| ||
|
||
چەند بڕیارێك لەلایەنی حوکمەتی هەرێمەوە دەرکرا
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، چەندین بڕیاری بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەركرد.
دەقی راگەیاندراوەكە: بڕیــــاری ئەنجومەنی وەزیــــران ژمارە (٥١) لە ٥ ی ئایار ٢٠٢٠
پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو، و لە پێناوی سووككردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٧) لە ٢٠٢٠، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:
١. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكە، بۆ ئەو ماوەیەی كە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.
٢. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەك ڕێكاریی خۆپارێزیی.
3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانییەكان لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
٤. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.
٥. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە كرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو ١٥/٦/٢٠٢٠.
٦. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی دیكە كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.
٧.داشكاندنی ڕێژەی ١٥% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەی حكومەت كە لەلای هاووڵاتییانە وەك (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیـریی و قەرزی بچووك و پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی و پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێك هاووڵاتییان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەكان ناگرێتەوە كە بە كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەك ئاسانكاریی بانكی لەلایەن بانكە بازرگانییەكانەوە
٨. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||