كاكه‌ی‌ فه‌لاح

شاعیرو رۆژنامه‌ نووس كاكه‌ی فه‌لاح كاكه‌ی فه‌لاح نازناوی شاعیری خه‌بات و ڕاپه‌ڕین و ڕۆژنامه‌نوسی لێهاتووی كورد حه‌مین كوڕی قادره . 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌روله‌ڕۆژی 1990.10.09 له‌ ته‌مه‌نی 62 ساڵیدا له‌شاری سلێمانی، كۆچی‌ دوایی كردووه‌. كاكه‌ی فه‌لاح له‌ساڵی 1928 له شارۆچكه‌ی‌ چوارتای‌ سه‌ربه‌ قه‌زای‌ (شارباژێڕ)ی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی، چاوی به‌ ژیان هه‌ڵهێناوه‌ ، له‌خێزانێكی هه‌ژاردا په‌روه‌رده‌ بووه و خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ شارۆچكه‌كه‌ی‌ خۆیی‌ و ناوه‌ندیشی له‌ سلێمانی ته‌واو كردووه، كاكه‌ی‌ فه‌لاح چووه‌ته پاڵ پارتی كۆمنیستی و خه‌باتی چینایه‌تی كردووه و هۆنراوه‌ی نیشتمانیی داناوه‌، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسیش چه‌ند جارێگ گیراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه، به‌ڵام كۆڵی نه‌داوه و هه‌ر به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی خۆی.

 

ئه‌م شاعیره به‌هره‌داره به‌هۆنراوه‌ی ڕامیاریی هاتۆته گۆڕه‌پانی وێژه‌ی كوردی و هه‌وڵی داوه به‌ وشه‌ی سووك و ساده، واتای قووڵ و جوان پێكه‌وه بنێ و، بیخاته سه‌ر كێشی سووكی خۆماڵی و، پشت له‌كێشی كۆن بكات ، كاكه‌ی‌ فه‌لاح تا له‌گۆڕه‌پانی خه‌باتی ڕامیاری پتر ده‌چووه پێشه‌وه ، هۆنراوه‌كانیشی خۆشتر ده‌بوون و چاكتر ده‌بوونه‌ زمانحاڵی میلله‌ته‌كه‌ی له‌و كاته دا ، له‌سه‌ر به‌شداریكردنی له ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كانوونی دووه‌می 1948ی گه‌لانی عێراق، به‌ساڵ و نیوێك سزادرا وه و له‌ناسریه‌ و ئه‌بوغرێب سزاكه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات و له‌ ناو تاریكی‌ زیندانه‌‌وه هۆنراوه‌یه‌ی نووسیوه . شاعیرو رۆژنامه‌ نووس كاكه‌ی فه‌لاح دوای ته‌واوبوونی سزاكه‌ی له‌ناسریه‌وه‌ ئه‌بوغرێب گه‌ڕا‌وه ته‌وه‌ سلێمانی و خه‌باتی نهێنی كردوه، تاكو له‌ ئه‌نجامدا ده‌كه‌وێته ده‌ست پیاوانی ڕژێمی شاهانه‌و به 5 ساڵ به‌ندیی، سزا ده‌درێ و، دوای ته‌واوكردنی سزاكه‌ی ده گه‌رێیته‌وه‌ شاری‌ سلێمانی.

 

شاعیر خاوه‌نی بیروباوه‌ڕێكی پته‌و بووه ،هه‌رچه‌نده دوژمنانی ویستوویانه به‌ زه‌برو زه‌نگ له‌ڕێگای لابده‌ن، كه چی بێ هووده بووه. جگه له خه‌باتی‌ سیاسی‌ و هۆنراوه و وێژه‌، ئه‌م مرۆڤه گه‌وره‌یه كارێكی به‌نرخی له ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا كردووه ، ئه ویش به‌ ده‌ركردنه‌وه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی "ژین" ، كه كاتی خۆی پیره‌مێرد له‌ ساڵی 1939وه تاكو ڕۆژی كۆچی دوایی له 1950.06.19 ده‌ری ده كرد، دوای ئه‌ویش ماوه‌یه‌ك مامۆستا گۆران و ئه‌‌‌حمه‌د زرنگ سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد . ئه‌م وێژه‌ناسه به‌توانایه ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی له 10ی كانوونی یه‌كه‌می 1970 جارێكی‌ دیكه‌ ده‌ركرده وه.

 

شاعیرو رۆژنامه‌ نووس كاكه‌ی فه‌لاح وێژه‌ناسێكی خامه ڕه‌نگینی به‌رهه‌م زۆربوو، له‌ماوه‌ی ژیانی دا گه‌لێك په‌رتووكی به‌نرخی به‌چاپ گه‌یاند له‌وانه ش‌:

 

* دوو كۆمه‌ڵه هۆنراوه‌ی منداڵان به‌ناوی "چرۆ" و "سروود" ساڵی 1966 و 1968. له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی "دیوانێكی هۆنراوه" له ساڵی 1967دا چاپكراوه. ئۆدیبی پاشا - وه‌رگێڕانه له عه‌ره‌بیه‌وه - له‌ ساڵی 1978 چاپكراوه.

 * دیوانی كاكه‌ی فه‌لاح - به‌غدا- ساڵی 1980 چاپكراوه‌و به‌ پێشه‌كی دكتۆر "عیزه‌دین مسته‌فا"یه

 *. كاروانی هۆنراوه‌ی نوێی كوردی - به‌رگی یه‌كه‌م له ساڵی 1979 و به‌رگی دووه‌م له 1980

*. چۆله‌كه‌ی پاساری - سلێمانی له ساڵی 1983دا چاپكراوه

 له‌دوای كۆچی دوایی شاعیریش دیوانێكی نوێی كاكه‌ی فه‌لاح له‌ساڵی 2004 به‌چاپ گه‌یه‌نراوه و له‌ كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی و ده‌كه‌وێته 420 لاپه‌ڕه وه

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved