کەمینەو دەوڵەت‌و نەتەوە، کۆمەڵگەی کورد لەئێراندا لەپاش شۆڕش

 

  

 

مەسعود شەريفی درياز

توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییەو پرۆفیسۆرە لەزانکۆی بەرشەلۆنە -  ئیسپانیا 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

 شەوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستانی ئێران بە دەم گۆرانی وتن و سەماکردن و هاتوهاوارەوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووس ڕژانە سەر شەقامەکان. لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە پاش هەفتەیەک لەم ڕووداوە، ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕیفراندۆمی کوردی وا وەسفکرد کە "پیلانێکی تائیفیی دەرەکییە" و نیشانەیەکە بۆ "دەرکەوتنی 'ئیسرائیلێکی نوێ' لە ناوچەکەدا" (هوما، ٢٠١٧). هەروەها داوای "هاوکاری و ڕاوێژی نێوان ئێران و تورکیای کرد بۆ بەگژداچوونەوەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق. لە ماوەی هەمان هەفتەدا هێزە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ سوپای عێراقدا مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازییان بەڕێوەبرد لە بەرەوەڕووی ئەو خاڵە سنوورییانەدا کە بەدەست پێشمەرگەی کوردەوە بوون. لەڕاستیدا، مەسەلەی کورد، چوار دەیە لە دوای شۆڕشی ئێران، بەردەوام بوو لەوەی کە بە گەرمترین هەڕەشە لە قەڵەم بدرێت بۆ سەر یەکگرتوویی خاکی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئەکلیرکییەوە (ئاینییەوە). لەبەرانبەریشدا، کوردەکانی ئێران بەزۆری هەست بەوە دەکەن کەوا پەراوێز خراون و جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت و ناڕازین لە مامەڵەکردنی شیعەکانی ئێران لەگەڵیان، کە زاڵ و باڵادەستن لە وڵاتی ئێرانی فرە ڕەگەز و فرە نەتەوەدا.

 

شەڕ و ململانێی کورد لە ئێراندا ڕەگێکی دوورودرێژی هەیە لە گرژی و ئاڵۆزیدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و دوای ئەوەش خولیای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لەبەرەوڕووی حکوومەتی ناوەندیدا قەبارەیەکی بێوێنەی لەخۆگرتبوو. لەنێوان کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم و سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠کاندا زنجیرەیەک ڕاپەڕین و شۆڕش لە کوردستانی ئێراندا بەرپابوون. هەڵبەت بەرچاوترینی ئەو شۆڕش و یاخیبوونانە ئەوەی ئیسماعیل ئاغای شکاک بوو (١٩١٨ - ١٩٢٢) کەوا هەڕەشەیەکی ناوخۆیی جیددیی پێکهێنابوو بۆ سەر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی (جوەیدە، ٢٠٠٦: ١٤٠ - ١٤٣). نزیکەی دوو دەیە دواتر و لە کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا، کوردەکان، بە پاڵپشتیی سۆڤیێت، کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند لە باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا، کە تەنها  یانزە مانگ بەردەوام بوو. لە دیسەمبەری ١٩٤٦دا، ڕژێمی ئێران سوپای ناردە سەریان و خودموختاریی کوردی لەناوبرد و دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەر کوردستاندا سەپاند (ئیگلتۆن، ١٩٩١). ئەوجا دەسبەجێ هەرچی کتێبی کوردییە سووتێنرا و چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و سەرکردە کوردەکان لەسێدارە دران (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٤٥). کۆماری کوردستان، هەرچەندە ماوەکەی کورت بوو، کاریگەرییەکی درێژخایەنی بەجێهێشت لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا و چیرۆکی دادگایی و لەسێدارەدانی قازی محەمەد کە سەرۆکی حکوومەتە کوردییەکە بوو، گواستیەوە بۆ نەوەکانی دواتر. لە دوای کەوتنی مهاباد جووڵانەوەی کورد بەردەوامی بە خۆی دا، ئەگەرچی بە شێوەیەکی نهێنیش بوو، بەڵام دەرفەتێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ پەرەسەندن چونکە ڕژێمی ئێران سەرکوتکردن و توندوتیژیی خۆی زیادکردبوو دژ بە بەرهەڵستکارە سیاسییەکان. لە ساڵی ١٩٦٧دا ڕاپەڕینێکی نوێی چەکداری بەرپا بووەوە، کاتێ گرووپێکی جیابووەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا)، کە بە کۆمیتەی شۆڕشگێڕی ناسرابوون هەوڵی جموجووڵێکیان دا لە ناو ئێراندا و خەباتی چەکدارییان دەستپێکرد. لە پاش ساڵ و نیوێک جووڵانەوەکەی شەڕی گەریلایی (پارتیزانی - و) لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە شکستیهێنا و سەرکردە سەرەکی و بەرچاوەکانیان کوژران. لە قۆناخێکی دواتری شۆڕشی ئیرانیی ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپەکانی ڕکابەرە سیاسییەکانی کورد هەوڵیاندا بۆ جووڵاندن و جۆشدانی پاڵپشتێکی میللی لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئەو ئۆتۆنۆمییەی چەندین ساڵ بوو خەباتیان بۆ دەکرد. بە هاتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گەڕ و سەردەمێکی نوێی    گرژی و ئاڵۆزیی کورد و ئێرانییەکان دەستیپێکرد.

 

لە هەوڵماندا بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان کورد و ڕژێمی ئێران، ئەم باسە بەنیازە لەسەر دینامیکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ئێران بوەستێ لە ڕێگەی شیکردنەوەی هاوکێشەی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە کوردییەکان و دەوڵەتی ناوەندییەوە. بۆ ئەم مەبەستە باسەکە دەیەوێت سێ بواری سەرەکی شی بکاتەوە کە لە سەروەختی شۆڕشی ئێرانیی ساڵی ١٩٧٩وە مۆرکی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە بەجێهێشتووە. بواری یەکەم پێداچوونەوەیەکی گشتی دەخاتەڕوو لەبارەی پێکهاتەی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و چینایەتیی گەلی کوردەوە. دووەم بوار، بە چاوخستنەسەر کارلێکی دەوڵەت و کەمینە، مەسەلەی کورد شیدەکاتەوە لە گوتاری ئێرانی و سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت لەبەرانبەر کورددا. سێهەمیش باس لە کاردانەوەی کورد دەکات بەرانبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەت. باسەکە جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو ڕێکخراوانەی لە کوردستاندان و جووڵانەوەی کورددا کەوا کۆمەڵێکی بەرفراوان لە ئامانج و بەرژەوەندییەکان و ئەکتەران لەخۆدەگرێت. دواجاریش بە گفتوگۆیەکی کورت کۆتایی پێدێنێت سەبارەت بە فەزا و چاوەڕوانی و ئاسۆ نوێکانی کارکردنەوە.

 

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا

 

 لە ئێراندا، کورد نزیکەی ١٠%ی تێکڕای کۆی دانیشتووان پێکدێنن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژاوای وڵاتەکەدا نیشتەجێن کە دەراوسێن لەگەڵ عێراق و تورکیادا. بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردزمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، کەوا لە ئوستانی باکووری خۆراساندا نیشتەجێن لە نزیک سنووری تورکمانستان و لەوێ زۆرینە پێکدێنن١. ژمارەیەکی زۆری کوردیش لە تاران و زۆربەی ناوچە گوزەران باشەکانی ئێران نیشتەجێن، کە تێیاندا دەرفەتەکانی  خوێندن و ئابووری و کارکردن زیاتر دەستەبەرن. هەڵبەت بایەخێکی کەمی ئەکادیمی و زانستی دراوە بە وەسفکردنی پێکهاتەی چینایەتی و دیمۆگرافی دراوە بە دانیشتووانی کوردستانی ئێران، هەروەها شیکاریی نەریتی و پێداچوونەوەی نەریتیی بزووتنەوەی کورد بە لای کەمکردنەوەی بایەخی مەسەلە سۆسیۆ – دیموگرافییە نوێکاندا دایشکاندووە.

 

گۆڕانکارییە دیموگرافییەکان لە کوردستاندا

 

 بە هۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی ئیتنیکیی دانیشتووانەوە لە ئێراندا مەحاڵە ژمارەی وردی خەڵکی کورد بزانرێت کە لە ئێراندا دەژین٢. نەبوونی داتا و زانیاریی ئاماری گشتگیر و متمانە پێکراوی تەواو کارەکە قورس دەکات کاتێ کە بتەوێت ژمارەی کۆنکریتیی بەدەستبێنیت بۆ پیکهاتەی ئێستای کۆمەڵایەتیی دیموگرافیی کوردی و شیکردنەوەی دینامیکەکانی. لەبەرئەوە بۆ وێنەکێشانی پۆرترێتێکی نزیک لە واقیعی کوردەوە لە ئێراندا، گرنگە جەخت بکرێتەوە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی زانیاری. بەپێی سەرچاوەگەلێکی دیاریکراو، لە ساڵی ١٨٥٠دا، ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی ئێران ٨٠٠ هەزار کەس بووە و تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمیش، خاسییەتی وای بووە کە بە قۆناخێکی گەشەکردنی دوورودرێژی خاودا تێپەڕیوە. سەدەیەک دواتر، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠کاندا، ژمارەی دانیشتووانی لە دەوروبەری دوو ملیۆندا بووە (ئەبراهامیان، ١٩٨٢: ١٢). بە گوێرەی بەکارهێنانی پێوەری پاشخانی زمانەوانی، ڕێی تێدەچێت کەوا دانیشتووانی ئەمڕۆی کوردی ئێران بە لای کەمەوە بە هەشت ملیۆن مەزەندە بکرێت و بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێنج پارێزگا (ئوستاندا) چڕبوونەتەوە کە بریتین لە: ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرمانشا، ئیلام و خۆراسانی باکوور٣. هەندێ سەرچاوەی کوردی مەزەندەی ئەوە دەکات کە ژمارەکە ڕەنگە لەوە بەرزتر بێت و بگاتە دوانزە ملیۆن (ئینستیتیوتی کورد 'لە پاریس' ، ٢٠١٧).

 

نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم گۆڕانکاریی قووڵی لەگەڵ خۆی هێنا لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی - دیمۆگرافیی ژیانی کورددا. ناوچە کوردییەکان وەک ئەودوای ناوچەکانی وڵات ڕێژەیەکی بەرزی گەشەکردنی دانیشتووانی بەخۆوە بینی لە ماوەی نێوان 1966 - 1986دا. لەڕاستیشدا، لە 1976 تا 1986، تێکڕا ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانە بەتەواوی بەرز بوو (3.26 لە ئوستانی كوردستاندا)،  هەرچەندە ئەم قۆناخە کاریگەر بوو بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەڵاواردووەکانی وەک شۆڕشی ئیسلامی، جەنگی کوردستان، جەنگی ئێران - عێراق، بەشارستانیبوونی خێرا و بێ پلان، کۆچکردن لە دێهاتەوە بۆ شار و کۆچکردنی دانیشتووانی کورد بۆ شوێنەکانی تری وڵات. ساڵانی ١٩٩٠کان بە سەرەتای کەمبوونەوەی گەشە کردنی دانیشتووانی کورد جیادەکرێنەوە و بە خاسییەتی دابەزینێکی هێجگار توند لە ژمارەی دانیشتووانی دێهاتدا. لە ئوستانی کوردستاندا، ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووان لە نێوان ١٩٩٦ و ٢٠٠٦دا، لە ٢.٢%وە دابەزی بۆ ٦٧,.%. لە ساڵی ٢٠٠٦وە بۆ ٢٠١١ تێکڕا ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووان لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن، بێجگە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، نزمتر بوو لە ٢,١%ی تێکڕا ڕێژەی نیشتمانی. ڕێژەی بەپیتیی لە سێ پارێزگای کوردیدا ئێستا لە دەوروبەری ٧,١ منداڵە بۆ هەر ژنێک و ئەم ڕێژەیەش لە خوار پێویستەوەیە بۆ جێگرتنەوەی دانیشتووان.

 

  ئەمڕۆ دانیشتووانی کوردستانی ئێران بەزۆری شارنشینن و لە ساڵی ١٩٩٦وە بەربەستی پەنجا لە سەدی تێپەڕاندووە. لە ساڵی ١٩٥٦دا، ٢,١١%ی دانیشتووانی ئوستانی کوردستان لە شارەکانی کوردستاندا دەژیان٤. لەپاش شەش دەیە، ڕێژەی دانیشتووانی شارنشین لەم پارێزگایەدا بۆ ٧,٧٠% زیادی کردووە٥. بە هۆی سیاسەتی نیشتەجێ کردنی زۆرەملێوە لە ساڵانی ١٩٣٠کانەوە، خەڵکی کۆچەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و دانیشتووانی کۆچەر لە پارێزگا کوردییەکاندا بۆ کەمتر لە ٠٩,٠% دابەزی (کە دەیکردە ٧٠٥٩ کەس لە پێنج پارێزگادا) و کەرتی شارستانی لە ماوەی ئەم شەست ساڵەدا چوار جاران زیادی کردووە. پێکهاتەی تەمەن لە کرماشان و کوردستان و ئیلام ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووانێکی کەمی ٥,٢٣%ی خوار تەمەنی پەنجا ساڵ و ٤,٦%ی تەمەن شەست و پێنج ساڵ و زیاتر دەخاتەڕوو. ئەو نەوەیەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٩٠دا لەدایکبوون ڕێژەیەکی گەورەی دانیشتووانی کورد دەخەنەڕوو (٦,٣٠%).

 

 لەسەر ئاستی نیشتمانی، ڕیژەی خوێندەواریی گەوران لە ماوەی دوای شۆڕشدا بەرز بووەوە لە ٥,٤٧% لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ ٨,٦١% لە ساڵی ١٩٨٦دا، لەکاتێکدا کە لە ئوستانی کوردستاندا زیادکردنەکە زۆر مامناوەندی بوو (کە ٧,٢٩% بۆ ٢,٣٩% بوو). لە ماوەی سێ دەیەی ڕابوردوودا، ڕیژەی خوێندەواری لە کوردستان دووجاران بووەوە (٥,٨١% لە کوردستان، ٩,٨٤% لە ئیلام و ٥,٨٤% لە کرماشان). ئەو پێشکەوتنەی ئەم دواییە بەرەو نەهێشتنی نەخوێندەواریی جەماوەری بەشێوەیەکی تایبەتی لە نێو خەڵکی گەنجدا تێبینی دەکرێت. بەهەرحاڵ، نەخوێندەواری هەر بە بەربڵاوی مایەوە لە ناو ئافرەتاندا (٧,٢١% لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و کوردستاندا) و گەورە ساڵان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی دێهات و ئەندامانی خێزانە هەژارەکاندا. سەبارەت بە دینامیکەکانی خوێندن و فێرکردن، بەرچاوترین گۆڕانکاری لە ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵادایە، کەوا لە هەرسێ ئوستانە کوردییە سەرەکییەکە ٣٥٢٩ بوو لە ساڵی ١٩٨٦دا. لەپاش سێ دەیە، ئاڕاستەی درێژخایەن زیادکردنێکی گەورەی دەرخست لە ژمارەی قوتابیانی ئەم پارێزگایەدا (١٧١٢٧٠ قوتابی لە ساڵی ٢٠١٦دا).  لە ساڵی ١٩٨٦دا، ڕێژەی قوتابیانی کچ لە خوێندنی باڵادا ٢٨% بوو (٩٩٠ قوتابی بوو) لە ناو سەرجەمی قوتابیانی ئیلام و کوردستان و کرماشاندا.  خوێندکارانی کچ کەمتر لە نیوەی هەموو خوێندکارانی کورد کەمترن لە قۆناخە جیاجیاکانی خوێندنی باڵادا (کە ٦,٤٣% بوو لە ساڵی ٢٠١٦دا). جێی سەرنجە، کە نایەکسانیی نێوان نێر و مێ کەمتر بەرچاو دەکەوێت لە ئاستی خوێندنی دکتۆرادا بە ڕادەیەک کە ٥,٥٠%ی کاندیدەکانی دکتۆرا لە ساڵی ٢٠١٦دا مێینە بوون.

 

چین و دەسەڵات و هێزی کار لە کوردستاندا

 

هەروەها قۆناخی دوای شۆڕش کاریگەریی خۆی داناوە لەسەر پێکهاتەی چینایەتی و شێوازی پیشەیی هێزی کار لە کوردستاندا. تا سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کان، بنەماڵە خاوەن زەوییەکان و سەرۆک خێڵەکان و بۆرجوازییەتی بازرگانی بەهێزترین چینی کۆمەڵایەتی بوون لە کوردستاندا و کۆنترۆڵی نزیکەی هەموو هۆکار و ئامرازی ئابووری و کۆمەڵایەتییان کردبوو. لە ساڵی ١٩٥٦دا، "نزیکەی ٦٤%ی زەویوزاری کورد کە شیاون بۆ چاندن لە دەستی ٣,٠%ی دانیشتوواندا بوو (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٥٦). زۆربەی زۆری خەڵکی کورد لە ئێراندا جووتیار بوون، کە دەیکردە زیاد لە سێ چارەکی تێکڕای دانیشتووان لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا. ئەوان پێکەوە لەگەڵ چینی ناوەڕاستی خوارەوە، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دوژمنکارانەیەن هەبوو (کێدی، ١٩٦٨). سەرەڕای چاکسازیی کشتوکاڵی لە ئێراندا (١٩٦٢ - ١٩٧١)، ژمارەی جووتیارانی کوردی بێ زەوی و کرێکاران لە ٨٠%وە دابەزی بۆ تەنها ٥٠% لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٥٧). ڕێژەی سەدیی دانیشتووانی چینی ناوەڕاست تاڕادەیەک نزم بوو و لە ناوەندە شارستانییە سەرەکییەکاندا چڕبووبوونەوە و لەو خەڵکانە پێکهاتبوون کە بە بازرگانییەوە خەریکبوون لەگەڵ بیزنێسی بچووک و ڕۆشنبیر یان مونەوەری نەریتی (کە بەزۆری پیاوانی ئاینی بوون) و کاربەدەستانی کەرتی گشتی. زۆربەی ئەندامانی چینی ناوەڕاست کە مووچەی فەرمانبەریان وەردەگرت لەلایەن دەوڵەتەوە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکرد، بەتایبەتی خوێندن و فێرکردن و چاودێریی تەندروستی و سوپا. هەڵبەت لەبەر لاوازیی شێوازی نوێی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ڕێژەی کرێکارە پیشەیی و تەکنیکییەکان  لە کەرتی تایبەتدا زۆر کەم بوون. بە هاتنی ساڵی 1977، ڕیژەی کرێکارە پیشەسازییەکان بۆ کرێکارانی کشتوکاڵی لە کوردستاندا یەک بۆ بیست بوو، بەڵام لە تاراندا، ڕێژەکە یەک بۆ ٧,٠ بوو (ئەبراهاميان، 1982: 449).

 

  پێکهاتە و سترۆکتووری چینایەتی لە کوردستاندا بەر گۆڕانکاریی گەورە کەوتووە لە ساڵی ١٩٧٩وە. بە بەراورد کردنی سێ کەرتی ئابووریی سەرەکیی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری، ئەوە ڕووندەبێتەوە کەوا کوردستان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابوردوودا دابەزینێکی گشتیی بەخۆوە بینیوە لە بەشداریی هێزی کارگەر لە کەرتی کشتوکاڵدا لە بەرژەوەندیی بەشداربوونێکی بەرزتر لە کەرتی کشتوکاڵدا کە لەم ساڵانەدا ڕێژەکەی زیاتر بووە. لە نێوان ساڵانی   ١٩٧٦ و ٢٠١٦دا، دامەزراندن لەم کەرتەدا بەرزبووەوە لە ١٧.٨% بۆ ٥٠.٥% لە ئوستانی کوردستاندا و لە ٣٣.٥% بۆ ٥٠.٢% لە ئوستانی کرماشاندا. بۆرجوازییەتی بچووک، خاوەن دووکانەکان، بازرگانە بچووکەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەشێکی گەورەی کارکردنیان لەم کەرتەدا پێکهێناوە. ئاڕاستەکە بەرەو بەرفراوانبوونی هێجگار گەورە لە کارکردنی تایبەتی بۆرجوازییەتی بچووک و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کشتوکاڵی بچووک و چالاکیی بەخێوکردنی ئاژەڵ و بازرگانیی دابەشکردن و کاری دەستی ناوخۆییدا. هەروەها ئاڕاستەکانی ئێستا بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕێژەی بەشداریی بۆرجوازییەتی بچووک لە کشتوکاڵدا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە. کاریگەریی زیادبوونی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە گەشەکردنی ناوەندەکانی بازاڕکردنی نوێ و شەقامی شارەکاندا، کەوا کەسێک دووکان و بازاڕی هەمەچەشنەی تێدا بدۆزێتەوە، کە لەگەڵیان هەڵبکات، شوێنی نەریتیی بۆرجوازییەتی بچووک و بۆرجوازییەتی بازرگانین.

 

چوار دەیە لە پاش شۆڕش، دام و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە هێزەکانی سەربازی و شێوە سەربازییەوە، بەردەوامن لە گەشەکردن و تێکڕا ئەو ژمارانەی لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن نزیکەی ٢٣٤١٠٠٠ کەوا ٥.٦%ی لە ئوستانی کوردستاندان. ژمارەیەکی بەرچاوی ئەوانەی لەئێستادا لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن لە کایەکانی وەک خوێندن، چاودێریی تەندروستی، ئەندازیاری و تەکنۆلۆجی، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و لە دامەزراوەکانی دەوڵەت یان دامەزراوەی سەربازیدا (گاردەکانی شۆڕش یان پاسداران) و هێزە شێوە سەربازییەکان (چەشنی بەسیج یان پێشمەرگەی موسڵمان). ڕێژەیەکی گەورەی فەرمانبەرانی بیرۆکراتیی حکوومەت، بەتایبەتی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و دادوەری و گەورە ئەفسەرانی سوپا لە دانیشتووانی ناوخۆیی نەبوون. لە گەلێ حاڵەتدا حکوومەت ڕێگر بووە لەوەی کەوا کوردەکان بگەنە پلە و پۆستی کارگێڕی و سەرکردایەتی تەنانەت لە ناوچە کوردییەکانیشدا. پابەندبوونی فەرمانبەر و دڵسۆزی بۆ پرەنسیپەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە پێویستییە سەرەکییەکانن بۆ گەیشتنە ئەو پلە و پۆستە گشتییانە. سەبارەت بە پۆست مەدەنییەکان، بەزۆری هەل و دەرفەتی کار لەپێشدا دەدرێتە جەنگاوەرانی دێرین و خێزانی شەهیدانی شۆڕش و جەنگ و پاشانیش بۆ ئەوانەی کە بە "بەرگریکاران لە شۆڕش" دادەنران.

 

  لە ماوەی دوای شۆڕشدا، دامەزراندن لە کەرتی کشتوکاڵدا لە ٧٨.٨% لە ساڵی ١٩٧٦دا دابەزیوە بۆ ٢٤.٤% لە ٢٠١٦دا لە ئوستانی کوردستان. سەرباری ئەم دابەزینە گەورەیە، هێشتا کەرتی کشتوکاڵ زیاتر لە چواریەکی هێزی کاری کورد لەخۆدەگرێت٦. لەکاتێکدا کە پشکی کەرتی کشتوکاڵ لە هێزی کار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و پشکی هێزی کار لە پیشەسازیدا بەرزبووەتەوە لە ئوستانی کوردستاندا (3.97% بۆ 25.1 %)  و کرماشان  (9.3% بۆ 22.3 %) بە شێوەیەکی تەواو کەمتر٧. هەردوو کەرتی بیناسازی و خزمەتگوزاری سوودمەندی ڕاستەقینە پێکدێنن لە هێزی کاری زیاد لە کشتوکاڵدا بە هۆی بەرهەمهێنانی شارەزایی کەمتری ئاسایشی بنەڕەتیی کارپێکردن.

 

  کەرتی پیشەسازی بچووک و دواکەوتووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکورتی لە ئامادەیی حکوومەتدا و هەروەها بە هۆی مەترسیی ئاسایشەوە لەلایەن وەبەرهێنەکانەوە. هەر بە ماوەیەکی کەم لەدوای شۆڕشی ئیسلامی، حکوومەتی نوێ دامەزراوە پیشەسازی و داراییە گەورەکانی خۆماڵی کرد و دەستی بە سەر مڵک و ماڵی ئەوانەدا گرت کە بە "دوژمنی ڕژێم" دانران و دەوڵەت و دەزگا نیمچە دەوڵەتییەکان ئەرکی نەخشە دانان و هەماهەنگیی پرۆژە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان لەئەستۆگرت لە پارێزگا کوردییەکاندا. هەر لە دەمی شۆڕش و جەنگی کوردستانەوە و گواستنەوە بۆ میلیتاریزە کردنی ناوچەکە وایکرد کە وەبەرهێنە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان دوور بکەونەوە و ئەنجامیش وا بکەوێتەوە کە هەژاری و بێکاری ناوچەکە بگرێتەوە. هەڵبەت بۆرجوازییەکی نەریتی هەیە تێکەڵ بە کاری فرۆشتن و خزمەتگوزاری یان کشتوکاڵ بووە و بە ئاستێکی کەمیش لەو چالاکییانەی کە بەرهەمهێنان و توانای کەلەکە کردنی سەرمایەیان لاوازە، شانبەشانی ئەو دام و دەزگایانە لە هەوڵدان کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە مۆنۆپۆڵ و کۆنترۆڵ کراون و چینێکی بیزینێسی سەرهەڵداوی کورد بە شێوەیەکی نافەرمی تێکەڵ بە ئابووری و کاری قاچاخچێتیی ئەمبەر و ئەوبەری سنوورەکان بووە بۆ کاڵا و شمەکی بەکاربردن. کەرتی پیشەسازی کۆمپانیا پیشەسازی و کانزاسازییە ئاست بچووک و مامناوەندییەکان دەگرێتەوە. تا ساڵی ٢٠١٦ ناوچە کوردییەکان ١٣%ی ئەو کانانەیان لەخۆدەگرت کە لە ئێراندا کاریان دەکرد٨. تا ئێستاش زۆربەی کۆمپانیا تایبەتەکانی کوردستان ڕێگە و شێوەی بەرهەمهێنانی ناکارایان گرتووەتەبەر و خاوەنەکانیان بەڕێوەیاندەبەن کە سەرمایە تایبەتەکانی خۆیانیان تێدا دەخەنەگەڕ. ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کەوا بۆچی کرێکارانی کەرتی پیشەسازی بەردەوام ڕێژەیەکی کەم پێکدێنن لە تێکڕای هێزی کاری ناوچەکە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها ١.٤% دامەزراوە پیشەسازییەکان سەد کرێکار یان زیاتر لەخۆدەگرێت لە سێ پارێزگای کوردیدا. لە ساڵی ٢٠١٥دا، ژمارەی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا کە دە کرێکار یان زیاتری هەبووبێت ٥,١%ی تێکڕا ژمارەی کرێکارانی پێکدەهێنا لە وڵاتدا.

 

  لەڕاستیدا، تێکڕا ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی چوار جاران کەمترن لە کۆڵبەرەکان، واتە ئەو کۆڵکێشانەی سەر سنوور کە لە نێوان سنووری کوردستانی ئێران و عێراقدا کاڵا و شمەک دەگوێزنەوە لە ڕێگەی سەخت و پڕ مەترسیی سنوورەکانەوە بۆ خۆلادان لە خاڵەکانی پاسەوانیی سەر سنوور، کە هەموو ساڵێک چەندینیان لێ دەکوژرێت بە هۆی مینی ئەرزی و پاسەوانانی سنووری ئێرانییەوە. ژمارەی ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتەوە مەزەندە دەکرێن بە ٧٥ هەزار کەس. بێجگە لەوەش، کرێکارانی وەرزی و ڕۆژانە هەن کەوا کەمترین دەرفەتیان هەیە شانبەشانی بێکاران. بەگشتی، ئەوانە بیمەی تەندروستی، بیمەی بێکاری و سیستەمی خانەنشینی یان بیمەی تووشی ڕووداو هاتن نایانگرێتەوە. دواکەوتوویی و بێکاری لە ناوچە کوردییەکاندا تەشەنەی کردووە. لەڕاستیشدا، چەمکی چالاکی یان کار لەخۆیدا جێی گومانە و ورد نیە، بە هۆی پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە و تێکڕا ئاستی بێکاری کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕادەگەیەنرێت پەیوەندیی بە واقیعەوە نیە، کە فرەجار لە سێ ئەوەندەی ژمارە فەرمییەکان زیاترە. پە پێی ئەو داتا و زانیارییانەی لە ناوەندی ئاماری ئێرانەوە ڕەگەیەنراون ، ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕاگەیەنراوە، لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا١١% و لە باکووری خۆراسان ١١.٢% و لە ئیلام ١١.٦% و لە کوردستان ١٥.٢% و لە کرماشان ٢٢% بووە. بەپێچەوانەی ئەوەی ئامارە فەرمییەکان ڕایدەگەیەنن، سەید ئەحسەن عەلەویی نوێنەری سنە لە پەرلەماندا ڕێژەی بێکاریی ئێستا لە پارێزگای کوردستاندا بە نزیکەی ٤٥% دەخەمڵێنێت.

 

کێشە و گرفتی کورد لە کۆماری ئیسلامیدا

 

ئەگەرچی دامەزراوە فەرمییەکان و میدیای فەرمیی ئێران بەگشتی مەیلیان بەلای پشتگوێخستن یان شاردنەوەی بوونی کوردەوەیە وەک کەمینەیەکی نەتەوەییە، هەر کاتێ مەسەلەی کورد بورووژێنرێت. لە گوتاری فەرمیدا بەزۆری کورد وا دەنوێنرێت کە پاسەوانی ئازا و بوێری سنووری ئێرانن، یەکێکن لە کۆنترین گرووپی ئیتنیکیی ئێران، ڕەسەنترین خەڵکی ئێرانن و گەلێکی ئاریایی ئازا و بوێرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاشکرایە کە ئەم تێڕوانینە ستراتیجییە تەواوکارەی کە لەلایەن ڕووناکبیرانی ئێرانی و چینی سیاسییەوە وێنا دەکرێن هاوتەریبە لەگەڵ وێناکردنێکی تری کورددا کە بە جوداخواز، توندوتیژ، دواکەوتوو، ناشارستانی، سەر بە زایۆنیزم، دژە شۆڕش، کافر و بگرە سەربڕیشیان دادەنێت. پێکەوە هەڵکردنی ئەم دوو وێناکردنە دژبەیەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر  تەحەدا شیکارییەکانی مەسەلەی کورد لە ئێراندا. بۆ زۆربەی توێژەران، شۆڕشی دەستووریی (مەشرووتە - و) ١٩٠٥ - ١٩٠٦ والێکدەدرێتەوە کە سەرەتای داهێنانی چەمکی نوێی شوناسی نیشتمانیی/ نەتەوەیی ئێران بووبێت (ئامانات، ٢٠١٧: ٣٨٤؛ ئەشرەف، ١٩٩٣: ١٥٩؛ وەلی، ٢٠١١: ٢ - ٣). لە ساڵانی دواتردا، بەتایبەتی لە سەرەتای دەورانی پەهلەوییەوە، ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەسەر توخمی زمان و کولتوری فارسی - ئێرانی گەشەی دەکرد و ڕەنگدانەوەی "هەزاران ساڵی مێژووی ئێران و فارس" بوو (ئەشرەف، ١٩٩٣: ١٦٠) و باڵادەستی و هەژموونی کولتووری فارسی سەلماندووە لە لایەن شاعیرانی وەک ئەبولقاسم فیردەوسی، سەعدیی شیرازی، حافزی شیرازی و نیزامیی گەنجەوی. بەڵگەیەکی تریش بۆ ئەم باڵادەستییە ئیتنیکییە سەرەتایی و گریمانەییە ئارگومێنتی بەردەوامیی "کولتووری ئێرانییە"یە وا تێیدەڕوانرێت کە هاوشان بێت لەگەڵ فارسیدا، بە تێپەڕینی کات و سەردەم. بەپێی گوتاری فەرمی کەوا داگیرکارییە گەورەکان لەلایەن گریکەکانەوە (سەدەی چوارەمی پێش زاین) و عەرەبەکانەوە (لە سەدەی حەوتەمدا) و تورکەکانەوە (لە سەدەی یانزەوە) و مەغۆلەکانەوە (لە سەدەی سیانزەدا) تەنها وا تەماشا دەکرا کە زنجیرە توندوتیژییەکی گریمانەیی بن و (بەردەوامیی مێژوویی وەهمیی نەتەوە 'ئوممەی' ) نەبڕیوە (هێشتەر، ٢٠٠٠:  ل ٩٥).

 

لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی پەهلەوی، بۆ پێکهێنانی شوناسێکی نەتەوەیی/ نیشتمانیی نوێ بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە لە لایەن دەوڵەتێکی ناوەندییەوە هەوڵی بۆ دەدرا. ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە سایەی حوکمی پەهلەویدا بە دوو ئاست کاری دەکرد. لەسەر ئاستی سیاسی و کولتووری و ئابووری و سەربازی، وڵاتەکە پلەیەکی باڵای بەناوەندی کردنی تاکڕەوانەی ئەزموون کرد. لە کایەی بنیاتنانی شوناسدا، هەوڵەکان لەلایەن دەستەبژێرانی نەتەوەیی و    ڕۆشنبیران و تێکەڵەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و شاعیرە سیاسییەکان و وتارنووسان و مێژوونووسان و بیرۆکراتەکانەوە گەرم بوون بۆ بڵاوکردنەوەی   شکۆ و شانازییەکانی ئیمپراتۆرییەتی فارسیی پێش ئیسلام و هەروەها بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ئەوەی کەوا ئایین بەربەست بووە لە بەردەمی پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆجیدا (کاتۆزیان، ١٩٨١: ٨٢ - ٨٣). لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەویدا، ڕەگەزی شیعەگەرای ناسنامەی ئێرانی، کەوا لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوییەوە ئایینی فەرمیی حکوومەتی ناوەندی بوو پشتگوێخرا یان بگرە ڕەتیشکرایەوە. ڕژێمی پەهلەوی لە ژێر کاریگەریی ئایدیای مۆدێرن و ناوەندێتیی پێکهێنانی دەوڵەتدا، ئەوەی هەڵبژارد کە جەخت بخاتە سەر ناسیۆنالیزمی ڕەگەز و کولتووری بۆ جیاکردنەوەی ئوممەی ئێرانی لە ئیسلام، کە وەک ئاینێک دەخرایەڕوو کەوا عەرەب سەپاندوویەتی. ئەنجامی ئەم ناسیۆنالیزمە مۆدێرنە ساختەیە چەوساندنەوە و تەنگ پێهەڵچنینی نەک هەر بەشە ئاینییەکانی کۆمەڵگە بەڵکوو کەمینە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانیش لە ئێراندا. حکوومەتی ناوەندی زۆر بەگەرمی کەوتە جێبەجی کردنی سیاسەتی تواندنەوەی کولتووری لە ناوچە غەیرە فارسییەکاندا.

 

  بەڵام لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ١٩٧٩دا، شیعەگەرایی بە شێوەیەکی ڕیشەیی وەرچەرخا بۆ توخمێکی بنەڕەتیی ناسنامەی ئێرانی. بەهەرحاڵ، شیعەگەرایی نەریتیی بنەماڵەی سەفەوی ئەمجارەیان گۆڕا و کۆپییەکی توندرەوی ئەوپەڕی بەسیاسیکراوی ئیسلام جێیگرتەوە. بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی، خومەینی یان "ئیمامی ئوممەتی موسڵمان" وەک ئەو لە ئێراندا دەسنیشانی کردبوو، مانایەکی ڕادیکاڵی کرد بە بەر شیعەگەرایی ئێراندا. سەپاندنی باوەڕی ئیسلامی وەک    دەوڵەت و دینێکی زۆرەملێ گۆڕانکاریی قووڵی لە مانای ئێرانیبووندا دروستکرد، هەر هیچ نەبێت لە قۆناخە بەراییەکانی شۆڕشدا. چەمکی نامۆ و تایبەتی ئوممە یان کۆمەڵگەی جیهانیی موسڵمانە باوەڕدارەکان ڕۆشنایی خستە سەر بایەخی "یەکێتیی ئیسلام" لە سەرەوە و لەولای بەرژەوەندییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانەوەیە. بەم مانایە بێت، بنیاتنانی شوناسی ئێرانی لە سەر بناغەی ناسیۆنالیزم ڕەتکراوەیە. بە ماوەیەکی کورت لە دوای جەنگی ئێران - عێراق، سیاسەت و گوتاری کۆماری ئیسلامی هەرچۆنێک بێت ئەوەی دەرخست کەوا هێشتا بەقووڵی مۆرکی نیشتمانیی پێوەیە. لەم تێکەڵەیەی ئایین و ناسیۆنالیزمەدا، لایەنی فارسیی شوناسی ئێرانی توخمێکی شیعەی فارسی زمان جێیگرتەوە.

 

سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی لەبەرابەر کەمینەکاندا

 

ئاخۆ سیاسەتی گشتیی دەولەتی تیۆکراتیی ئیسلامی لەئاست کەمینەی کورددا چی بوو؟ لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و قورس لەنیوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیدایە لە ئێراندا. هەرچەندە ڕژێمی نوێ سیاسەتیکی دیاریکراوی نەبوو بەرانبەر بە کورد ڕاستەوخۆ لە قۆناخی دوابەدوای شۆڕشدا و لە سەرەتای شەڕی کوردستاندا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵیاندا بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان نەبنە هەڕەشەیەکی ڕوو لە زیادی سیاسی و ستراتیجی جۆراوجۆر پەرەپێبدەن. سیاسەتی گشتیی ئەوان هەمیشە لەسەر ئەو شێوازە باوانە بەند بوو کە لەلایەن حکوومەتە ناسیۆنالیستە ناوەندییەکانەوە بەکاردەهات سەبارەت بە کەمینە ئیتنیکییەکان کە بە شێوەیەکی گشتی دەگۆڕا لە نێوان پەنابردنە بەر هێز یان ناچارکردن، تواندنەوە و ئەسیمیلە کردنی کولتووری، تەواوکاریی ئابووریی ئینتیقائی بە دروستکردن و بەهێزکردنی تۆڕی مەحسووبییەت و خزم خزمێنە و چەکدار کردنی میلیشیای خێڵەکیی ناوخۆیی. لەبەرئەوە جێی سەرسوڕمان نیە، پاش لەقەڵەمدانی کوردستان وەک ناوچەیەکی نائارام، کاردانەوەی حکوومەت لەبەرانبەر داواکارییەکانی کورددا بۆ ئۆتۆنۆمی سەرکوتکەرانە بێت و لەو سۆنگەیەوە تاران هێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکرد و هەموو جۆرە چەکێکی قورسی بەکارهێنا، لە تانک و تۆپ و فڕۆکە، کە چەند بەشێکی شارە کوردییەکانی خاپوور کرد. سەرەڕای ئەوەش، حکوومەتی ئێرانی ئابڵووقەی ئابووریی سەپاند بەسەر ناوچە کوردییەکاندا و دانیشتووانی بێبەری کرد لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، لەنێویاندا خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی (بريگۆليكس، 1983). زیاد لە 384 گوندی کوردیی ئێرانیش کاول و وێرانکران لە نێوان ساڵانی 1980 و 1993 (هيومان ڕايتس وۆچ HRW، 1997).

 

دام و دەزگای نوێی دەوڵەت، هەروەک پێشتر بوو و سەرباری ئیددیعا کردنی لەبارەی جیهانگیریی ئوممەوە، کەچی هەر بەردەوام بوو لەسەر ناوەندێتیی دەولەت لە ئێراندا لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر فارسی وەک زمانێکی نەتەوەیی و مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی (ئیثناعەشەری) وەک ئاینی دەوڵەت. لەکاتێکدا ئەوە ڕاستە کە لە بەندی ١٩ی دەستووری نوێدا بە دەق هاتووە کەوا "گەلی ئێران بەدەر لە بنەچەی ئیتنیکی و خێڵەکی، مافی یەکسانیان هەیە، کە ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و شتی هاوشێوە نابێتە هۆکاری ئیمتیاز وەرگرتن" (ڕەمەزانی، ١٩٨٠: ١٩١) و بەندی ١٥ ڕێگە دەدا بە "بەکارهێنانی زمانە ناوخۆیی و نەتەوەییەکان لە ڕۆژنامەگەری و ماسمیدیادا"، هەروەها ڕێگە دەدا بە "خوێندن و فێرکردنی ئەدەبیان لە قوتابخانەکانیاندا، شانبەشانی ڕێنماییەکانی زمانی فارسی" و فارسی بەردەوام بوو وەک زمانی ئیدارە و خوێندن. قەدەغە کردنی سەپێنراو بەسەر خوێندن و فێرکردن بە زمانی کوردیدا بەردەوام بوو و کورد لە ژیانی سیاسیی وڵات دوورخراونەتەوە و بێبەش کراون لەوەی کە بگەنە پلە و پێگەی دەسەڵاتی سیاسی.

 

  بەو پێیە ڕاستە کەوا سیاسەتی ڕژێمی ئێرانی سەبارەت بە کورد بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەندە بە ئیجرائاتی زۆرەملێ و تواندنەوەی کولتوور و زمان و ئەمە دوورە لەوەی جێگیر بێت یان نەگۆڕاو بێت یان بە گۆڕان نەبێت. بەڵام ئەو گۆڕانانەی کە ڕووی نەداوە بەزەروورەت بونیادی و پێشکەوتوو جێگیر نەبوون. لەگەڵ مەترسیی زیادەڕۆیی لە ساناکردندا، سیاسەتی ئێران بەرانبەر بە کورد دەتوانرێت دابەش بکرێتە سەر چوار قۆناخ یان سەردەمی جیاوازدا. یەکەم، هەر دوابەدوای شۆڕش کوردستان میلیتاریزە کرا، کە بەردەوام بوو تا سەردەمی ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، مەسەلەی کورد تەنها وەک مەسەلەیەکی ئەمنی و مەترسیی سەرەکیی ناوخۆ تەماشا دەکرا کە ‌هەرەشە لە یەکگرتوویی خاکی ئێران دەکات. بە ڕەزامەندیی حکوومەت، یەکە سەربازییەکان و لەنێویشیاندا بەسیج، پاسدارانی شۆڕش و میلیشیا خێڵەکییەکان (کە بەفەرمی بە پێشمەرگەی موسڵمانی کورد دەناسرێن و خەڵکی کوردیش بە جاش ناویان دەبات) لە کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و تۆقاندنی خەڵکانی سڤیل لە ڕێگەی توندوتیژییەکی سیستماتیک و هەروەها گۆترەکاری و بەربڵاویشەوە. حکوومەتی ئێرانی توانیوێتی سوود لە جەنگی ئێران - عێراق وەربگرێت بۆ جێگیر کردن و چەسپاندنی بنکە و بارەگای زیاتری سەربازی لە ناوجە کوردییەکاندا. کۆتایی جەنگی ئێران - عێراق (١٩٨٨) و مەرگی خومەینی (١٩٨٩) سیاسەتی سەرکوتکەرانە و داپڵۆسینی کەم نەکردەوە و نەبوو بەهۆی ئاساییکردنەوەی ژیان لە کوردستاندا، کە بە تەحەدایەکی بەهێز مایەوە لەبەرانبەر شەرعییەتی تاران و دەسەڵاتیدا. تەنانەت لە ماوەی دوای جەنگ و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەدا، سیاسەتی حکوومەتی ڕەفسەنجانی بەرانبەر بە مەسەلەی کورد، بە تێڕوانینی ئەوەی کە مەسەلەیەکی ئەمنییە، هەر وەک خۆی مایەوە. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا "زیاد لە ٢٠٠ هەزار سەرباز"، کە ٢٥%ی هەموو ئاسایی و نیزامییەکانی ئێران پێکدێنن هە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سەرتاپا ناوچە کوردییەکاندا بڵاوکرانەوە (هیومان ڕایتس وۆچ HRW، ١٩٩٧). سەربازگەی   گەورە و جێگیر لە کوردستاندا دامەزران و هێزە چەکدارەکان تێیاندا ڕەگیان داکوتا و هەژموونیان بەسەر یاسادانان و کارگێڕی و بەرپرسیارێتیی داراییدا هەبوو لە کوردستاندا.

 

  قۆناخی دووەم لەگەڵ هەڵبژاردنی محەممەد خاتەمیدا دەستیپێکرد و تا ساڵی ٢٠٠٥ بەردەوام بوو، کە کۆتایی سەردەمی ڕیفۆرمیستەکان بوو. لە ساڵی ١٩٩٧دا، بە پاڵپشتێکی بەربڵاوی کەمینەکان، حکوومەتێکی ڕیفۆرم دەسەڵاتی گرتەدەست و بەڵێنی دا بە سەردەمێکی نوێی حوکم کردن، کۆمەڵی مەدەنی، دەسەڵاتی یاسا، لێبووردەیی و "ئێرانێک بێت بۆ هەموو ئێرانییەکان" و داکۆکی کردن لە دانپیانانێکی زیاتر بە مافی کەمینەکاندا. هەوڵەکانی خاتەمی مۆرکی ئەم قۆناخەن بۆ دەستەبەر کردنی سیاسەتێکی نوێ بەرانبەر بە کەمینەکان کە بتوانێت هاوتایی بکات لە نێوان هەوڵدان بۆ بەردەوامییەکی چەسپاو و پێشخستنی ئاوێتەبوونێکی سیاسیی کورد لە سیستەمی ڕژێمی ئیسلامیدا. لەم قۆناخەدا، دەوڵەت کۆنترۆڵێکی سیاسیی توندوتۆڵی پاراستووە، بەڵام تا ئاستێکی دیاریکراو بواری بە دەربڕینی کولتووریی کورد داوە. بۆ یەکەمجار، کورد و هەندێک لە کاربەدەستان بەئاشکرا ڕەخنەیان لە هەڵوێستی تاران دەگرت سەبارەت بە مەسەلەی کورد و مامەڵە کردنی ئەمنییانە لەگەڵی. نوێنەرە کوردەکان گرووپی پەرلەمانیی خۆیان دروستکرد لە شەشەمین ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێراندا (ساڵی ٢٠٠٠) بۆ بەدواداچوونی دانپیانان بە مافە کولتووری و مەدەنییەکانی کورددا و بۆ یەکەمجار لە بەرپابوونی شۆڕشەوە، ژمارەیەکی کەمی کوردی سوننە لە ئاستی کارگێڕیی مامناوەندیدا دابنرێن. لەکۆتاییدا، حکوومەتی ڕیفۆرمیست شکستیهێنا لە جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی ڕیفۆرمی و ئەنجامدانی زۆربەی ئەو بەڵێنانەی کە دابووی بە گرووپە ئیتنیکییە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەیدا.

 

  قۆناخی سێهەم گەڕانەوەی توندڕەوەکان بوو بۆ سەر حوکم بە سەرکەوتنی مەحموود ئەحمەدینەژاد لە ‌هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥دا. گوتار و وتاردانی پۆپۆلیستی و زمان لووسانەی سەرکۆماری نوێ هاوکات لەگەڵ مامەڵەیەکی بنەما ئەمنی لەگەڵ کەمینەکاندا، کە جارێکی تر بوو بە ستانداری نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی کەمینە ئیتنیکی و زمانییەکان لە ئێراندا. هەڵوێستی بە ئاشتی مامەڵە کردنی خاتەمی لە ئاست داواکاریی کەمینە ئیتنیکییەکان لەپێناوی یەکسانیی مافی هاووڵاتیبوون گۆڕدراوە بە سیستەمێکی سیاسیی سەربازی کە ئاماژەی داوە بە کۆتایی مەترسیی سەبارەت بە جێگیری و ئاسایشی نەتەوەیی/ نیشتمانی لە وڵاتدا. ژمارەیەکی کەمی ژمارەی ئەو کوردانەی پێگە و پۆستی ئیداریی ناوخۆییان پێسپێردراوە لە سەردەمی ڕیفۆرمدا پێچەوانە کرایەوە لەلایەن ئەو بیرۆکرات و دەسەڵاتە سەربازییانەوە کە لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەحمەدینەژاددا بە شێوەیەکی سێنتراڵ دامەزراون. ئەو بەپێچەوانەی سەرۆکەکەی پێش خۆی، سەرۆکی نوێ و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ مەسەلەی کەمینەدا نەکردووە. بە سادەیی پیدەچێت ئەوان وایان دانابێت کە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا وەک بەشێک بێت لە گفتوگۆ لەبارەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ جەماوەری خەڵک. جارێکی تر، دەسەڵاتە ناوەندییەکان چالاکییەکانی لایەنداری کوردیان بەوە لەقەڵەم دا کە خیانەت بێت بە نیشتمان و بە هاندان و دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکانی بێت. حکوومەتی ئەحمەدینەژاد کەوتە چڕکردنەوەی سەرکوت کردنی سیاسی، چاودێری و سانسۆر دانان لەسەر میدیا، بێزارکردن و ترساندن و گرتنی هەڕەمەکیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، گرتنی کەسانی دەسنیشانکراو و چەوساندنەوە بە هۆکاری سیاسی دژ بە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی. هەڵبەت زۆربەی چاپەمەنییە کوردییەکان قەدەغە کران لەبەرئەوەی وێکنەدەهاتنەوە لەگەڵ یاساوڕێسای دەوڵەتدا یان ڕێکوڕەوان لەبەر هۆكاری سیاسی (هيومان ڕايتس وۆچ HRW، 2009).

 

   لە ماوەی کەمپەینی هەلبژاردنی ٢٠١٣دا، یەک لە بەڵێنەکەنی سەرۆکایەتی ئەوە بوو کە حەسەن ڕۆحانیی کاندید بایەخ بە داواکاریی ئاینی و ئیتنیکیی کەمینەکان بدات. ئەو لە بەیاننامەیەکی دە خاڵیدا، بانگەشەی بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی ئەو پێدراوە دەستوورییانەی زەمانەتی مافی کەمینەکان دەکات، لەنێویشیاندا بەندی ١٥ کە مافی پێخوێندنی هەموو کەسێک بە زمانی دایکی دەپارێزێت. هەروەها بانگەشەی ئەوەشی دەکرد کە "جیاکاریی ناڕەوا نەهێڵرێت بە تەواوی شێوە و ڕەهەندەکانیەوە و مامەڵە ئەمنییەکان بگۆڕدرێت بەرانبەر گرووپە ئیتنیکییەکان" (ڕۆحانی، ٢٠١٣).  ڕۆحانی ڕاستەوخۆ لەبارەی کەمینەکانەوە دوا و پاسان زۆربەی دەنگەکانی ئەوانی بەدەستهێنا. جێی سەرسوڕمان بوو هەر کە چووە سەر حوکم، عەلی یونسیی کردە ڕاوێژکاری خۆی بۆ کاروباری گرووپە ئیتنیکییەکان و کەمینە ئاینییەکان، کە پێشتر کەسایەتییەکی ئەمنی و وەزیری هەواڵگری و ئاسایش بوو. بەدەر لە هەندێ گۆڕانکاریی بچووکی وەک دامەزراندنی کۆرسێکی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستانی ئێرانیدا (کە ساڵانە چل خوێندکار ناونووس بکات)، دامەزراندنی "لائیحەیەکی مافی هاووڵاتیی" ناکارا، هەندێک دامەزراندنی کەسانی سەر بە کەمینەکان لە پێگە و پۆستی ئاست مامناوەندیدا، بەڵام "حکوومەتی خاوەن دانایی و هیوا" شکستیهێنا لەوەی کە خاوەنی هیچ بەڵێنێکی خۆی بێت سەبارەت بە مافی کەمینەکان.

 

  بەپێی ڕاگەیاندنێکی ڕاوێژکارێکی تایبەتی سەرکۆمار، گرنگترین ڕێگر لە بەردەم جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی ڕۆحانی سەبارەت بە کەمینەکان "توندڕەوە ئاینییەکان و ناسیۆنالیستەکان بوون" (DW، ٢٠١٣).  هەڵبەت دام و دەزگای موحافزەکار و نەتەوەپەرستەکان حەز ناکەن لە گۆڕینی دۆخی کەمینە. پیاوانی ئاینیی شیعە و توندڕەوەکان دژ بە بوونی کەمینە ئاینییەکانن لەسەر ئاستی سیاسی و دادوەری و ئاستە کارگێڕییەکان و لایەنە نەتەوەپەرست سێکولارەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی زۆر بەتوندی بەرهەڵستیی دەکەن لەوەی ناوی لێدەنێن "دابەشبوونی ئیتنیکی" و لە ڕوانگەی ئەوانەوە وەک کۆسپێکی دادەنێن لە بەردەم "یەکێتیی نیشتمانیدا". هەر لەم سۆنگەیەوە یەک کوردی سوننە نەبووە کە بووبێتە وەزیر، جێگری وەزیر، باڵێۆز، ئوستاندار یان ئەندامی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران. ساڵی ٢٠١٥، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کۆماری ئیسلامی ڕێگەی بە کوردێکی سوننە داوە، کە ساڵح ئەدیبی بوو، کە وەک باڵیۆزی ئێران لە ڤێتنام و کەمبۆدیا خزمەت بکات. نموونەیەکی توندی تر، بەرهەڵستی کردنی توێژەران و پرۆفیسۆران و مێژوونووسانی ئێران بوو بۆ پێکهێنانی گرووپی ئیتنیکیی پەرلەمان. لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ١٧٠ مێژوونووس هۆشدارییان داوە لەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییەوە کەوا گرووپەکانی ئیتنیکی و زمانەوانی دروستی دەکەن لە پەرلەماندا و تێیدا گوتوویانە کەوا "ڕێخۆشکەرە بۆ بەرپاکردنی جیاوازی لە قەوارەی نیشتمانیی ئێرانی گەورە و یەکگرتوودا" (فارس نیوز، ٢٠١٦).

 

جووڵاندن و جۆشدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستانی ئێراندا

 

  لەپاش چەندین ساڵی پەیوەندیی قورس و ئاڵۆز، وادیارە کەشێکی بێمتمانەیی هەردوو لا کۆنترۆڵی نێوان کورد و کۆماری ئیسلامیی کردبێت و ئەم ڕەوشە هاوکار بووە لە توندکردنەوەی گرژیی نێوانیان لە چەندین بۆنەدا بەدرێژایی چوار دەیەی ڕابوردوو و هێشتا هەر بەردەوامە لە ڕۆڵ گێڕانێکی سەرەکی بۆ جووڵاندنی و جۆشدانی کورد لە ئێراندا. بێگومان جێی سەرسوڕمان نیە کەوا کورد سکاڵا بکات لە جیاکاریی سیستماتیکی لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا. توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠٠٤ ئەنجامدراوە لەسەر ٥٠٠ دانیشتووی شاری مەریوانی کوردنشین، دەرکەوتووە کە ٨٣%ی ئەوانەی وەڵامیانداوەتەوە وایبۆدەچن کە ژێرخان و خزمەتگوزاری لە کوردستاندا خراپترە لەوانەی کە لە ئوستانە فارسەکاندان و ٨٣.٦% باوەڕیان وایە کە دەوڵەت هۆکاری بێبەشبوون و دواکەوتووییە لە کوردستاندا و ٨٨%ی بەشداربووان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا نادادی و جیاکاریی دژ بە کورد هەر بەردەوامە (کۆنەپۆشی، ٢٠٠٤). توێژینەوەیەکی تری نوێ لەگەڵ هەزار کەسی ناوچە کوردییەکانی ئێران، ئەو هەستەی دەرخستووە کە جیاکاریی دژ بە کورد وادیارە بەربڵاوە دژ بە کورد. هەروەها توێژینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەسیاسەتکردنی شوناسی ئیتنیکی لە نێو کوردە سوننەکاندا بەرزترە بەبەراورد لەگەڵ کوردە شیعەکان کە لەجیاتیدا پێ لەسەر مافە کولتوورییەکان دادەگرن (قادرزادە و محەممەدزادە، ٢٠١٨: ٣٥).

 

   پێدەچێت ئارەزوو کردن لە پاراستنی شوناسی کوردیی هاوبەش و خواست لەسەر کۆتاییهێنان بە جیاکاری پاڵنەرێکی دەروونیی ڕەخساندبێت بۆ جووڵاندن و جۆشدان. لەگەڵ ئەوەش، درک پێکرنی کور و پاڵنەریان بۆ کارکردن نەک هەر تەنها لە ڕێگەی دیالیکتیکی کۆنترۆڵ و بەرگریکردنەوە دیاری کراوە بەڵکوو لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕووداویشەوەیە کەوا گۆڕانکاریی گەورەیان بەرپاکردووە لە ژیانی کوردەکانی ئێراندا. لە چوار دەیەی پێشوودا، کوردستانی ئێران شۆڕشێک و دوو جەنگیان ئەزموون کردووە (جەنگی کوردستان و جەنگی ئێران - عێراق)، کۆچ و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ، بەشارستانی بوونی خێرا و بێ پلان، گۆڕانکاری لە تێکڕا بنیاتی خوێندن و ئابووریدا، چەندین هەوڵ بۆ بەشداربوون لە جێبەجێ کردنی ڕیفۆرمە دیموکراتییەکان لە ئێراندا، دەوڵەتێکی کوردیی دیفاکتۆ لە وڵاتی دەراوسێدا، گەیشتنی تەکنۆلۆجیای زانیاریی نوێ، حکوومەتە موحافزکارە توندڕەوەکان و چەندین قۆناخ و سەردەم لە جووڵاندن و ناڕەزایی دەربڕینی میللی. گشت ئەمانە وادیارە کاریگەرییان دانابێت لەسەر درک پێکردنی کورد سەبارەت بە توانای جووڵاندن و   جۆشدانیان و ستراتیجیان و وێناکردنیان بۆ دەوڵەتی ناوەندی. ئەمڕۆ لەوانەیە کورد تووشی خراپترین شێواندن و ناوزڕاندن بووبێتن بەڵام کەمینەیەکن بە زۆرترین جۆشدان و جووڵاندن لە ئیراندا کە دەستی دابێتە بەرگرییەکی بەرفراوان دژ بە دەوڵەتی ناوەندی، سەرباری کات و سەردەمانێکی بچڕ بچڕ.

 

  توانای کورد بۆ جۆشدان و جووڵاندن لە فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی دەردەخات و بزووتنەوەی کورد، کە دوورە لە تەبایی و هاوچەشنییەوە، لە بکەر و ئەکتەری جۆراوجۆر پێکهاتووە. کورد چەندین پێکهاتەی ڕێکخراوی جۆراوجۆری هەیە، کە هەندێ جار تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازن لە بەرنامە و ستراتیجی سیاسییان و سترۆکتوور و سەرکردایەتی و کاریگەرییان. بەدەر لە دەربڕینی گشتیی کوردبوون یان (کوردایەتی) و ناڕەزایی دەربڕینی ئاشکرا، ئەوان فۆرمی تری یاخیبوون و ملنەدان بەکاردێنن، کە "سیاسەتی ژێرەوەی" پێدەوترێت لەلایەن جەیمس س. سکۆتەوە (١٩٩٠: ١٨٩)، کەوا "بەرگرییەکی ڕووپۆشدار و ژێربەژێر و جاڕ لێنەدراو" دەگرێتەوە. وەک ئەنجام و لێکەوتەش، فۆرمەکانی ئەو کار و کردەوانەی بزووتنەوەکە پیادەیان دەکات ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە کە بریتین لە شەڕی گەریلایی، بەرگری کردنی کولتووری، کاری ئاژاوەگێڕیی بچڕبچڕ، ئەڵقەکانی توندوتیژیی چەکداری، شانبەشانی پیادەکردنی تەکتیکەکانی ناتوندوتیژی وەک پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕین، بایکۆت کردن، یاخیبوونی مەدەنی، بەرگری کردنی نەرێنی و بگرە بەشداریی سیاسیی و هەڵبژاردنی نەریتیش.

 

  بۆ پیشاندانی ئەوەی کە چۆن بزووتنەوەی کورد لەسەر شانۆی سیاسی دەرکەوتەوە لەپاش شۆڕشی ئێرانی و پەرەپێدانی سترۆکتوور و پێکهاتەکانی ڕێکخستن، لە چوارچێوەنانی داواکارییەکان، خێرا جۆشدان و جووڵاندنی خەڵک، ئەمانە هەموو بە درێژایی کات و سەردەم پەرەیانسەند و بەردەوامن لە پێناسە کردنەوەی شوناسیاندا، من لە شۆڕشەوە تا ئێستا مێژووی جۆشدانی شوناسم دابەش کردووە بە سەر چوار سەردەم و قۆناخدا. یەکەمیان لەگەڵ "خولەکانی ناڕەزایی" یەکیدەگرتەوە (تاڕۆ، ٢٠١١) لە یەکەم ڕۆژانی شۆڕشدا و هەڵگیرسانی جەنگی کوردستان کەوا تێیدا خێرا کاری بەکۆمەڵ تەشەنەی کرد لە "کەرتە زیاتر جۆشدراو و مۆبیلیزەکراودا بۆ کەرتە کەمتر جۆشدراوەکان" و چۆن شەڕ و ململانێکان زیاتر پەرەیانسەند لەپاش ژمارەیەکی لەدوای یەکی کارلێکی چڕی نێوان کوردەکان و دەسەڵاتی نوێ کە سەریکێشاوەتەوە بۆ حاڵەتێکی گشتیی توندوتیژی. قۆناخ یان سەردەمی دووەم هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە کوردستان و لەو ماوەیەدا شەڕی گەریلایی کەوتە تەشەنە کردن و فراوانبوون لەکاتێکدا کە سیستەمی سەرکوتکاری دەوڵەت بەهێز دەکرا. قۆناخی سێهەم لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕیفۆرمیستەکان لە ساڵی ١٩٩٧دا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی کە جۆشدان و جووڵاندنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی بە شێوەیەکی بێوێنە لەلایەن بکەرە سیاسییەکانەوە کە زیاتر دامەزراوەیین. چوارەم قۆناخ لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەستی پێکرد لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران، کە شەپۆلێکی نوێی هەڵكشانی سەرکوت کردنی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا لە ئێراندا و یاخیبوون و شەڕی گەریلایی بووژاندەوە لەگەڵ وەرچەرخانێکی مەعریفی بزووتنەوەی شوناسی کوردی کەوا بەهۆی تەکنۆلۆجیای نوێی هۆکارەکانی گەیاندنەوە ئاسانکاریی بۆ کراوە وەک (سیستەمەکانی ئینتەرنێت و سەتەلایت و تاد.) لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

 

خولەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە ڕۆژانی یەکەمی شۆڕش و هەڵگیرسانی جەنگدا

 

 ڕاستەوخۆ لە دوای قۆناخی شۆڕش دەستە و تاقمی جۆراوجۆر لە کوردستاندا بە شێوەیەکی سەرەکی جووڵان و جۆشدران بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کورد. کورد بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار بوون لە ڕووخاندنی حوکمی پاشایەتیدا و لە پاش شۆڕش، ئەوان کۆنترۆڵێکی دیفاکتۆیان ئەنجامدا بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. ڕێکخراوە کوردییەکان، پاش ئەوەی لە حاڵەتی نهێنییەوە دەرکەوتن، بەخێرایی گەشەیان کرد لەپاش شۆڕشی ئیسلامی و کەوتنە کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، جووڵاندنی خەڵک، ڕێکخستنی ژیانی بەکۆمەڵ، ئیدارەدانی دادوەری، پەرەپێدانی خوێندن و فێرکردن بە کوردی و دانوستان کردن لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتە نوێکان. لە ١٩ی شوباتی ١٩٧٩، ئەوان کۆمەڵێک داواکاریی یەکەمیان پێشکەش کرد کە لە هەشت داواکاری پێکهاتبوو سەبارەت بە "هەڵوەسانەوەی ستەمی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵیدا" (ئیتیلاعات، ١٩٧٩). بەهەرحاڵ، شکست و هەڵکشانی گرژییەکان دابەشبوونی ناوخۆییان زیادکرد لە ناو کورددا. بەو پێیە، ماوەی دوای ساڵی ١٩٧٩ دەرکەوتنی گرووپبەندیی جیاوازی لێکەوتەوە و هەر گرووپێک ئامانج و ئایدیۆلۆجیی خۆی هەبوو و لێکدانەوەی تایبەتیشی ئۆتۆنۆمی بوو.

 

 یەک لە ڕێکخراوە کوردییە سەرەکییەکان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا) بوو، کە زۆرێک لە سەرکردایەتیی دابین کردبوو لە کوردستاندا و لەپاش   سی و دوو ساڵی چالاکیی نهێنی لە مارتی ١٩٧٩دا بنکە و بارەگای خۆی دامەزراند و حیزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتی عیلمانی بوو (قاسملوو، ١٩٧٨).  درۆشمی حیزبەکە "دێموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" بوو و داوای ئۆتۆنۆمیی هەرێمیی تەواویان دەکرد لە ناوچە کوردییەکاندا و لەئەستۆگرتنی لۆکاڵیی کاروباری بەڕێوەبردن، ئابووری، خوێندن و فێرکردن، کولتووری و کۆمەڵایەتی و حیزب بووبوو بە خاوەنی بناغەیەکی میللیی تۆکمە و پتەو. لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایاندا کە لە ئابی ١٩٧٩دا بەڕێوەچوو، سەرۆکی حیزبەکە لە ورمێ هەڵبژێردرا ٨٠%ی دەنگەکانی بردەوە. لە پێش شۆڕشدا، ژمارەی ئەندامانی حیزب تەنها چەند سەد کەسێک بوون، کەچی یەک ساڵ دواتر، ژمارەیان بوو بە دەیان هەزار ئەندام. ڕۆژانی دوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن خومەینییەوە، عەبدولڕەحمان قاسملووی سکرتێری گشتیی حیزب ئیددیعای ئەوەی دەکرد کەوا "سەد هەزار پیاوی چەکداری کورد" ئامادەن بۆ شەڕکردن (نیویۆرک تایمز، ١٩٧٩). لە شوباتی ١٩٨٠دا، ٣١٠ نوێنەری حیزب بە تێکڕا تەمەنی ٣٥ ساڵ لە کۆنگرەی چوارەمیدا بەشدارییان کرد.

 

  لە سەروەختی شۆڕشدا ڕێکخراوێکی تر هاتە ناو مەسەلەی کوردەوە کە ئەویش ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو (کۆمەڵە). ئەم ڕێکخراوە ساڵی ١٩٦٩ بەنهێنی دروستکراوە و لە پاش شۆڕش وا خۆی چەسپاند کە حیزبی هەژمووندارە لەو ناوچانەدا کە دەکەوتنە نێوان سنە و مەریوانەوە (عەلیزادە، ٢٠٠٠). ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە خۆیان دادەنا کە مارکسین و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی - سیاسییان دەویست کە سیستەم و یاساوڕێسای کۆن هەڵبوەشێنێتەوە و خەباتی چینایەتی پێشبخات بۆ زەمانەت کردنی مافی جووتیار و کرێکار و کەمینە نەتەوەییەکان. کۆمەڵە هێشتا   ناتەواو و ناسێنتراڵ بوو بە بەراورد لەگەڵ حەدەکادا و کەسانی شارستانی و چەپڕەوی خوێندەوار سەرۆکایەتییان دەکرد کە پاشخانی خێزانی و بنەماڵەیی دەرکەوتوویان هەبوو. ئەو مێتۆدەی پەیڕەویی دەکرد جووڵاندن و جۆشدانی جووتیاران و کرێکاران و ئافرەتان بوو لە ڕێگەی بەڵێندان بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هەڵتەکاندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی (فیوداڵی) و بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی میللی دژ بە دەسەڵاتە ناوخۆیی و نەریتییەکان. ئەم دەستپێشخەرییانەی بوون بە هۆی پێکهێنانی شەپۆلێکی نوێی یەکێتی و سەندیکا و کۆمەڵەی پیشەیی لە سەرتاسەری کوردستاندا (کۆمەڵە، ٢٠١٢). لە کۆنگرەی سێهەمیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا کۆمەڵە خەبات دەکات بۆ "ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان و دێموکراتی بۆ کوردستان" (کۆمەڵە، ١٩٨٢).

 

  هەروەها مەکتەبی قورئان، واتە پێخوێندن و فێرکردنی قورئان، دەستە و تاقمێکی تری ئامادەی شانۆی سیاسیی کوردستان بوون و لە ساڵی ١٩٧٨دا لە سنە دامەزرا لەلایەن ئەحمەدی موفتیزادەوە، کە بیرمەندی سەرەکیی گرووپەکە بوو و داکۆکیی لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان دەکرد لە چوارچێوەی حکوومەتێکی ئیسلامیدا. بە قسەی موفتیزادە بێت "ئازادییە کولتووری و زمانەوانییەکان بەردی بناغەی ئۆتۆنۆمین" (کەیهان، ١٩٧٩). لەکاتێکدا کەوا حەدەکا و کۆمەڵە بانگەشەی بایکۆتی ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامییان دەکرد، کەچی موفتیزادە هانی بەشداربوونی دەدا لە ڕیفراندۆمەکەدا (ڕاپرسییەکەدا).  "بەپێچەوانەی حیزبەکانی ترەوە لە ناوچەکەدا، موفتیزادە گەشبینییەکی زیاتری هەبوو لە حیزبەکانی تری کوردستان لەبارەی کارکردنەوە لەگەڵ ڕژێمی نوێدا".  ئەم گرووپە، بەپێچەوانەی ڕێکخراوەکانی تری بزووتنەوەی کوردەوە ئیسلامیان وادەبینی کە بەشێکی دانەبراوە لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێدا و دوژمنی کۆمۆنیزم و چەپڕەوی و شەڕی گەریلایی بوون و جێی سەرسوڕمان نیە وا تەماشا بکرێت کە هاوپەیمانی ڕژێمە ئاینییە (کلێریکییەکە) بێت زیاتر لەوەی ڕێکخراوێکی سەر بە کورد بێت.

 

  بێجگە لەوەش، گەلێ لە ڕابەرە ئاینییەکانی تری وەک شێخ عیززەدینی حوسەینی و ڕێکخراو و گرووپی چەکدار و میلیشیا لە کوردستاندا هەبوون. هەندێک لەوانە، لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان -  سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی موەقەتە) و حیزبی توودەی ئیران (کۆمۆنیست)، زۆر نزیک بوون لە خومەینییەوە لە بەرهەڵستیی کردنی ئاشکرایاندا بۆ ئۆتۆنۆمیی کورد. ئەوانیتر، کە زۆرێکیان گرووپە مارکسییەکان بوون، وەک ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی خەڵک  و پەیکار بەرگرییان لە کەمینە نەتەوایەتییەکان و مافی چارەی خۆنووسین دەکرد٩.

 

  بەهەرحاڵ، ئەو ستراتیجەی بزووتنەوەی کوردی پەیڕەویی دەکرد ئەوە نەبوو کە لە قۆناخی دوای شۆڕشدا گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت. دانوستان، شێوەی نەریتی و ئاسایی کاری سیاسی و بژاردەی سەربازی هەموو باڵان کێشابوو بەسەر دۆخەکەدا. کوردەکان بایکۆتی ڕیفراندۆمیان کرد لە کاتی داڕشتنەوەی کۆماری ئیسلامی و دەستووری نوێدا. ڕێژەی بەشداری کردن لە سەدا پانزە  کەمتر بوو لە کوردستاندا کاتێ کە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بانگەشەی بایکۆتی ڕیفراندۆمی نیشتمانییان کرد سەلماندنی دەستوور لە دیسەمبەری ١٩٧٩دا. سەرەرای تەقینەوەی دۆخەکەش، کوردەکان کەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتدا هێشتەوە بۆ دانوستان لەبارەی دۆخی کوردستانەوە لە سایەی ڕژێمی نوێدا. لەڕاستیدا، ئەوان لە مەسەلەی دانوستاندا کۆک نەبوون و دابەش بووبوون. ململانیی نێوان حکوومەتی کاتی و ئەنجومەنی شۆڕش، کە دوو پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون، لەواقیعدا پرۆسەکەی زیاتر ئاڵۆز کردبوو. ئەنجامەکەش واکەوتەوە کە داواکاریی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی، لەپاش چەندین دانوستان، لەلایەن سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەتکرایەوە خومەینی نەیهێشت نوێنەرە کوردەکان بڕۆنە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە و گرووپە کوردییە سێکولارەکانی قەدەغە کرد. تەنانەت موفتیزادەش، کە خومەینی وەک "نوێنەری شەرعیی خەڵکی کورد" پێناسەی کردبوو، لە ساڵی ١٩٨٢دا گیرا (عیززەتیار، ٢٠١٦: ١٢٩). لە مارت ١٩٨٠دا لەلایەن تارانەوە هێرشێکی گەورە کرایە سەر هێزەکانی کورد بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەت تا چوار ساڵی دواتر  تەواوی کوردستانی کۆنترۆڵ نەکردەوە. پاش ئەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ساڵی ١٩٨٤دا لە شارە کوردییەکان دەرکران، بنکە و بارەگاکانیان گواستەوە بۆ عێراق و جەنگی گەریلاییان دەستپێکرد. لە پاش پێنج ساڵی شۆڕشی ئێران، زیانی کورد ١٨ هەزار کوژراو بوو، بە ١٦٠٠ جەنگاوەری حەدەکاشەوە، کە لە شەڕەکاندا کوژرابوون و زیاد لە "١٢٠٠ کوردیش ئیحدام کران بە تۆمەتی هاندانی یاخیبوون"، کە سەدان کەسیان لەپاش دادگاییەکی کورت و هاکەزایی بوو. بێجگە لە خەسارەتی دوو هەزار کۆمەڵەش کە خرانە سەر ئەم ژمارەیە (وارد، ٢٠٠٩: ٢٣١؛ کۆمەڵە، ٢٠١٣؛ پێرۆنسێڵ -  هوگۆز، ١٩٨٣).

 

ماوەی شەڕوشۆڕی گەریلایی

 

شکستی هەوڵدانی کورد بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمی لە ئێراندا دامەزراندنی حیزبە کوردییەکانی بەدواداهات لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا. جەنگ و هاتنەناوەوەی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا هاوکار بوو لە میلیتاریزە کردنی زیاتری کوردستاندا. لە ساڵی ١٩٧٨دا، ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی حەدەکا باس لەبارەی ئامادەیی ٢٠٠ هەزاری هێزەکان دەکات (سوپا، گارد و میلیشیای کوردی سەر بە دەوڵەت)، سێ هەزار سەربازگەی بچووک و ٢٥ بنکەی گەورە و حامییەی سەربازی لە کوردستاندا (پێجواک، ١٩٨٧). بەهەرحاڵ، سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ئێران هەر بە کراوەیی ماونەتەوە بۆ بەزاندنی گەریلا کوردەکان کە لە ناوخۆی وڵاتدا ئەندامان و هاوسۆزانیان پاڵپشتی و هاوکارییان دەکردن. جەنگی دژ بە ڕژێم بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٨٨ توند بووەوە، ئەو ساڵەی  کە ئێران ئاگربەسی لەگەڵ عێراق قبووڵ کرد.  بەگوێرەی حەدەکا، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٩دا، ٢٠٨٩ کەسی تر گیراون (گادانی، ٢٠٠٨ ئە: ٤٠٤). مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی ٥٠ هەزار کورد لە هەمان ئەو ماوەیەدا ژیانیان لەدەستدابێت "کە باوەڕ وایە ٤٥ هەزاریان سڤیل بووبێتن" (یڵدز و تایشی، ٢٠٠٧: ٤٢).  لە ساڵانی لەوەدوادا خەستیی شەڕەکە کەمتر بووەوە. وەک لەلایەن حەدەکاوە ئیددیعا دەکرێت، لە نێوان ١٩٨٨ ١٩٩٤دا، ٦٢٤ سەربازی ئێران کوژراون و ٢٠ هەزاریشیان بە دیل گیراون (گادانی، ٢٠٠٨ بێ: ٢٤١). هەرچەندە کارێکی ئاسان نیە کەوا ئەم ژمارانە ساغ بکرێنەوە، بەڵام دابەزینی قەبارە و توندیی شەڕەکە دەردەبڕن.

 

  دۆخە شۆڕشگێڕییەکە بەسانایی نەک هاوکۆیی و یەکگرتوویی کوردی بەرهەم نەهێنا بەڵکوو قەیرانێکی ناوخۆیی نوێیشی لێکەوتەوە. لەهەمان کاتدا،   کۆمەڵە و حەدەکا تا ڕادەیەک بزووتنەوەی کوردی ئێرانیان قۆرخ کردبوو و بەم ڕەنگە شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا بوو بە مەسەلەیەکی حەتمی. ئەوان هەر لە یەکەم مانگەکانی شۆڕشەوە بەرەوڕووی یەکتر وەستانەوە و لە ساڵی ١٩٨٤دا لەوەدا بوو شەڕ لەگەل یەکتر بەرپا بکەن، لە لایەکی تریشەوە ئەم ڕێکخراوانە گرفتاری چەندین ناکۆکیی ناوخۆ و دابەشبوون بوونەوە (حەدەکا لە ١٩٨٠ و ١٩٨٨دا ، پارتی کۆمۆنیستی ئێرانیش لە ١٩٩١دا). ڕەنگە گەورەترین لێدان لە ڕێکخراوە کوردییەکان تێرۆر کردنی سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانیان بێت لەلایەن کەسانێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە. عەبدولڕەحمان قاسملووی سکرتێری گشتیی حەدەکا و سادیق شەرەفکەندیی جێگرەوەشی هەردوکیان  لە ئەوروپا تێرۆر کران لە کاتی دانوستانیان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێرانیدا لە ١٩٨٩ و ١٩٩٢دا. بەپێی سەرچاوە کوردییەکان، زیاد لە ١٥٠ ئەندامی حەدەکا لە کوردستانی عێراقیش کوژراون. یەکەم کاریگەریی ئەم گۆرانکارییانە لاوازبوونی ڕێکخراوەکانی جووڵانەوەی کورد بوو. ئەگەر دابەزینی چالاکییە سەربازییەکان وا لێکبدرێتەوە کە ئاماژە بێت بۆ پتەوی و بەهێزبوونی دەوڵەت و پەلکوتان و فراوانبوونی لە کوردستاندا و بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، ئەوە لێکجیاکردنەوەی چەکداران بە ئاماژەی قەیرانێکی حەتمی دادەنرێت سەبارەت بە ڕێکخراوە کوردییەکان.  مانگێک لەوەوپێش، حەدەکا و کۆمەڵە، لە ژێر فشاری حیزبە کوردییەکانی عێراقدا، بەئاشکرا نیازی خۆیان ڕاگەیاند بۆ وەستاندنی هێرشەکانیان بەسەر سنووردا لە دیوی عێراقەوە بۆ سەر هێزەکانی ئێران، کە پاش ئەوەی ڕەزامەندیی سەرکردە کوردەکانی عێراقیان بەدەستدەهێنا، دەچوونە ناو خاکی عێراقەوە بۆ هێرشکردنە سەر کوردە ئێرانییەکان. ڕێکخراوە کوردییە ئێرانییەکان بەکردەوە دەسبەرداری پرۆتێستی چەکداری بوون و گەلێ لە جەنگاوەرانیان وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستانی خاوەن ئۆتۆنۆمیی نوێدا نیشتەجێ بوون.

 

  هەرچەندە ساڵانی بەرایی جەنگی کوردستان زیادبوونی پاڵپشتی جەماوەریی بۆ ڕێکخراوە کوردییەکان بەرهەمهێنا، بەڵام  ساڵانی دواتری جەنگ، لەگەڵ ئەو زیانە ئابووری و مرۆییانەی لەم ماوەیەدا تووشی کوردستان هاتن، گومانیان پەیداکرد لەبارەی توانای کوردەوە کە لە ڕێگەی شەڕەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەدەستبێنن. لە لایەکەوە، ناوچە کوردییەکان گرفتاری ئاستەنگ و دواکەوتوویی ئابووری و سیاسیی بوونەوە و لە ئوستانی کوردستاندا، تا ساڵی ١٩٩١، "هیچ زانکۆیەک نەبوو و هیچ کارگەیەکیش نەبوو لە پەنجا کەس زیاتر کاری تێدا بکەن (ئەتڵەسی ئێران، ١٩٩٨). تەنانەت لە ماوەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی سەردەمی ڕەفسەنجانیی سەرکۆماردا، ناوچە کوردییەکان هەر بە بێبەش مانەوە لە گەشەسەندنی ئابووری. لە لایەکی تریشەوە، کوردستان بەچڕی میلیتاریزە کرا و لە کۆتایی جەنگی عێراقەوە، بە تاقە ناوچە مایەوە کە زیانی هێنابێت لە ململانێ و پێکدادانی چەکداری. ڕژێمی ئاینی (کلێریکی) هەوڵیدەدا کوردستان لە گەشەکردن بخات و نەهێڵێت کۆمەڵگەیەکی کوردیی مەدەنیی دروست ببیتلە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی جیاوازەوە کەوا کاریان بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکرد. بۆ ئەم مەبەستە، سەرەڕای دامەزراوە سەربازییەکان (سوپا، پاسداران، بەسیج و کۆمیتەکان)، دامەزراوە یان ڕێکخراوە نیمچە حکوومییەکان، لەنێویاندا دامەزراوەی موستەزعەفان، دامەزراوەی شەهیدان، جیهادی سازندەگی (کۆششی بنیاتنانەوە) و کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی شوێنی کار لە کوردستاندا بڵاوبووبوونەوە. ئەم  دەزگا و دامەزراوانە، سەرەڕای خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییان، وەک "دام و دەزگای ئایدیۆلۆجیی دەوڵەت" کاریان دەکرد و "پشتیوانیی تەکنیکی و لۆجستییان" دابین دەکرد بۆ هێزە ئەمنییەکان (بوختا، ٢٠٠٠: ٦٥).

 

  ڕژێمی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە شکستی بە کورد هێنا. بەڵام ئەمە بەو واتایە نەدەهات کەوا مەسەلەی کوردی چارەسەر کردبێت، بەڵکوو بەپێچەوانەی ئەوەوە، خەڵکی کورد بەردەوام گرفتاری میلیتاریزە کردنی خاک و وڵاتیان بووبوونەوە و قەیرانی ئابووری و ستەمی سیاسی و کۆتوبەند لەسەر مافە کولتوورییەکانیان بەردەوام بوو. یەک لە لێکەوتە گرنگەکانی ئەم دۆخە بە سیاسی کردن و میللی کردنی چەمک و تێگەیشتنی ڕۆمانتیکیی شوناسی نەتەوەیی کورد بوو کە تا دەهات بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد دڵ و مێشکی کوردی داگیر دەکرد، بەتایبەتی لە ناوەندی شارستانیی چینی ناوەڕاستدا. ئەوان ئەوەیان دەربڕی کە بەتوندی مەیلیان بە لای پاڵپشتی کردنی فۆرمە نوێکانی کاری بەکۆمەڵەوەیە یان بە هەر شێوەیەک بێت بەشداربن لە ژیانی سیاسیی وڵاتدا. لەپێش سەردەمی ڕیفۆرمدا، یەک لەو بۆنەی کەمانەی کەوا کورد تێیاندا دەرفەتی ناڕەزایی دەربڕینیان هەبوو ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ١٩٩٣ بوو. ئەوان بەپێچەوانەی ئەودوای ناوچەکانی ئێرانەوە تێکڕا بە زۆرینەی دەنگ (٥٥%) دەنگیان بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دا، کە ئەحمەد تەوەکولی بوو، نەک ڕەفسەنجانی کە تێوەگلابوو لە کوشتنی سەرکردە کوردەکاندا (نیویۆرک، ١٩٩٧).

 

چالاکیی کوردی و سەردەمی ڕیفۆرمخوازی

 

قۆناخی سێهەمی جووڵاندن و جۆشدانی کورد سەردەمی چاکسازی (ڕیفۆرمخوازی) بوو، کە لەو ماوەیەدا کوردەکان دەرفەتێکی گەورەیان هەبوو بۆ گوزارش کردن لە مافە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان. ئەم ماوەیە، سەرەڕای کۆتوبەندەکانی، دەکرێ بە خاڵی وەرچەرخان دابنرێت لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا. گوتاری خاتەمی لەبارەی پەرەسەندنی سیاسی، حوکمی میللی، مافە مەدەنییەکان و ڕیفۆرمە کۆمەڵایەتییە - سیاسییەکان مایەی سوپاسگوزاریی کوردەکان بوو. ڕیفۆرمخوازەکان زۆرینەیەکی بەرچاوی دەنگەکانی ناوچە کوردییەکانی بەدەستهێنا. لە پاش هەڵبژاردنی خاتەمی، گفتوگۆ لەبارەی مافی کەمینەکانەوە زۆر بەرفراوان بوو. سیاسەت و هەڵوێستی ڕیفۆرمخوازەکان زەمینە خۆشکەر بوو بۆ فۆرم و شێوە نەریتی و تەنانەت نائاساییەکانی بەشداربوونی سیاسیش، وەک چوونە ناو سیاسەتی پەرلەمانییەوە، گفتوگۆ کردن لەبارەی مافەکانی کوردەوە لە کایەی گشتیدا، دانوستان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و کاندیدەکانیان، ڕێکخستنی کۆبوونەوە سیاسییەکان، نووسینی نامە و نووسراوی کراوە بۆ سکاڵا کردن لەبارەی دۆخی کوردەوە، ئیمزاکردنی سکاڵانامە، خۆپیشاندانی یاسایی و نایاسایی و کار و چالاکیی تری لەم چەشنە. ئەم چالاکییانە لە لایەن قوتابیان، ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، توێژەران، هونەرمەندان و گرووپێکی نوێی سیاسەتمەدارانی کورد ڕێکدەخران. چوار رەگەزی سەرەکی بووبوون بە مۆرک و خاسییەتی ماوەی نێوان ١٩٩٧ تا ٢٠٠٥، کەوا بریتی بوون لە جۆشدان و جووڵاندنی بەرز لە زانکۆکاندا، بەرفراوان بوونی ناڕەزایی و پرۆتێست بۆ گرووپی جۆراوجۆری زیاتر، پەرەسەندنی چالاکییە کولتوورییە جۆراوجۆرەکان و بەشداربوونی کورد لە ژیانی سیاسیی یاساییدا.

 

لە ماوەی حوکمی خاتەمیدا، کوردەکان هەندێ چاکبوونیان بە ژیانی سیاسیی خۆیانەوە بینی. لە ژێر کۆنترۆڵی توندی ئەنجومەنی چاودێریی دەستوورد، سیاسەتمەدارانی کورد هەڵبژێردران بۆ شەشەم پەرلەمان و چوونە ناو گرووپی پەرلەمانیی کوردەوە کە لە بیست نوێنەر پێکدەهات، کە لە ڕووی سیاسییەوە نزیکبوو لە جوولانەوەی ڕیفۆرمخوازییەوە. ئەوان هەرچەندە پێکهاتەیەکی حیزبی، ستراتیجییەتێک و ئامانجی سیاسیی درێژخایەنیان نەبوو بەڵام نوینەرە کوردەکان دەنگی گشتیی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە جیاکاریی دژ بە کورد و نەبوونی دەرفەت بۆ گەیشتنە دەسەڵات و سەرچاوەکان نەک تەنها لە ئێراندا بەڵکوو لە وڵاتانی تریشدا.

 

  لەپاش چەندین ساڵی سەپاندنی کۆت و بەند بە سەر ژیانی کولتووریدا، زیادبوونێکی بەرچاو هاتە کایەوە لە چالاکیی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و کولتووری و لەنێویاندا بەرهەمهێنانی سینەمای کوردی،  کۆمەڵە و ڕێکخراوی ئەدەبی، ئاهەنگ و کۆنسێرتی موزیک، کۆڕ و کۆنفرانسی ئەدەبی کوردی. دوابەدوای هەڵبژاردنی خاتەمی میدیا و ئەدەب و توێژینەوەی کوردی    بووژایەوە و دە دوانزە بڵاوکراوەی کوردی و جووت زمانی (لەنێویاندا گۆڤاری هەفتانە و مانگانە و وەرزانە) ئیمتیازی چاپ و بلاوکردنەوەیان پێدرا. تا ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی چاپەمەنیی دەوریی کە بە کوردی و فارسی دەردەچوو گەیشتە حەوت، بە تێکڕا نزیکەی ١٤ هەزار کۆپییان لێ بڵاودەکرایەوە (تەوەکولی، ٢٠٠٤). بابەتە بڵاوکراوەکان بارودۆخی کوردیان شیدەکردەوە و باسی مێژوو، ئەدەب، موزیک و سیاسەت بە بەردەوامی لەم بڵاوکراوانەدا دەردەکەوتن.

 

  لە کەش و هەوای دوادوایی ساڵانی ١٩٩٠کاندا، بزووتنەوەی قوتابیان زۆر  کارا و چالاک بوو و هەوڵی دەدا کەرتەکانی تر جۆش بدات و ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هۆشیار کردنەوەی شوناسی کۆمەڵگەی کوردیدا. فۆرم و شێوەی ئەو کارانەی قوتابیان بەکاریاندەهێنا لە جووڵاندن و جۆشداندا بەتەواوی نەریتی و ئاسایی بوو لە خۆپیشاندانەوە بۆ مافی مرۆڤ بۆ سکاڵانامە و کۆکردنەوەی ئیمزا. بزووتنەوەی قوتابیان دابەش بووبوو بە سەر دوو جەمسەردا لەنێوان هاوسۆزانی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و ئەوانەش هەروا بە سانایی تێکەڵ بە چالاکییە کولتوورییەکان بووبوون. لە ساڵی ٢٠٠٥دا یەکێتیی قوتابیانی دیموکراتییان دامەزراند. قوتابییەکان نزیکەی بیست گۆڤار و ڕۆژنامەی هەفتانە و مانگانەیان دەردەکرد و لە هەر یەکەیان چەند سەد دانەیەکیان دەردەکرد و دەبوو لە زانکۆکاندا بڵاو بکرانایەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا، زیاد لە سێ هەزار لەم بڵاوکراوەی قوتابیانەدا لە شارە گەورە و سەرەکییەکانی کوردستاندا بڵاودەکرایەوە (بۆ نموونە، ڕاڤە و ڕۆژنامە).

 

  هەرچەندە کوردەکان بەگەرمی بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سالی ١٩٩٧ و پەرلەمانیی شەشەمی ساڵی ٢٠٠٠یان کرد لە بەرژەوەندیی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان، بەڵام خەڵکی کورد بەئاشکرا و بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد هەستیان بە نائومێدی و بێهوودەیی سیاسەتەکانی خاتەمی دەکرد. لە ماوەی ئەو خۆپیشاندانە گەورانەی کورددا کە لە نزیکەی چل شاری گەورەی ئێراندا بەڕێوەچوو، لە شوباتی ١٩٩٩دا، لە پاش دەسگیر کردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە، لانی کەم ٤٠ کەس  کوژران و ١٤٠ کەس بریندار بوون و ١٨٠٠ کەسیش گیران (ئینستیتیوتی کورد، ١٩٩٩: ٧). لێرەدا هەستی گشتیی خەڵکی کورد ئەوە بوو کە ڕیفۆرمخوازەکان بێدەنگییان لێکردووە و بێباک بوون لە بەرانبەرئەو ستەم و داپڵۆسینە دڕندانەیەی کوردەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. لە پاش کەمتر لە ساڵێک ئەنجومەنی چاودێری دەستوورەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە شارە کوردییەکانی سەقز و بانە هەڵوەشاندەوە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوە و پاساوێک. هەندێ لەو کوردانەی دانرابوون بۆ پۆستە فەرمییەکان دوورخرانەوە و بە کاربەدەستی غەیرە کورد جێگەیان پڕکرایەوە. بیجگە لەوەش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی شوباتی ٢٠٠٤دا گەلێ لە کاندیدە کوردەکان لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دەستوورەوە دورخرانەوە. هەڵبەت جێی سەرسوڕمان نەبوو کەوا بەشداریی دەنگدەران لە ئوستانە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٠١دا کەمیکرد، وەک لە نەخشەیەکیهاوپێچدا دەردەکەوێت. 

 

  بەهەرحاڵ، زۆربەی دەنگەکانی کورد دیسانەوە چوون بۆ خاتەمی (بۆ نموونە، ٨٧% لە ئوستانی کوردستاندا). نەخشەی 16.2 ئەوە پیشاندەدا کە ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە ئوستانی کوردستاندا بەتەواوی دابەزیوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٠٤دا. بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، تەنها ٣٢%ی دانیشتووانی ئوستانی کوردستان بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی حەوتەمدا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٥ بەملاوە

 

هەلبژاردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد بە سەرکۆمار لە سالی ٢٠٠٥دا بە سەرەتای شەپۆلێکی نوێ دێت لە کردەوەی سیاسیی سەرکوتکەرانە لە کوردستاندا کەوا ئەو پێشکەوتنە کەم و لاوازەی لەناوبرد کە حکوومەتەکانی پێشتر بەدەستیانهێنابوو سەبارەت بە کرانەوەی سیاسی بەرانبەر بە کورد. لە سایەی حکوومەتەکەی ئەحمەدینەژاددا، چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانی کورد هاتنە خوارەوە و ئیدارەی نوێ هەندێ لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی داخست وەک ڕۆژهەڵات، پەیامی مەردم، ڕۆژنامە، ئاسۆ، ئاشتی، ئاوای وەخت، کازیوە، هاوار، سیروان و کەرەفتوو، هەروەها ڕۆژنامەنووسەکانیان ڕاوەدوو  نران و بەندکران بە تۆمەتی "کارکردن دژ بە ئاسایش و ئارامیی نیشتمانی و بڵاوکردنەوە و برەودان بە مەسەلە ئیتنیکییەکان بە ئامانجی جیابوونەوە" (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨). بێجگە لەوەش چەندین بڵاوکراوە ناچار کران دەسبەرداری چالاکییەکانیان بن بە پێی بەندی ١٦ی یاسای ڕۆژنامەگەریی ئێران و کەمیی ئامراز و پاڵپشت و هاوکاریی دارایی (ڕادیۆ فەردا، ٢٠١٥). ئەوجا داکۆکیکەران لە مافی مرۆڤ، کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و چالاکوانان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەسگیر کران. هەروەها چالاکیی قوتابیانیش کەمیکرد بە هۆی گرتنی بێ تۆمەت و گرتنی سیاسی و فڕاندن و حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدانەوە.

 

  لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە لە کەش و ژینگەی سیاسیدا، تێکهەڵکێش بوونی یاسایی -  سیاسی لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەک "ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕیفۆرمخوازە کوردەکانەوە" و "بەرەی یەکگرتووی کورد" (جەبهەیی موتتەحیدەی کورد)، کە دوو پێکهاتەی سیاسیین و داکۆکیی لە مافی کورد دەکەن لە چوارچێوەی ڕژێمی ئیسلامیدا، ئەمانیش دیسان چالاکییەکانیان هاتەخوارەوە. بەم ڕەنگە، کاریگەریی ڕیفۆرمخوازە کوردەکان کەمیکرد و تووشی دابەشبوونی ناوخۆیی هاتن. هەرچەندە هەموو دەستە و تاقمە سیاسییەکان و بەتایبەتی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان، میر حوسەین مووسەوی و مەهدیی کەڕووبی، مەسەلەی کەمینەیان خستبووە بەرنامەی سیاسیی خۆیانەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی حوزێرانی ٢٠٠٩دا، بەڵام تەنها ٢٥%ی دەنگدەران لە ئوستانی کوردستان و ١.٣٧% لە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەگیان دابوو (٣.١٧% مەهاباد، ٩.١٩% بۆکان، ٩.١٩% پیرانشار). زۆربەی شارە کوردەکان بە بێدەنگی مانەوە لە ماوەی جموجووڵی سەوزی ئێرانیی سالی ٢٠٠٩ و پشێوی و نائارامیی دوای هەڵبژاردندا. ئەم دابڕانەی نێوان کورد و هێزەکانی بەرهەڵستکاری حکوومەتی ئەحمەدینەژاد تاڕادەیەک دەگەڕایەوە بۆ ناڕوونیی نیاز و مەبەستی ڕیفۆرمخوازەکان سەبارەت بە کێشەی کەمینەکان و هەروەها بەهۆی هەندێ گۆڕانکاریی سەرەکیی دواترەوە لە ڕێکخستن و سەروبەرگرتنی کۆمەڵایەتی -  سیاسیی کورددا لەسەر ئاستەکانی ناوچەیی و هەرێمایەتیدا.  هەرچەندە ناوچە کوردییەکان بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان بە ڕۆحانی دا لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٧دا، بەڵام ڕێژەی بەشداریی کورد، ئیلامی لێ بەدەر، کەمتر بوو لە ئاستی تێکڕای نیشتمانی. لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەڕێوەچوو زۆربەی ئەو نوێنەرە پەرلەمانییانەی کە هەڵبژێردران بە سیفەتی سەربەخۆ خۆیان کاندید کرد بێ هیچ وابەستەییەکی حیزبی.

 

پاش ئەوەی سەرۆک بوش ئێرانی خستە ناو جوغزی "بازنەی شەڕخوازییەوە" و لە پاش کەوتنی بەغدا لە نیسانی ٢٠٠٣دا، هیوای ڕێکخراوە چەکدارییە کوردییەکان زیادی کرد بۆ دابڕانی  ڕژێمی ئێران لە ناوچەکەدا و تەنانەت ئەنجامدانی کردەوەیەکی سەربازیش دژ بە ئێران. هەندێک هەڵوێستی چاوەڕوانی و تەماشاکردنی وەرگرتبوو کە بوو بە هۆی سەردەمێکی ناکارایی و بە ناکۆکی و دابەشبوون کۆتایی هات. کۆمەڵە و حەدەکا دابەشبوون بە سەر چەندین حیزبدا و زۆربەی چالاکییەکانیان لە خەڵک وەرگرتن و پارە و کۆمەک کۆکردنەوە و لۆبی کردن و پرۆپاگەندەدا چڕبووبووەوە. دوای دوو دەیەی بێ ململانێی چەکداری، لە تەمووزی ٢٠١٦دا، دەستیکردەوە بە بە جموجووڵ و کەمپەینێک کەوا جارێکی تر بە خەباتی چەکداری شکایەوە (حەدەکا، ٢٠١٦). دوابەدوای ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیجییەتدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەدا وردە وردە زیادی کرد. بەڵام لەپێش ئەوەدا پارتی ژیانێکی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە پارتێکی دەستەخوشکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پەکەکە)، ماوەی زیاد لە دە ساڵێك بوو کەوتبووە سووکە ململانێیەکی چەکدارانەوە لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٢ ڕووبەڕووبوونەوەی توند بەرپابوو لە نێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی حکوومەتدا.

 

  لە ئێستادا نزیکەی دە ڕێکخراوی چەکداری ئیددیعای نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی  بەرگری لە گەلی کورد دەکەن لە ئێراندا. سەرەڕای جیاوازییان لە ڕێباز و ئایدیۆلۆجیا و قەبارە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و کێشی سیاسیدا، حیزبە کوردییە سەرەکییەکان داوای بەدیموکراتی کردنی وڵات و ناسێنتراڵیی دەسەڵات و دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی دەکەن. بەم دواییەش، هەموویان بە ئاستی جیاجیا، لە گوتاریاندا جەخت لەسەر گرنگیی گەنجان و ژنان و کرێکاران و گرووپەکانی کەمینەی ئاینی دەکەنەوە. کاریگەریی ئەم  ڕێکخراوانە و توانایان بۆ جووڵاندن و جۆشدا بە پێی ناوچە و گرووپە کۆمەلایەتییەکان دەگۆڕێت و کەوتوونەتە ڕکابەرییەکی کراوە لەگەڵ یەکتر و بە جەختکردنەوە لەسەر جیاوازییە ئایدیۆلۆجییەکانیان، بەزۆری زەحمەتە بۆیان ئیدارەی جۆراوجۆرییەکانیان بدەن و هەماهەنگیی لەسەر کاری   هاوبەش و ئەجێندای هاوبەش بکەن. هەر ڕێکخراوە و دەیەوێت خۆی لەوانی تر جیابکاتەوە لە ڕێگەی تیشک خستنەسەر مێژووی خەباتی و شەهید پێشکەش کردنیەوە، بێئەوەی بتوانێت ئەو پرۆژە و بەرنامە سیاسییانە پێشکەش بکات کە لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێ بکرێن و جێی متمانە بن.

 

  لە ئەنجامی ئەم پەرەسەندنانەدا بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بەرەوڕووی بۆشاییەکی ڕوو لە زیاد بووەوە لەنێوان حیزبەکانی مەنفا و لایەنە بکەرەکانی ناو وڵاتدا. ئەم دۆخە گرژییەکی سیاسیی بەرپاکرد لە ناو کورددا، کەوا لە پاشەکشەی توانای جووڵاندن و جۆشدانی بزووتنەوەی کورد و بەشێوەیەکی گشتیتر لە هەڵکشانی نائومێدیی سیاسی و دابەزینی جەماوەریی ڕێکخراوە کوردییەکاندا ڕەنگدەداتەوە. لەلایەکی ترەوە، ئەم بێزارییە هەستپێکراوە، بەتایبەتی لە ناو نەوەی گەنجدا، هاوکارە لە لاوازکردنی فۆرمە ڕێکخراوەکانی چالاکیدا و لە لایەکی تریشەوە، وەک دژبەرێک پێدەچێت بەتوندی مەیلی بە لای ناڕەزایی و پرۆتێست کردنەوە بێت (شەریفی دریاز، ٢٠١٧). بەو پێیە، بزووتنەوەی کورد لە ئێستای ئێراندا پێکهاتەیەکی بچڕبچڕ و پلووراڵ و فرەڕووی هەیە لەگەڵ نۆرە کردنێکی قۆناخەکانی "چالاکی و متبووندا" (مێلووچی، ١٩٩٦: ١١٥). شایانی ئاماژە پێکردنیشە کەوا لە ماوەی قۆناخی متبووندا، فرەجار بزووتنەوەی کورد توانای هەبووە ڕادیکالییەت دەرببڕێت و وەرچەرخانی خێرا دەرببڕێت لە توانایدا بۆ  وەرچەرخانی خێرا لە جووڵاندندا. ئەم ساتەوەختە تایبەتانەی خۆپیشاندان و جۆشدانی جەماوەر و مانگرتنانەدا گەلێ جار لە لە ڕووداوە گرنگەکاندا بەرپا دەبن، چەشنی ئیعدام کردنی چالاکوانە کوردەکان، ستەم و سەرکوتکردنی هێزە ئەمنییەکان، ئاهەنگگێڕانی کولتووری و سیاسی  و داخستنی سنوور لە نێوان ئێران و عێراقدا.

 

فەزا و ئاسۆ نوێکانی کارکردن

 

گۆڕانکارییە بونیادییە نوێکان بنەمایەکی نوێ دابین دەکەن بۆ پەرەسەندنی  مۆد و شێوازە کۆمەڵایەتییە نوێکان، فەزا نوێکانی کارکردن، شوناسە نوێکان و ڕێگا نوێکانی ڕێکخستنی ململانێی کوردی. لە ئێستادا، دوو فاکتەر لە نێو ئەوانیتردا بەدیاریکراوی زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتنمان لە دینامیکەکانی کۆمەڵگە لە کوردستانی ئێراندا. یەکەمیان بریتییە لە پێکهینانی حکوومەتێکی هەرێمیی کوردی (واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان) لە ساڵی ١٩٩١، بەڵام لە سەرووی هەمووشیەوە، یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠٠٥دا. لەکاتێکدا کەوا کوردەکانی ئێران قەدەغە بوو بۆیان سەرۆکایەتیی هیچ وەزارەتێک، حوکمڕانیی پارێزگا یان ئوستانێک یان تەنانەت شارەوانییەک بکەن، لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پەرلەمانی عێراق جەلال تاڵەبانیی سەرکردەی کوردی وەک سەرۆکی وڵات سەلماند و دەستووری عێراق دانی بە هەرێمی کوردستاندا نا وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و مەسعوود بارزانییش وەک سەرۆکی حکوومەتە هەرێمییەکە هەڵبژێردرا. لە هەر یەک لەم بۆنانەدا کوردەکانی ئێران دابەزیونەتە شەقامەکان بۆ ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان. لە ڕاستیشدا زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێێن کەوا ئاهەنگگێڕان بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا پڕ جۆش و خورۆشتر بوو لە کوردستانی ئێراندا وەک لە هەرێمی کوردستان.  ژیانی کولتووری و سیاسی و تەنانەت ژیانی ئیکۆنۆمیی کوردە ئێرانییەکانیش زۆر بەتوندی کاریگەر بووە بەم پەرەسەندنانەی دوایی لە هەرێمی کوردستاندا. زۆرێک لە کوردەکانی ئێران ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، کار دەکەن، دەخوێنن یان بەردەوام گەشتی بۆ دەکەن. پێشکەوتنی ژیانی ئابووریی کوردستان وایکردووە کە زۆرێک لە نووسەران نووسینەکانیان بڵاوبکەنەوە و فیلمسازان فیلمەکانیان بەرهەم بێنن و هونەرمەندان پێشانگاکانیان بکەنەوە لە "کوردستانی ئازاددا". بەرنامەکانی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی هەرێمی کوردستان پێدەچێت زۆرتر جەماوەری بێت لە لە ناو کورەکانی ئێراندا. شوناسی کورد و خولیاکانیان لە ئێراندا لە ئێستادا لە کارلێک و بەراورددا بنیاتنراوە لەگەڵ کوردی شوێنانی تردا، بەڵام بەتایبەتی لەگەڵ کوردستانی ئێراندا.

 

  فاکتەری دووەم تەکنۆلۆجیای مۆدێرنی پەیوەندی و زانیارییە. تەشەنە کردنی تەلەفزیۆنی سەتەلایت و ئینتەرنێت ئاسانکارییان بۆ جۆری نوێی پەیوەندی کردووە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.  کۆتایی سەردەمی خاتەمی هاوکات بوو لەگەڵ گەشەکردنی پەخشی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی سەتەلایتی کوردی لە کوردستانی عێراق و ئەوروپادا، کە تا دەهات دەبوو بە ئەڵتەرناتیڤی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی. لە تەنها چەند ساڵێکی کەمدا ژمارەی کەناڵەکانی سەتەلایت بەخێرایی زیادی کرد. نزیکەی چل کەناڵی کوردی پەیوەندییان بە سەتەلایت و ئینتەرنێتەوە هەیە (شەریفی دریاز، ٢١٥: ٤٤٤). نزیکەی سێیەکی ئەم کەناڵانە لە ئەوروپاوە پەخش دەکەن. سەبارەت بە کەناڵەکانی تری سەتەلایت زۆربەیان لە کوردستانی عێراقن. ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا تەلەفزیۆنێک یان زیاتریان هەبوو. ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی ئێران کەناڵی تیڤیی خۆیانیان دامەزراندبوو لە ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧دا. بێجگە لەم شەپۆلە کەناڵەی سەتەلایت دەکرێ دە دوانزە پەخشی وێبتیڤی  Web - TV و دە دوانزە ئێزگەی ڕادیۆ لە کوردستان و ئەوروپا هەن. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠کاندا، تەلەفزیۆنی سەتەلایت بەخێرایی کەوتە گەلێ ماڵی کوردەوە. هەروەها زۆرێک لە ماڵە کوردەکان تەماشای تۆڕەکانی تیڤیی جیهانی دەکەن لە ڕێگەی سەحنی dish نایاسایی سەتەلایتەوە، بەڵام لە هەر لە زووەوە تا ئاستێکی زۆر قوبووڵکراو بووە. بە پێی ڕووماڵێکی کوردە ئێرانییەکان، نزیکەی ٧٢% باس لەوە دەکەن کەوا بە شێوەیەکی ئاسایی "میدیای ئیتنیکی" بەکاردێنن و ٢٧.٧% ڕایدەگەیەنن کە بە زۆری ئەم جۆرە میدیایە بەکارناهێنن (قادرزادە و محەممەدزادە، ٢٠١٨: ٣٥).

 

   بێجگە لەوەش، زیادبوونی گەیشتنە ئینتەرنێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بەستنەوەی ئێرانییەکان بە جیهانی دەرەوە. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠کاندا، هێشتا ئینتەرنێت بۆ هەموو شوێنێکی کوردستان نەڕەخسابوو. لە ساڵی ٢٠٠١دا هەر سێ پاریزگای کوردستان و کرماشان و ئیلام ٢.١% (کە دەیکردە ٢٦٧٩٣) بەشداربووی تەلەفۆنی هەبوو لە ئێراندا. لە ساڵی ٢٠٠٧دا، تەنها ٦.٤%ی ماڵە کوردەکان تەلەفۆنی ئەرزییان هەبوو. دە ساڵ دواتر، ژمارەی بەشداربووانی مۆبایل لە ژمارەی دانیشتووانی کورد زیاتر بوو، کە دەیکردە (٤٢٦٧٨٧٩ بەشداربوو) لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام و کوردستان.  لە ٢٠١٦دا، ٩٧.٨%ی ماڵی کورد بوون بە خاوەنی تەلەفۆنی ئەرزی، ٥١.٢% کۆمپیوتەریان هەبوو و ٤٧.٦% هێڵی ئینتەرنێتیان هەبوو لە ماڵەکانیاندا. هەمان ساڵ، زیاد لە سێیەکی (٣٧.٢%)ی دانیشتووانی کورد لە تەمەنی شەش ساڵ بۆ سەرەوە ئینتەرنێتیان بەکاردەهێنا، ٣٣.٧% یان بەشداربووی 3G بوون. تا ناوەڕاستی ٢٠٠٧، ژمارەی وێبسایتە کوردییەکان دەگەیشتە زیاتر لە ٢٥٠٠، کە زیادبوونێکی بەرچاو بوو لەو ژمارە کەمەی کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا هەبوو (شەیخولئیسلامی، ٢٠١١: ١٤٠). سەرباری هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا ئەوان بە ئاستێکی بەربڵاو بەکاریدێنن لە کوردستاندا. بەکارهێنانی ئەپەکانی پەیام ناردن و وەرگرتن، بەتایبەتی تەلیگرام و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیای وەک ئینستاگرام و فەیسبووک گەلێ دەرفەتیان دا بە گەنجە کوردەکان بۆ ئەوەی بگەنە جەماوەرێکی گەورەی خەڵک لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە کەسایەتیی سیاسی دەزگا و دامەزراوەکان.

  کاریگەریی گۆڕانە تەکنۆلۆجییەکان لە سەر بزووتنەوەی کورد هێشتا تا ڕادەیەکی دیاریکراو نەدۆزرابووەوە. بەهەرحاڵ، شتێک هەیە کە بەتەواوی تەئکیید نەکراوە کە لە ناوجەرگەی چاودێری و سانسۆری توند لەسەر ڕۆژنامەگەریی ئێرانی و پەرەسەندنی خێرای زانیاری و پەیوەندیی تەکنۆلۆجی ئاسانکاریی بۆ پەرەسەندنی میدیای سەربەخۆ کرد. کورد ئینتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ ڕێکخستن و گەیاندنی زانیاری و ڕاسپاردە کەوا سەرکۆنەی نادادی و جیاکاری دەکات و بەکاریاندەهێنێت بۆ جۆشدان و کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتی لە هەندێ بۆنەدا و وەک هۆکارێکیش بۆ برەودان بە   کولتوور و مافەکانی کورد. سەرەڕای ئەوەش، ئەم فەزا سەربەخۆ نوێیە و بە بێگومان یارمەتیی بەهێزکردنی ئیزافیی دەنگی ئەو چالاکوانانە دەدات کە دەخوازن کۆمەڵگەی کورد مۆبیلیزە و جۆش بدەن لە دەوری مەسەلە و شوناسە نوێکانی وەک مافەکانی ئافرەتان و ژینگە. پەرەپێدانی تەکنۆلۆجییە نوێکان و بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت لەوەی کەوا کاریگەریی قووڵی هەبێت لە سەر بزووتنەوەی کورد و مەسەلە لەپێشینەکانی. کەواتە چ جۆرە کاریگەرییەک دەمێنێتەوە ببینرێت.

پەراوێز

 ١- لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا، لە پاش شەڕی چاڵدیران، دەسەڵاتدارانی سەفەوی کەوتنە پەیڕەوی کردنی سیاسەتی ڕاگوێزانی زۆرەملێ بە ئامانجی کەمکردنەوەی چڕیی دانیشتووانی کورد لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوادا بۆ زەمانەت کردنی  سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوایان. ڕاگواستنەوەکە لە ئاستێکی گەورەدا جێبەجێ کرا. "لە ماوەی ساڵانی ١٥٩٨ تا ١٦٠١ .... شاعەباس چل و پێنج هەزار خێزانی کوردی ... بە زۆر گواستەوە بۆ خۆراسان (مادیح، ٢٠٠٧: ١٤). 

٢- یەکەم سەرژمێریی لە ئێراندا لە ساڵی ١٩٥٦ دا بەڕێوەچوو لە لایەن فەرمانگەی گشتیی ئامارەوە ئەنجامدرا. حەوت سەرژمێریی تریش لە ساڵەکانی ١٩٦٦، ١٩٧٦، ١٩٩٦، ٢٠٠٦، ٢٠١١ و ٢٠١٦. ئەو ئامارانەی لەم باسەدا هاتوون لەو بڵاوکراوانە وەرگیران.

٣ - تێکڕا کۆی هەشت ملیۆن مەزەندەکردنێکی گۆترەکارییە بە پێی بنەمای ژمێرەکردنی نووسەر لە ئاماری سەرژمێریی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠١٦دا و ڕووماڵەکە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن وەزارەتی فەرهنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە. بە خەمڵی ئەم وەزارەتە ئەمڕۆ بە لای کەمەوە ١٥٠١٢٠٣ کورد لە ئوستانی کوردستان، ١٨٢٨٧٢٥ لە کرماشان، ٤٩٩٩٦٦٠ لە ئیلام، ١٩٩٤١١٤ لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ٤١٨١٤٠ هەزار لە باکووری خۆراسان، ١٨٤٨٨٥ لە هەمەدان، ٨٧٣٧٥١ لە تاران، ١٩١٩٥٦ لە ئەلبورز، ٢٦٦٨٢٦ لە ڕەزاوی خۆراسان، ٤٣٧٥٠ لە قەزوێن و ١٧٥٣٠٩ کورد لە پارێزگا یان ئوستانەکانی تری ئێراندا دەژین.

٤- ڕیژەی سەدییەکە بۆ ئوستانی کرماشان بەرزتر بوو (٢٦.٣%). لە هەمان ساڵدا ٥.١٢%ی خەڵکی مهاباد لە شاردا دەژین.

٥- لە ئوستانی کرماشاندا ٣.٧٥%ی دانیشتووان لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین و لە ئیلامدا ١.٦٨%  لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین.

٦-  ٥.٢٧%ی هێزی کار لە کرماشان، ٥.٢٤% لە ئیلام، ٨.٣٢% لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ٤٠% لە باکووری خۆراسان لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەن.

-٧  لە سەر ئاستی نیشتمانی، کەرتی پیشەسازی ٩.٣١%ی هێزی کار بەکاردێنێت.

-٨  تێکڕا ٦٧٥ کان لە ساڵی ٢٠١٦ لە کوردستاندا لەکاردان.

-٩  ئەم ڕێکخراوە لە ئابی ١٩٧٦دا دروستبووە لە لایەن ئیدریس و مەسعوود بارزانییەوە لەپاش شکستی ١٩٧٥.

 

سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد

ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

چاپی یەکەم: ٢٠٢١

چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج - لەندەن

ناوی باس: کەمینە و دەوڵەت و نەتەوە.. کۆمەڵگەی کورد لە ئێراندا لە پاش شۆڕش،  ل ٤٠٧ - ٤٣٥

Minority, State and Nation

Kurdish Society in Iran in the Aftermath of the Revolution

Massoud Sharifi Dryaz

THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS

مەسعوود شەریفی دریاز       Massoud Sharifi Dryaz

  توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییە و ئێستا پرۆفیسۆریکی هاوکارە لە زانکۆی سەربەخۆی بەرشەلۆنە لێکۆڵەرە لە  CER - Migracions - Barcelona. لە ساڵی ٢٠١٧وە ئەندامە لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی سۆسیۆلۆجیی کەتەلۆنیا. بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە لە سکووڵی خوێندنی باڵای سۆسیۆلۆجی لە پاریس. لێکۆڵینەوەکانی بایەخ بە سۆسیۆلۆجیی سیاسی و سیاسەتی کۆمەڵایەتی دەدا.   وتار و باسەکانی لەبارەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مەغریب و مەشریق، ئەنەدۆڵ، بڵاوکراوەی خانەی زانستی مرۆڤایەتی و گۆڤاری زانستی بۆ توێژینەوەی نێوان کولتوورەکانە.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved