| ||
|
||
ڕاگەیاندراوێك لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بەرزاییەکانی ئالانە لە سنووری حاجی ئۆمەران بڵاو کردەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: جەماوەری خەڵکی کوردستان، ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان، ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان!
هەروەکوو هەموولایەک ئاگادارن لە بەرەبەیانیی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانەوە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپباران و کاتیوشابارانی بەرزاییەکانی “ئالانە”ی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە.
هەرچەندە ئەوە یەکەم جار نییە کە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەکەیان بەهۆی تۆپخانە و هێزی مووشەکی و هەوایی سنووری عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنێ، بەڵام ئەم جارەیان ڕێک دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە لە ئانکارا ئەم هێرشانە دەستی پێکردوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندراوە پەلامارەکان هەروا درێژەیان هەیە.
کۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەکەی بە مەبەستی لێدانی بنکەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی، هێزێکی زۆری پڕچەکیشی بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کۆ کردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لە ئارادایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەو تۆپباران و هێرشانەدا زەرەروزیانێکی زۆری ماددی بەر جووتیاران و کوێستانچیەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش کەوتوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی هەرچەشنە سنووربەزاندن و هێرشێک بۆسەر حیزبەکانی کوردستان داوا لە ناوەندە سیاسییە بڕیاردەرەکانی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکا لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێهەڵوێست نەبن و بۆ پاشەکشە بەو هێرشانە دەنگ هەڵبڕن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەروەها داوا لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکا کە لە بەرانبەر ئەو دەست درێژییانەدا بۆ سەر وڵاتەکەیان، ناڕەزایەتی دەرببڕن و لە کۆماری ئیسلامییان بوێ کە ڕێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرێ.
هەموو ئەو هێرشانەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی خۆیدا دەیان قەیرانی گەورە بەرۆکی گرتوە و لەبەر گەندەڵیی بەرفراوانی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی و قەزایی ڕێژیم، توانایی ڕاپەڕاندنی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵکیان نییە و داهاتی ئەو وڵاتە خەرجی ئەو شێوە پەلامارە تیرۆریستییانە و یارمەتیی گرووپە تیرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی ڕێژیم لە ناوچە دەکرێ و بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن قەیران و کێشەکانیان بشارنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە جارێکی دیکە ڕادەگەیەنێ کە باشترین و تەنیا ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگەچارەی سیاسییەوە و پەنا بردنە بەر هێرشی سەربازی تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا و تێچوویەکی قورسی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەدواوە دەبێ. هەروەها مێژوو سەلماندوویەتی ئەو جۆرە هێرش و پەلامارانە گەلی کورد لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دڵسارد ناکاتەوە.
بە هیوای یەکگرتوویی زیاتری تێکۆشەران و خەباتکارانی گەلەکەمان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ ١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||