هەناسە تاساوەکانی ئەشکەوت

        فاتیح سەلام

 

دوای پرۆسەی جێبەجێکردنی هەر هەشت قۆناغەکەی ئەنفال وماننەوەی خاکێكی چۆل و کاول و بغرۆی بێ نەتەوە

 کۆمەڵێك پێشمەرگەی خۆنەویستی(ئەوحەلە) بڕیاریاندا بە مانەوەیان لە ئەشکەوت و کەڵۆز و کونە تاوێر هەندێ

 حەشارگەی هەرد و دەشتەکانی گەرمیاندا بمێننەوە وە درێژە بەخەباتی پارتیزانی خۆیان بدەن.

 

گروپێك لەو کەڵە پیاوانە (مەلا ئەحمەدی گەرمیان و هاوڕیکانی) بوون کەبەداخەوە ڕۆژی ١٩/٣/١٩٨٩(ساڵێك دوای

 ئەنفالەکە) لە ئاکامیداڕووخانی ئەشکەوتەکەی داری خلە بەسەریاندا هەر حەوتیان شەهید بوونو تا دوای رپەڕین لەژێر

 ئەو ئەشکەوتدا مانەوە و دواتر بەیارمەتی ئەو خەڵکە و بەکارهێنانی چەندین شۆفڵ ئامێری قورس تەرمەکانیان

 دەرهێنرانەوە.

 

 هەناسە تاساوەکانی ئەشکەوت

 

ساڵێ پاش مێژووی وونبونی دەست و

پەنجەی نیشتمانم

پاش تەزینی هەر چوار سمکۆڵانی ئەسپی شێم و

ڕەوکردنی گوندەکانم

پاش خوێن بەربوونی جەستەم و

کوێر بوونی چاوی تەناهی و کانیاو و..

خولانەوە لە وەرەسی خۆم و خۆماندا و ..

لەگۆ کەوتنی زمانم

بەهارێك پێش کووڕ بوونەوەی تیشکی خۆر بۆ زیدی نغرۆم

پێش ئەوەی خاك بانگی هەڵدا و..

بەرائەت بەرماڵی ڕاخاو

دۆزەخم بۆ بێتە جۆش و..

نەتەوەیەك بڵێت دەڕۆم

ڕیبەندانیزەرد دوای ئەوەی

زریان بردی سەری کاسم

جوانیەکان بوون بە شەیتان و ..

(عەرعەر) هۆرەی لێ سەندمەوە و

کەڵپەی سەگ ولم و عەجاج

مێخەك بەنیان بڕیمەوە و..

گیر  بوون لە ئێسك و کراسم

        ****

پاش ئەوەی لە وێرانەدا

ئەنفال لە ناو لەپی خوێندا چراکانمی کوژانەوە

نامۆیی لە وێستگەی ڕەشیا

وانەی مەرگ و

گوڵ وەرین و ..

چیرۆکەکانی برسێتی و ..

نەعل بەخەیار زانینی

لە فەرهەنگما توامەوە

ئا.. براکەم

بەڵێ ئەوان

حەوت ئەستێرە

حەوت ئاگردانی پڕ پشکوی

خومخانەی کپی گەرمیان

کەمتر لە ساڵێ دوای وەرزی

بومەلەرزە و گڕکان و کڕیوە وزریان

خەم ناخیانی داخ کرد و..

لە ئەشکەوت و بن بەردانێ

جارێك لەنێو قوڕگی کەژ و...

دڕدان بەتاریکی شەوی سرەوتی و پارتیزانیدا

جاڕێکیش بۆ هەڵ لووشینی خەڵك و خاکی دەستە پاچە

لە نێو نینۆکی خوێن بەستووی ترۆپکی نا ئینسانیدا

ئەوان حەوت سواری مێژوو بوون

ترسیان کردبووە پێڵاو

 مەرگ ناسنامە و..

ئەشکەوت ماڵ و بەرگ وکڵاو

بەرەو مێرگی بەرەنگاری و ئەفسوون دەچوون

گوێ بۆ چرپە و .. دەست بۆ چەك و خوێنیش لە دەریا سورەکەی

کوردستانا

قوڵپی داداو.. تێکەڵ دەبوون

 

  *******

وەك کۆڵە پشتی تۆزاوی

(دمدم) یان لە کۆڵ بەستوو

(خانی لەپ زێڕین) لە دوور ڕا

بەرزە نیگا تێیدەڕوانین..

ئەوانە چین .. ئەوانە کێن..؟..!

واهێندە شپرزەن و شەویان کردۆتە ئاوزەنگی و ..

خەرمانیان لە پاشکۆی ڕمبازی ناوە و بۆ ئێرە دێن

ووتیان میرم:

ئەوانە حەوت شۆڕەسواری لەئەشکەتا داگیر ساون

ملیان ناوە بەڕیگاوە و میوانی تۆن وا بەتاون

ئاسمان ووتی:

ئەوانەی لە دوای نمەی باران

پەڵە هەورە کۆچەرییەکەی جارانن و..

دەچنەوە ڕۆحی کەنار و هەواری سووتاوی باوان

دەنگێك ووتی:

 ڕۆژمێری بەرباخەڵی شەهیدێکیانم خوێندەوە

تیا نووسرابوو لە برسانا

لە چاوەڕوانی مردنا ڕۆحمان دەسپارد

ڕەنگە تاس بتانباتەوە

کاتێك دەڵێم

 بۆچەند ڕۆژێ هیچمان نەبوو

 تەنهاو تەنها گیامان دەخوارد

(با) دەنگی بڵند کردەوە

ئەمان لەخەوەێکی قووڵدان

کاتێ بە ئاگا دێنەوە

 بوونە بە حەوت بیرۆکەی سەوز

لە نووکی قەڵەمێکەوە گوڵی دەمیان دەکرێتەوە و دەردێنن

مانیڤێستی دەنووسنەوەو

هەروژان و داڕمانی بۆ یەك بەیەك شاخ و ئەشکەوتی کوردستان

دەگێرنەوە و یەك دەدوێنن

 

          ********

دبەدەم زامی کیم لێچۆڕین  و ژانەوە

(داری خلە) ش  شریخاندی بەبنارا

-- ئەوا وەك قوتکەی گرد ، ساخ وملە

بەگەورەیی لەدایكبوون

بۆیە ئاواش بە مەزنی لەسەرشانی مردن وەستاون

سەربەرزم بەو شانازییەی

بۆ حەوت پێشمەرگەو شۆرشێ

 کرام بەوێرد و ناونیشان

 

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022 All rights reserved