| ||
|
||
دەقی پرۆژە بڕیاری پەرلەمانی فەرەنسا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کورد لە عێراق
دەقی پرۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی فەرەنسا
ژمارە 4622 کۆمەڵەی نیشتمانیی دەستوری 4 تشرینی یەکەم رۆژی 29-1-2021، لە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی نیشتمانی تۆمارکراوە.
پڕۆژە – بڕیار
بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردان لە عێراق لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە پێشکێشکراوە:
Jean-Christophe LAGARDE, Meyer HABIB, Guy BRICOUT, Sophie MÉTADIER, Agnès THILL, Béatrice DESCAMPS, Pierre MOREL-À-L’HUISSIER, Michel ZUMKELLER, Grégory LABILLE, Valérie SIX, Philippe DUNOYER, Philippe GOMÈS, François PUPPONI, Pascal BRINDEAU, Thierry BENOIT, ku endamên Parlemanê ne.
دەستنیشانکردنی هۆکارەکان
بەڕێزان...
دەمێکە کورد بوەتە قوربانیی توندوتیژیی و زۆرداریی سیاسیی و کولتوری. لەبەرئەوەی لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 دا نکۆڵییان لێکرا و ئەو دەرفەتەیان لێسەندرا کە ببنە خاوەن دەوڵەتی کوردی، وەک لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920دا هاتبو، لەوکاتەوە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتە جیاوازەکانەوە بە ئامانج گیراوە.
دوای گەیشتنی حیزبی بەعس بە دەسەڵات و ساڵی 1969، دوای ساڵێک لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی عێراق لەلایەن سەدام حوسێنەوە، دۆخی کورد لە عێراق زۆر خراپ بو.
لە دوای ئەوەوە سیاسەتێکی توندی بەعەرەبکردن، راگواستنی زۆرەملێ، لەسێدارەدانی پلان بۆداڕێژراو و شەڕی ناوبەناو دەستیپێکرد.
لە ئاداری ساڵی 1971دا لە دەستوری نوێی حیزبی بەعسدا هاتبو، دەبێت لەمەودوا کورد بەشداریی "یەکێتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وڵات" ببن و هەروەها "دەبێت عێراق لە چوارچێوەی نیشتیمانی عەرەبی دا قبوڵ بکەن". ئەو ناچارکردنە بەهێزتربو دوای ئەوەی لەکاتی کۆنگرەی سێیەمی حیزبی ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند "خاکی کورد ناسنامەی عەرەبییە".
ساڵی 1972، ساڵی بەخۆماڵیکردنی کەرتی نەوت بوە، کە سەرچاوەی سەرەکی عێراقە، ساڵی "بەعەرەبکردنی" پارێزگای کەرکوکیش بو، بەتایبەت لە رێگەی دورخستنەوەی 2 هەزار و 500 کرێکاری کورد کە لەو کەرەتەدا کاریان دەکرد.
دوای توندبونەوەی ئاڵۆزییەکان و راگەیاندنی تاکڕەوی سەبارەت بە یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان، کە بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدا دەگرێتەوە، لە ساڵی 1974 شۆڕشی دوەمی کورد دەستیپێکرد.
با ئەوەشمان لەبیربێت، کە لە ساڵی 1970دا حیزبی بەعس خۆی پابەندکردبو بەوەی کە عێراق لە دو نەتەوە پێکدێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ هەرێمی کوردستان، کورد وەکو پێکهاتەیەکە کە لە تەواوی عێراق دانابڕێت، دروستکردنی هەرێمێکی کوردی کە زمانەکەی بە فەرمی قبوڵبکرێت لە بەڕێوەبەربردنی هەرێمەکە و پەروەردەدا.
بەڕاستی سەدام حوسێن نیازی نەبو کە دەستەکەوتێکی بەوشێوەیە بداتە کورد و ئەو دانوستاندنانە تەنیا بۆ ئەوەبون، کە سود لە کات وەربگرێت تاوەکو توانای عێراق بەهێز بکات.
لەکاتێکدا کە ئێران پشتیوانی کوردی دەکرد، ئاستەنگی لەپێش هێزە چەکدارەکانی عێراق دروست دەکرد، لە 6ی ئاداری ساڵی 1975 سەدام حوسێن قبوڵیکرد، کە دەست لەهەندێک ماف لە شەتولعەرەب بۆ ئێران هەڵگرێت، لەبەرامبەردا ئێرانیش کۆتایی بە پشتیوانیکردنی کورد بێنێت. لە ئەنجامدا ژەنەراڵ مستەفا بارزانی و جەنگاوەرەکانی ناچاربون کە شەڕ راوەستێنن و پەنابەر ببن.
دواتر، لە ماوەی سێ ساڵدا سەتان هەزار کورد لە باکوری عێراقەوە گواسترانەوە بۆ پارچەکانی دیکەی وڵات، بەتایبەت بۆ باشوری عێراق. لە پرۆسەیەکی پێچەوانەدا، خێزانی عەرەب بانگهێشتکران کە بچن لەو ناوچانە نیشتەجێببن لەپێناو "عەرەبکردن"ی کوردستان.
لە کاتێکدا سیاسەتەکانی عێراق کە لەساڵی 1969دا بەڕێوەچوبون و نەیانتوانیبو "کێشەکانی کورد" چارەسەر بکەن، عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حوسێن لە ئاداری 1987دا، وەکو سەرۆکی نوسینگەی کاروباری باکوری عێراق (کوردستان) دەستنیشانکرا و هەمو دەسەڵاتێکی پێدرا بۆ ئەوەی "چارەسەری کۆتایی" پیادەبکات.
لەکاتی ئەو دەستنیشانکردنەوە، پرۆسەی دەربەدەرکردن، وێرانکاری گوندەکان و گواستنەوەی دانیشتوانەکەی بۆ کەمپەکان چڕتربوەوە.
لە مانگی نیسان یەکەم تاقیکردنەوەی کیمیابارانکردن کرا و دەرکەوت کە کاریگەرە، لەو تاقیکردنەوەدا کە لە دۆڵی بالیسان ئەنجامدرا، بوە هۆکاری کوشتنی 400 کەس و برینداربونی ژمارەیەکی دیکە. کە لەکاتی راکردندا روبەڕوی کیمیاییەکە ببونەوە.
26ی ئایاری 1987 عەلی حەسەن مەجید بەرپرسانی حیزبەکەی کۆکردەوە و گوتی "هەرکاتێک ئێمە پرۆسەی راگواستنمان تەواوکرد، دەستدەکەین بە هێرش لە دژی ئەوان {پێشمەرگە}، لە هەمو شوێنێک (...) ئێمە گەمارۆی ئەوان دەدەین لە روبەڕێکی بچوکدا و بە چەکی کیمایی هێرش دەکەینە سەریان. من تەنیا یەک رۆژ بە چەکی کیمایی هێرش ناکەمە سەریان، من 15 رۆژ هێرش دژی ئەوان درێژە پێدەدەم. (...) من بە هاوڕێیانی شارەزام گوتوە، کە من پێویستیم بە تیمی تایبەتە لە ئەوروپا، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو کەسانە (رکابەرە کوردەکان) کە بتوانین بگەینە ئەوان و بیانکوژین. بە پشتیوانی خودا من ئەمە دەکەم، من ئەوان تێکدەشکێنم و بەدوایان دەکەوم تاوەکو ئێران، من بە موجاهیدین {موجاهیدنی خەڵقی ئێران} دەڵێم، کە لەوێش هێرشبکەنە سەریان".
دواتر عەلی حەسەن مەجید بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی قەدەخەکراوی دا، کە هەزار گوندی کوردی لەخۆ دەگرت و فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی کرد، کە هەر مرۆڤێک یان ئاژەڵێک لەو ناوچانە هەبێت بیکوژن.
دوای ئەو بڕیارە، بڕیاری دوەم درا، کە لەنێویدا "نەخشەی" جینۆساید هەبو.
بەمەبەستی خێرا جێبەجێکردنی پرۆسەکە و سەلماندنی شێوازی خۆی، سەرۆکی نوسینگەی کاروباری باکوری عێراق دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کرد (غەنیمە/ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی "کافران" وەک دەستکەوت) کە لەنێوان 23ی شوبات و 6ی ئەیلولی 1988 دا ئەنجام دران. ئەم ئۆپەراسیۆنە لوتکەی جینۆسایدی پلان بۆ دانراوبو لە دژی کوردان. ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆچبەربون، ونکردنی بەکۆمەڵ {کۆمەڵکوژی} بۆمبارانکردن بە چەکی کیمیایی و لەسێدارەدان بەبێ دادگاییکردنی لێ هاتەئاراوە.
رۆژی 25ی مانگی ئاب 200 هەزار سەربازی عێراق لە 16 فیرقەدا کۆکرابونەوە و فەوجێکی تایبەت بە چەکی کیمیایی بە پشتیوانی فڕۆکە "هەڵمەتی پاکتاوکردنی کۆتایی" لە دەڤەری بادینان، ناوچەیەکی کوردیی لەسەر سنوری تورکیا دەستپێکرد.
هەرچەند ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کۆتایی هات، بەڵام پرۆسەی وێرانکردنیان درێژە پێدا، بەتایبەت لە شاری قەڵادزێ، کە دوایین پرۆسەی گەورە و کۆتایی بو بۆ چارەسەرکردنی "پرسی کورد" کە بوە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەی کاروباری باکوری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە تایبەتانەی کە درابونە عەلی حەسەن مەجید.
با لەبیرمان بێت، کە لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا لە ئاداری 1988، کە چەند کیلۆمەترێک لە سنوری ئێرانەوە دورە، پێنج هەزار کورد لە چەند کاژێرێکدا لە هێرشێکی کیمیاییدا کوژران، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە لە جۆری مێگ و میراگۆ ئەنجام درابون، لەنێویاندا سێ هەزار و 200 قوربانیی بێ خێزان لە گۆڕێکی هاوبەشدا بەخاکسپێردران.
سەرەڕای ئەوەی جیهان بەو کۆمەڵەکوژییەی زانیبو، بەڵام هیچ گوشارێکی نێودەوڵەتی کاریگەر لەسەر عێراق نەکرا بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی نوێ بکات.
دوای شەش مانگ لەم کۆمەڵکوژییە، ئەمریکا یەک ملیار دۆلاری پێشکێشی سەدام حوسێن کرد، وەک هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوای بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران. دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە دوبارە بوەوە، کاتێک عەرەبی شیعە و کورد، لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە هاندرابون بۆ کەوتنی دەسەڵاتی بەعسی سەدام حوسێن سەرهەڵدان بکەن، لەناو خوێندا گەوزێندران، ناچاربون کۆچبەر ببن و بەوشێوەیە کێشەی مرۆیی لە ئێران و تورکیا دروستبون.
رۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1991، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری ژمارە 688 سەپاند، کە ئامانجی دروستکردنی "هەرێمی نەفڕین" و راوەستاندنی پێشکەوتنی سوپای عێراق بو، هەروەها رێگەدان بە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بە ناوی Provide Comfort بو، کە نیشانەیەک بو بۆ دروستکردنی هەرێمێکی نوێ- سەربەخۆ لە ناوچە کوردییەکان.
ئەو رۆژە رەشانە بونە هۆکاری ئەنجامی وێرانکاری، کە 90%ی گوندەکانی کورد و نزیکەی 20 شارۆچکە وێرانکران، هەروەها توانای کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریی لە کارکەوتن، بەهۆی دانانی 15 ملیۆن مین لە زەوییەکانی هەرێمەکە. لەسەرو ئەوەشەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار جوتیار لەنێو کٶمەڵگەکاندا نیشتەجێکران. بە گشتی لە ساڵی 1974ـەوە 400 هەزار کورد گیانیان لەدەستداوە، نیوەیان وەکو ونبو هەژمار کران. کە 10%ی کۆی دانیشتوانی کوردبون لە عێراق دا.
سەرەڕای ئەمە، بۆردومانکردنی کیمایی کاریگەیی زۆری لەسەر تەندروستی کوردان جێهشت (وەکو کوێربون، لەبارچونی منداڵان، نەخۆشییە زگماکییەکان).
دور لە ئۆپەراسیۆنی سادە لە دژی راپەڕینەکان، گەلی کورد بە گشتی بوە ئامانجی لەنێوبردن.
لە کانونی یەکەمی ساڵی 2005، کۆمەڵکوژی دژی کورد وەکو جینۆساید ناسێندرا، لەلایەن دادگەی لاهای و لەلایەن دادگەی تایبەتی عێراقەوە، لە حوزەیرانی ساڵی 2007دا، عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ دو بەرپرسی دیکەی عێراق، بەتاوانی جینۆساید دژی کورد بە سزای لەسێدرارەدان، سزادران.
تەنانەت دوای کەوتنی سەدام حوسێنیش، کوردانی عێراق بونە قوربانی توندوتیژیی، هەڵاواردن و کرداری دڕندانە، بەتایبەت لەسەر دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و میلیشیاکانی شیعە. "بەعەرەبکردن"ی گەلی کورد و کوردستان تاوەکو ئێستاش هەرماوە.
فەرەنسا، دۆستی گەلی کورد، وڵاتێک کە دەبێ لە هەمو وڵاتانی دیکە زیاتر واتای جینۆساید بزانێت، بەچاوی گەورەترەوە تاوانێکی بەوشێوەیە لە دژی مرۆڤایەتی ببینێت.
لەم رەوشەدا دەستنیشانکردن و بەکارهێنانی دەستەواژەی جینۆساید بێگومان زێدەڕۆیی نییە، لەبەرئەوەی وەکو لە راپۆرتی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ HRW دا هاتوە، "بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ بڕگەی رێککەوتنی جنێڤ سەبارەت بە جینۆساید، ئامانجی رژێم لە لەنێوبردنی گروپێک- کوردی عێراق، بەشێوەیەک دابەشبوە، ئەمەی ئەنجامداوە. نیاز و کردارەکان یەکدەگرنەوە، تاوانی جینۆساید بە تەواوی جێبەجێکراوە".
بۆیە ئەم پڕۆژە – بڕیارە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات، کە ئەم جینۆسایدە بناسێنێت و پشتیوانی قەرەبوکردنەوەی زیانی قوربانیان و خێزانەکانیان بکات.
پڕۆژە – بڕیار ماددەی تاک و تەنیا
1-کۆمەڵەی نیشتمانی
2-بەگوێرەی ماددەی 34-1ی دەستور
3- بەگوێرەی ماددەی 136ی پەیڕەوەی ناوخۆی کۆمەڵەی نیشتمانی
4- بەگوێرەی ماددەی 6،7 و 8ی یاسای رۆمای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی
5-بەگوێری ماددەی 2ی رێککەوتنی رێگری و سزادان لەسەر تاوانی جینۆساید
6-بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی جنێڤی ساڵی 1925 سەبارەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی هاوشێوەی چەکی بایۆلۆژی لە شەڕدا.
7-لەبەرچاوگرتنی بنچینە مادییەکان ئامادەکراو، پلان و رێکخستنەکانی کە لەلایەن دەسەڵاتی عێراقیی سەدام حوسێنەوە جێبەجێکرابون.
8-لەبەرچاوگرتنی کردارە چەکدارییەکان، بەشبەشکردن، بێبەشکردنی مرۆڤایەتی و دابەشکاریی چینایەتی و دەربەدەرکردن، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، قڕکردنێک کە کوردی عێراق قوربانییەکانی بون.
9-لەبەرچاوگرتنی رێژەی دڕندەیی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، بەتایبەت بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە، تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئەنجام دراون.
10-لەبەرچاوگرتنی خواستێکی بەهێزی رژێمی عێراقی ئەو سەردەمە بە تەواوی یان بەشێکی لە گەلی کورد لە عێراق بۆ لەنێوبردن (قڕکردن).
11-لەبەرچاوگرتنی ئەرشیڤێکی زۆر کە بە وێنەی بەڵگەدار لەسەر بەرپرسانی عێراق و تاوانەکانیان لە دژی مرۆڤایەتی.
12-لەبەرچاوگرتنی ناسینی دادگەی لاهای، لە 23ی کانونی یەکەمی ساڵی 2005، ئەو کردارانەی کە بنچینەییەکانی جینۆسایدن، بەتایبەت کارکردنی لە دژی هەڵەبجە لە ساڵی 1988دا، هەروەها حوکمی دادگەی تایبەتی تاوانەکان لە عێراق لەسەر ئەنجامدەرانی سەرەکی کردارەکان.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved
| ||