هەڵوێستی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان سەبارەت بە هه‌لبژاردنه‌كانی‌ خوولی‌ دوازدەهەمی پەرلەمانی‌ له‌ ئێران!

 

نەتەوەی مافخواز و سەربەرزی کورد!

چالاكوانانی‌ سیاسی‌، ئاینی، مه‌ده‌نی‌‌!

پالێوراوانی‌ خوولی‌ دوازدەیەمی په‌رله‌مانی!

 

حیزب‌و رێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان!

 

بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵبژاردن وەک یەکێک لە گریگترین میکانیزمەکانی سازو کاری سیستمگەلی سیاسی دێموکڕاتیک سه‌یر ده‌كات و پێیوایە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌دا، شارۆمەندان دەرفەتی بەشداری و مشارکەتی فەرمی و رێکوپێکیان لە ئاست دیاریکردنی داهاتووی سیستمی سیاسی وەڵات‌و چاره‌نووسی‌ خۆیان بۆ دەرەخسێت. وەک ئاشکراشە زۆرینەی نیهاد و دامەزراوەکانی سیستمگەلی دێموکڕاتیکی جیهانی، بە سوودوەرگرتن لە پرۆسەگەلی هەڵبژاردن شکل دەگرن، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن دەگەل ئەوەش‌دا کە ڕۆڵی سەرەکی لە پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی ئۆرگان‌و نیهادە دیموكڕاتیک‌ و ناوه‌ندگەلی بڕیاردانی وەڵاتدا دەگێرێت، به‌ڵكوو له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌رفه‌تێك ده‌خوڵقێنی‌ كه‌ شارۆمه‌ندان بتوانن به‌ شێوازی‌ دێموكڕاتیك‌ و ئاگایانه‌ ئیرادەی سیاسی خۆیان، وەک دەنگ بخه‌نه‌ ناو سه‌ندووقه‌كانی‌ ده‌نگدان‌ و بەم‌ چەشنە ته‌عبیر له‌ ویست‌ و داواكانی‌ خۆیان بكه‌ن.

له‌و ڕاستایه‌ش‌دا بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازانی  ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ره‌خنه‌كانی‌ له‌سازوكاری‌ سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران، هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ خوولی‌ دووازدەیەمی په‌رڵه‌مانی‌ له‌ ئێران، به‌ ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاو‌ و كه‌م هه‌زینه‌ بۆ كورده‌كان دەنرخێنێت‌، تا له‌و رێگایه‌وه‌ بتوانن نوێنه‌رانی‌ جێی‌ متمانه‌ی‌ خۆیان، لانی كەم بۆ پاراستنی ناو و شووناسی نەتەوەیی کورد و جوغرافیای كوردستان ڕه‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران بكه‌ن.

بزووتنەوە پێوایە دەگەل ئەوەش‌دا كە گۆیا پارڵەمانی ئێران دەسەڵاتی یاسادانانی كەلانی نییە و زۆرتر وەك مەحزەرێك بۆ تۆمار و سەپتكردنی حوكمگەلی حكومەتی و ڕەهبەری ڕۆڵ دەگێرێت، بەڵام بەوحاڵەش هەبوونی نوێنەری كورد لەوەها مەجلیسێك‌دا دەتوانێ بۆ ئێستا و داهاتووی كورد سوودی گشت ڕەهەندی نهادینە بكات، كەوایە كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ کە خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و له‌سه‌رووی‌ هه‌موانه‌وه‌ چالاكوانانی‌ سیاسی‌‌، مه‌ده‌نی‌‌، ئایینی و كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ غەمخۆری پرسی كورد، له‌ گشت ده‌رفه‌تگەلێکی مشارەكەتی، لە ڕاستای داڕشتنه‌وه‌ی‌ دووباره‌ی‌ داوا‌ وخواسته‌كانی‌ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سوودوەربگرن، و ئه‌و ده‌رفه‌تانە وێنەی ”نەمر بەهائەدینی ئەدەب”، لەپێناو پاراستنی شووناسی كورد و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ داخوازییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌‌ لەناو په‌رڵەمانی‌ ئێران دا بقۆزنەوە.

بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان هه‌رله‌ ژێر تیشكی‌ ئه‌و خویندنه‌وه‌ش‌دا، بەشداربوون بە بەشتێكی ئیجابی دەنرخێنێت بەڵام بەمەبەستی ڕێزلێنان لە ئیرادەی سیاسی خەڵك و هەروەها دەخیل‌كردنی خەڵك لەئاست دیاریكردنی چارەنووسیان، پێیوایە خەڵك پێویستی سەرپەرەشت و بەقەیومی سیاسی بۆ نیشاندانی ڕێگا و دیاركردنی بڕیاری سیاسی لەئاست مشاركەتیان لە هەلبژاردنەكانی مەجلیسی دووازدەیەم نییە، و لەم پەیوەندییەدا، پێویستە وە دەبێ ئێمە و گشت حیزبەكان خەلك سەربەست بكەیین كەبەتەناسوبی دۆخی هەنووكەیی و هەلسنگاندنی لایەنەكانی سلبی و ئیجابی بەشداری و بایكۆت دا، خەڵك چۆنیان پێ‌باش بێت وابكەن و لەئاست دوو گووزینەی "بەشداری و بایكۆت" دا هەڵویست وەربگرن و بڕیاری كرداری بدەن، لەئەگەری بەشداربوون لەهەڵبژاردن دا پێویستە هەوڵبدەن لەناو کەسایەتییە باشەکان، باشترینیان کە خاوەنی درایت و کیفایەتی سیاسی و وەکالەتی بن، هەڵبژێرن و دەنگیان پێ بدەن و ڕەوانەی په‌رڵەمانیان بکەن.

مافی سەرپشكی و سەڕبەست بوونی خەڵكی كوردستان، بەو مانایە كە خەڵك سەغیر نییە و ئاگا و زانایە و پێویستی بە قەیوومی سیاسی نییە، بەڵكوو بۆخۆیان دەتوانن لەئاست بەشداریكردن، یان بایكۆتی هەڵبژاردنەكان سەربەستانە بڕیار بدەن، بەڵام لەئەگەری بڕیاری سەڕبەستانەی خەڵك بۆ بەشداریكردنیان، دروست ئەو كاتەیە كە ئێمە و حیزبەكان بەمەبەستی ئاراستەکردنی بەرچاو ڕوونی بۆ بەشداربووانە، كە دەتوانین داوا له‌ گشت دۆست و لایەنگری تشكیلاتی و هه‌موو نوخبه‌‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ كورد، رێكخراوه‌ی خویندكاری‌‌، حیزب‌و گرووپه‌ مه‌ده‌نی‌‌و مه‌زهه‌بییه‌كانی‌ كوردستان به‌ هه‌ر بیروباوه‌ڕیكه‌وه‌ كه‌ هه‌یانە بكەیین، تا بەڵکوو به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شەخسی، سێنفی و حیزبیەوە دابنێن‌ و بۆ گه‌ڵاڵه‌ و ئاراستەكردنی‌ داواگەلی سیاسی‌، ئابووری‌‌و فه‌رهه‌نگیه‌كانی‌ كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تێبكۆشن‌، و لە كاندید و بەربژێرێك پیشتیوانی بكەن كە هەوڵبدات لەم هەڵبژاردنەدا بەئاڕاستەکردنی ئاجیندا و بەرنامەیەک کە ئاوێنەی تەواونمای داخوازییەکانی

 

ڕاستەقینەی چین‌وتووێژی کۆمەڵگای کوردستان بێت،بەشداری مڵملانێی هەڵبژاردنەكان بكات، تابەڵکوو بەم‌هۆیەوە کەسانی خادم و خەڵکی‌و داکۆکیکاری مافی گەل، وێنەی ”نەمر ئەدەبەكان” بەرەو مەجلیس ڕەوانە بکرێن.

 

ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی‌ بزوووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازان بۆبەشداری سەربەستانە و‌ ئاگایانه‌‌و مه‌عقول و هەدەفمەندانەی خەڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌دا، بەمانای ئاراستەکردنی شەرعییەت و دانپێدانان به‌ حكومه‌ت‌ و خه‌ڵكی‌ تر نییه‌، به‌ڵكو چەشنێک ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر داوا ڕه‌واكانی‌ كورد له‌ ئێران ‌دایەو پێمانوایه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌بێت له‌ گشت ڕێگەگەلی كه‌م هه‌زینه‌‌و مه‌ده‌نیانه‌ بۆ خستنه‌ ڕووی‌ داواكانیان سوود وه‌ربگرن.

بزووتنەوەی كۆماریخوازان پێیوایە، سیاسەتی بایکۆت یان خۆدزینەوە لە بەشداریکردن لە ڕەوتی هەڵبژاردنه‌كان‌دا، هەروەک بەدرێژایی ٤٣ساڵی ڕابردوو بەئازموون بۆمانی دەرخستووە هیچ سودێكی‌ بۆ كورد تێدا نەبووە و نی‌یه‌ و ناشبێ. سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌كانمان له‌ نادیموكڕاتیك بوونی‌ ڕەوت و مکانیزم‌ و رێكاره‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ئێران‌دا، ئێمه‌ ناردنی‌ نوێنه‌ریكی‌ باشی کورد زمان و کوردپەروەر بۆ په‌ر‌ڵمان زۆر به‌ سوودتر ده‌زانین له‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ كه‌سێكی‌ سه‌ر به‌ حكومه‌ت‌ و ناچالاك، یان لە ڕەگەزی غەیری كورد. دیارە پێویستە لەئەگەری بەشداربوون لەهەڵبژاردن‌دا هەوڵ‌بدەن لەناو کەسایەتییە باشەکان، باشترینیان کەخاوەنی دەرایەت و کەفایەتی سیاسی و وەکالەتی بن، هەلبژێرن و دەنگیان پێ بدەن و رەوانەی په‌رله‌مانیان بکەن.

له‌ هه‌مان كات‌دا، لەئەگەری بڕیاری سەربەستانەی خەڵک بۆ بەشداری، داوا‌ له ‌كه‌سایه‌تی‌ و نوخبه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین، کە هەوڵبدەن خەڵك سەبارەت بە ئاكامە سلبی و ئیجابییەكانی بەشداربوون، یان بایكۆتی هەڵبژارنەكان ڕوون بكەنەوە، و لەئەگەری ڕەزایەتی خەڵك بۆ بەشداری، دیسانەوە هەوڵبدەن له‌ ناو كه‌سان‌و پاڵێوراوانی باش‌دا، پشتگیری سمبوولیکی خۆیان ڕوو لە باشترین پاڵێوراو ئاراستە بکەن بۆ ئەوەی خەڵک لە تەشخیسی پاڵێوراوی جێی متمانەی خۆی تووشی هەڵەی بژاردەیی نەبێت، و بتوانن نوێنەرانی شایستەی ئەرك و ڕەسالەتی نوێنەرایەتی‌ و خاوەن ورە و شووجاعەتی سیاسی، وێنەی ”نەمر ئەدەب” وەک وەکیل و مدافعی بەرژەوەندیەکانیان، ڕەوانەی پارڵەمانی دووازدەیەم بکرێن.

 

بزووتنەوەی کۆماریخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی /١٤٠٢ی هەتاوی

١١ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی

 

Qadirzada.com © 2009 - 2024. All rights reserved