| ||
|
||
به‌ختیار زێوه‌ر
ناوی "فایه‌ق"ی كوڕی "عه‌بدوڵڵا كوڕی محه‌ممه‌دی كوڕی مه‌لا ڕه‌سوڵ"ه، واته كوڕی شاعیری ناسراوی كورد "زێوه‌ر"ه (1875-1948)، له ساڵی 1908دا له شاری سلێمانی هاتۆته ژیانه‌وه.
وه‌ك پێشبینیه‌كی به‌رچاو گه‌شانه و نوقڵانه بۆ لێكدانێكی دڵخۆشكه‌رانه باوكی ناوی ناوه "فایه‌ق"، ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو ده‌گرێته‌وه و هیوای سه‌ركه‌وتنی له ژیاندا بۆ خواستوه و ته‌نانه‌ت خۆیشی له سه‌ره‌تای هۆنراوه وتندا به‌م ناوی سه‌ركه‌وتووه‌وه و به‌رهه‌می بڵاو ده‌كرده‌وه و له پاشان نازناوی "به‌ختیار"ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه و هۆنراوه‌ی به‌و ناوه‌وه بڵاو ده‌كرده‌وه و له جیهانی وێژه‌ی كوردیدا به "به‌ختیار زێوه‌ر" ناوی ده‌ركرد.
سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خوێندن، له‌و ڕۆژگاره‌دا كه حوجره و لای مه‌لا بووه، له خزمه‌ت باوكی‌دا خوێندویه‌تی و دوایی تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بڕیوه، له دواییدا به كاری "برینپێچی ڤیته‌نه‌ری" دامه‌زراوه. له ماوه‌ی ئه‌م كاره‌یدا زۆر له ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر گه‌ڕاوه و سۆز و ئه‌وینی خۆشه‌ویستی و جوانی دیمه‌نی كوردستانی چه‌شتوه، هه‌ر له ژیانی كاره‌كه‌یدا، پاش ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی شه‌و له سلێمانی ده‌كرێته‌وه، وه‌ك خولیایه‌ك و هه‌ستێكی ته‌واو قوڵ به پێویستی خوێندن و له‌سه‌ر ڕۆیشتنی، بێگوێدانه نه‌خۆشی و ته‌مه‌ن گه‌وره‌یی و ئه‌ركی فه‌رمانبه‌ری و گیروگرفته‌كانی ژیان، سه‌رله‌نوێ ڕوو ده‌كاته‌وه قوتابخانه‌ی شه‌و و بڕوانامه‌ی سێی ناوه‌ندی وه‌رده‌گرێت. چوارده ساڵ و شه‌ش مانگ ته‌مه‌نی فه‌رمانبه‌ری بووه.
به‌ختیار، هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه گیرۆده‌ی نه‌خۆشی "مێشك" بووه و به ده‌ست ئه‌م ده‌رده‌وه زۆر ناله‌بار و په‌ریشان بووه، به تایبه‌تی له‌و كاته‌نه‌دا كه زۆری بۆ هێناوه، تا ساڵی 1948دا، به هۆی كۆچی باوكیه‌وه، ته‌واو به ده‌ست ئه‌م نهخۆشیهیهوه كز و سه‌رگه‌ردان بووه و ناچار له به‌غدا نه‌شته‌رگه‌ری مێشكیان كردووه و كاسه‌ی سه‌ریان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام بێسوود بووه، چونكه دوای ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه به شه‌ش مانگ له ڕۆژی 1952.12.31 كۆچی دواییكردوه و له گۆڕستانی "گردی جۆگا" له سلێمانی، له ته‌نیشت گۆڕی زێوه‌ری باوكییه‌وه نێژراوه.
با ئه‌وه‌ش له یاد نه‌چێت هه‌ر له منداڵیه‌وه له به‌هره‌ی ڕووناكی چاوێكی بێبه‌شبووه. پێش مردنی به دوو ساڵ ژنی هێناوه و هیچ منداڵی له پاش به‌جێنه‌ماوه.
سه‌ره‌تای هۆنراوه‌وتنی "به‌ختیار زێوه‌ر" بۆ ساڵی 1925 ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیه‌وه، به‌م پێیه هاوچه‌رخی شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، ئه‌و شاعیرانه‌ی كه له ده‌ستپێكردنی بزوتنه‌وه‌ی شیعرییانه‌وه له‌سه‌ر تان و پۆی عه‌روزی عه‌ره‌بی و كه‌ره‌سه و چه‌شنی ده‌ربڕین و شێوه‌ی كلاسیكی به‌رهه‌می شیعری‌یان داده‌ڕشت و له ساڵی 1920 و 1925 به دواوه ورده ورده كه‌وتنه گۆڕێن و نوێكردنه‌وه‌ی شێوه و ناوه‌ڕۆكی هۆنراوه‌ی كوردی ناوچه‌ی سلێمانی به‌ره‌و ئاسۆی ڕۆمانێتك.
هه‌ر كه‌سێك به وردی گه‌شتێك به باخچه‌ی ڕه‌نگینی دیوانه به‌جێ ماوه بێنازه ده‌ستنوسه‌كه‌ی شاعیر خۆیدا بكات، به ئاسانی ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه جێپه‌نجه‌ی په‌یڕه‌وی زێوه‌ری باوكی به تابلۆی هۆنراوه‌كانیه‌وه، كه‌م و زۆر، به تایبه‌تی له قۆناغه سه‌ره‌تاییه پێشوه‌كه‌ی هۆنراوه دانانیدا، دیاره. دهشبێتوابێ، چونكه "زێوه‌ر" جگه له‌وه‌ی كه شاعیرێكی به توانای به‌رهه‌می كلاسیكی بوو، زانایه‌كی ئایینی و مامۆستایه‌كی دیاری قوتابخانه و پێشه‌وایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌تا بڵێی زانست په‌روه‌ر و كورد خۆشه‌ویست بوو، هه‌میشه كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی وێژه‌ی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و ڕۆشنبیری له جۆش و خرۆشدا بوو.
به‌ختیاریش زاده‌ی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده و گۆش كراوی ئه‌و شییر و بییر و باره وێژهییهیه، له زۆر سه‌ره‌وه ناچار بوو په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێگا و ڕێبازه هۆنراوه بكات و له سه‌ری بڕوات.
پاش ئه‌وه‌ی خه‌م و په‌ژاره زۆری بۆ دێنێت، دیمه‌نه ناسۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازی چینایه‌تی ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێت، وه‌ك ته‌قینه‌وه‌یه‌كی بێزاری و ده‌ربڕینی نائومێدی به‌رامبه‌ر به چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته خه‌سته‌كان، خۆی پێ ناگیرێت و هه‌موو ئه‌و كه‌فوكوڵ و ناسۆری و دڵسۆزی و بێ هیواییه ده‌ڕێژێته پارچه هۆنراوه‌ی "سكاڵای دڵ بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كی هاوڕێم" و به‌ڕێگا ڕۆمانسیهكهیدا سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و داوای یارمه‌تی و ده‌ربازبوون و فڕین ده‌كات.
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||