| ||
|
||
سێ ژینگەپارێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا
هەنگاو : ئیوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ناوچەی پاوە بە ناوەکانی موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی لە کاتی کۆمترۆڵ کردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی مەرەخێڵی ئەو شارە گیانیان لە دەست داوە.
هۆکاری گیان لە دەست دانی سێ ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان گیانی لە دەست داوە.
هەرچەند ژمارەیەک لە میدیا حکوومەتی و کەناڵە تێلگرامییەکانی ناوچەی هەورامان هۆکاری گیان لە دەست دانی ئەو سێ ژینگەپارێزەیان تەقینەوەی مین ڕاگەیاندبوو، بەڵام دوای چەند کاتژمێر و لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵەکەی خۆیان سڕییەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کەناڵە تێلگرامییەکانی ناوچە کردووە و وتوویە کە ئیزنتان نیە لەوبارەوە هەواڵ بکەن و تەنیا دەبێ بڵێن بە هۆی خنکان و سووتان گیانیان لە دەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاەەکانی هەنگاو تەقیەنوەی چەندین مینیان لە شوێنی ڕووداوەکە ڕاگەیاندووە. شایەتحاڵێک لەوبارەوە ڕاگەیاند کە دوای ئەوە لە شوێنەی کە بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی جێگیر بوون دەنگی تەقینەە هاتووە موختار خەندانی بۆ هاوکاری کردنیان چووە بۆ ئەو شوێنە و هەر سێیان لەوێ گیانیان لە دەست داوە و باقی ئەندامانی ڕێکخراوی ژیوای نەیانتوانیوە کە هاوکارییان بکەن. چەندین سەرچاوەش رایانگەیاندووە کە جیا لە دەنگی تەقینەوەی مین دەنگی تەقەی چەکیش بیستراوە.
یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێز کە خۆی لە بەرزاییەکانی مەرەخێڵ بووە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە “ ئەندامانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوای ئامێری بێ تەلیان پێ بووە، بەڵام هەمان ڕۆژ و ڕاست چەند کاتژمێر پێش لە ڕووداوەکە هێزەکانی سپای پاسداران دەست بە سەر ئامێرەکانیان دا دەگرن و هەموو هێڵە پەیوەندییەکانی ناوچەکەیان پچڕاندووە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، هێزەکانی سپای پاسداران لە پایگای مەرەخێڵ ئیزنیان نەداوە کە خەڵک سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن و بنەماڵەکانیان ناچار کردووە کە بە شەو تەرمی ڕۆڵەکانیان بنێژن. بە وتەی شایەتحاڵان فەرماندەی پایگای مەرەخێڵ لە ناو خەڵکدا بە ئاشکرا وتوویە “ من خۆم ئاگرم لەو دارستانانە بەرداوە و دیسان ئەو کارە دەکەم”.
فەرماندەی سپای پاوە شەوی ڕابردوو بەیانیەیکی بڵاو کردەوە کە تێدا هاتبوو موختار خەندانی هاوڕێکانی لە پرۆگرامەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە.
ئەو وتانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان وێڕای گوشاری بۆ چالاکانی مەدەنی بە تایبەت ئەندامانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوای چەندین کەسیان یەک لەوان موختار خەندانی بانگ و هەڕەشەیان لێیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێدا هاتووە موختار خەندانی و یاسین کەریمی ئەندامی ڕێکخستنی نهێنی ئەو حیزبە بوون و گیان لە دەست دانی ئەو سێ ژینگە پارێزەی بە سیناریۆی سپای پاسداران لە قەڵەم داوە.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||