چۆن لە مەسەلەی فەلەستین تێبگەیب؟ دیدێکی ئیسلامیی کوردوستانیانە

 

 

ئەبوبەكر كاروانی

 

مەسەلەی فەلەستین  ھاوشێوەی مەسەلەی کوردستان وزیاتریش، بۆتە جێگەی چەندین مشتومڕو ھەڵوێستگیریی نێوخۆیی وھەرێمایەتی ونێو دەوڵەتی. ئەوەی ئەم مەسەلەشی ھەستیارتر کردووە، ڕەھەندە ئاینییەکەیەتی، لەسۆنگەی تێکەڵبونی مەسەلەی خاك وڕزگاری بە قودس ومزگەوتی ئەقسا.ئەمەش وریا نەبین دەبێتە سەرچاوەی کێشمە کێش و ھەستیاری نێوخۆیی. لەکاتێکدا ڕەواو ڕێپێدراو نیە، مەسەلەیەکی لەوجۆرە بۆئێمە لەکوردوستاندا ببێتە مەسەلەیەکی نێوخۆیی وبەرامبەر یەکدی بەکاری بێنین.

 

بەڵام ئەمە ھەر بەقسەو ئامۆژگاری ودروشمی نەتەوەیی ڕوت نابێت، بەڵکو پێویستی بەخستنە ڕوی تێگەیشتنێکی ھاوسەنگە، کەلەدیدێکی ئیسلامیی کوردوستانیەوە، ھاوسەنگی لەنێوان  ھەردوو ھەستی ئیسلامی وئینسانی وبەرژەوەندییە نیشتیمانیەکانی ئێمەدا دروست بکات. ئەوەش ئەوەیە لەم وتارەدا و بەشێوەیەکی کورت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا، ھەوڵی رونکردنەوەی دەدەین:

 

١- ھاوپێناسەیی بۆسروشت وناوەڕۆکی مەسەلەی فەلەستین.  کەمەسەلەیەکی ڕەواو دادپەروەرانەیە، پرسی داگیرکاری وبێبەشکردنی گەلێکە لەماف و ڕزگاری وپێکھێنانی قەوارەی سەر بەخۆ.پرسیار خستنە سەرئەم ڕاستیە، لەسۆنگەی کێشەی ئێمە لەگەڵ ناسیۆنالیزی عەرەب لەعێراق وسوریا وکاردانەوەی حساب بۆنەکراو خزمەت ناکاو کێشەکە بەناوخۆیی دەکات. لەبەرامبەرەوە وێناکردنی کێشەکە وەك کێشەیەکی دینی ڕووت ناڕاستە، لە شرۆڤەکردن وھەڵوێستگرتنی سیاسیدا دوچاری ھەڵەمان دەکات، بەحوکمی ڕەھەندە سیاسی، نەتەوەیی، ھەرێمایەتی ونێودەوڵەتیە بەیەکدا چووەکانی.

 

٢- جیاکردنەوەی ھاوسۆزی لەگەڵ ھەڵوێستی سیاسی. ھاوسۆزی بەشدارییەکی دەروونیە لەگەڵ مەسەلەکدا وھەڵقوڵاوی ھەستی موسوڵمانێتی وئینسانی وویژدانی ئەخلاقیی ئێمەیە. واتە ئێمە لەسۆنگەی ھاوبەشی ئیسلامی و ئینسانی وئەخلاقیبونمانەوە، ھاوخەمی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین، نزای سەرکەوتن وکۆتایھاتنی ستەمی سەریان دەکەین. ئەم ھەستە کە دەربڕینی لەئاستی تاکەکەسی ومیللییەکەیدا  بەشێوەیەکی میانەڕەوسروشتیەو دەتوانرێت خزمەتیشی پێبکرێت ولەکاتی خۆیدا  کەم وکورتیی سیاسیشی پێ پڕبکرێتەوە، جیاوازە لە ھەڵوێستی فەرمی وسیاسی کە تواناو بون ونەبونی بەرژەوەندی وڕێکەوتنی لەوەو پێشتر، ئاراستەی دە کەن. لانی کەمیشی پشتیوانی نەکردنە لە ستەمی سەر فەلەستینییەکان ولانی زۆری  تواناوھەڵسەنگاندن وشرۆڤەوبەرژەوەندی و زانیارییەکان دیاری دەکەن. لەدۆخێکی وەکو گەلانی ناوچەکەو کوردوستاندا، سیاسەتمەداری ژیر ھاوسەنگی لەنێوان ھەست وڕای گشتی و بەرژوەندییەکاندا دێنێتە دی. یەکێ لەھەڵەی چەپ وئیسلامییەکان لەکاتی خۆیدا لەوەدا بوو، ھێندەی کاریان بۆمەسە لەئایدۆۆژی ونێونەتەوەییەکان دەکرد، بەوئەندازە ڕەچاوی بەرژەوەنی  نیشتیمانی وڕێسای (الاقربون اولي بالمعروف) یان نه د ەکر؟! لەکاتێکدا دیدە فقھیە مێژوییەکەش لەدابەشکردنی زەکاتدا لەبازنەی نزیکەوە دەست پێدەکات، دوای پڕکردنەوەی پێویستیەکانی بازنە نزیکەکە ڕێگە بەفراوانبونی دەدات. چونکە نزیکترینەکان لەڕوی شەرعیشەوە مافیان بەسەرمانەوە زۆرترە. ڕەنگە لەکاتی کارەساتی زۆرگەورەدا بەکاتی ئەم بنەمایە دەستکاری بکرێت.

 

٣- ھەست بەکەمی نەکردن لەبەرامبەرگەلانی دراوسێ ودەرو بەردا. پێویستە ئیسلامی وگەلی موسوڵمانی ئێمە لەوە ھوشیارتر بن، بکەونە ژێر کاریگەری جەنگی دەرونی دەرو بەرو ھەست بەکەمی کردن بەرامبەر مەسەلەی فەلەستین وپیرۆزیە ئاینییەکان. چونکە ھەر لەسەردەمی سەڵاحەدینی مەزنەوە تاکوئێستا،  کورد بێ مەرام وڕاستگۆیانە لەئاستێکی بەربڵاودا، یارمەتی فەلەستینیەکانی داوە، تەنانەت چەپێکی وەك ئۆجالان لەساڵی ١٩٨٢ لەبەیروت شانبەشانی چەکدارە فەلەستینییەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، دژبە سوپای ئیسرائیل جەنگاوە. بەھات وھاواری دەوڵە ت وڕژێمەکانی ناوچەکە تێنەکەوین، چونکە ڕابردوو سەلماندویەتی، بەشی زۆری ئەم ھاوارە چەواشەکاری وبازرگانیکردنە بەئازاری فەلەستینییەکانەوە. زۆربەیان پەیوەندی دیبلۆماسی وقەوارەی بازرگانی چەندملیاری وھاوپەیمانێتی جۆراوجۆریان لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە. ئەوانەی پەیوەندی فەرمی وئاشکراشیان نیە، چەندین جار ژێر بەژێر لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا دانیشتون. بۆیە دەبێت ئێمەش بەدرێژەدان بەڕێبازی ڕاستگۆبوونی مێژویمان وەك نەتەوەیەکی زەبرلێدراوی ئابڵۆقە دراو، بزانین، چۆنا لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەسێتی وھەستی بەرزی ئیسلامیمان،  پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانمان دەکەین،؟ لەڕوی سیاسیەوە کارێك ناکەین لەکاتێکدالەڕوی مەیدانیەوە ھیچ سودێ بەفەلەستینەکان ناگەیەنین، بەزیان بەسەر خۆماندا بشکێتەوە.

 

٤- دەوڵەمەندیی زمان ودەربڕینی سیاسی، خزمەتمان دەکات. زمان وەزیفەی گەورەی ھەیە، ھەندێجار دەتوانێت جێگەی ھەڵوێستی کردەیی بگرێتەوە. بۆیە، لەکاتێکدا ھەرێم وسەرۆکایەتی وحکومەتەکەی ئەرکیانە ڕەچاوی بەرژەوەندی وھەستیاری وھاوکێشەکان بکەن، وەلەسنوری توانای خۆیاندا ھەڵوێستبگرن،  دەیانتوابی لەھەمان چوارچێوەدا، بەزمانێکی بەھێزتر ، ھەڵوێستی خۆیان ڕابگەینن، لەسۆنگەی نوێنەرایەتیکرنێکی باشتری ھەستی ھاودەردییەکە، کەتاڕاددەیەك بۆتە پرسێکی ڕایگشتی وڕوێکی تری بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکە پێکدەھێنێت. بۆنمونە ئەگەر ئێمە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ھەرێممان دابڕشتایە، دەماننوسی: ئەم مەسەلەیە دەیان ساڵە درێژەی ھەیە، ماکەکانی شەڕوتوندوتیژی وڕوداوە دڵتەزێنەکانی ئەمجارەش دەچنەوە سەرئەو ، مەسەلەکەش لەجەوھەردا سیاسیەو ئەستەمە بەشەڕوخوێنڕێژی چارەسەر بکرێت وڕابردوش ئەوەی خستۆتەڕوو، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی والە دۆزینەوەی ڕگەچارەی سیاسی ھەمیشەییدا، ھەرلەم چوارچێوەدا، ئێمە لەھەرێمی کوردوستاندا، داواکارین ھەرچی زووە کردە سەربازییەکان وشەروخوێنڕێژی   ڕابگیرێن، بۆئەوەی چیتر خەڵکی مەدەنی وبێ دیفاع نەبنە قوربانی وکێشەکە ئاڵۆزتر و وچارەسەرەکان پڕخەرجیتر نەبن. ھەروەھا چارەسەرنەکردنی کێشەی فەلەستین نەبێتە سەرچاوەیەکی  گەورەی ھەست بەبێبەشیکردن و توندڕەوی وترۆر لەدەڤەرەکەدا، ھەربۆیە دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لەچوار چێوەی مەرجەعیەتی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان ودروستبونی دەوڵەتی فەلەستین وکۆتایھێنان بەم دۆخەی ئێستا وئەم ململانێ خوێناویە دەکەین، کەزیاتر لەسەدەیە کە درێژەی ھەیە وگەلانی ناوچەکە باجێکی قورسیان لەپێناودا داوە، بەھەمووشێوەکیش ئیدانەی بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی وخانە ولانەی ھاوڵاتیان دەکەین. ھیوادارین تێکرای دەوڵە توگەلانی ناوچەکەش یارمەتیدەربن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەو عادیلانە بۆ مەسەلەی فەلەستین و کوردوستان وتێکڕای کێشەکانی تر، بۆئەوەی تواناکانمان بۆ گەشەپێدان وخێرو خۆشی کۆمەڵگەکانمان بەکاربێن و ئاشتی وئارامی باڵ بەسەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بکێشێ.

 

٥- فەلەستینییەکان لەمێژوی نوێیاندا سەرەڕای مەینەتی خۆیان، لەمەسەلەی کورد نزیکبون. ڕێکخراوە چەپە فەلەستینیەکان لەھەفتا  و ھەشتاکاندا،لەنزیکەوەو لەھەرسێ ڕوی سیاسی وسەربازی وئیدۆلۆژیەوە، یارمەتی یەکێتی نیشتیمانی وپەکەکە وھەندێ ھێزی تریان داوە. لەم دوواییانەشدا (خالید مەشعەل) وەك یەکێ لەدیارترین سەرکردەسیاسیە ئیسلامییەکانی فەلەستین،   داوای لەھەرسێ نەتەوەی فارس و عەرەب وتورك کرد، دەستپێشخەربن لە چارەسەرکردنی کێشەی کوردو مەسەلەی کوردوستان، چونکە مەسەلەیەکی عادیلانەیە، ھەروەھا لەبەرئەوەی خۆتان لە چارەسەرەکەدا بەشدار بن وبەسەرتانا نەسەپێنرێت ولەسۆنگەی ھەست بەلاوازییەوە ناچار بەقبوڵکردنی نەبن. لەولاوەش ئیسرائیل لەئێستادا واقیعێکە، دەوڵەت ونەتەوە بەھێزەکانی ناوچەکە ناتوانن نادیدەی بگرن چ جای نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەك کوردو ھەرێمی کوردوستان. خۆزگە ناوچەکە بەجۆرێکی تر بوایەو گەلانی موسوڵمان توانای چارەسەری کێشەکانی خۆیان ھەبوایە. ئەوکاتە  ھەڵوێست وچارەسەرەکان بەجۆرێکی تر دەبوون.

 

٦- خزمەتیکردنی مەسەلەی کوردوستان خزمەتکردنێکی ڕاستەقینەی موسوڵمانی کوردوستانیە بە مەسەلەی فەلەستین ودادپەروەری ئیسلامی. لەپاڵ ھاوسۆزی و لەڕووە سیاسیەکەیەوە، ھەرکەس وھێزێك دەیەوەێت، بەکردەوە خزمەت بە قودس و ئەقسا ومەسەلە ڕەواکانی ناوچەکە بکات، بابەدڵ وبەگیان خزمەت بەمەسەلەی کوردوستان وچارەسەری کێشەی کوردو ڕزگاری وھاتنە کایەی زلھێزیی کوردیی لەناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەراستدا بکات. چونکە مێژوو سەلماندویەتی، ئامادەیی کورد وەك ھێز، گەورەترین خزمەت بەکۆکردنەوەی تواناکانی نەتەوە موسوڵمانەکانی ناوچەکەو چارەسەری کێشەکانی دەکات. ھەربۆیە، سەرکوتکردنی کورد وکردنەدەرەوەی وەك ھێزی سیاسی وسربازی وئەخلاقی، لەمێژوی نوێی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێبەشکردنی لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردوستان، گەورەترین خیانەت بوو لەئیسلام وتێکڕای نەتەوە موسوڵمانەکان وپێکھاتەو ناسنامەکانی ترو چارەسەرکردنی کێشەکانی.

 

بەبڕوای ئێمە بەم جۆرە تێگەیشتنە لەمەسەلەکە بەو شێوەی ئاماژەمان پێکرد، دەتوانێت دیدێکی ڕون وھاوسەنگمان پێشکەش بکات. لەیەك کاتدا ڕێز لەھەستی پاکی ئیسلامی وئەخلاقی وئینسانیمان بگرین، لەولاشەوە لەدیدێکی ئیسلامیانەی کوردوستانیانەوە ھەڵسەنگاندن، بۆ دیاریکردنی ھەڵوێستەکان بکەین، وەك نەتەوەیەکی خاوەن دۆزو بەرژەوەندی، خزمەت بە پرس و بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی نێوان خۆمان ومیللەتانی ناوچەکە بکەین.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved