| ||
| ||
شتێک بڵێ
شتێک بڵێ، هەرچییەک بێ ئەڵێی بەفری، دەنگت نییە دڵم تەنگە بۆ بێ دەنگی خۆ باران نیت؟ ڕەنگت نییە
کە ئەتزانی هۆگرت بووم بۆ سۆمای چاوت شاردەوە؟ بۆ ناهێڵی سۆزی دەنگت وەک جاران بێتە گوێمەوە؟
راستە ئەڵێن شەرم جوانە بەس پێم خۆشە بیدرکێنی گۆمی بەستووی حەزەکانم بە یەک وشە تێک بشکێنی.
شتێک بڵێ، ئیتر بەسە ئەم بێ دەنگییە وەک تاوانە ئەرێ گیانە تۆ ناترسی؟ بمکوژێ ئەم خەم و ژانە.؟
ئەرێ کەسێ پێی نەوتووی شاعیر چەن دڵی ناسکە؟ هەستی وەک لاپەڕەی شعرە پێنوسەکەشی فرمێسکە.؟
زۆر ئەترسم شەپۆلی خەم بژاکێنێ ئەشکی چاوم لە رۆژنامە و ماڵپەڕەکان ببینی چەن بۆت گریاوم.
شتێک بلێ، لە بێ دەنگیت دڵم خوێنی لێ دەتکێت با چیتر چاوڕێت نەبم لەوەش زیاتر دڵم نەشکێت.
تەنها یەک جار با گوێم لێت بێ، خەلکی ئەڵێ عەیامێکە، ئەم شاعیرە کپ و بێ دەنگ، شیعر ناڵێ.
شتێک بڵێ، هەرچییەک بێ گرینگ نییە، شەرمی ناوێ بەس گوێم لێت بێ وەکو گەنم لە خاکەوە شیعرم دەڕوێ
باران ئاسا لە ئاسماندا لێزمەی شیعرم دادەبارێ درەختی خۆزگە و ئاواتم لەباتی گوڵ، عەشق دەگرێ.
خۆ دڵی من چاک ئەناسی لەمە زیاتر بەرگە ناگرێ ئیتر بەسە، وام لێ مەکە شتێک بڵێ، خوا ئەتگرێ.. گەشبیر ئەحمەد ٢٠١٥ | ||
Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved
| ||