی عەونی ئەفەندی ئەوەی پێخۆش بوو بە دانیشتنەوە وێنەی بگیرێت و بە تایبەتى هەموو خشڵ و زێڕێكی كردبوو بە خۆدا بۆ پێشوازیى من و كەمێك عەرەبیشی دەزانی چونكە باوكی كاپتن بووە لە سوپای    توركدا و بەو هۆیەوە چەند ساڵێك لە بەغدا و مووسڵ ژیاوە. پێش ئەوەی نانی نیوەڕۆ پێبگات من تاوێك بە ناو شاردا گەڕام و سەردانێكی قازیم كرد كە لە بەرهەیوانی مزگەوتدا دانیشتبوو، هەروەها وێنەی ژنانم لە سەر كانی گرت. پێنجوێن لە دۆڵێكی زۆر جوان و دڵڕفێندایە و خانووە باشەكانی لە خشتی سوور دروستكراوە و ئەگەر ئەم شوێنە ئەوەندەی كەلاوە تێدا نەبوایە ئەوە شارێكی تەواو ڕێكوپێك دەبوو، بەڵام لەگەڵ كەلاوەكانیشیدا دار و درەخت و قەدپاڵی چیاكانی جوانییەكی سەیریان پێبەخشیبوو. مودیر نانێكی نیوەڕۆی زۆر نایابی بۆ ئامادە كردبووم و ماڵەكەشی تەواو خۆش و جێی حەوانەوە بوو. خۆی و ژنەكەی هۆدەكەی خۆیان بۆ تەرخان كردم كە دەكەوتە پشتی دیوەخان و هۆدەیەكی پڕ فەرش و خاوێن و ژوورێكی بچووكی تری لە سەر بوو كەوا كەلوپەلی خۆشۆردنم لێدانا. نانی نیوەڕۆ و ئێوارە وەختێكی زۆریان بەین نەبوو، چونكە یەكەمیان درەنگ خواردمان و دووەمیش زوو. لە كاتی نانخواردنی شێواندا لە دیوەخان خانم لەگەڵم دانیشت و نایابترین هەنگوین و ماستاوی سوێریان بۆ دانام. پاشان لە دەستە خانوویەكی تری ماڵدا چووم لەگەڵ مودیر دانیشتم، ئێمە   لەمبەر و لەوبەری ژوورەكەوە لە سەر دۆشەك دانیشتبووین و ئاگرێكی گەشیش لە ئاگردانی ناو هۆدەكەدا دەگڕا و بە دوور و درێژی باسی بارودۆخی سیاسیمان كرد. مودیر پیاوێكی لەسەرخۆ و ژیر بوو و زۆر بەداخەوە بوو كە كوردستان نایەوێت بچێتە چوارچێوەی عێراقەوە بەڵام هەردوكمان هاوڕا بووین كە كاری زۆرەملێ ئەنجامی باش نیە. ئەو وایبۆدەچوو كە دواجار خۆی لەخۆیدا یەكگرتنێك دروست دەبێت و دەیوت بێگومان یەك دوانێك لە خەڵكی شار بایەخ بەوە دەدەن كە حكوومەتی وڵات لە ژێر دەستی كێدایە، بە مەرجێك حكوومەتێكی شایستە بێتە كایەوە كە ڕێگە بە جووتیاران بدات بەشێكی ئەو بەرووبوومەیان بەركەوێت كەوا دەیچێنن. هەمیشە ئەمە كێشەیە، بەڵام ئێمە دەزانین كەوا ژمارەیەكی كەم لە سیاسییەكانی ناوخۆ خەڵك بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن بە هەندێ هات و هاواری وەك كوردستان بۆ كوردە و یەكێتی ئیسلامی و بۆ نموونە یەكێتی لەگەڵ توركیادا، تەنانەت ئەگەر خەڵك بەو جۆرەش بیر نەكاتەوە كە ئەوە نابێ و ناكرێ). بە هەر حاڵ مودیر وایبۆدەچوو كەوا ئەنجومەنی نوێنەرایەتیی سلێمانی قەناعەتی بەو خولیا و مەرامە سیاسییانە هەیە و پێیان خۆشە.

 

پێنجوێن بە ژمارەی دانیشتووانی كە هەزار و پێنجسەد كەس یان زیاترە، دە هاوڵاتی دەنگدەری هەیە و مودیر دەنگی وەرگرتوون بۆ سێ پاڵێوراو لە ئەنجومەنی هەڵەبجەدا. ئەم كاندیدانە لەلایەن مێجەر گوڵدسمیس و كاپتن دۆگڵاسەوە هەڵبژێردراون بە ڕاوێژ لەگەڵ كاربەدەستانی حكوومەتدا، كە ئەندامی مەجلیسی ناوخۆی قەزان و بۆ دڵنیایی دەرفەتی تر نەبوو. ئەم قەزایە قەڵەمڕەوی سەرۆكەكانی جافە و بەگزادەی جاف خاوەنی زۆربەی گوندەكانن و نیوەی ڕاستی خودی پێنجوێن خۆیشى و بەم پێیە ئەگەری كاندیدی تر نەبوو بێجگە لە بەگزادە (چونكە بێجگە لەوان خەڵكی دەمڕاست و پیاوماقووڵانی تر نین) و ئەوانە هەرسێكیان مێجەر گۆڵدسمیس پێشنیازی كردوون بۆ هەڵبژاردن. هۆزی جاف كۆچەرن و بەگزادەكان كە سەرۆك و دەمڕاستیانن، بوون بە نیشتەجێ و خاوەن مڵك و دێهات و كشتوكاڵ دەكەن. هەموو بەهارێك تەواوی عەشرەتی جاف، كە نزیكەی دە هەزار خێوەت دەبن، بە قەزای هەڵەبجەدا دەڕۆن بەرەو لەوەڕگا و پاوانی هاوینەیان لە هەردە و چیاكانی ئێراندا و هەموو پایزێكیش بەرەو هەوارگەی زستانەیان دادەگەڕێنەوە لە نێوان كفری و خانەقیندا. هەموو جارێكیش تێپەڕبوونیان بە ناوچەكانی قەزای هەڵەبجەدا نزیكەی مانگێك دەخایەنێ و لە ڕءژگاری توركدا مانگێكی پڕ لە ترس و تۆقین بووە بۆ خەڵكە نیشتەجێكە. جاف بە هەر شوێنێكدا گوزەریان بكردایە خەڵكیان سەغڵەت دەكرد و دەڕووتاندەوە و كاتێ جاف دەهاتنە ئەو دۆڵە گەورەیەی كە من پیێدا بەرەو پێنجوێن گوزەرم كرد و هەر خێڵ و تاقمەیان شەوێ دوانیان لەوێ بە سەردەبرد مودیر دەیناردە شوێن بەگزادەیەكی هەڵەبجەدا و لەگەڵ یەكتر رێكدەكەوتن كە خێڵەكە بە ئارامی بهێڵنەوە. بەگ بە پێی نەریتی خێڵەكی فەرمانڕەوایی دەكرد و مودیریش، پێدەچێت بە شێوەیەكی كاراتر، لەگەڵ دە پۆلیسی خەڵكی شار و پێنج جەندرمەی سوارەدا كارڕانییان دەكرد. مودیر دەیوت "كاتێ جاف لێرەوە گوزەر دەكەن هەمیشە بەندیخانە پڕە، ئەمەش تەنها لە بەر هەندێك دزی و دەخەڵیی بچووكە وەك دزینی مریشكێ دوان لێرە و فڕاندنی ماینێك   لەوێ و دزینی میوە و دانەوێڵە". ئەمانە نزیكەی مانگێكیان پێدەچوو لەم ناوەدا و ئەمە پیشەی هەموو ساڵێكیان بووە، نەك نموونەی تاوانێكی بەرچاو. شتێكی چاكە وا نیە!

 

24

 11 ی تشرینى دووەمی 1921

 

دنیا بە شەو زۆر سارد بوو، چونكە پێنجوێن زیاد لە پێنج هەزار پێ بەرز بوو، بەیانیش زۆر جوان و ڕووناك بوو. ئەم بەیانییە مودیر قاوەڵتییەكی ئاسایی، وەك ڕۆژانی تری دامێ كە بریتی بوو لە هێلكەی كوڵاو، ماست، نانی تیری و چاى و قاوەڵتیی لەمە باشتر نەبوو. پاشان كەوتمە ڕێ و مودیریش بۆ ماوەی نیو سەعاتێك بە سواریی كەوتە تەكم. تەنانەت لە كاتژمێر هەشت و نیودا كە كەوتینەڕێ توێژاڵێك شەختە و زوقم لە ژێر دارەكاندا بوو، بەڵام هەر كە دامانە لاپاڵی گرد و چیاكاندا خۆر تەواو گەرمی كرد. لە ڕێگا راوێكی سەرنەكەوتووی بزنە كێویمان كرد و هەر یەكە لای خۆیەوە كەوتە پارێز لە بزنە كێوییەكان كە جڵەوی بارودۆخەكە لای ئەوان بوو. ئێمە بە سواری بە شاخەكانی پشتی پێنجوێندا ڕۆیشتین بە ناو جوانترین دارستانی داربەڕوودا كە تا ئێستا بینیبێتم. دارەكان نزیكەی شەست پێ یان زیاتر بەرز بوون و بەڕووی زل زلیان پێوە بوو، كە سێ جار لە بەڕووەكانی لای خۆمان گەورەتر بوو و هەندێكت بۆ دەنێرم و بەرە گۆیژی گەورە و نایاب لە هەموو لایەك بەرچاو دەكەوت و حەزت دەكرد بیخۆیت. لە سەرەوەی تەنگی ڕێرەوەكەمان زەوییەكی سەیر هاتە پێش چاومان كە شاخە بەرزەكان یەكپارچە دارستانی بەڕوو بوون و لەوەخواریش زنجیرە چیای     ڕووتەن و پاشان دەشتی پان و بەرینی هەڵەبجە و لەوێش بەولاوە زنجیرەی شاخە نووك تیژەكانی هەورامان بوو كە بەشێكیان لە ناو خاكی ئێراندا بوو. من بە ناو داربەڕووەكاندا چوومە خوارەوە و جار جار دەوەستام و بەرە تووتڕكم دەخوارد كە لە قەراخ و بیجاخی هەموو جۆگە ئاوەكان سەوز بووبوون. بەرەبەرە دارەكان هاتنە تەنكی و پاشان دیار نەمان و ئێمەش كەوتینە ناو پێدەشتێكەوە پاش ئەوەی دەربەندێكی ڕووتەنمان بڕی. وا ئیتر دارستانی بەڕوو نەما، خوایە خۆ من پێنج ڕۆژی خۆشم لە ناویاندا بردە سەر. دواجار گەیشتینە یەك لەم دەربەندە ڕووتانەی دەیڕوانییە سەر دەشتێكی فراواندا و هاتینە بچووكترین و پیسترین زنجی كوردەوە كە تووتاغاج بوو، واتە دارتوو و ئەم ناوەشیان بۆ گاڵتە بە سەردا بڕیوە و تەنها سێ داربەڕووی گەڕی تێدا بوو كە ژاكابوون و خەریكبوو وشك دەبوون. تووتاغاج مڵكی یەكێك لە بەگزادەكانە كە ناوی عەبدوڵا بەگە و من بۆرە ناسیاوییەكم لەگەڵدا هەبوو. ئەو لە زستاندا لێرە دەژیا و بە هاوینانیش دەچووە چیاكانی ئەو ناوە. عەبدوڵا بەگ زۆر میوانپەروەر بوو و بە گەرمی پێشوازیی لێكردم و خێرا فەرمانی دا یەكێك لە دوو هۆدەی زنجەكەیم بۆ پاك بكەنەوە و بیخەنە خزمەتمەوە، بەڵام چونكە ئەو ئەزموونە تاڵەی سپیارەم هەبوو، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر زۆر بێتاقەت بوم و لە ترسی كێچ لەرزم لێهات. لێرەدا ئەو پێشنیازی كرد كە خێوەتێكم لە دەرەوەی ئاوایی بۆ هەڵبدات لە هەر شوێنێكدا كە خۆم پێمخۆش بێت. بە ڕاستى منیش زۆر كەیفم پێهات و خێوەتمان لە سەر زەوییەكی پاك هەڵدا لە شوێن خەرمانێكدا، كە چەند سەد یاردێك لە دێوە دوور بوو. خێوەتی كوردی زۆر داخراو نیە و بریتییە لە ساپیتەیەك لە بەنی مووی بزن و چواردەوری بە جۆرە حەسیرێك گیراوە كە لە قامیش دروست كراوە و شاشە و دەر و ناوی دەبینرێت و بەرزییەكەشی ناگاتە ئاستی  ساپیتەكە و بەتاڵییەكی زۆر هەیە لە نێوانیاندا (مەبەستى چیخە ــ و). ئێمە بەشێكیمان جیاكردەوە بۆ زەیا و ساڵح بەگ و من خاولیی حەمامەكەم بە نێواندا هەڵواسی وەك پەردەیەك و بەمجۆرە شوێنێكی ترمان دابینكرد و دنیا لێرە گەرم بوو چونكە نزیكەی  2  ــ 3 هەزار پێ دابەزیبووین و دەشتی هەڵەبجەش زستانە هەوارە، واتە گەرمیانە و بەم ڕەنگە خەوتن لە دەرەوە خۆش بوو و دانیشتنیش لە دەرەوەی خێوەتەكە و نامە نووسین بۆ تۆ تام و بۆیەكی خۆشی هەبوو. دانیشتووانی گوند هەڵسوكەوتێكی جوانیان نواند و پاش بەخێرهاتن بە جێیانهێشتم بۆ حەوانەوە، بە پێچەوانەی مەڕ و ماڵاتەكەیانەوە كە بەردەوام قۆچیان لە خێوەتەكە دەدا و بۆنیان بە كەلوپەلەكانەوە دەكرد. دەمەو خۆراوا گاگەل بەرەو ناو ئاوایی گەڕایەوە و سێبەرێكی شینباو قەدپاڵ و چیاكانی داگیر كرد و لووتكە بەرزەكان وەك ئاڵتوون بریسكەیان دەهات، خوایە وا من بووم بە شاژنە ڤیكتۆریا! ئەو بڕگەیەی ستراچیت لە بیرە كە دەڵێت: "ئەلبێرتی ئازیز دەڵێ هۆكاری جوانیی دیمەنی شاخەكان لە گۆڕانی بەردەوامیاندایە". چاكە، ئێمە كاتژمێر شەشی ئێوارە لە سەربانی ماڵی عەبدوڵا بەگ نانی شێوانمان خوارد. بەیانی چوار هێلكە و نانێكی بچووكم خواردبوو، ئیتر دوای ئەوە تا ئێوارە هیچم نەخوارد و وا ئێستا نانی ئێوارە لە بەر تریفەی مانگەشەو دەخۆم كە بریتی بوو لە گۆشتی كوڵاو و سوورەوەكراو لەگەڵ برنجدا كە تام و لەزەتی هەر تەواو نەدەبوو. چێشتی كوردی بە تایبەتى نایابە و تەنانەت لەم شوێن و ڕێ ناڕێك و هەژارەیاندا خواردنی خۆش و بەتام دروست دەكەن و تۆ لێرە نابێ پارە بدەیت چونكە پێیان عەیبە و بە سووكایەتیی دادەنێن. من هەست بە نیگەرانی دەكەم كەوا خۆم و جەندرمە و هێسترەكانم بوون بە بارێكی قورس بە سەر شوێنێكی وەك تووتاغاجەوە.

 

25

 

12 ی تشرینى دووەمی 1921

 

ڕاستێكەی من تەواو خۆشنوود بووم و نوقمی خەیاڵ بووبووم و تەماشا دەكەم قاوەڵتییەكە هیچ نیە بێجگە لە هەندێك نان و پیاڵەیەك یان دوان چاى. من هەندێك گوێزم پێبوو بەڵام گوێز زۆر بەرگە ناگرێت و ئێمە نزیكەی پێنج كاتژمێر بە سواری ڕێمان كرد تا گەیشتینە هەڵەبجە. ئەو دەشتەی پێیدا گوزەرمان كرد زەوی و زارێكی زۆر بەپیتی وڵاتەكە بوو و هەروا چەم و لقی ڕووباری سیروان بوو لەتی كردبوو و پێیدا دەڕۆیشت و بە چواردەوری ئەو گرد و ڕووتەنانەدا لە سێ لاوە چەم و ئاو بوو. گەلێ گوند كەوتبوونە بن گردی دەستكردەوە ـ جا ئەمانە ئاسەواری میدییەكان بوون یان چی، نازانم؟

هەڵەبجە كەوتبووە كۆتایی پێدەشتەكە و نزیك بە شاخەكان و ماوەی نیو سەعاتێكمان مابوو بگەینە مەنزڵ ئەحمەد بەگی قایمقاممان پێگەیشت كە لەگەڵ بیست كەسی پۆشاك قەشەنگی دەستە و تاقمیدا ڕاوی دەكرد و كاپتن دۆگڵاسیشی لەگەڵ بوو كە جێگری ئەفسەری سیاسیی هەڵەبجە بوو، بەمجۆرە پێكەوە دامانە غاردان و كۆڕ و كۆمەڵێكی قەبە و سەیر دەهاتینە بەرچاو. كاپتن دۆگڵاس لە خانوویەكی كۆنی شێواز ئێرانیدا دەژیا، كە زۆر قەشەنگ و جوان بوو و لە شووشەی ڕەنگاوڕەنگی سەیر و تەختەی نایاب و جوان پێكهاتبوو، بەڵام بیناكە كۆن بووبوو و دەرگا و پەنجەرەكانی خەریكبوون دەڕزین و من لەم شوێنەدا لەگەڵ كاپتن دۆگڵاس مامەوە.

كەسایەتیی دیاری هەڵەبجە عەدلە خانمە  كە خانمی گەورەی بەگزادەیە لێرە و دایكی ئەحمەد بەگە و خێزانی وەسمان پاشا بووە، كە ساڵانێك لەمەوبەر كۆچی دوایی كردووە و ئەم خانمە بەردەوام بوو لە فەرمانڕەوایی كردنی جاف بەوپەڕی توانایەوە و كاریگەریی لەوە بەهێزترە كەوا بیری لێبكەیتەوە كەسێك بیكات و بەگشتی وەك خانمە گەورەكانی كورد هەڵسوكەوت دەكات. ئەو گەلێ جار نامەی بۆ نووسیوم و بێگومان من هەستم بەوە كرد كە دەبێ دڵی ڕابگرین و خێرا دوای نانی نیوەڕۆ چووم بۆ دیدەنی. ئەم ئافرەتە كەسێتییەكی سەرسامكەر و سەرنجڕاكێشە بە جلوبەرگی كوردیی قەشەنگیەوە و بە زڵفی ڕەشی قەترانییەوە (پێموابێت بۆیاخی كردبوو) كە لە ژێر مێزەرە گەورەكەیەوە بەریدابووەوە بە سەر گۆنای ئارایشتكراویدا. ئێمە بە فارسی گفتوگۆمان دەكرد و لە زۆر شت دواین بە تایبەتى ئەو بوارەم بۆ باس كردن كە چۆن عێراق باش بەڕێوە دەچێت لە ژێر سەركردایەتیی فەیسەڵدا و بۆ دڵنیایی پێیان بڵێن كە ئەوپەڕی ئاواتی ئێمە دوو منداڵەكەمان بووە، عێراق و كوردستان كە چۆن دەبێ بە ئاشتی و دۆستایەتی پێكەوە بژین.

 

26

13 ی تشرینى دووەمی 1921

 

من دەبێ بگەڕێمەوە سلێمانی و لە 15ی مانگدا بە سواریی شەمەندەفەر بچمەوە بۆ بەغدا، بەڵام تا ئێستا ئەوەم نەكردووە. كاپتن دۆگڵاس پێشنیازی ئەوە دەكات كە شەوێكیش لە چیاكانی هەورامان لە سەرووی هەڵەبجەوە بە سەربەرم و لە بەردەم ئەم خولیایەدا خۆم ڕانەگرت. هەورامان لای ئێمە كەمتر ناسرابوو و سەردانی كرابوو، كەواتە دەبوو ئەم هەلە لە دەست نەدەم و بگرە كورتترین سەردان باشتر بوو لەوەی لە دەستی بدەم. چیاكانی زۆر سەخت بوون و شیوی قووڵ قووڵ كەرت و پەرتی كردبوون كە پڕبوون لە دار و درەخت و باخی بچووك بچووكی نێو تەڵان. لێرە ژیانی نەریتیی دێهاتە و دانیشتووانی زۆر  كۆنن و بە دیالێكتێكی تایبەتی كوردی قسە دەكەن و وەك باس دەكرێت زۆر نزیكە لە شێوە بەراییەكانی زمانی فارسییەوە. بەگەكانی هەورامان خەڵكی توندوتیژ و ئاژاوەگێڕن و لەوانیش كەمتر لە   كاریگەری و توندوتیژیدا بنەماڵەیەكی گەورەی ئاینیی شێخەكانن كە لە سەر تەریقەتی نەقشبەندین و مەزهەبێكی زۆر  بەربڵاوە و لە دیمەشق و ئەستەمبووڵ و شوێنانی تر مزگەوت و تەكیە یان با بڵێین خەڵوەتخانەیان هەیە (مەبەستى خانەقایە كە زیاتر بۆ رابەرانى تەریقەتى نەقشبەندییە لە كوردستاندا ـ وەرگێڕ). لە ڕاستیدا نەقشبەندییەكان زیاتر لە ڕێبازێكی ئاینی دەچن وەك هەر شتێكی تر و هاوشێوەیەكی ئیسلامیی باوكانی دۆمینیكانە و هەورامان شوێنی پیرۆزیانە.

 

ئێمە تاقمێكی گەورە بووین و ئەحمەد بەگ (لێرەدا مەبەست شاعیر ئەحمەد موختار جافە ــ و) بە خۆی و بیست سوارەوە هاتبوو، ئەحمەد بەگ ماینێكی عەرەبیی جوانی دامێ بۆ سواری. لە پاش دەرچوونمان بە نیو سەعات سێ شێخی نەقشبەندی هاتنە پیریمانەوە، یەكێكیان شێخ سەعدیی برای شێخ حیسامەدین بوو كە لەگەڵی چووین بۆ سەر خوانی  نیوەڕۆ و نیو سەعاتی تری ڕێگە بە بنی یاڵ و شاخی ڕووتەندا ڕۆیشتین و گەیشتینە قادر بەگی كوڕی جافر سوڵتانی سەرۆك، كە سوارێ یان دوانی لەگەڵ بوو. بەم پێیە هەمووان دەیانگوت كەوا تاقمەكەی ئێمە 40 تا 50 سواری پۆشاك ڕەنگاوڕەنگ بووین بە سەر پشتی ئەسپی خۆشبەزی عەرەبییەوە و بە وێنەی كتێبێكی پڕ لە زانستی فارسی دەچووین. بەم ڕەنگە بە ناو چیاكاندا ڕۆیشتین تاوەكو چووینە پێچی شاخەوە و جۆگەی ئاودێریی بچووك تێیدا سەرەوخوار دەهات و ریزێك دارتوو لە سەریان سەوز بووبوون. لە دووریشەوە گوندێكی خنجیلە لە بەرزاییەوە دەركەوتبوو، كە ناوی باخە كۆن بوو و ئێمە بەرەو ئەوێ دەچووین بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ. ئێرەش وەك هەموو گوندەكانی تری هەورامان بە ڕێكی لە بەرد دروستكراوە و نوقمی داری بەرییە كە لە تەڵانەكاندا ڕواون بە درێژایی جۆگە ئاودێرییەكان بە لاپاڵی چیاكانەوە. لە بەرزترین شوێنی گونددا چووینە ماڵی شێخ   حیسامەدین و بە درێژایی دیوەخانە لە بەرد دروستكراوەكەی و لە بەردەمی ئێمەدا بۆ خوارەوە و بە قەدپاڵی چیاكەوە باخچەیەكی خنجیلانەی بچووك دروستكرابوو لە سەر دەستووری ئێران كە بریتیبوو لە دوو تەڵان و حەوزێكی ئاو لە ناوەڕاستدا و شۆڕەبییەك لە تەنیشتیەوە و گوڵ و گوڵزار بە چواردەوریدا، كۆڵەكە دار بووە بە پەرژینی باخەكە و ئاو بە نێو بەردی خزدا پلووسكی بەستبوو بەرەو خوار بۆ تەڵانە پڕ گوڵ و گوڵزارەكەی ئەوبەر. ئێمە گشت چووین بۆ دیوەخان و لە سەر قاڵی و لباد دانیشتین. خودی حیسامەدین خۆیشی لەوێ بوو، كە ڕووخۆشترین و كەیفخۆشترین پیرەمێردی بەشكۆ و پیرۆز بوو بینیبێتم، جووتێ چاوی گەش و  گەورە و لووتێكی زلی قوڵنگی پێوەبوو، مێزەرێكی سپیی زلی بە سەرەوە و هەمیشە دەم بە خەندە بوو، هەروەها عەرەبییەكی زۆر چاكیشی دەزانی. هەر هەموو ئەو بەگ و شێخانەی لەوێ دانیشتبوون لە جلوبەرگی ئاڵ و واڵای سوور و شین و قاوەیی و سپی و ڕەشدا بوون. تیشكی ڕۆژ لە پەنجەرە كراوەكانەوە دەهاتە ژوور، كە لێیانەوە حەوزە شینەكە و لق و پۆپی شۆڕەبییەكە و لووتكەی كەژەكانت دەبینی كە دیمەنێكی جوان و دڵڕفێنی دەبەخشی. لە نێو ئەم   كۆڕ و كۆمەڵەدا پیاوێك هەبوو زۆر جیاواز بوو لەم كوردە كەتە و زلانە كە عەرەبێكی لەڕ و لاوازی خەڵكی حیجاز بوو و ماوەی پانزە ساڵ بوو لەگەڵ شێخ حیسامەدین دەژیا و لێرە ژنی هێنابوو و جێگیر بووبوو بەڵام یەك وشە لە زمانی كوردی فێر نەبووبوو. ئەم پیاوە مەیلی بە لای قسە كردنەوە نەبوو بە هیچ زمانێك و تەقەی سەری دەهات كە باسی فەیسەڵم دەكرد كەچی شێخ زۆر بەپەرۆش بوو بۆ بیستنی.

 

لە پاش نانخواردنێكی نایاب و بەتامى نیوەڕۆ دۆعاخوازیمان كرد و دەبێ ئەوەش بڵێم كە من بە نابەدڵی ئەو شوێنەم جێهێشت. ئەم باخە كۆنە وەختی خۆی لانكەی دز و جەردە بووە تا ئەو دەمەی كە باوكی حیسامەدین فەرمانی پێكردووە گوندێك لەم شوێنەدا ئاوەدان بكاتەوە و دەست بداتە ئیرشادی تەریقەت. بەمجۆرە بوو بە خانەقای نەقشبەندی و خەڵك دەهاتنە سەردانی و دەستی شێخى ڕووگەشیان ماچ دەكرد و سەرەتاكانی بەها و ڕەوشتی لێوە فێر دەبوون بە پێی تێگەیشتنی ئەو شوێنە.

 

كاتێ كە بەڕێكەوتین بەرەو دەربەندێك داگەڕاین و بە قەد چیایەكدا پێچمان كردەوە و ڕۆیشتینە دەربەندێكی دیكەی قووڵتر و سامناكترەوە كە یەكپارچە دارستانێكی چڕ بوو و لەناكاو لە قوژبنێكدا خۆمان لە ناو دۆڵێكی پڕ لە دارگوێزی قەبە و زەبەلاحدا بینییەوە و چووینە گوندی بیارە كە مەرقەدی شێخ عومەری تێدابوو، كەوا ڕابەری بەناوبانگی تەریقەتى نەقشبەندیی بووە پشتێ دوان لەمەوپێش. ئێرە ئامۆزایەكی شێخ حیسامەدینی لێبوو كە ناوی شێخ عەلادین  بوو و لە دیوەخانەكەی خۆیدا لە ژێر كۆمەڵە دارگوێزێكی گەورەدا چووینە  لای و ئەم دیوەخانە دەكەوتە لایەكی خانەقاوە و بە تەنیشت حەوزێكەوە كە خەڵك دەسنوێژیان لێدەگرت پێش ئەوەی بچن بۆ نوێژ كردن و شوێنەكە تا بڵێی ئارام و دڵڕفێن بوو. ئەم شێخ عەلادینە هەر كە دەمی كردەوە كەوتە سكاڵا و بۆڵەبۆڵ و هەر لەو ساتەوە ڕقم لێهەڵـگرت چونكە پیرەمێردێكی ڕووتاڵی بەدفەساڵ بوو كە بەردەوام كۆڵی لەو باس و خواسە نەدەدا كەوا حكوومەتی بەریتانیا زۆر لەوە كەمتری بۆ كردووە كە هەقبوو بیكردایە و ئەم چاوەڕێی شتی باشتر بوو و داواكاریی زۆرتر بوو. من پێموایە ئەم زۆر پیرۆزتر بوو لە ئامۆزاكەی كە پێیوابوو بایەخی زیاتری پێدراوە بۆیە وا بێ وێڵ و ماریفەت بوو لەگەڵمان و هەرچۆنێك بێت وایدەبینم كەوا كاریگەرییەكی تایبەتی هەیە. ئەو ئیرشادی "جیهان"   دەكات و نووشتە و دۆعا و چارەسەری بەموعجیزە دەكات و تێكەڵی فڕوفێڵی سیاسیی دەكات كە چۆن بگونجێ لەگەڵ نەگێڕانەوەی قەرزی كشتوكاڵی و هەڵوەشانەوەی باج سەندن. مانەوەی شەومان ماوەی نیو سەعاتێك دەكەوتە ئەوسەری دەربەندەكەوە، چونكە دەبوو لەگەڵ ئەفراسیاو بەگ بمێنینەوە كە یەكێك بوو لە بەگزادەكانی هەورامان و هەروەها كوڕەكەیشی كە تەمەنی 10 ــ 11 ساڵ دەبوو و هاتبوونە بیارە بۆ دیدەنیی ئێمە. ئەم نیو سەعاتە ڕێیە بە سواری زۆر سەرسورهێنەر بوو بە ناو دۆڵ و شیوی پڕ لە دارگوێز و داری میوەی جۆراوجۆر. كاتێ كە خۆر ئاوا بوو لە پشتی چیاكانەوە ئێمە گەیشتینە مەنزڵ، كە ماڵێكی هاوینەی ئەفراسیاو بەگ بوو بۆ میوان و خانوویەكی گەورەی لە بەرد دروستكراو بوو كە بریتیبوو لە سێ نهۆم، خوارەوە بۆ ئاژەڵ و نهۆمی یەكەم بۆ خزمەتكار و نهۆمی سەرەوەشی بۆ ئاغا و پیاوماقووڵان. نیوەی دیوەخانە گەورەكە بە سەر دۆڵ و ترۆپكی دارەكاندا كراوەتەوە و كۆڵەكەی داریش خراوەتە بەر ساپیتە دارینە قورسەكەی و نیوەكەی تریش بە دیواری ئەستووری پێنج پێیى دەوردرابوو و تاقی گەورەی تێدا دروستكرابوو. هۆدەكەی من كە لایەكی خانووەكەی گرتبوو لە دوو لاوە ئەو تاقە گەورانەی تێدابوو، كە هەوا بە باشی دەیگرتەوە بەڵام خۆشبەختانە دنیا سارد نەبوو، هەروەها ئەم تاقانەش زۆر بەرز بوون و لە كەسەوە دیار نەبووی سەیرت بكەن، مەگەر بچوایەتە سەر شاخەكەی بەرانبەری.

 

پێش ئەوەی شەو دابێت بەرەو گوندەكە ڕۆیشتم كە دەكەوتە سەری ئەوسەری دەربەندەكەوە و لەوپەڕی دارەكانەوە. شاخە ڕووتەنەكە نزیكەی هەزار پێ لە سەر گوندەكەوە بوو بەڵام سنووری ڕاستەقینە كەوتبووە لای خوارەوە و گوندەكەی ئەفراسیاو بەگ ڕێك لە ناو ئێراندا بوو و ناوی هانە گەرمەڵە بوو واتە كانیی گەرم بە دیالێكتی هەورامی. هەفتەیەك دوانی تر گوندەكە دەبێ بە ژێر بەفرەوە، بەڵام خەڵكەكەى گوێ بە سەرما نادەن چونكە خانووەكانیان لە بەردی زل و قەبە دروستكردووە و دارێكی زۆریان لە هەیوانی ماڵدا كەڵەكە كردووە بۆ سووتاندن. ئەفراسیاو بەگ خانووی زستانەی لێرەیە، كە بریتییە لە كۆشكێكی هەورامی كەوا ڕووبەرێكی شكۆداری گەورەی هەیە و كۆڵەكەی ئەستوور ڕایگرتووە.

 

كاتێ گەڕامەوە بۆ ماڵ تەماشام كرد لە سووچی دیوەخانەوە ئاگریان دەمداوە و ئەفراسیاو بەگ و هەر سێ كوڕە بچووكەكەی، كە پۆشاكی قەشەنگیان لەبەردابوو، لەگەڵ قادر بەگی كوڕی جافر سوڵتان لە سەر دۆشەك دانیشتبوون و لەوبەریشیانەوە چایچییەكە سەماوەری لێدەمدابوو، خزمەتكارەكانیش لە پشتەوە بوون. ماوەیەكی زۆر نەبوو كەوا ئەفراسیاو بەگ یەكێك لە براكانی قادر بەگی كوشتبوو و جافر سوڵتانیش ڕق و كینەی گرتبووە دڵ و هەڕەشەی دەكرد، بەڵام واپێدەچوو قادر بەگ زۆر بایەخ بەم دوژمنایەتییەى ناو خێزانەكە نەدا و بێگومان بووم كە لەمەدا زۆر ژیرانە بیر دەكاتەوە، چونكە ژمارەیەك برای هەیەو یەكێكیان لێ كەم بێتەوە یان زیاد بێت مەسەلەیەكی ئەوتۆ نیە، بۆیە پێكەوە خۆی و ئەفراسیاو لە ئەنجومەنی قەزا دانیشتبوون و سوڵحیان كردبوو. ئێمە لە دیوەخان نانی شێوانمان خوارد، من و كاپتن دۆگڵاس لە سەر تەبەقێكی گەورەی برنج و نان و گۆشتی    كوڵاو و سوورەوەكراو و ماستاو بووین، قادر و ئەفراسیاو و منداڵەكانیش لە سەر تەبەقێكی تر، هەروەها دووسێ تاقمی تریش بەشداری ئەم خوانە بوون. كاتێ كە ئێمە لێبووینەوە و ئەو بەردەستە زۆرەی لێمان مابووەوە دەستوپێ و خزمەتكار بردیانە دەرەوە و خواردیان. شەو زۆرم لاخۆش بوو كەوا لە سەر جێگەكەمەوە و لە كونی تاقەكانەوە تەماشای ترۆپكی دارەكانم دەكرد كە لە نێو تریفەی مانگەشەودا مەلەیان دەكرد.

 

بۆ سبەی بەیانیی 14ی نۆڤەمبەر بە سواریی گەڕاینەوە بۆ   هەڵەبجە و لە بیارە ئەحمەد بەگ و دەستەو تاقمەكەیمان لەگەڵ خۆمان بردەوە، چونكە ئەوان شەو لە بیارە مابوونەوە. شێخ زۆری هەوڵدا لەگەڵمان كە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لای ئەو بمێنینەوە و ڕاستیەكەی نانیشی ئامادە كردبوو، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی هەر سەعاتێك دەبوو نانی بەیانیمان خواردبوو، كە بریتی بوو لە هێلكە و ماست، من پۆزشم بۆ هێنایەوە و نەمانتوانی بچینە سەر بانگهێشتەكەی و پێموایە لێشمان دڵـگران بوو. بۆ لای نیوەڕۆ گەیشتینەوە هەڵەبجە و پاش نانی نیوەڕۆ دۆعاخوازیم لە عەدلە خانم كرد و بە ئۆتۆمبیل گەڕامەوە بۆ سلێمانی، كە نزیكەی سێ كاتژمێر بە ئـۆتۆمبێل دوور بوو و ئێمەش ڕێگەیەكی باشی ئۆتۆمبێلمان بۆ دروستكردبوو. لەوێ مێجەر مارشاڵ لەگەڵ مێجەر گوڵدسمیس مابووەوە و ڕۆژێكی خۆشی بە گەڕان و گرتنی چەند فۆتۆگرافێك لە سلێمانی بردبووە سەر. دواینیوەڕۆی ڕۆژی 15ی نۆڤەمبەر عەدلە خانم هات بۆ سلێمانی و پێی وتم لە بەر خۆشەویستیی من هاتووە بۆ ئەوەی جارێكی تر بمبینێ، بەڵام مەبەستی ڕاستەقینەی ئەوە بوو كە لە لای مێجەر گۆڵدسمیس بۆی تێبكەوم سەبارەت بە هەندێ كاروباری تایبەتی خۆی و لەم كارەیدا سەرنەكەوت و منیش نەمدەخواست دەست وەردەمە كاروباری سیاسیی ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەش مێجەر گوڵدسمیس هەموو شتێكی لە بارەی ئەم مەسەلە تایبەتانەوە بۆ باسكردبووم بۆیە بە تەواوی ئاگاداری گەمەكەی خانم بووم.

 

ڕۆژی 16ی نۆڤەمبەر بە ئۆتۆمبیل گەڕامەوە بۆ كەركووك و جێگری ڕاوێژكار (كاپتن میڵەر) ئەركی میوانداریی بەجێهێنا و ئەلهەقی پیاوێكی بەڕێز بوو (بابە تۆ لە كەركووك بینیوتە بەڵام ڕەنگە نەیەتەوە یادت) و من دەبێ بیر لە پیاوێكی بەتواناتر بكەمەوە لەم سەرۆكە زۆر خۆشنوودەی. لە كەركووك تەماشام كرد بارودۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە و زۆر باشتر بووە. كاپتن میڵەر بەرەوخوار بووەتەوە بۆ بەغدا، چونكە ئەو كاتە لێرەبوو كە من بە كەركووكدا گوزەرم كرد. لەوێ چاوپێكەوتنێكی دوور و درێژی لەگەڵ فەیسەڵ ئەنجامدابوو و بە تەواوی سەرسام بووبوو بە زیرەكی و هونەری كار بەڕێوەبردنی ئەم  پیاوە و بە بڕیارێكەوە گەڕابۆوە بۆ ئەوەى بە كەركووكییەكانی بسەلمێنێ كە بە تەواوی هەڵەن لە  ملنەدانیاندا و تۆزقاڵێكیش لەوە نەگەیشتوون كە فەیسەڵ دەیەوێت و وا چاكترە نوێنەرێكیان بنێرن بیبینێت، كە تا ئێستا ڕازی نەبوون ئەم كارە بكەن. كارێكی سەركەوتوو دەبێت ئەگەر وەفدێكی نوێنەرانیان بە سەرۆكایەتی گەورە پیاوی شار لە ماوەی دە ڕۆژدا خۆ ئامادە بكەن بۆ ڕۆیشتن، چونكە حاڵی حازر فەیسەڵ بە گەشتێك چووەتە شوێنێك. گەورەی شار وەك كاپتن میڵەر دەڵێ لە سەر ئەوە ساغبووەتەوە كەوا تورك نەك هەر ناگەڕێنەوە بەڵكو خودی خۆی دەكەوێتە بارێكی خراپەوە ئەگەر ئەوەیان كرد. لە بەر ئەوە خۆی خستووەتە خزمەتی ئێمەوە و پاڵپشتێكی دڵسۆزی حكوومەتی بەریتانیایە لە كاتی داگیر كردنەوە. خەڵكی كوردی كەركووك حەز ناكەن لەگەڵ سلێمانیدا یەكبگرن و گەوهەری مەسەلەكەش ئەوەیە كە ئەوان بە تورك و كوردەوە لەم ناوچەیەدا لە خۆئامادەكردندان بۆ ئەوەی سوێندی ملكەچی و دڵسۆزی بۆ مەلیكی عێراق بخۆن و ئەمە تاقە خاڵی بەجێیە بۆ ئەوان كە هەوڵ بدەن بیگەیەننە ئەنجام.

 

هەموو ئەم باس و خواسە كاپتن میڵەر بۆی گێڕامەوە كاتێ بە ئۆتۆمیبل بردمیە دەرەوە پێش چاى خواردنەوە و بۆ بینینى ئەو چاڵە نەوتە ڕەشەی نزیكەی شەش میل دەكەوتە باكووری كەركووكەوە و من پێشتر نەمبینیبوو. ئەمە نەوتێكی پاك نیە بەڵام پاش ئەوەی بە شێوەیەكی سەرەتایی دەیپاڵێون دەتوانرێ بۆ كاروباری ناوماڵ بەكاربهێنرێت و دەكرێ ئەگەر پاڵاوگەیەكی باشی بۆ دابمەزرێنن ئەوە دەتوانن پیترۆڵی سووتەمەنی ئۆتۆمبیلی لێدەربهێنن. ئەم چاڵە نەوتانە مڵكی خێزانێكی كەركووكین كە پێیان دەڵێن نەفتچی زادە. لە دووریی نزیكەی چارەكە میلێك لەم چاڵە نەوتانەوە چاڵێكی بچووك بە سەر تەپۆڵكەیەكەوە تاق بووەتەوە كەوا لە ژێر زەوییەوە گازی لێدێتە دەرەوە و بەردەوام دەسووتێ. ئێمە چووینە سەرەوە بۆ تەماشا كردنی و نێڵەنێڵی لە ئاگری دۆزەخى دەكرد و پڕیشكی ئاگر لە هەموو كون و درزێكەوە هەڵدەبەزییەوە و بۆنی گۆگردی لێدەهات. خۆزگە باوكە جارێكیان لەگەڵ تۆ دەچوومە سەری و بۆت باس دەكردم كە ئەمە چیە و چی نیە. كاتێ گەڕاینە دواوە كاپتن میڵەر بردمی بۆ سەردانی قایمقام كە ئاغایەكی سەرۆكی كوردی لەلابوو بە ناوی حەبیب بەگی تاڵەبانی (ڕاستتر شێخ حەبیب ـ و)  و نوێنەریشە و گفتوگۆیەكی دۆستانەمان پێكەوە كرد و كە هاتن بۆ بەغدا بانگهێشتی ئێوارە خوانێكیان دەكەم. ئێوارە درەنگانێك قایمقام لە بەرانبەر سەردانەكەی مندا سەردانی كردمەوە و عەبدوڵا ئەفەندیی برایشی لەگەڵ خۆ هێنابوو بۆ سەردانی من. ئەم برایەی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەبعووسانی تورك بووە و هەروەها حوسێن بەگی نەفتچی زادەشیان لەگەڵ هاتبوو، ئەو بنەماڵەیەی بۆ نوێنەر دەسنیشان كرابوو. عەبدوڵا بەگ و حوسێن بەگ زۆر كەم عەرەبییان دەزانی و تەنها بە توركی قسەیان دەكرد و هەڵبەت ئەم كەركووكیانە تورك بوون نەك عوسمانلی و لە سەردەمی داگیركردنی زووی سەلجوقییەكانەوە هاتبوون. لێرە ئێوارە خوانێكی خۆشمان ساز كرد لەگەڵ دوكتۆر و ئەفسەرێكی لێڤیدا كە لە سلێمانییەوە هاتبوون و دوو پیاوی تر كە لە بەغداوە هاتبوون. لە 17ی نۆڤەمبەردا چووم بۆ كنگربان  و وا ئێستاش هێدی هێدی بەرەوخوار دەبمەوە بۆ بەغدا. ئای ئازیزم خۆزگە لێرە دەبووی!

 

27

24ى تشرینى دووەمى 1921

 

بە گەڕانەوەم ئەو نامانەم پێگەیشتن كە تۆ ناردبووتن لە 26ی ئۆكتۆبەر و 2ی نۆڤەمبەر و ئەوانی دایكیشم لە 12 و 18ی ئۆكتۆبەردا، بە ڕاستى ئێوە نامەنێری سەرسامكەرن. من زۆر كەیفم بە هەموو ئەو قسە و باسانە دێت كە لە بارەی لۆرد گرەیەوە نووسیوتن و هاوڕام لەگەڵ تۆ سەبارەت بە لاوازیی هێزی دەستپێشخەری و خەسڵەتی پیاوی دەوڵەتی تێدا نیە.

ئەمڕۆ ڕۆژی زەماوەندی هۆگۆیە و ناردنی برووسكە هیچ كەڵكێكی نیە چونكە كەس نازانێ بە سێ چوار ڕۆژ دەگات یان نە. من زۆر نیە لە سلێمانی گەڕاومەتەوە. یەكشەممە 20ی مانگ تا ئێوارە باران بوو و ئێستاش هەمدیس دەستی پێكردەوە. بەڵام هەرچەندە دەبێ تا ئەژنۆ بچەقمە قوڕ كە دەچم بۆ ئۆفیس من هەر بارانم پێ خۆشترە و مانای وایە بەروبووم زوو پێدەگات و سەوزایی و گژوگیا لە لەوەڕگا و پاوانەكاندا گەشە دەكات و بیر لەوە دەكەمەوە چۆن فەیسەڵ و حكوومەتی عێراق بتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە. سبەینێ مەلیك لە ناسریە دەگەڕێتەوە بەڵام پێدەچێت باران خزمەتگوزاریی هێڵی ئاسن ببڕێت و بیستوومە زۆر نیگەرانە بە رێككەوتننامەی فرانكۆ ـ كەمال ئەتاتۆرك و مەسەلەكەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كەوا دەزانین واڵاكردنی سنووری باكوورمانە بۆ مەترسیدارترین دوژمنمان. من سەرم لەوە سوڕماوە كە دەبێ تا چەند قورسایی هاوپەیمانیی فەرەنسییەكان هەڵبگرین! نامەیەك دەنووسم بۆ لۆرد هاردینگ بزانم بیروڕای لەو بارەیەوە چیە و وا ئێستا زۆر دڕەنگە دەبێ بخەوم و ئەم نامەیە زۆر درێژ بووەوە.

 

كچی دڵ لەلاتان

  گێرتروود

 

28

4ی كانوونى یەكەمی 1921

 

باوكی ئازیزم، ئێمە ئێستا بەریدی ئاسمانی بە بوارێكی كەم دەزانین بۆ گەیاندنی نامە و لە كەشوهەوای تەڕوتووشیدا كار ناكات و بەو پێیە ئێمە پۆستی هەفتەی پێشوومان لە دەرفەتێكدا دەستكەوت كە فڕۆكەخانە وشك بوو بەڵام دواتر كار واكەوتەوە كە ماوەی 3 هەفتە پۆستمان پێنەگەیشت لە بەر بەردەوامیی باران و نوقم بوونی دنیا لە قوڕدا. بە هەر حاڵ هەرچۆنێك بێت هەر نامە دەنووسم و دوانامەم، كە نامەیەكی دوور و درێژ بوو لە سەر كوردستان وابزانم 25ی نۆڤەمبەر بوو، یەكشەممەی رابوردوو هیچ شتێك نەبوو خۆمی پێوە خەریك بكەم لە بەر قوڕ و قوڕاو، بەڵام مستەر تۆمسن هاتە لام بۆ نانی نیوەڕۆ و پاش ئەوە كەوتینە پیاسەیەكی دوورو درێژ بە گوێی ڕووبارەكەدا و خۆر لێواری ڕووباری وشك كردبووەوە. ڕۆژی دووشەممە 28ی مانگ دیسان دایكردەوە باران و بۆ سێشەممە بە ناو قوڕو قوڕاودا چووم بۆ پێشوازیی مەلیك كە لە ناسرییە گەڕایەوە. سەرەڕای قوڕ و باران خەڵكێكی زۆر لە وێستگە چاوەڕێ بوون بەڵام شەمەندەفەرەكە سێ چارەك دواكەوت و لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێكی باش بوو بۆ بینینی خەڵك و قسە كردن لەگەڵیاندا. نەقیب وەك هەموو جارێك سەید مەحموودی كوڕە گەورەی ناردبوو بەم بۆنەیەوە، ئەوجا وەزیرەكان و یەك دوو   ڕاوێژكار و ئەو دەست و پێوەندە مفتخۆرەی لە سوریاوە شوێن فەیسەڵ كەوتبوون لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی ناسیۆنالیستی پەڕگری هیچ و پووچ. وابزانم ئەو مفتخۆرە سوریانە خەریكە كاریگەرییان زیاد دەكات و یەكێكیان تازە پێگەیشتووە، كە ناوی دوكتور قادری یە و برای یەكێك لە دەستوپێوەندەكانە و بە پزیشكی تایبەتی مەلیك دامەزراوە و لە دیمەشق هەمان پۆستی بووە. براكەی كەسێكی بێوەی و رووخۆشە بەڵام من ئەم دوكتۆرەم خۆشناوێ چونكە كەسێكی مێباز و فێڵبازە.

 

قسە و باسێكی زۆر هەبوو لە سەر ئەو خۆپیشاندانەی نیاز وابوو لە وێستگەدا بكرێت كە تیایدا وتار بدرێت و داوا بكرێت دەسبەجێ ئەنجومەنی دامەزراندن و وەزیرە عەرەبەكان و كاربەدەستانی بەرێوەبردن لە ژێر كۆنترۆڵی ڕاوێژكارە بەریتانیەكان دەربچن، بەڵام هیچ شتێك ڕووینەدا و پێدەچێت هەر واتەوات بووبێت. خودی فەیسەڵ خۆی نەیدەویست ئەنجومەن كۆ ببێتەوە (كە ئەركی داڕشتنی قانوونی بنەڕەتییە) تاوەكو هەلومەرجی ڕێكەوتننامەكە بە باشی جێگیر   دەبێت و بەرپرسیارێتی هەردوو حكوومەتی بەریتانی و عەرەبی دیاری دەكرێت. ئەمە مەسەلەی بەرپرسیارێتییە كە هەموو كەسێكی نیگەران كردووە سەبارەت بە پێگەی ڕاوێژكاران و گەلێ شتی تریش. بەگشتی پەیكەری كێشەكە ئەوەیە ئایا ئێمە بەرپرسیارێتی بەرگریكردنمان لە سەرە ئەگەر هێرش كرایە سەر وڵاتەكە ـ بۆ نموونە لەلایەن كەمالیستەكانەوە. ئەگەر نەتوانین ئەوە فەیسەڵ دەیەوێت دەستی كراوە ببێت كە بەرگری لە وڵاتەكەی بكات بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت، وەك هاندانی گیانی نەتەوە پەروەری لە چواردەوری مەلیكێكی موسڵمانی سەربەخۆدا، بەڵام دواجار ئەو دەبێ بتوانێ سەربەخۆیی ڕاستەقینەی خۆی بنوێنێت بە جۆرێك كە ئێمە بە ڕاستى ببینە   ڕاوێژكار و بڕیاری كۆتایی لە دەستی حكوومەتی عەرەبی و ئەودا بێت. وەك دەزانی، بە بۆچوونی من ئێمە ناتوانین دەنگدانێكی زۆرەملێ پیادە بكەین چونكە هەموو ئەوانەی دەوترێن جێبەجێ بكرێن ئەو هیچ هۆكارێكی هێز و فشارمان بەدەستەوە نامێنێت. بەو پێیە دەبێ هەمیشە پەنا ببەینە بەر قەناعەت پێكردن و ئەگەر هەموو ئەوانە كەڵكیان نەبوو بڕێكی تری لێدەكەینەوە. بەڵام دەبێ توانای ئەوەمان هەبێت كەوا كۆمەڵەی گەلان رازی بكەین كەوا دەتوانین ئیلتیزاماتی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكەین كەوا ماندێت (ئینتیداب) بە ئێمە بسپێردرێت. تەنانەت ئەگەر لە ماندێتەكەش بكشێینەوە و پەیماننامەیەك ببەستین، ئەوە دەبێ ئەو بەیاننامەیە بەشێوەیەك بێت كە عەرەبەكان قبووڵی بكەن. من وایدەبینم كە دەبێ زیاتر بە ئاڕاستەی تەنازولدا بڕۆین وەك لەوەی حكوومەتی خاوەن شكۆ لە حاڵی حازردا بیر لە گەڵاڵە كردنی دەكاتەوە. من بە گومانم لەوەی كە عەرەبەكان كۆنترۆڵی تەواوی پەیوەندییەكانی دەرەوە قبووڵ بكەن و هانی ئەوەش دەدرێن كە كارێكی وا بكەن چونكە ئەمەریكییەكان، كە هەرگیز دانیان بە ماندێتدا نەناوە، ئەوپەڕی حەز دەكەن لەلایەن خۆیانەوە پەیماننامەیەك لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا ببەستن كە سوودێكی زیاتریان بداتێ و نەوت خۆی كێشەیە و كەرەستەیەكی قێزەونە!

 

وشەی ماندێت (ئینتیداب) لێرە هەمان ئەو كاریگەرییەی وشەی ویسایەی هەیە لە میسر و ڕاگەیاندنی فیشەر لە كۆمەڵەی گەلاندا كەوا ماندێت پەیوەندییەكانی ئێمە بە كۆمەڵەوە دەخاتە ڕوو لە كاتێكدا پەیماننامەكە پەیوەندیمان بە دەوڵەتی عەرەبییەوە دەخاتە ڕوو هەڵاو بگرێكی كەمی ورووژاندووە. تەنانەت فەیسەڵ پێشتر وا لە ماندێت تێگەیشتبوو كە دەبێ نەمێنێ و كەچی لێرەدا بە فۆرمێكی تر هاتووەتە ئاراوە. من وا چاوەڕوانم چۆن ویسایە كەوت ئەمیش وایلێبێت و هەرگیز بەرگی پرسەی بۆ ناپۆشم. ئەوەی كە دەبێ لەبیرمان بێت كەوا ڕاستێكەی زۆرێك لە عەرەبی نەدار و بێتوانا دەبێ بێ رابەری و كۆنترۆڵی ئێمە كاری خۆیان بكەن. ئەوان كەرامەتیان لە ئێستای داگیركاریی جیهاندا سووكایەتی پێكراوە بە مانا سیاسییەكەی، یان بە هۆی وشەی ڕابەرایەتی كردنەوە ئەگەر بە هەر مانایەك بێت لە ڕاوێژ بترازێ و بە سەربەستی قبووڵ نەكرێت. دەكرێ ئەوەش بڵێم كەوا ئەم كاردانەوانە هەمووی تایبەتن و حەز دەكەم ئەم نامەیە پیشانی دۆمنوڵ بدەیت.

 

وەفدی نوێنەرایەتی كەركووك گەیشت و ڕاستەوخۆ چوون بۆ لای سێر پێرسى بۆ تەگبیر و ڕاوێژ، بەڵام هیچ ڕایەكی نەدا و پێیوتن كەوا ئازادن بچنە پاڵ ئەم دەوڵەتە عەرەبییە یان ماوەی ساڵێك مەسەلەكە هەڵپەسێرن و بزانن ئایا دەوڵەتێكی كوردی پێكدێت بە پێی پەیماننامەی سیڤەر (كە ئیقرار نەكراوە و قابیلی ئیقراریش نیە) و ڕایسپاردن بچن قسە لەگەڵ فەیسەڵ بكەن. ئەوانیش ڕۆیشتن بۆ لای و چەند جارێك چاوی پێیان كەوت. دواتر فەیسەڵ ئاگاداری كردمەوە كە ئەوەی ئەوان پێیانوتووە ئەوەیە كەوا ئەگەر دەوڵەتێكی تۆكمەی نیشتمانی و سەربەخۆ دابمەزرێت لێرە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەبێت، ئەوە وایدەبینن كە لە بەرژەوەندییانە بچنە پاڵی، بەڵام ئەگەر هەر قەوارەیەك بێت لە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای بەریتانیادا ئەوە وای باشتر دەزانن هەر ڕاستەوخۆ لە ژێر ڕكێفی ئەو دەسەڵاتەدا بن و لە ڕێگەی كاربەدەستانی ئەڵقەلەگوێی عەرەبەوە حوكم نەكرێن. فەیسەڵ وایبۆدەچوو ئەمە هەڵوێستێكی بەجێ بێت بەڵام باوەڕیشی وابوو كە دەتوانێ هانیان بدات دەستی لەگەڵ بێننە پێشەوە لە ڕێكخستنی دەوڵەتێكی خۆماڵیدا و بە تایبەتى من حەز دەكەم ئەو كارەی پێبكرێت. فەیسەڵ داوای لێكردم ڕۆژی پێنجشەممە بچم چایەكی لەگەڵ    بخۆمەوە و هەمان داواشی لە یەك دوو كەسی تر كردبوو بەڵام هەندێ هەڵە كەوتبووە دانانی كاتەكەوە. بەم ڕەنگە سەعاتێك پێكەوە دواین و باسی زۆر شتمان كرد بەڵام وا مەزانە من هیچ چارەسەرێكم پێیە بۆ ئەم كێشانەو شتێكیان لەبارەوە دەزانم چونكە سێر پێرسى كورتەیەكیانم بۆ باس دەكات و من تەنها تەماشاكەرم و فەیسەڵیش هەرچەندە دڵنەرم و هاوڕامە بەڵام لەم شتانەدا ڕاوێژم پێناكات. من ئەوە نزیكەی پێنج هەفتەیە نەمدیوە بە هۆی جارێك سەفەری من و جارێكیش سەفەری خۆیەوە و من زۆر بە وریاییەوە خۆم دوورەپەرێز دەگرم لە هەر ڕاوێژێك بۆ ئەو مەسەلانەی ورد و هەستەوەرن و بە زۆری بەرەوڕووی سێر پێرسى دەبنەوە. هەموو ئەوەی كە من دەتوانم بیكەم یان هەوڵى بۆ بدەم بە وردی ڕاو بۆچوونی خۆمە بە پێی توانای خۆم لە بارەی ئەوەوە كە خەڵك چیدەڵێن و چۆن بیر دەكەنەوە. ڕۆژی چوارشەممە تەلەفونێكی دوور و درێژم بۆ نەقیب كرد، چونكە ئەم پیاوەم  خۆشدەوێ و زۆر زۆر پێی سەرسامم. دڵسۆزیی چەسپاوی ئەو بۆ سێر پێرسى شتێكی زۆر   جوان و كاریگەرە. ئەو بڕوای تەواوی بەوەیە كە لە داهاتوودا ڕزگاریی وڵاتەكەی بەندە بە حكوومەتی بەریتانیاوە و بە موو لانادات لەم بڕوایەی خۆی و ئەو سیاسەتەی بە تەواوی قبووڵە كە داڕێژراوە. هەروەها ڕۆڵێكی زۆر جوان و لەخۆبوردووانە دەگێڕێت لە پەیوەندیدا بە فەیسەڵەوە و ئەوەندە پەككەوتە و لاوازە كەوا ناتوانێ سەر لە مەلیك بدات وەك سەرۆك وەزیران و ئەنجام وا كەوتووەتەوە لە بازنەی ڕا و تەگبیر بەدەر منیش وایبۆدەچم كە ئامۆژگاریی ئەو زۆر پێویست و بەنرخە. فەیسەڵیش كە لە دەوربەرێكی پڕ مەراییدایە، قەناعەتی بەوە هێناوە كەوا وەك مەلیكێك ناشێ سەردانی سەرۆك وەزیرانی خۆی بكات. من بە ڕەزامەندیی سێر پێرسى هەوڵی زۆرم دا بۆ پووچكردنەوەی ئەو بیرو بۆچوونە و هیوادارم هەوڵەكانم بەری زیاتر بگرن.

 

ئەمڕۆ كە یەكشەممەیە و من بە هۆی قوڕەوە بەند بووم و مێجەر موڕەی كە ڕاوێژكاری موتەسەڕیفی بەغدایە لەگەڵ مێجەر ویڵكینسن (بێتەل) بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ هاتنە لام. پاشان تۆفیق خالیدیی كە پیاوێكی رۆشنیری هەست بەرزە بەڵام نەتەوە پەرستێكی دڵـگەرم نیە بۆ چاى خواردنەوە هات و هەر لەو كاتەدا دوكتۆر مەعلووفیش هات كە پیاوێكی    میسرییە و بەشی پزیشكیی سوپای عەرەبی بەڕێوە دەبات. ئەم پیاوە كەسێكی ڕۆحسووك و مونەوەرە و چەشنی كەسێكی ئینگلیز دەتوانێ لە بارەی سیاسەتەوە قسەی لەگەڵ بكەیت و زمانە ئینگلیزییەكەی زۆر پاراوە.

 

29

 

5ی كانوونى یەكەمی 1921

 

لەم دە ڕۆژەی دواییدا زیاد لە پێنج ئینج باران باریوە و هەرگیز لە ئەزموونی بەغدامدا   قوڕ و قوڕاوێكی وەك ئەمجارەم نەبینیوە. ئەمڕۆ بەیانییەكی خۆشم لە ئۆفیس بردەسەر بە وێنەكردن و چەسپاندنی سنووری بیابانی باشووری عێراق بە هاوكاریی پیاوێكی بەڕێزی خەڵكی حایل كە فەهد بەگی ئازیزی شێخی عەنزە و ئەم پیاوە باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو كە من شارەزاییەكی باشم هەیە لە بیاباندا و ئــــــەم باوەڕەشی لە شەرمدا سوور هەڵیدەگەڕاندم.

 

كاتێ مستەر كۆرنواڵیس پرسیاری ئەوەی لێكرد كە سنووری هۆزەكەی خۆی دیاری بكات وتی: "لە خاتوون بپرسە، ئەو دەزانێت" منیش بۆ پاڕاستنی ئەو ناوبانگەی كە هەموو شت دەزانم زۆر بەئاگاییەوە هەوڵمدا شوێنی هەموو ئەو بیرە ئاوانە بزانم كە عەنزە ئیدیعاى خاوەندارێتییان دەكرد لە ڕێگەی فەهدەوە و ئەو بیرانەش كە شەممەر بە هی خۆیانیان دەزانی لە ڕێگەی پیاوەكەی حایلەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر توانیم سنووورێكی بەجێ بكێشم. گرنگیی مەسەلەكە لەوەدایە كەوا ئیبن سعوود حایلی گرتووە  و لە زووترین دەرفەتی گونجاودا سێر پێرسى دەیەوێت كۆنفرانسێك ببەستێ لە نێوان  ئەو و فەیسەڵدا بۆ چارەسەر كردنی تەواوی ئەوەی كەوا كام هۆز و زەوی هی عێراقە و كامەی هی ئیبن سعوودە. ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم كۆنفرانسە لە كوەیت ببەسترێ و من بەهیوام كە سێر پێرسى لەگەڵ خۆی بمبات، بەڵام هۆكاری ئەوە نازانم كە بۆچی من یان خۆی نابێ پێشنیازی بكەین. لە پاش ئۆفیس بە ناو قوڕدا چووم بۆ سەردانی وەفدی كەركووك و زۆربەیانم لە ماڵی عیززەت پاشا بینی، كە وەزیری ئەشغاڵی گشتی و كەركووكلیش بوو. لەوێ گفتوگۆیەكی دۆستانەمان دامەزراند لە سەر هەموو ئەو مەسەلانەی باسیان لێوەكرد و بە تایبەتى لەو ڕووەوە كە سەرنجم دا كەوا سیدی فەیسەڵ زۆر سەرسام بوو بە هەڵوێستی بەجێ و ژیرانەیان. ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان كەوا مەلیك لەڕادە بەدەر بەخشندە و میهرەبان بووە لە گەڵیان و پاشان بەردەوام بووین لە گفتوگۆ كردن لە سەر ئەگەر و سوودەكانی ئاشتییەك لەگەڵ توركیادا. دواجار كە ئەوێم بەجێهێشت عیززەت پاشا شوێنم كەوت بۆ دەرەوە و لە ڕاڕەوە قوڕاوییەكەدا بە ئەسپایی وتی: "هەموو شت بە پێی ویستی تۆ  ڕۆیشت" و لەم گوزارشە تەمومژاوییە بەهیوا بووم ئەوە بگەیەنێ كەوا كەركووك بڕیاری داوە بێتە پاڵ عێراق.

 

ئەمڕۆ نامەیەكم لە دایكمەوە پێگەیشت كە لە 2ی نۆڤەمبەردا نووسرابوو، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كەوا بە پۆستەی ئاسمانی نەیناردووە چونكە وەك پێشتر سەرنجم داوە پۆستی ئاسمانی بە هۆی قوڕو بارانەوە ناگات. نامەیەكی ئێلزاشم لە هەمان ڕۆژدا بۆ هاتووە و هەردوكیان باسێكی تەڵخیان نووسیوە كەوا هەموو بەنكەكان بەرەو داڕووخان دەچن و نوقمی مایەپووچی دەبن. ئەمە زۆر ناخۆشە، بەڵام لە هەمان كاتدا كە من ناتوانم هیچ شتێك بكەم بۆ بەرگرتن لەم حاڵەتە و وەك مستەر بەلفوَر لە بارەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتەوە دەڵێت (شتێكی تاڵ و شوومە!) ڕووم لەم ئەگەرە تاڵانە وەردەگێڕم! سێر پێرسى دەڵێ كەوا حاڵی حازر بارى دارایی بانك داڕووخاوە، واتە وا دێتە بەرچاو كە ئاسانە پارە بە دەست   بهێنرێت و من لە دڵەوە باوەڕم وایە كە ڕەنگە وابێت. بەڵام باوكی ئازیزم ئەوەی بە شێوەیەكی سەرەكی وەڕسم دەكات، بیری ئەوەیە كە تۆ لەم كاتەدا نیگەران بووبیت و هیوادارم مەزاجت بەزوویی بێتەوە سەرخۆی. من دەمەوێ ئەوە بڵێم كە بنەماكانی زانیاریم لە بواری داراییدا لە سەر ئەو بەدیهەتەیە كەوا هەر شتێك تۆ دەیكەیت باشترین شتە كرابێت و زۆر لەو هەستەی فەهد دەچێت سەبارەت بە زانیاریی من لە سەر سنووری هۆزەكان.

 

30

 

17 ی كانوونى یەكەمى 1921

 

... ئازیزم فرانك (بەلفۆر)، من قەرزاری تۆم بۆ وەڵامدانەوەی دوو نامەی زۆر خۆش و ڕۆحسووك كە لە 8ی سێپتەمبەر و 23ی ئۆكتوبەردا نێردرابوون. مستەر داڤیدسۆن هەندێ شتی تۆی بۆ باسكردم سەبارەت بە كاروباری فیكی، بەڵام نەك ئەگەری پەیوەست بوون بە سنووسییەوە كە زۆر جێگەى دڵخۆشییە. سەید ئەحمەد كارتێكی سەركەوتوو نیە لە دەستی توركدا و دوا هەواڵ كە لە بارەیەوە بیستوومانە ئەوەیە كەوا لەگەڵ كەمالیستەكان ڕۆیشتووە و بیر لەوە دەكاتەوە كە بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.

پێموانیە مەسەلەیەكی ئەوتۆ بێت بمێنێتەوە یان بڕوات و ئەوە ناگەیەنێ كە بڵێین چالاكیەكانی تورك بەرچاو نین، بەڵكو هەن. ئەم ئێوارەیە گفتوگۆیەكی دوورو درێژم هەبوو لەگەڵ كاپتن لیتڵدێڵ كە لە ئەربیل (هەولێر)ەوە هاتووە و كەسێكی زۆر بەتوانا و لێهاتووە و كاری سەرسامكەری لەوێ ئەنجامداوە لە بەشی پۆلیسداو ئەو شتەكان هەر بە ڕەشی دەبینێ. هێرشێكی تورك بە هەر هێزێك بێت 200 یان 300 كەس، ڕەنگە كشانەوەیەكی خێرا بگەیەنێ لە هەولێر لەلایەن ئێمەوە و ئەوان ئێستا هێزێكی سەد و بیست كەسییان لە ڕەواندز پێكەوە ناوە. بە پێی ئەنجامگیریی ئەم ئاشتیە لەگەڵ توركیادا تاقە چارەسەرە (ئەمە وەك گۆرانی وتنی كۆرسی لێهاتووە). كاتێ فەیسەڵ دەڵێ ئەو لە سیاسەتی ئێمە تێناگات، من تەنها لەگەڵ ئەودام. لە كاتێكدا دوژمنكاریی تورك ڕۆژهەڵاتی نزیكی بە پیسترین پرۆپاگەندە پڕكردووە لە دژی ئێمە و فەرەنساییەكانیش ناوچەیەكی سنوورییان لێدزین، كێ سەرزەنشتیان دەكات؟ كەچی ئێستا بە هۆی رێككەوتنیانەوە سوودمەندن، بڕوانە ڕاپۆرتی ژمارە بیست و حەوتم. من ناتوانم بیر لەوە بكەمەوە كەوا ئێمە ئێستا دەتوانین ئەمە لەگەڵ شەرەف و كەرامەتدا تێكەڵ بكەین، بەڵام من ئەو شكۆیە دەدەمە دەم باوە. لای خوارەوە كاری ئیبن سعوود خۆشبەختانە لە دەستی سێر پێرسیدایە نەك حكوومەتی خاوەن شكۆ. ئێمە تا چەند زوو چارەسەرێك لەوێ بەدەستبێنین باشترە. من هیچ گومانێكم نیە لەوەی كەوا گرتنی حایل سەرەنجامی دوورتری لێدەكەوێتەوە. ئەو ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هەنگاوی بۆ شانۆی سوریا و فەلەستین ناوە، بێجگە لە شەرقی   ئوردون و تەواوی حیجازیش. شەرقی ئوردون بە زمنیی مستەر فیڵبى  دەگرێتەوە كە ئێستا لەوێ لە دەسەڵاتدایە، وەك هەر كەسێكی دەسەڵاتدار. ئەگەرى ئەوە هەیە كەوا ڕەنگە ئەو هۆكاری ئەم دەسەڵاتە شاهانەیەی تێكەڵ بكات و من لە تی. ئی. لۆرەنسم  بیستووە كە بە دڵسۆزی ماوەتەوە بۆ ئیبن سعوود. ئەو دەڵێ فەیسەڵ سەرنجێكی تەڵخی وەرگرتووە بەڵام بەگشتی من وایبۆدەچم كە تەنها كاریگەریی ئێمە دەتوانێ بەربەست بۆ ئیبن سعوود دابنێ كە حیجاز و بگرە شەرقی ئوردونیش نەخوات و بە گشتی بەرژەوەندی وا دەخوازێ كە نوێنەری بەریتانیا لەوێ پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەبێت. ئیبن سعوود تا ئێستا بە باشی پابەندە بە ڕێككەوتنەكانیەوە لەگەڵمان سەرەڕای ناكۆكیی تاڵی لەگەڵ بنەماڵەی شەریفدا كە لە باسكردن نایەت.

بەڵێ ئێمە بە پەیماننامەكەوە سەرقاڵین و لۆرد بۆی نووسیوین كەوا حكوومەتی خاوەن شكۆ بوار دەدا كە بە تەواوی دەستكراوە بین. وشەی ماندێت لێرە مایەى بێزلێكردنەوەیە و تەنانەت نەقیبیش زۆر پەرۆشە بۆ بەكارهێنانی بڕگەیەك كە وشەی ماندێت یان پارێزگاری بخاتە لاوە. ئەو ئەمڕۆ ناردی بە شوێنمدا بۆ ئەوەی دیدو بۆچوونی خۆیم بۆ ڕوون بكاتەوە و هەرچۆنێك بێت بەپێی توانا بیخەمە بەردەمی سێر پێرسى. من قەناعەتم وایە كە دەبێ وریابین لە داڕشتنی ڕستە و بڕگەی باشتردا بۆ دابینكردنی ڕێكەوتننامەی ڕاستەقینە، بەڵام زۆر دڵنیا نیم لەوەی حكوومەتی خاوەن شكۆ بواری بدات.

حەدداد لێرەیە و پیاوێكی پیری خۆهەڵكێش و فرەڕێسی خۆشە و دۆستمانە و زۆر دڵسۆزی فەیسەڵە بەڵام ئەم زۆری لەو تێپەڕاندووە لە ژیری و هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. لێرە ئەوەندە حەز لە حەدداد ناكەن و بە تایبەتى سورییەكان ئێرەیی پێدەبەن، بە زۆری لە بەر ئەوەی دڵسۆزانە ڕەخنە گرتنی لە سیاسەتی زایۆنیستیی قێزەونی ڕەتدەكردەوەو بە ڕاستى ئێمە مەسەلەكان بۆ دۆستەكانمان قورس دەكەین.

ماوەیەكی كورت لە پێش تێكچوونی كەشوهەوادا ڕۆیشتم بۆ  سلێمانی و لەوێ هەشت ڕۆژی خۆشم بەسەربرد بە سواریی ئەسپ بە درێژایی سنووری ئێران و بە سەر شاخ و یاڵی بە داربەڕوو داپۆشراودا. وڵاتێكی كێوی و جوانی دڵڕفێنى وام هەرگیز نەبینیوە و مێجەر گوڵدسمیس زۆر بە چاكی و سەرسورهێنەر بەڕێوەی دەبات. ئەم وڵاتە بە ڕەهایی هەر بەستنەوەیەكی لەگەڵ عێراقدا ڕەتكردووەتەوە و ئەمیش ژیرانە كاروباری بە خەڵك سپاردووە بەو هیوایەی ئەگەر دواجار ئێمە سەركەوتین لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەجێ و جێگیردا لێرە، ئەوە كورد ڕەنگە پێیان خۆشبێت بە هەلومەرجی ڕازی بن و هاوكاری بكەن.

لێرە هەندێك ناڕەزایی و نیگەرانی هەیە لە سەر هەڵبژاردنی شارەوانی. عەبدولمەجید خۆی بەم ئۆفیسەوە هەڵواسیوە بەڵام وەك دەزانی كەسێكی بێتوانایە و پێموایە كاتی ئەم بە سەرچووە و ئێمە پیاوێكی گەنجتر و بەتواناترمان دەوێ. دڵسۆزیی ئەم پیاوە بۆ ئێمە شتێكە ناتوانم لەبیری بكەم بەڵام لەگەڵ ڕێزمدا من دەبێ پێ لەوە بنێم كەوا ئەم ئەو كەسە گونجاوە نیە. پێموایە هەلی باشی بۆ ڕەخساوە بە ئاسوودەیی خانەنشین بێت ئەگەر نەڵێین بە دەوڵەمەندیش و ئەمەش باشترین هەلە بۆ ئەو.

لەم سێ هەفتەی ئەم دواییەدا بارانی زۆر و بەخوڕ بە جارێ ژیانی تێكدابووین تاوەكو پارەیەكی زۆر باش لە شەقامەكانی بەغدادا خەرج نەكەن چاكبوونی بەرچاو مەحاڵ دەبێت. لەم ماوەیەدا هێڵی كەمترین بەرگری قسە وتنە بە ئەمینداری شار، كە ئەم بەیانییە هاتە لام و وتی: "یا حچرە الخاتون، خوایە ئیتر بەسە باران!" بەڵام پێموانیە خوا بارانەكە بگرێتەوە، چونكە بای وەشت هەر بەردەوامە. ئای فرانكی ئازیزم، چەندم حەز دەكرد تۆ و فیلیس لێرە بوونایە! من زۆر بەپەرۆشم بۆ هاوەڵێك دوان. مستەر كۆرنواڵیس پاڵپشتێكی گەورەیە، بەڵام هێند جەنجاڵە كەوا كەمجار دەیبینم. ئۆریلیا تۆد لە ئیتالیایە و دنیاش سارد و سڕە. ئێستا كاپتن كڵەیتن، مێجەر موڕەی، مستەر تۆمسن پشتیوانی سەرەكیمن و جۆیس ژنێكی خۆشەویستمە و مستەر داڤیدسۆنم زۆر خۆشدەوێ و تازە ژنەكەی گەیشتووە و سبەینێ بانگهێشتی نانخواردنی نیوەڕۆم كردوون و مستەر داڤیدسۆنم زۆر لا بەنرخە و لە بنەڕەتدا لیبراڵە لە دید و بۆچوونیدا و ئاگاداری ناوەرۆكی پەیوەندیمانە لەگەڵ عەرەبەكاندا وەك هەر كەسێكی تر لێرە. پیاوە ئینگلیزەكانمان بە شێوەیەكی سەرسورهێنەر باشن و من زۆر سەرسامم بە سۆز و ئارامیی تێگەیشتنیان، بەڵام ژنەكانیان، هەندێكیان لێ بەدەر، تا بڵێی هیچ و پووچن و لە جۆری بێكەڵكە ئینگلۆ ــ هندییەكانن.

دەزانی لە كۆیلەیەتی دەرچوونی ڕەگەزی مێ باش دەچێتە پێشەوە و ئەو ژنانەی كە لە دیمەشق و ئەستەمبووڵ دەژین وەك ئەوەی لە لەندەن و پاریس بن دژ بە ستانداردی بەغدای مێینە هەستاون. هەفتەی ڕابوردوو لەگەڵ سێر ئەیڵمەر نانی شێوانم خوارد و جەعفەر    پاشا و نوری پاشام بینی لەگەڵ ژنەكانیان و هەردوكیان كە دوو دەستەخوشكمن بە تەواوی بێئاگابوون لە هەموو شتێك. تۆ تەماشا ئەمە لە بەغدا! من چاوەڕێی گەشەكردنم. تۆ جارێكیان ئامۆژگاریت كردم ئەوەندە خۆم سەغڵەت نەكەم بە كاروبارەوە، هەڵبەت من لەمە زیاتر شتێكی ترم پێناكرێت، چونكە هەر لە فەیسەڵەوە بۆ خواری خوارەوە زۆر بایەخیان پێداوم، بە سۆز و متمانەوە و زۆر قەرزاریانم. ئەوان زۆر بە گەورەیی و لە ڕادەبەدەر مەزەندەی خزمەتكردنیان بە خۆیان لەقەڵەمداوە. لە بەر ئەوە دڵ و گیانم دەخەمە خزمەتەوە و ئەوپەڕی خەڵاتی پێزانینم لەبری ئەوە وەرگرتووە و هەرگیز مافی گلەیی و سكاڵام نیە، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم.

 

    گێرتروود

 

31

20ى كانوونى یەكەمى 1921

 

باوكی ئازیزم، سبەینێ پۆستەى ئاسمانی دەوەستێت، دوو ڕۆژ پێشتر لە ڕۆژانى ئاسایی، بە هۆی جەژنی لەدایكبوونەوە (كریسمەس). كاپتن كڵەیتن و من پلانی چوونە دەرەوەمان هەیە لە 23ی مانگدا، بۆ مانەوە لەگەڵ ماڵی سەید سەفائەدین و نەقیبدا لە خانوویەكیاندا لە دێهات، ئەوەی كە  من و تۆ نانی نیوەڕۆمان تێدا خوارد. پێموایە ئاهەنگی جەژنی لەدایكبوون لە ماڵێكی دێهاتیی عەرەبدا شتێكی خۆش دەبێت، توخوا وا نیە! ئێمە بە سواری ئەسپ دەڕۆین و ئەگەر كەش و هەوا لەبار بێت سەیرانێكی پڕ كەیف دەبێت و دڵنیام كە سەید سەفائەدین خانەخوێیەكی زۆر باش دەبێت.

وا جارێكی تر ئاژاوە و پشێوییەكی توركی ــ كوردیمان بۆ دروستبوو لە سنووری ئەربیلدا. پێدەچێت كەمالییەكان، پێش ئەوەی بێنە نێو دانوستانی ئاشتییەوە بیانەوێ چەندیان پێبكرێت كارتیان لەدەستدا بێت، یان ئەمە ئاماژەی دوژمنایەتی و داخ لەدڵییە لەلایەن ئەوانەوە. بە هەرحاڵ ئەمە مایەی نیگەرانییە، بەڵام سەبارەت بەم هاندان و دنەدانەی كەمالییەكان ئێمە كێشەیەكمان نیە لە مامەڵە كردن و چارەسەر كردنی ئەو سنوورە كوردیانەدا، بەڵام لەگەڵ هێزی نیزامیی پتەوی تورك و چەك و جبەخانەى شەڕی چیاییاندا هیچ ناكرێت، لە كاتێكدا ئێمە هەر هێزی لێڤی و پۆلیسمان هەیە بۆ بەرەوڕووبوونەوەیان و ئەمانە كێشەیەكی قورسن. لە بەینی خۆشماندا بێت فڕۆكە باش نیە بۆ ناوچەی شاخاوی، چونكە تۆ لە ئاسمانەوە گوندێكی شاخاویی كوردی بە باشی نابینیت لە بەر ئەوەی    سەربان و ساپیتەكانی كە بە قوڕ سواغدراون تەختە و لە قەدپاڵی چیاكە دەچن و تەنانەت ئەگەر دەسنیشانیشی بكەیت ناتوانیت زیانی زۆری پێبگەیەنیت و خەڵكەكە پەنا دەبەنە ژێر هەر گاشە بەردێكی گونجاو و بەم پێیە بۆمبەكان بێ زیان دەبن بە بەراورد لەگەڵ شوێنی تردا. ئاخ بۆ ئاشتی، ئاشتی بە هەر نرخێك بووە و تۆ بڵێی هیچ نەوەیەك بە ئەندازەی ئەم نەوەیەى ئێمە شەكەت و ماندوو بووبێت بە دەست جەنگ و ناكۆكییەوە!

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2023. All rights reserved