لە ئاڵوگۆڕی نیزامەوە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات

 

 

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

 

دەربارەی مەترسی جەمسەرگیریی عەلمانی- ئیسلامی لە کۆمەڵدا

 

لە سەدەی ڕابردووداو بەتایبەتیش لە نیوەی دووەمیەوە تاکو ئێستا، خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و زۆر کونج و کوژبنی تری جیھانی ئیسلامی، شایەتی جۆرەھا فۆرمی سەرکوتی دەسەڵات و ستەمکاری و دوواکەوتوویی بوون؟! ھۆکاری بنەرەتیش نەخەمڵینی چەمکی دەوڵەتی نیشتیمانی نوێ و دکتاتۆریەت و نەبوونی ڕێکكەوتنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوان پێکھاتەو ڕەوت و ناسنامە جیاوازەکانی نێو ئەو کۆمەڵگانە بووە، کە بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتێکی نوێنەرایەتی و خزمەتکاری ھەمووان حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە بکات.

 

پێکھاتەو رەوت و ئایدۆلۆژیاکان، لە بری یەکتر سڕینەوە، بڕیاری بەیەکەوە ژیان و کێبرکێی مەدەنی لە چوارچێوەی چەسپاوە نیشتیمانیە تەوافوق لەسەرکراوەکان بدەن. بەوەش کۆمەڵگە لە ھەژانی گەورە دوور بخەنەوەو تواناکان بۆ گەشەپێدان و چاکەی گشتی تەرخانبکەن و بەکار بھێنن. بە پێچەوانەی ئەو دۆخە سروشتیەوە، لە سۆنگەی نادیموکراسی بوونی دەسەڵات و ڕێکنەکەوتن لەسەر سیستم و چەسپاوەکان، ھەر کەسێك ھەوڵی داوە ھەڵبکوتێتە سەر دەسەڵات و تواناکانی دەوڵەت بۆ خۆی پاوان بکات و ئەوی دی سەرکوت بکات و دەرگای سزاو زیندان و لە باشترین حاڵەتدا پەراوێزکەوتنی بەڕوودا بکاتەوە؟!

 

یەکێ لەو دابەشکردنانەش لەم ڕووەوە کە کارەساتی لێکەوتەوە دابەشکردنی ڕەوتەکان بوو بۆ ئیسلامی و عەلمانی و ئەو ململانێ خوێناویە بوو لە چەندین وڵاتدا لێی کەوتەوەو تاکو ئێستاش لە فۆرمی جۆراوجۆردا درێژەی ھەیە، بەتایبەتیش لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە دژ بە تەوژمی ئیسلامی بەحوکمی ئەوەی زۆرترین دەوڵەتەکان لەلایەن تەوژمی عەلمانی و ھێزە تەقلیدیە دژی ئیسلامییەکانەوە بەڕێوەدەچوون. بەداخەوە دەیان ساڵ لەنێوان ھەڵگرانی تێزی دەوڵەتی عەلمانی و ئیسلام لەم ناوچەدا ململانێ و، شەڕ بەردەوام بوو، ئەوەی لەم نێوەندەشدا بوو بە، قوربانی گەل و دەوڵەت بوو، چونکە دەوڵەتی قۆرخکراو لەلایەن تەوژمێکەوە کە ستەم و سەرکوت و جیاکاری لێدەکەوێتەوە، لە جەوھەردا موڵکی گەل نامێنێ، چونکە موڵکایەتی گەل بۆ دەوڵەت بە کەناڵی دەسەڵاتێکی گەلیدا تێدەپەڕێت، کە ھاووڵاتیان سەرچاوەی راستەقینەی دەسەڵات بن. دەوڵەتیش کاتێك بە واتا ڕاستەقینەکەی دەبێت بە دەوڵەت، بە گوتەی بورھان غلیۆن، ببێتە ناوەندێکی بێ لایەن بۆ ئینتیماو ناسنامەو چوارچێوەیەك بۆ خەمڵین چەمکی ھاوڵاتی ئازادو یەکسان و بەدیھێنانی دادپەروەری و ھاوسەنگی لەنێوان پێکھاتەکانی ناویدا. ھیچ کام لە ھێزەکانیش لە ڕابردوودا دیموکراس نەبوون و شەڕیان لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات بۆ خۆیان و بێبەشکردنی بەرامبەرەکان بووە؟!

 

بۆیە لە ڕاستیدا، ھەڵگرانی تێزی دەوڵەتی عەلمانی و ئیسلامی نادیموکرات و گەندەڵ لە ناوچەکەدا کە دوو ڕەوتی ئایدۆلۆژی شمولی ھاوبەش قبوڵنەکەربوون، لەو شوێنانەی لە دەرەوەی ڕێوشوێنە دیموکراسیەکانەوە گەیشتنە دەسەڵات و کەوتنە پیادەکردنی ئەوەی موژدەیان پێدابوو، شکستیان خواردو بوونە مایەی ئازاردانێکی مێژوویی بۆ گەلەکانیان. لێرەوەیە تێزی دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ ئیسلامی و عەلمانی بەشێوەیەکی ئایدۆلۆژی و چەقبەستوو لە ھەرێمدا، لە لای ئیسلامخوازێکەوە یاخود عەلمانییەکەوە بێت، جگە لەوەی دووبارەکردنەوەی ئەزمونێکی شکستخواردووە، کارێکی مەترسیداریشە، چونکە لە باریایەتی سەربکێشێت بۆ یەکتر ڕەتکردنەوەو دەمارگیری و داخروی فیکری و سیاسی. ئەم تێزە لە پاڵ مەترسیەکەی، ناڕاستیشە ناراستیەکەشی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، لەنێوان ھەردوو بازنەی ئیسلامی و عەلمانی لە کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا، میانەڕەو و دیموکراتخوازو توندڕەو و توندوتیژو نادیموکراتمان ھەیە. بۆیە ئەگەر بۆ مەبەستێکی زانستی یاخود کاتی ناچاریش بین، ئەو پۆڵێنکردنە بەکاربێنیین، دەبێت نەھێڵین بگۆڕێت بە جەمسەرگیریەکی چەسپاو و ڕیزبەندیی ترمان ھەبێت، لانی کەم لە ڕووی سیاسییەوە، بۆئەوەی ھێزو تەوژمەکان بەدەر لە ئیسلامی و عەلمانی بەسەر میانەڕەو و ڕیفۆرمخوازو توندڕەو و ناڕیفۆرمخوازو سەرکوتکار دابەشبکەین.

 

ئەمەش دەخوازێت ھەردوولا، لەسەر دەستورێکی تەوافوقی ڕێکبکەون، کە تیایدا پەیوەندی نێوان شەریعەت و دەوڵەت و فۆرمی دەوڵەت و سیستمی سیاسی و بە گشتی چەسپاوە نیشتیمانییەکان لە کایە جیاوازەکاندا، ڕێکكەوتنی لەسەر کرابێت و دیموکراسیش وەك شێوازێك بۆ ئیدارەدانی جیاوازییەکان و ڕێگری لە ستەمکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات و.سەرکوتکردن، بووبێتە ئامانجی ھاوبەشی ھەمووان. واتە، پێ بنێینە پاش قۆناغی دەوڵەتی ئیسلامی و عەلمانی و ڕێز لە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی کۆمەڵگە و ئاینەکانی تر بگیرێت، لە جیاتی ئەوەی فقھی ئیسلامی قانون بێت، بنەماکانی شەریعەت لە پاڵ سەرچاوەکانی تردا سەرچاوەی یاسادانان بێت و لە دەرکردنی یاساکاندا رەچاوی ھەستی ئاینداری خەڵك بکرێت کە پێویستیەکی خودی دیموکراسی و ھەوڵدان بۆ ڕازیکردنی خەڵك و ھاوڵاتیانە.

 

دەوڵەتیش لەسەر ئاستی رەوتەکان، نائایدۆلۆژی و خزمەتگوزارو پارێزەری ماف و ئازادی ھاوڵاتیان بێت، رەوتەکانیش لە سایەی دەستورێکی تەوافوق لەسەرکراودا کێبڕکێ لەسەر چاکەی گشتی و زیاتر خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا بکەن. بەم جۆرە دەتوانین پێکەوە بژین، لە ئاڵوگۆڕی ڕژێمەوە بگوازینەوە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و واتا دان بە دەوڵەت. بەو مانایەی جێگەی ھەموومانی، بە ناسنامەی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و ئایدۆلۆژی و سیاسیمانەوە، تێدا ببێتەوەو ھیچ پێکھاتەوەو تەوژم و ھێزێك ھەست بە پەراوێزخستن و سەرکوت و بێمافی نەکات. ئەمەش ئەو مۆدێلە بوو لە ھەرێم لە چوارچێوەی ڕەشنوسی دەستوری ھەرێمدا لە ڕابردوودا لەنێوان رەوتی ئیسلامی و ھێزەکانی تردا، گفتوگۆی لەسەرکراو لە گەیشتنە تەوافوقی تەواو نزیکبووبوونەوەو وەستانی کاری لیژنەی دووبارە نوسینەوەی دەستور ڕێگر بوو لەوەی ھەوڵەکان بە ئاکامی سروشتی خۆیان بگەن.

 

ھەروەھا ئەو نمونە بوو لە باکوری ئەفەریقاو لەو وڵاتانەی شۆڕشەکانی بەھاری عەرەبی تیایاندا سەرکەوتوو یاخود نیمچە سەرکەوتوو بوون، ھەوڵی بەدیھێنانی درا، کەچی گەلەکۆمەی ھەندێ لە دەوڵەتان و ھێزەکانی دژە شۆڕش و تایپێکی نادیموکرات و دواکەوتووی عەلمانی لە ناوچەکەدا، خستویانەتە ڕۆخی لەبارچوونەوە؟! لە کاتێکدا بەدەر لەم سازش و ڕێکكەوتنە مێژووییە لەم وڵاتانەدا دەوڵەتی نوێ و نیشتیمان و گەلسازی و سەروەری یاسا و سەقامگیری بەدی نایەت و وڵاتانی ناوچەکە لەبەردەم ھەڕەشەی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی دەرەکی و دواکەوتوویی سیاسیدا دەمێننەوەو بازنەی دوژمنایەتییەکان فراوانتر دەبن.

 

بۆ ئێمەش گرنگە ڕەھەندێکی تر نەخەینە سەر قەیرانە ھەمە جۆرەکەمان و دەستبەرداری فۆبیای دژ بە یەکتر بێنین.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved