شه‌وه‌ سپیه‌كانی خۆشه‌ویستی ....

 

 

كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

١

له‌كوێی شه‌وی یه‌ڵدا

شه‌وه‌ درێژه‌كانی سێبه‌ری باڵنده‌و

رۆحه‌ شیرینه‌كه‌ی گمه‌ی كۆتر

تۆ شه‌وێكی پایزی خۆت 

ده‌سپێریته‌ تریفه‌ی  مانگ و

گوڵه‌ هه‌ناره‌كانی رۆحی من

ئه‌و رۆحه‌ی هه‌ست به‌تراویلكه‌ی

هه‌ناسه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی

به‌هارێكی پڕ له‌شه‌ونم ده‌كات

٢

له‌بروسكه‌ی روبارێكی هێمنه‌وه‌

كه‌وتوومه‌ته‌ رێ

به‌ده‌م زریان و ره‌شه‌بای

شه‌وێكی سسپیه‌وه‌

هه‌نگاوه‌كانم ده‌بێته‌

 تیشكێكی پرشنگدار

له‌رۆحی به‌ردێكی ئاگرینه‌وه‌

 ووڵاتی دڵت ده‌بێته‌ كوانوی خه‌می ساماڵ

شه‌ماڵی نیگای ده‌رونم 

تارمایی  زینده‌گی ژیانمه‌

تۆ ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ بووی

له‌جۆلانه‌ی ئاسمانی مندا

 ئاوێته‌ت كردم

به‌سروشتی  چوار وه‌رزی ساڵ

٣

مه‌به‌" به‌گه‌ڵایه‌كی وه‌ریووی پایز  بۆمن

من ئاگرێكی تازه‌ بووكم

ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر شاباڵی دڵی تۆ

 له‌نگه‌ر بگرم

بۆكۆتری ئاشتی

جیهانی پڕ به‌رائه‌تی منداڵی

بۆ ئازادی باڵنده‌كان

تاكوو سڵ نه‌كه‌ن

 له‌ده‌ستی نه‌گریسی راوچیه‌كان

٤

مه‌به‌ به‌ته‌می گومان

به‌رێژنه‌ی پرسیارو ره‌شه‌با

به‌ دوودڵی لێم مه‌ڕوانه‌

تۆ نازانی چاوه‌كانم

دوو چرای باڵ داگیرساون

لاشه‌م شه‌ڵاڵی خوێن بووه‌

كه‌من ئه‌وینێكی چاو نه‌ترس بم

دڵم ده‌رژێته‌ جۆگه‌كانی كازیوه‌وه‌

له‌شَیوه‌ی په‌یكه‌رێكی ئه‌فسوناوی  

بۆشمشێری سووری هه‌تاوت

له‌ئه‌شكه‌نجه‌دا هاوارده‌كه‌م

له‌ناو ماڵیاندا  باڵ ده‌گرم

٥

ده‌مه‌وێ یه‌زدان

گوێ له‌پاڕانه‌وه‌ی دڵم بگرێ

تابزانێ له‌دارستانی لاشه‌مدا

چه‌ند جار زمانم سوتاوه‌

چه‌ندجار یاخی بووم له‌وه‌نه‌وشه‌ی شعر

له‌ ناسكی دڵی گه‌رمی  بیانیه‌كان

ئای خودایه‌  نامه‌وێ له‌تۆ جیاببیمه‌وه‌

تا داره‌هه‌نجیره‌ پیره‌كه‌ی 

رۆژگارێك دێت و سه‌رده‌نێنه‌وه‌

له‌ باخچه‌ی دڵیاندا  من ده‌نوسێته‌وه‌

٦

كۆتره‌ په‌رته‌وازه‌كانی منداڵیم

سه‌رگه‌ردانی نێو تۆڕی جه‌سته‌م ده‌بن

تاڵه‌كانی قژم ده‌هۆنمه‌وه‌

بۆبه‌هه‌شتی ئارامی و دڵنیایی

ئه‌سپی رۆژگاره‌ ناهه‌مواره‌كان راوده‌كه‌م

تاكوو له‌دۆزه‌خی مه‌رگێكدا

به‌ئه‌سپایی ده‌بمه‌ گوڵێكی خوێناوی و

 پشوو ده‌ده‌م

٧

حه‌ز ناكه‌م ببمه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی

هه‌ڵوه‌رینی بێوه‌ژنێك

ئه‌هریمه‌نێك سۆزی دڵم به‌رێ بۆخۆی

حه‌زه‌كانم دابه‌ش بكات

بمكاته‌ ووڵاتی خوێن و

سنه‌وبه‌ر تیاما سه‌وز نه‌بێ

لاولاوی ته‌لیسماوی

له‌باڵام جیا بكاته‌وه‌

جریوه‌ی ئه‌ستێره‌

به‌هه‌شت و دۆزه‌خم

لێ ئاڵوو گۆربكات

دووكه‌ڵی ئاگرێكی جه‌هه‌نه‌مه‌ی

ده‌ریام لێ لێڵ بكات

٨

تۆ ده‌توانی

له‌گۆشه‌یه‌كی ده‌رونتا دام بنێیت و

سه‌رم به‌مرواری بدره‌وشێته‌وه‌ 

دووباڵم لێ بڕوێنی و

خوێن به‌جه‌سته‌م بشنێته‌وه‌

٩

سه‌فه‌رمه‌كه‌

نه‌كا له‌جیاتی خۆت

سه‌رێكی بڕوام بۆ بێننه‌وه‌

نه‌وه‌ك گزنگی به‌یانی ببێته‌

تریفه‌ی شه‌وگاری ره‌ش و 

كۆچی نامرادی به‌شوێنته‌وه‌

رێگه‌م بده‌ با ببمه‌ 

روبارێكی سه‌رهه‌ڵگرتوو

بۆناو ئۆقیانوسێكی نادیار

په‌رێكی باڵتم بده‌یه‌

تا نامه‌ی هه‌تاو بنوسم

ببمه‌ نمه‌ی بارانی دڵت و 

ئاگردانی عه‌شقی سوتاوت بكوژێنمه‌وه‌

١٠

رۆحم بكه‌ به‌شه‌وێكی زیوین

تا باڵنده‌ی گه‌وهه‌ری

شه‌وه‌ تاریكه‌كانت بم

رۆحم بكه‌ به‌پریاسكه‌ی خۆت و

شه‌وقت پێ ده‌ده‌مه‌وه‌

تا دروشانه‌وه‌ی ئاوێته‌كانی

به‌ر سنگ و گه‌ردنت بم

١١

ووشه‌ی ناسكی ماڵئاوایی

ده‌بێته‌ وتووێژی

كه‌نارو ئاو

گوڵی ناسك سه‌رده‌ردێنێ و

تۆش ده‌بێته‌ بوكێكی سپی

به‌رباران و

ده‌بێ به‌گزنگ و هه‌تاو

 ١٢

له‌توڕه‌بوونما

كیژۆڵه‌یه‌كی بێ ده‌ربه‌ستم

ره‌ش ده‌چمه‌وه‌و تازه‌ له‌دایك ده‌بم

له‌ئاسوده‌یما

سروود شه‌پۆل ده‌داو

ئاسمان گۆرانی ده‌چرێ و

شه‌وێكی  نامۆیی دڵته‌نگم

ئه‌وسا له‌كه‌ناری رۆحتا

ده‌بمه‌ شه‌وێكی سپی

ئاوێته‌ ده‌بم به‌رۆحی پاكی فریشته‌كان

گوڵه‌ به‌رۆژه‌ سه‌رده‌ردێنێ و

چۆله‌كه‌ش ده‌كه‌ونه‌ شمشاڵ لێدان

١٣

بیرت نه‌چێ

به‌مناڵی رۆحم وافێركردووه‌

چۆن بكه‌وێته‌ ماڵی ده‌رونته‌وه‌

ده‌فی هه‌ور بژه‌نێ

چۆن به‌ ره‌نگێكی زه‌رد

ره‌نگی دره‌خته‌كان بنه‌خشێنێ 

بۆیه‌ من هه‌میشه‌ خه‌ون

به‌مانگ و خۆره‌وه‌ ده‌بینم

تۆش فێرم بكه‌

چۆن ریشی گرژی پیره‌كان دابێنم

چۆن ساباتێك بۆخۆره‌تاو

دروست بكه‌م

١٤

ده‌مه‌وێ وه‌رزێكم هه‌بێ بۆسه‌ما كردن

سه‌مایه‌ك پڕبێت بۆدڵی تۆ

تاپه‌نجه‌ت به‌رۆحم بگاو

رۆحم ببێته‌ تۆپه‌ڵێ گڕ

بۆشه‌وێكی زیوینی تۆ

١٥

ماڵه‌كه‌م بۆنی عه‌شقی تۆی لێ دێ

 وه‌ك ئه‌و مه‌لانه‌ی له‌ئاسمان

یاخی بوون

وه‌ك ئه‌و دارانه‌ی كه‌ له‌دڵی

سروشتان روابوون

١٦

بمكه‌ به‌دزووله‌یه‌كی باریكی قژت

تاروحه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌

به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م

ره‌نگه‌كانی خه‌ونی پێشوو

ده‌نگه‌ نه‌بیستراوه‌كانی گوڵی جوانی

زوو ده‌هێنمه‌وه‌

ده‌یان خه‌مه‌ ناو شه‌پۆلی روخسارت

تا سه‌رله‌نوێ بڕوێنه‌وه‌

ببنه‌ شه‌پۆلی تیشكی هه‌تاو

هاواره‌كانم سپی ده‌چنه‌وه‌

١٧

رق مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه‌

خوێنی به‌ردو خوێنی من و

خوێنی مێژوو ده‌نوسنه‌وه‌

شاخ و به‌فر زاوزێ ده‌كات

پرشنگی برین ده‌دات

له‌روخساری كوێستانه‌كان

دۆڵه‌كان به‌ته‌م و به‌فر داده‌ پۆشێ

به‌ژاڵه‌ی جه‌سته‌ی من

ده‌نوك له‌تۆووی شعرم ده‌گرێ 

ره‌نگی شنه‌با له‌باڵی هه‌تاوی

شه‌وما بنوێ

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved