میرنشینی‌ سۆران

 

عیسای‌ كوری‌ كه‌لوس به‌گ كه‌دامه‌زرێنه‌ری‌ میرنشینی‌ سۆرانه‌له‌ ناوچه‌ی‌ ره‌واندز،كه‌له‌سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ سیازده‌هه‌می‌ زاینیدا بووه‌، ئه‌م میرنشینه‌به‌ هۆی‌ بارودۆخی‌ جیا جیاو سه‌ربازی‌ چه‌ند پایته‌ختێكی‌ له‌كاتی‌ جیا جیادا هه‌بووه‌،وه‌ك( هاودین، دوین ، هه‌ولێر ، شه‌قلاَوه‌ ، هه‌ریر،خه‌لیفان)پاشان بۆدواجار شاری‌ ره‌واندز دواپایته‌ختی‌ ئه‌م میرنشینه‌بووه‌،

 

به‌پێی‌ ئه‌وزانیاریانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كاندا هاتوون میرنشینی‌ سۆران به‌درێژایی‌ ئه‌و سالاَنه‌ی‌ كه‌ حوكمی‌ كردووه‌ نزیكه‌ی‌ ( 24) میری‌ هه‌بوو كه‌ له‌وانه‌( میر خانزاد)كه‌ ئافرت بووه‌،له‌میره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌م میرنشینه‌ میر (محمه‌دی‌ كوری‌ موسته‌فا به‌گ) بوو كه‌له‌بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ كوردارۆڵێكی‌ گرنگ وكاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌،كه‌ به‌پاشای‌ گه‌وره‌ یاخود كۆره‌ ناسراوه‌و له‌ ساڵی‌ 1826 زاینیدا میری‌ ئه‌م میرنشینه‌ بووه‌و به‌هۆی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ په‌لاماری‌ ده‌دات و پاش شه‌ڕێكی‌ قورس ناچار ده‌بێت خۆی‌ بدات به‌ده‌سته‌وه‌وپاش ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری‌ ره‌وانه‌ی‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌كرێت و له‌ ساڵی‌ 1837 زاینی‌ له‌ سیواس له‌ سێداره‌ دراوه‌.

 

میری‌ محمد كه‌ به‌میری‌ گه‌وره‌ی‌ ره‌واندز ناسراوه‌و له‌ ساڵی‌ 1826 دا میری‌ میرنشینی‌ سۆران بووه‌له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌لاَتی‌ خۆیداتا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌له‌سێداره‌دراوه‌چه‌ندین كاری‌گرنگی‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌گرنگترینیان له‌كاره‌ ئیدرییه‌كانی‌ دامه‌زراندنی‌ (ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌روه‌ری‌ ) بوو كه‌ بۆخۆی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كردووه‌ هه‌روه‌ها ( لیژنه‌ی‌ سه‌ربازی‌) كه‌ ئه‌حمه‌د به‌گی‌ برای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كردووه‌، پێكهێنانی‌ ( لیژنه‌ی‌ زانایان ) بۆ دانانی‌ یاسا مه‌ده‌نییه‌كان و ئایینییه‌كان

 

،له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتتی‌ كردنی‌ دروستكردنی‌ قه‌لاَو شوره‌و سه‌نگه‌ر ( لیژنه‌ی‌ بنیات نان و درووستكردن) ی‌ پێكهێنانه‌وه‌،( لیژنه‌ی‌ بازرگانی) ش یه‌كێكی‌ دیكه‌ بووه‌ له‌ لیژنه‌ ئیدارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ میری‌ گه‌وره‌ی‌ سۆراندا درووستكراون، هه‌روه‌ها لێدانی‌ ( سكه‌) پاره‌ی‌ تایبه‌ت به‌ میرنشینه‌كه‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م میره‌ بووه‌ له‌ میرنشینی‌ سۆران دا،وه‌ك ته‌واوی‌ میرنشینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كورد میرنشینی‌ سۆران له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری‌ نێو خۆیی‌ و ده‌ره‌كی‌ له‌ ساڵی‌ 1847 زاینی‌ به‌یه‌كجاری‌ كۆتایی‌ به‌ده‌سه‌لاَتی‌ هاتووه‌ .

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved