درێژە کێشانی شەڕی ناوخۆی باشور لەفۆرمی جۆراوجۆردا

درێژە کێشانی شەڕی ناوخۆی باشور لەفۆرمی جۆراوجۆرداو ئەرکە مێژوییە بەدینەھێنراوەکەی بارزانی

-

ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

-

بارزانی لە وەڵامی کۆمەڵێ کەسایەتیدا کە لە ڕێی سەردانکردن و نامە بۆ نوسینەوە داوایان لێکردووە، ڕێگری لە ھەڵگیرسانی گەڕێکی نوێی شەڕی ناوخۆی کوردی لەگەڵ پەکەکەدا بکات، بەڵێنی داوە ڕێگری بکات، جەختی لەسەر بنەمای تەحریمی شەڕی ناوخۆش کردۆتەوە، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو.

دیارە ئەم ھەڵوێستە جێگەی دەستخۆشی و پشتیوانیلێکردنە. بەڵام ئەرکی ئەو وەك قسەڕۆیشتووترین سەرکردەی سیاسی کوردستانی باشور و سەرۆکی پارتیش کە لە (٥٥) ساڵی ڕابردوودا لایەنێکی بنەڕەتی شەڕی ناوخۆو ناکۆکییە خوێناوییەکان بووەو لە ئێستاشدا زۆرینەی جومگەکانی ھەرێمی لە ژێر دەستدایە، بەم جەخت کردنەوە تەواو نابێت. چونکە لەگەڵ بایەخی پێداگرتنەوەی لەسەر کۆتایھێنان بە شەڕی ناوخۆ (کە بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ درێژە کێشانی کینەو مانەوەی چەك بە دەست حیزبەوە ناتوانم قەناعەت بەخۆم بکەم تەواوبووە)، ئەوە تەنھا باس لە شەڕو تەقە وەستانە. لەبەرئەوەی ناکرێت،گرە نتی تێپەراندنی قۆناغی شەڕی ناوخۆو پێنانە قۆناغی دوای ئەو و خۆبیناکردنەوە، پەیوەست بێت بە بەڵێنی ئەخلاقیی سەرکردەیەکی سیاسییەوە، بەڵکو دەبێت پشت ئەستوربێت بە چەندین بڕیارو ھەنگاو و زەمینەسازی، لەوانەش؛ لە ڕەگدەرکێشانی ھۆکارەکانی شەڕ، کۆتایی ھێنان بە زھنییەتی یەکتر ڕەتکردنەوەو پاوانخوازی، دامەزراوەو دەسەڵاتێکی بەھێزو سەراسەری سەرو حیزبی ونیشتیمانی، بێلایەنکردنی ھێزی چەکدارو بەنیشتیمانیکردنی، کۆتایی ھێنان بە سەرجەم ڕواڵەتەکانی دابەشبوون و زۆنی حیزبیی، چاکسازی سیاسی و ئابوری، کە ھەنگاوی یەکەمی لە ھەڵبژاردنێکی پاك و بێگەردو بەھێزبوونی دەزگا چاودێرییەکانەوە دەست پێدەکات.

بە کورتی، پێویستی بە ئاشتبوونەوەیەکی ڕاستەقینەو سازشێکی مێژوویی لە نێوان لایەنەکانی ئەو ناکۆکییە شێرپەنجەییە ھەیە، کەلە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردوەو تاکو ئێستاش درێژەی ھەیە؟!!

کە بووە بە مایەی ماڵوێرانی و ڕژانی خوێنێکی زۆری بە ناھەق، شێوانی ناوەڕۆکی نەتەوایەتی کوردی و چەمکەکانی و نیشتیمان و شەھیدو زۆرشتی تر، ھەروەھا ڕێگربووە لە دروستبوونی یەکبوونی نیشتیمانیی، ڕێگەی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و یاریکردن بە چارەنوسی میللەتەکەمان خستۆتە سەر پشت و زیاد لە جارێکیش ھێزەکانی دووچاری خیانەتی نەتەوەیی کردووەو ڕسوایی بە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە چەشتووە کە نزیکترینییان کارەساتی نەتەوەیی ١٦ ئۆکتۆبەر بوو. جگە لەوەی ڕێگرە لە قۆستنەوەی دەرفەتەکان و کەڵەکەکردنی ھێزو وێناکردنی خۆ بۆ دەرەوە وەك گەلێکی خاوەن مەسەلەو عەوداڵی دوای ماف و دادپەروەرییەکی زەوتکراوو پێخوستکراو.

بەڕێز بارزانی..

نابێت پێمان وابێت شەڕی ناوخۆی کوردستانی باشور کۆتایی پێھاتووە، چونکە تەنھا شەڕی گەرم و سەربازی وەستاوە، دەنا لە بەرگە سیاسی، دەرونی، ئابوری و جوگرافی و حوکمرانییەکەدا بەردەوامەو ڕۆژ بە ڕۆژ سەرچاوەکانی ھێزو متمانەو نیشتیمانپەروەرێتی لەم وڵاتەدا بەرەو وشکبوون دەبات.

نەوە نوێکانی ئەم وڵاتە لە داھاتووی خۆیان نائومێد دەکات؟! جەستەی ناسیونالیزم و کوردایەتی بەرەو داڕزانی زۆرتر دەبات. بەداخەوە لە ئەزمونی کوردیدا بە پێچەوانەی دنیاوە سیاسەت درێژ کراوەی شەڕە. بەم پێودانگەش، لە ئێستادا یەکێ لە ھەڵقە ھەرە ناشیرینەکانی شەڕی ناوخۆ، خۆی نمایش دەکات و بۆتە مۆتەکە بەسەر دڵ و دەرونی ھەموو پەرۆشێکی ئەم گەل و خاکەوە. لە ئێستادا سەدان پەیج و ئەکاونت لە چوارچێوەی ئەم شەڕە قێزەونەدا خەریکی سوکایەتین؟! فەرھەنگی بێ ڕێزی پەرە پێدەدەن، پەردە بەسەر ناشیرینییەکاندا دەدەن و عەیب و عارەکان دەردەخەن و بۆ شکاندنی یەكتر بەکاردەھێنرێن!!

تاکو ئێستاش سنورەکانی شەڕی ناوخۆ نەسرراونەوە. بازگەکانی سەردەمی شەڕ لە شوێنی خۆیاندان! فرە دەسەڵاتی و زۆنی حیزبی وەك بەشێك لە دەرھاویشتەی شەڕ و دابەشبوونی ھەرێم بەردەوامە! سەرۆکی ھەرێم بە ڕەمزی یەکێتی خاك و گەلی کوردستان سەیری ناکرێت، حکومەت دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەسەر سەراپای ھەرێمدا نیە! پەیوەندی حیزبیی دەرەکی بۆ ئاستی ھاوپەیمانی سیاسی و ھەماھەنگی سەربازی درێژەی ھەی! ئاسایش و دەزگا ھەواڵگرییەکان و ھێزی پێشمەرگە بەو جۆرەن کە دەیبینین.

بۆیە ئەگەر شەڕ بە ئاسەوارەکانی دەستنیشان بکەین نەك ئامرازەکانی، ئەوا شەڕی ناوخۆ لە باشوردا درێژەی ھەیە. ئەگەر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ناکوژرێن،ئەوا ھەندێكیان خۆیان دەکوژن، بەکردەوە متمانەو ئومێدو ھەست بە ئینتیما لە بەشێکی بەرچاو لە ھاوڵاتیاندا کوژراوەو دەکوژرێت. ئەگەر جەنگ، نائومێدی، بەفیڕۆدانی تواناکان، لاوازبوونی دەزگا نیشتیمانییەکان، بێمتمانەیی، کاڵبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، گەندەڵی، ناعەدالەتی و بەلاڕێدا بردنی ژیانی حیزبی، پێگە لاوازبوونی پێگەی ھەرێم بە ئاقاری دەرەوەو بێتاقەتی دۆستەکانمان، قەیرانی ئابوری و خراپبوونی بارو گوزەرانی ھاوڵاتیان و تێکشکاندنی ڕەمزە ھاوبەشەکان و نادادپەروەری لەگەڵ خۆیدا بھێنێت ولێبکەوێتەوە، ئەوا لە واقیعی ئەمڕۆی ھەرێم و باشوردا سەرجەم ئەم شتانە بە ئاستی جیاواز بوونیان ھەیە . بەڵکو ڕەنگە متمانەو باری دەرونی خراپ و نائومێدی بۆبەشێ لەھاوڵاتیان، لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا بە ئەندازەی ئێستا نەبووبێت؟!

ھەموو ئەوەش پێماندەڵ ێت، شەڕی ناوخۆی باشور بەردەوامە، نابێت بێدەنگبوونی تفەنگەکان ئەو وەھمەمان بۆ دروست بکات شەڕ تەواوبووە، چونکە بەکردەوە دۆخی ڕاگوزەری دوای جەنگمان نەبووە و بەخۆمانەوە نەبینیوە، بە توندی بەدەست ئاسەوارو دەرھاویشتەو ئەخلاقیاتەکانییەوە دەناڵێنین. تەنانەت سەبارەت بە چەکی شەڕی ناوخۆش، ئەگەر لە کاتی شەڕدا، کوردستانی دابەشدەکرد، پیرۆزییەکانی تێکدەشکاند، حسابی بۆ پێوەرو بەھا نەتەوەییەکان نەدەکرد، کلتوری تاڵانی پەرەپێدەدا، گەندەڵی دەکرد بە دیاردەو وەك ژەھر میرەکانی جەنگ تێکەڵیان بە جەستەی پاشماوەی ناسیونالیزمی کوردی وکۆمەڵگە دەکرد، حیزب و حکومەتی تێکەڵ بەیەك دەکردو پارێزگاری لە مۆدێلی حیزبی فەرماندە دەکرد، بەرامبەری سیاسی لە نێوماڵی نیشتیمانیدا پێچەوانەی ئەلف و بێی نەتەوەیی، دیاریدەکرد، سوکایەتی دەکردو ڕەشبینی دەبەخشیەوە، ئێستاش، بەڵێ ئێستاش ھەروا بەدەستی حیزبەوەو بەئاستی جیاواز پارێزگاری لەو واقیع و دەرھاویشتانە دەکات!!

کەواتە، چەکەکەش تەنھا شێوەی بەکارھێنانی گۆراوە، دەنا لانی کەم بەشێکی گرنگی ھەمان ئەرکی دوێنێ و سەردەمی شەر، بۆ خاوەنەکانی جێبەجێدەکا!!. ئەم فۆرمە ش لە شەڕی ناوخۆی باشور درێژەی ھەیەو ڕۆژ بەڕۆژ لە شکۆو ھێزی مرۆڤی کوردستانی و قەوارەی ھەرێم کەم دەکاتەوە.

بۆیە بەڕێز بارزانی، سەرەڕای دروشمەکەتان، بە حزوری ئێوەو دروشمەکەتان، ئەم شێوازە لەشەڕو ئاسەوارەکانی، تارمایی بەسەر دەرونی ڕۆڵەکانی ئەم میللەتەو ئاسۆی دواڕۆژی مەسەلەی کوردستاندا کێشاوە، بەجۆرێك کەم پیرۆزی و ڕەمزو دەزگا ماوە نەشکێنرێت، یاخود سوك نەکرێت!! ئەوەی ناشھێڵێت ئەم شەڕە لەرواڵەتە جۆراوجۆرەکانیدا کۆتایی پێبێت وئاسەوارەکانی نەمێنێت، درێژەکێشانی ناکۆکیە سیاسیە مێژووییەکەی نێوان دوجەمسەرە دژبەیەکەکەی کوردستانە، ککە بەداخەوە ھەروەك پێشتریش وتومانە،سنوری کاری سیاسی تێپەراندوەو ڕەھەندی مەزھەبی وتایەفەگەری بەواتا سیاسیەکەی بەخۆوە گرتووە!! لە پشت زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی ھەرێمیشەوەیە، ئەگەر کوردستان تا ئێستا دابەشکراوە، ھێزەکانی یەکنەخراونەوەو بەدامەزراوەیی نەکراون، ئەزمونی حوکمڕانیمان لە بازنەیەکی داخراودا چەندین ساڵە دێت و دەچێت، خەریکە بەتەواوەتی ناوچە کوردستانییەکانمان لەدەست دەر دەچێت، ناحەزان چاوی تەماحیان بریوەتە کۆتایھێنان بە قەوارەی ھەرێم، حکومەت ناتوانێ وەك ئەوەی پێویستە موچە بدات، خەڵك ڕۆژ بەڕۆژ بێمتمانەیی سیاسی لەلا قوڵدەبێتەوە، دۆستەکانمان سەرزەنشتمان دەکەن لەسەر وەڵامنەدانەوەی دوو حیزبەکە بۆ ھەنگاو و بەرکەوتەی چاکسازی بەتایبەتیش لەبواری ھێزی پێشمەرگەدا، سەروەری یاسامان نیەو نادادپەروەری لە چەندین ڕواڵەتیدا بڵاوە، ناسنامەیەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو نەماوە، بتوانێت گروپ و تەوژم و ھێزو پێکھاتەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوەو بیانکات بە خاوەنی ھەست وئامانج وخەمی ھاوبەش، لەبەر ئەو ناکۆکییە سیاسیە کینە ئامێزەیە، بۆدەیان ساڵە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا ھەیەو لە ئێستادا پانتایی و ڕەھەندو ھێزی نوێشی چۆتە سەر.

بۆیە، لەگەڵ درێژەکێشانی ئەم دۆخە نە گەل دەبێت بە گەل، نە نیشتمان بە نیشتیمان نە وڵات بە وڵات و نە کحومەت و پەرلەمان بە حکومەت و"پەڕلەمان ، بەڵکولە بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێینەوە وتوانای سود وەرگرتنی وەك پێویستمان لەدەرفە تەکانیش نابێت.

دەرگا بەڕوی چەندین ئەگەری نەخوازراویشدا بەروماندا لەسەر پشت دەبێت. ئەوەش دەستپێشخەریەکی مێژویتان لەپێناو کۆتایھێنانی یەکجاری بەم شەڕو ناکۆکیە ترسناکەلێدەخوازێت، بۆ ڕزگارکردنی باشوروھەرێم لەم بازنە قانگدراوە بە ناکۆکی وکینەی سیاسی، تاکو کوردستانی باشور ببێت بە یەکێ لە گەشاوەترین مەڵبەندەکانی ژیان وشارستانیەتی خۆرھەڵات وچرای ئومێدیش بۆپارچەکانی تروھەموو کوردستانییەك لە کون وقوژبنەکانی جیھاندا.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved