چەپکێ

کەژاڵ ابراهیم خدر

 

١

پەیکەر

پێیان وتم:

تۆ چۆن ئەوت خۆش ویستووە

کە تۆ پەیکەرت لە بەفرەو

چاوەکانى ئەو لە هەتاو

منیش وتم:

هەر بۆ ئەوەى هەموو ساتێ

لە حزوریا بتوێمەوە

ببم بەئاو.

 

٢

رەیحانە

هەزار خۆزگە

ئەو دووچڵە رەیحانە رەشەى سەر

سنگى سپى دایکت بام

جار ناجارێ

لەگەڵ باوەشى دایکتا

بۆنت کردبام .

 

٣

مێخەک

ماوەیەکە بۆنى مێخەکت گرتووە

من نازانم

لەبۆنى مێخەک بەندەکەى

دایکتەوەیە

یان لە گەڵاکانى دەستى من؟!

 

٤

گوڵ

کە رۆشتى

هەرچى گوڵ و خونچەى شار بوو

لەگەڵ خۆت برد

بیرت چووبوو

ئەگینا من خونچەى گوڵى لێوەکانم

لە قەراغ دەریاچەى لێوتا

جێ هێشتووە

 

٥

تابلۆ

پێیان وتم:

تۆ باشترین وێنەکێشى

کاتێک ئەو تابلۆیەیان دى

بە سوراوى لێوەکانم

لەسەر پەڕەى دەستەکانت نەخشاندبووم.

 

٦

لێو

من دەزانم، کاتێک

دووچاوى عاشق بەیەک دەگەن

چ سەمایەک دروست دەکەن

ئەى کە دوو لێو بەیەک دەگەن

چ ئاوازێک دروست دەکەن..!

 

٧

سپێدە

ئەم سپێدەیە زۆر نامۆیە

نەبۆنى گوڵى مێخەک دێء

نە سۆزى خۆشەویستیء ماچ

لەوە دەچێ عاشقێک کۆچى کردبێء

هەمووی لەگەڵ خۆى بردبێ..

 

٨

عاشق

کەمن هێندە شەیداى تۆبم

کە تۆ هێندە عاشقى من

دەبێ من ببمە پەپوولەو

تۆش گوڵێکى باخەکەى من.

 

٩

دایک

من دوو کەسم زۆر خۆش دەوێ

یەکەم دایکم

دووەم دایکت

دایکم کە منى بۆ تۆ گۆش کرد...

دایکت کە تۆى بۆ من گۆش کرد...

 

١٠

بۆن

هەرچى گوڵ و خونچەى شارە

هەموو بۆنى تۆى گرتووە

دەڵێن گوایە بەر لەرۆشتن

عەترى هەناسەت ڕشتووە..

 

١١

ئاسک

من نازانم لەکەیەوە

بوویتە ئەو ئاسکە کێویەى

کەس ناتگرێ

منیش ئەو ڕاوچییە داماوەى

پاش هیلاک بوون

بەبێ هیوا خەم دام دەگرێ.

 

١٢

هەوارگە

دەڵێی دەڕۆم

هەوارگەى دڵت جێدێڵم

تکا دەکەم تاپۆکەى دڵم بدەیتەوە

تۆ پێت وایە زۆر ئاسانە

تاپۆى دڵت وەرگریتەوە

پێم ناڵێی چۆن

قەرزى ئەو هەموو ماچانەم ئەدەیتەوە.

 

١٣

تەسبیح

دەڵێی بوومە دەروێشى تۆ

تۆش ببە بەتەسبیحى دەستم

با هەر زکرت پێوە بکەم تاکو دەمرم

بۆ هەر کوێ چووم لە گیرفانما

بەنهێنى هەڵت دەگرم

دەڵێم گیانە

زۆر ئاسانە کەمن

تەسبیحى گەردنت ببم

بەڵام تۆ بڵێی

ئەگەر رۆژێ ئەو تەسبیحەى پچڕا

تۆنەتوانى دەنکەکانى کۆبکەیتەوە و

بڵێی من خاوەنی هەموویانم.......

 

Qadirzada.com © 2009-2022 All rights reserved