ئەگەر کەسێک بەنیازی (خۆکوشتن) بوو ئێمە چی بکەین؟

 

   ئیدریس نوری

ماستەر لەدەروونناسی پەروەردەی تایبەت

خۆکوژی : پرۆسەیەکی تاکەکەسی بەئاگایی خۆ ویستانەیە ، بەئەنقەست و بە مەبەستی هەڵهاتن لەم ژیانە و نەتوانین ولاوازی زاڵبوون بەسەر خوود دا، ئەنجام دەدرێت.

 

ئەگەرچی هیچ شتێک شایستەی ئەوەنی یە مرۆڤ دەستی بچێتە گیانی خۆی ،بەڵام لای کەسی خۆکوژ ئەم بۆچوونە پێچەوانەیە ،چونکە پێی وایە ،هیچ عیشق ولەزەتێک لەم ژیانە بۆئەو نی یە و نائومێدی تائەو پەڕی بینەقاقای گرتووە.

بێ ئەگاهەر لەدوای شەو و تاریکی یە، هەمیشە موژدەیی هەڵهاتنی خۆره،ئەویش بێگومان  بەئارام گرتن، تاساتەکانی بەرەبەیان.

 

هەوڵدان بۆخۆکوشتن یان بیر لە خۆکوژی ،هەروا کارێکی سادە و ساکارنی یە،  ئەکرێت بڵێین :خۆکوژی دەرهاویشتەی ئەو بیرە نەرێنیانەیە کە وادەکات لە مرۆڤ لەهەردوو ڕەگەز کەمردن لەم ژیانە بەباشتر بزانن .

 

بابزانین هۆکار و پاڵنەرەکانی  خۆ کوژی چین کەسەکە ئاڕاستەدەکات بۆئەوەی کاری خۆکوژی ئەنجام بدات.

دەبێت ئەم دیاردەیە لە بەرچاو بگرین ، فەرامۆشی نەکەین .

ئەگەر چی ئەو هۆکارانە لای ئێمە شایانی باس خواست نەبن، بەڵام واخەریکە ژیان لە کەسێکمان دەسێنێتەوە،بۆیە دەبێ بەباشی حسابی بۆبکەین .

 

هەربۆیە پێویستە :

۱. بابەتەکە بەجدی وەربگرین.

۲.دوور بکەوینەوە لە سەر زەنشت و گاڵتە پێکردن ،یان هەڵەیە ئەگەر بڵێین: بۆچی بڕیاری خۆ کوشتن دەدەیت ، ئەمەکارێکی نادرووستە، ئەو بۆیەبەهیچ جۆرێک لەم جۆرە ئامۆژگاریانە دووربکەوە وە نابێت لەوکەسە بکرێت .

۳.ئەگەرچی ئەو لەوپەڕی ناڕەحەتی و بێتاقەتی دایە ، بۆیە نابێت بەهیچ جۆرێک تۆ لێی تووڕە ببیت و زیاتر بارەکەی سەنگین بکەیت ،دەبێت بە ئارامی و حەکیمانە لەگەڵ باروو دۆخەکە ڕەفتاربکەیت .

٤.قسەکانت لە ڕاستەو خۆوە بکە بە ناڕاستەوخۆ، بۆنمونە: بڵێ :هەست دەکەم شتێک هەیە ،حەزدەم پێکەوە لەسەر سیقەو متمانە،وەرە با باسی بکەین ،هیچ شتێک بێ چاره سەرنی یە له م ژیانە،وەهیچ کەسیش بێ کێشەنی یە .

 

خاڵێک لێرە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە دەبێت تۆ قۆناغ بەقۆناغ لەگەڵی بڕۆیت ،لوتکەی گەشتن بەکۆتای لەژین لە مێشکی لابەریت.

٥.ئەوشتانەی کە جێگەی گومانن بۆ خۆکووشتن پێویستە بەژیری وهۆشمەندانە لەو شوێنە دووربخەیتەوە ،وەک :چەقۆ ،حەبل ، یان دەبەی نەوت ، یان چەک وتەقەمەنی ودەرمان وژەهر ،یان هەرهۆکارێکی تر کەمرۆڤ بەهۆیەوە خۆی پێ لەناودەبات .

٦.دەبێت بزانیت هۆکاری خۆکووشتنەکەی چی یە؟ واتە:دەست لەسەر برینەکەی دابنێ بەمەستی چارەسەر ،نەک برینەکەی بۆ بکولێنیتەوە .

۷.خۆت بخە شوێنی ئەو ،وادابنێ ئەو تۆیت ،تۆش ئەو ،حەزدەکەیت چۆن قسەت لەگەڵ بکەن ،هەربەوجۆرە لەگەڵ ئەو بدوێ .

٨.بڕیاری خۆکووژی بڕیارێکی لەپڕ وخێرا نی یە ،بەڵکو بەهۆی کاریگەری شتێکەوە ئەکرێت مێژوویەکی چەند ڕۆژە یان چەندمانگە یا ساڵ و زیاتری هەبێت ،بۆیە بەلاتەوە سەیرنەبێت ، شیکاری لۆژیکانە بۆ باتەکە بکە.

 

بەگشتی کەسانێک بیر لەخۆ کووشتن دەکەنەوە کەئەم خاڵانەی لای خوارەوە تیاندا بەزەقی ڕەنگ بداتەوە:

 

۱.کەسێکە هیچ ئومێدێکی بەم ژیانە نەماوە واتە( ڕەشبین )

ئەمەش زۆر جار کەسەکە خۆی تاوان بارە ،هەندێ جاریش کەسی بەرامبەر ،وەجاری وەهاش هەیە هەردوولا.

۲.تێکچوونی باری دەروونی هۆکارێکی گرنگە.

۳.لاوازی ئیمان و عەقیدەی دین.

٤.لەدەست دانی ئازیزێکی کەسەکە.

٥.نەخۆشی یەک کە بە هۆیەوە ڕۆژ بەڕۆژ ئازارەکانی کەسی توش بوو فشاری زیادی بۆبێنێت،هیچ ئومێدێکی باش بوونەوە نابینێت.

٦.بەکارهێننانی مادەی موخدەر و ئالوودە بوون پێ یەوە

۷.هەندێ کات دووکەس بۆیەک نابن،بەتایبەت ئەمە لەنێو تەمەنی هەرزەکار و تەواو پێنەگەیشتودا لەڕووی ژیری دامەزراوی ،دەردەکەوێت .

٨.تێکچوونی شیرازەی خێزان وکێشەی کۆمەڵایەتی .

۹.تەنیاو مانەوەی زۆر لەماڵ و بێ کارکەوتن، جەو نەگۆڕین .

۱۰. نەبوونی کەسێک لەژیانی دا کەجێگەی ئومێدو گشت ڕازوونیازی ئەو بێت .

۱۱.ژینگەی کەسەکە،زۆر جار ئەو کەسە لەژینگەیەک گەورەبووە کە ئاسانکاری زۆر دەکرێت، بۆ خۆ لە ناوبردن

۱۲.قەرزداری ،هەندێ کەس بەهۆی زۆری کەڵەکەبووی قەرزەکانی و فشاری خاوەن قەرز ،وەنەتوانین لەدانەوەی قەرزەکانی بەناچاری بڕیاری خۆکوشتن دەدات.

۱۳.باوک سالاری ،کەبەداخەوە هەتا ئێستاش هەر بوونی هەیە .

۱٤.هەستی بەکەم زانینی خود و باوەڕی بێ سودی خۆی  و بێ ئەرزشی.

۱٥.تووڕەیی لەڕادەبەر .

جێی خۆیەتی ئەوەبڵێین کە خۆکوژی یان خۆکوشتن ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بەتوندی ئیدانەی دەکات،بەهیچ پاساوێک مرۆڤ نابێت دەستی بچێتە خۆی

هەروەک لە قورئانی پیرۆز خودای میهرەبان  لە سورەتی" نیسا‌و" دەفەرموێت (ۆڵا تَقْتُلُوا أَنفُسَكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِیمًا ) ئایەتی(29)

واتە: ئەی ئیمان داران خۆتان مەکوژن ،خودا بە ڕەحمە بۆتان.

 

هەوڵدان بۆخووشتن لەژنان وکچاندا زیاتر دوو تاچوارهێندەی پیاوانە ،بەڵام لە هەستان بەبەرجەستەکردنی کارەکە پیاوان سەرکەوتوو تربوون

 

ماوەتەوە بڵێن:بەداخەوە خۆکوشتن ئەمڕۆکە لەتەواوی دوونیا بەتایبەت کوردستان لەهەموو سەردەمەکانی تر زۆرتربووە ،کەم نین ئەو هەواڵانەی لێرەو لەوێ لەشاشەی t.v سایت و ڕۆژنامەو تۆڕەکانی پەیوەندی بەرچاو بەرگوێمان دەکەون .

پێویستە لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەخلاقانە وتەندرووستانانەمامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەبکەن هەتا کەسانێک وەک چاو لێکەری یان سادەی کردەیی تەماشانەکرێت و بەهۆیەوە کەسانێکی تر ببنە قوربانی.

زۆر گرنگە بوار بەوکەس و دەزگاو ڕێکخراو مرۆڤ دۆستانە بدرێت کەلەهەووڵی شادکردن ودۆزینەوەی جارەسەری گرفتەکانی مرۆڤەکانن ،جا چ گرفتی مادی یان ڕۆح وڕەوانی کەسەکەبێت .

پەروەردە نابێت فەرامۆش بکرێت ،ئەوەی پەروەردەی پێی دەکرێت ،بەهیچ شتێکی تر ناکرێت ،بۆیە یەکەم زەنگی پەروەردەی هەریەکەمان بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ خێزانەکانمان ،خێزان تا تەباو ئارام و هەووڵی ئاسودەیی بۆبدرێت، هێشتا هەرکە مە ،ڕۆڵی خودی پزیشک و کەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا دەبێت لەبەرچاو بیگرێت .

 

زۆرجار بەهۆی ڕستەیەکەوە کەسێک ژیانی لەدەست دەدات، زۆر جاریش بەهۆی هەر ڕستەیەکەوەیە ژیانی کەسێک دەگەڕێنیتەوە .

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved