حزبی شیوعی: پێویستە دەستبەجێ دەستگیركراوی هەولێر ئازادبكرێن

 

  

 

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بە پێویستی دەزانێت ئەندامانی دەستگیركراوی حزبەكەیان و سەرجەم ئەو چالاكوانانە ئازادبكرێن كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە هەولێر دەستگیركران كاتێك دەیانویست گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی دژبە هێرشەكانی توركیا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنجام بدەن.

 

 

دەقی راگەیەندراوەكە...

 

پێویستە دەسبەجێ ھاورێیانمان و سەرجەم چالاکەوانی سیاسی ئازاد بکرێن

 

ئەمرۆ ١٥/٦/٢٠٢٠ ژمارەیەک لە چالاکەوانی سیاسی دژ بە دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى پیرۆزى هەرێمى کوردستان و ڕەتکردنەوەیان لەبەردەم بالاخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبونەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم، ئەو چالاکەوانانەیان دەسگیرکردوە، لە کاتێکدا پێویست بو حکومەتى هەرێم فراوانترین چالاکى بۆ ئیدانەکردنى دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر خاک و خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدایە، کەچى بەپێچەوانەوە ئەو چالاکەوانانەی دەیانەوێت دەنگى ناڕەزایی خەڵکى بێدیفاعى کوردستان بگەیەننە نوێنەرایەتى نەتەوە یەکگرتوەکان دەستگیر دەکات.

 

حزبی شیوعى کوردستان، وێڕاى ئیدانەى ڕەفتارفاشیانەى تورکیا، لە هەمان کاتدا ھەڵوێستی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی عێراق بە لاواز دادەنێت.

 

حزبی شیوعی کوردستان گرتنی ھەندێک لە ھاوڕێیانمان و سەرجەم ئەو چالاکەوانانەی لە بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان ھەڵوێستیان دەربڕیوە، مەحکوم دەکات و داوا دەکات دەسبەجێ ئەو چالاکەوانانە ئازادبکرێن و گرتنی ئەو چالاکەوانانەو مامەڵەى دەسەڵات لەگەڵیان جارێکی دیکە مافى مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان دەخاتە بەر مەترسییەوە.

 

مەکتەبى سیاسى

حزبی شیوعى کوردستان

١٥/٦/٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved