ووشەکانی دوایی ماڵئاوایی

http://www.penusakan.com/kur/images/stories/kejal%20ibrahim%20xdr.jpg

 

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر، له‌ ٧ ملوانکه‌ی ووشه‌چندا

 

    ملوانکە

   وەرە با ئەو ملوانکەیەت بکەمە مل

   بەپەنجەکانم بۆم هۆنیویتەوە

    موروەکانی لەماچی تۆیەو

    دەزولەکانی لەتاڵەکانی قژی من

    بەفر

   دوێنێ زۆر زۆرت بۆ گەڕام

    هەر دیارنەبووی

   ووتیان ئێمە بینیومانە

   بۆتە تۆپەڵێ بەفر

   لەسەر بەرزترین لوتکە

   بڕوام نەکرد؟

   تاخۆت هاتی و دڵۆپ، دڵۆپ

   بەسەر لاشەمدا توایتەوە

    شعر

   من تۆ و شعرم زۆر خۆش دەوێ

   دەپێم بڵێ

   شعر عەشقی تۆی فێرکردوم

   یان عشقت شعری فێر کردم

   ڕەشەبا

   بەمناڵی زۆر رقم لەرەشەبا بوو

   رۆژێک هات و

   بۆکۆکەو بێشکەکەمی برد

    بەڵام ئێستا

   لەوەتەی ئەم رەشەبایە دێ

   دڵم شادە

  دەڵێم رەنگە لەلای تۆوە

  هەڵی کردبێ و

   بۆنی هەناسەی تۆی لێ بێت!

   مانگ

   دەڵێن مانگ نازانێ ،گۆرانی بڵێ

   ئەمشەو من و مانگ

   تابەیانی گۆرانیمان ووت

  ئەو بۆ ئەستێرەکان

   منیش بۆ چاوەکانی تۆ

   پێوانە

    من و تۆ هەردەم شەڕمانە

    کەتۆ زیاترت خۆش دەوێم،

   یاخوود من

    دوێنێ هێندە سەیری یەکتریمان کرد

  چاوەکانی تۆ هیلاک بوون

  چاوەکانی من هەر گەشتر

  ئینجا زانیم کەمن زیاترم خۆش دەوێی

      مردن

    من دەمەوێ بۆ عەشقی تۆ بمرم

   بەڵام دەزانم ،نەدەتوانن

    شینم بۆ بگێڕن

  نەدەوێرن ناوم بێنن !

 


Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved