سیاسەتی بێحورمەتیی و ئیھانەکردن

 

 

‌مەریوان وریا قانیع

 

 

فەیلەسوفی ئیسرائیلی، ئاڤیشای مارگەلیت، لە کتێبێکی گرنگ و بەنگاوبانگدا بەناوی ”کۆمەڵگای بەحورمەت" پێ لەسەر خاڵێکی ھێجگار گرنگ دادەگرێت کە دەکرێت بەم شێوەیە کورتیبکەینەوە: 

 

”ڕەنگە کۆمەڵگاکان لەناو دۆخی نایەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکتریدا بتوانینن بژین، ڕەنگە بتوانن لە غیابی دادپەروەریدا تەحەمولی ژیان لەگەڵیەکتریدا بکەن، بەڵام ناتوانن لەناو دۆخی ئیھانەکردن و زەلیکرنی یەکتریدا بژین.".

 

ئەم دۆخە وادەکات ئەرکی سەرەکیی و ژمارە یەکی سیاسەت بریتیبێتaلە کۆتاییھێنان بە سیاسەتی ئیھانەکردن و زەلیلکردنی ئەو دانیشتوانەی حوکمڕانیی دەکرێت. کۆتایھێنان بە سیاسەتی شکاندنی کەرامەتی ئەو دانیشتوانە. ئەمەش تەنھا لە دخۆی دروستکردنی ”کۆمەڵگایەکی بەحورمەت" یان ”کۆمەڵگایەکی شایستە"دا، The Decent Society، دروستدەبێت.

 

”کۆمەڵگای بەحورمەت" ئەو کۆمەڵگایەیە کە دەزگا سیاسییەکانی، وەک پۆلیس و سوپاس و دادگا و پارتە سیاسییەکان، ھتد.. ئیھانەی خەڵک ناکەن. ئەو دەزگایانە خەڵک زەلیل و کەرامەتشکێن ناکەن، وایان لێناکەن شەرم لە بوونی خۆیان لەناو کۆمەڵگایەدا بکەنەوە.

لای ئەم فەیلەسوفە ”کۆمەڵگای بە حورمەت" جیاوازە لە ”کۆمەڵگای دادپەروەر". ”کۆمەڵگای دادپەروەر"  پلەیەک بەرزتر و گەشەکردوتر و پێشکەوتوترە لە ”کۆمەڵگای بەحورمەت". لە ”کۆمەڵگای دادپەروەر"دا نەک تەنھا دەزگاکان ئیھانەی کەس ناکەن و سیاسەتی زەلیلکردن غائیبە، بەڵکو خەڵکەکە خۆیشیان لەگەڵ یەکتریدا یەکسانن و ئەوەی حوکمڕانە دادپەروەرییە، بەڵام کۆمەڵگای بەحورمەت کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسان نییە، بەڵام کۆمەڵگایەکە دەزگاکان ئیھانەی خەڵک ناکەن، کەرامەتی کەسەکانی تیادا ناشکێت.

 

ئیھانەکردنیش، وەک وتمان، ئەوکاتە دروستدەبێت کە حوکمڕانان دەزگاکانی حوکمڕانیی بەکاردەھێنن بۆ مامەڵەکردنی خەڵک یان بەشێک لە خەڵک، وەک کەسانێکی کەمتر و بێنرختر، بەمەش زەلیلکردن و شکاندنی کەرامەتیان.

 

ئەوەی لە وێنەی ئەو مێردمنداڵانەی پیرەمەگروندا دەیبینین ئەم سیاسەتی ئیھانەکردن و زەلیلکردنەیە. شکاندنی کەرامەتی ئەو بەشەی دانیشتوانە لە ڕێگای دەزگاکانی حوکمڕانییەوە. ئامادەگی ”سیاسەتێکی بێحورمەت"ە کە خوازیاری دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێحورمەتە. کۆمەڵگایەک تیایدا ھەم دەزگاکانی بێحورمەتی بکەن و ھەم خەڵک خۆیشی فێری بێحورمەتیکردن لەگەل یەکتریدا بکەن. ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات بەرجەستەبوونێکی تەواوی سیاسەتی بێحورمەتیکردن و ئیھانەکردنە، لەناو ئەزموونێکدا کە ئەمڕۆ منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان بەڕێوەیدەبەن. منداڵانی بەرپرسە گەورەکانی دوێنێ.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved