درامای دەستگیرکردنی ئۆجەلان

 

  

 

لە هیچ سەردەمێکدا وەک قەڕنی بیست، دونیا ئەوەندە دابەش و پارچەپارچه نەبووە، تەنها دوو شتێک کە تەواوی هێزە تەبا و ناتەباکان لەسەری رێکبون بریتیبو لە: یەکەم، دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و تەسلیمکردنی بە تورکیا. دوەم، ئاسمان شینە.

بنەوانی روداوەکان

لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا، پلانی لێدانی عێراق لە مەنجەڵی سیاسەتی ئەمریکادا بەتەواوی دەمیکێشابوو. پلانەکە پێویستی بە دوو دارشەق بوو تا لەسەری راوەستێ: کوردستانی عێراق و بنکەی سەربازیی ئەنچەرلیک لە تورکیا. لەهەردوکیشیاندا، پەکەکە وەک دڕکەزییەکی تیژ لەبن پێی ئەمریکادا دەبینرا.

لەکوردستانی عێراق، یەکێتی و پارتی، بۆماوەی چوار ساڵ (1994-1998) خەریکی کوتانی یەکتربون لەسەر پارە و پایە، ئەوان هەر لەسەرەتاوە یەک گولەیان نا بە ئومێدی خەڵکەوە. ئەمەش زەمینەی خۆشکرد بۆئەوەی رێکخستنەکانی پەکەکە وەک گانگرین بەجەستەی هەرێمی کوردستاندا تەشەنەبکەن. ئەمریکا بەگەشەی پەکەکە ناڕەحەت بوو، چونکە ئەمریکا ئەرکی پاراستنی کوردەکانی عێراق و ناوچەی دژەفڕینی لەکوردستانی عێراقدا پێسپێردرابو لەژێر بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجومەنی ئاسایش کە رۆژی 5ی نیسانی 1991 دەرکرا. پاشان راپۆرتە نهێنییەکانیان لەو سەردەمەدا بەمشێوەیە باسی پەکەکە دەکات: "ئەوان هێزێکی دژە ئیمپریالیستین و هەوڵ بۆ چێکردنی دەوڵەتێکی مارکسی دەدەن لەتورکیا، بۆیە بەکردنەدەرەوەی ئۆجەلان لەهاوکێشەکە، هەستی قەومچێتی کورد میانڕەوتر و لێبوردەتر دەبێت".

بۆ توندوتۆڵکردنەوەی دارشەقی کوردستانی عێراق، رۆژی 17ی سێپتەمبەری 1998، ماردلین ئۆڵبڕایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرانی یەکێتی و پارتی (تاڵەبانی و بارزانی)، بانگکردە کۆشکی سپی و رێککەوتنی ئاشتی پێئیمزاکردن. بەشێک لەرێککەوتنەکەش تایبەتە بەوەی لێنەگەڕێن پەکەکە لەکوردستانی عێراقدا گەرا دانێت. لەم کاتەدا تورکیا قوشقی بو، چونکە دەیویست شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی بەردەوامبێت و هەڕەشەی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی کرد لەگەڵ سەدام حسێندا. ئەمریکا بۆ پاشگەزکردنەوەی تورکیا لەو هەڕەشەیە و بەدەستهێنانی بنکەی سەربازیی ئەنچەرلیک، چەند ئۆفەرێک دەخاتەبەردەم تورکیا، لەوانە: کوردستانی عێراق وازلێبێنە بۆ ئێمە (ئەمریکا)، ئازادبە چی لە کوردەکانی خۆت دەکەیت. یارمەتیدانت لە هەڵتەکاندنی شانەکانی پەکەکە لەناوچەکەدا.

 

ئامادەکردنی پلانەکە

بیرۆکەی دەستگیرکردنی ئۆجەلان سەرەتا لەمێشکی سەرکردە و هەڤاڵە هەڵگەڕاوەکانی پەکەکەدا لەدایک دەبێت، هەر ئەوانیش دەچنەبن تورکەکانەوە بۆ جێبەجێکردنی. لەوانە شاهین دونمەز کە بەهاری 1997، لەشاری ئەلعەزیز خۆی دایە پاڵ سوپای تورکیا، ختوکەی عوسمانلییەکان دەدات و پێیاندەڵێت، "ئەگەر ئۆجەلان نەگرن و لەناوی نەبەن سودی نیە، چونکە ئەو دەتوانێت لەبری یەکێک، دە پەکەکەی تریش لە دژتان دروستبکات". هاوکات شەمدین ساکیک، کە بەردەوام کاری بۆ پوچەڵکردنەوەی هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی ئاپۆ دەکرد، لەساڵی 1998 هەڵگەڕایەوەو چوەناو ئەرتەشی تورکیا. ئەمیش لەلای تورکەکان هەمان شەفاعەتی بۆ ئۆجەلان کرد و پێیوتن، هەتا ئاپۆ لەسوریا هەڵنەکەنن، هەموو رەنجێکتان بەفیڕۆدەڕوات.

ئیدی لەسەرەتای پایزی 1998، پلانی هەڵکەندنی ئۆجەلان لەسوریا و دەستگیرکردنی لەلایەن تورکەکانەوە خرایەبەردەم ئەمریکا. ماوەی نزیکەی 20 ساڵ دەبو، سوریا ئۆجەلان و حزبەکەی داڵدەدابو، بەڵام لەپایزی 1998دا هەمو شتەکان ئاوەژبوبونەوە. تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر سنوری سوریا دەستپێکرد و سەرلەشکر رایگەیاند، "یان خۆتان ئۆجەلان دەرپەڕێنن یان خۆمان بۆی دێین"، لەولاشەوە حوسنی موبارەک سەرۆکی میسر دەچێتە لای سەرۆکی سوریا حافز ئەسەد و پێیدەڵێت، لەسەر پیاوێکی وەک ئۆجەلان وڵاتەکەت توشی شەڕ مەکە، چونکە وڵاتانی عەرەبی ناچنە شەڕێکی واوە. ئیدی سوریا دەستدەنێت بەروی میوانە قەدیمەکەیەوەو بەڕەی ژێری کۆدەکاتەوە. هەر ئەوەندەش ئۆجەلان بەفڕۆکەیەک خاکی سوریا جێدەهێڵێت، ئیتر وەک تۆپی سەرمێز بەر زەوی ئەم وڵات دەکەوێت و بەرزدەبێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە. لەم سەرزەمینە فراوانەدا، بستێک زەوی لەخۆی ناگرێت.

پێش دەرچونی لەسوریا، ئۆجەلان و هاوڕێکانی بۆ چەندین رۆژ بەدوای وەڵامی پرسیارێکدا دەگەڕێن: روبکەینە شاخ یان ئەوروپا؟ ئۆجەلان بۆخۆی پێیوابو ئەگەر بچێتە شاخ واتە توندکردنەوەی شەڕ لەدژی تورکیا، چونیش بۆ ئەوروپا واتە بردنی دۆزی کورد بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی. بەڵام دواجار بژاردەی دوەم هەڵدەبژێردرێت. هەرچەندە زۆرینەی بۆچونەکان لەگەڵ ئەوە بون روبکاتە شاخ، بەڵام ئەوەی چانسی دوەمی بەهێزکرد هاتنی وەفدێکی یۆنانی بو بۆلای ئۆجەلان و پێدانی کۆمەڵێک گفت و بەڵێن.

 

چون بۆ یۆنان لەدەرگاوە

لەمێژودا، هەر کوردێک بۆ گەیشتن بەژیانێکی باشتر یان رزگابون لەچەوسانەوە، رێگای ئەوروپای گرتبێتەبەر، کاتێک قاچی گەیشتوەتە سەر خاکی یۆنان، هەناسەی رزگاری و خۆشی پێداگەڕاوە، بەڵام بۆ ئۆجەلان یۆنان سەرەتای ئەو تونێلە تاریکە بو، ئەو چونەی چوو، ئیدی نەگەڕایەوە.

رۆژی 9ی ئۆکتۆبەری 1998، لەسەر بنەمای کۆمەڵە بەڵێنێکی پێشتر بۆ داڵدەدانی، ئۆجەلان لەسوریاوە دەگاتە یۆنان. لەوێ توشی سەرسوڕمان دەبێت کاتێک ستافراکاکیسی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری یۆنان دەیبینێت و پێیدەڵێت، مانەوەت لێرە بۆ یۆنان مەترسیدارە، چونکە دوورنیە توشی جەنگ ببین لەگەڵ تورکەکان، وا باشترە روەو سوید بڕۆیت، ئێمەش یارمەتیت دەدەین بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی.

لەو ماوەیەی ئەمان گفتوگۆدەکەن، هەڤاڵێکی ئۆجەلان پەیوەندی دەکات بە ماهیر وڵات، سەرکردەی پەکەکە لە روسیا و رێوشوێنی چونی ئۆجەلان بۆ ئەوێ رێکدەخەن. پاش چەند کاژێرێک، ماهیر لەرێی فاکسەوە، بانگهێشتی پەرلەمانی روسیا دەنێرێت، هەر لەوێ ڤیزای روسیا وەردەگرێت و بەپاسپۆرتێکی تورکیەوە لەژێر ناوی عەبدوڵا کورد، بەرەو مۆسکۆ ملدەنێت.

 

33 رۆژ لە مۆسکۆ

بەگەیشتنی ئۆجەلان بۆ مۆسکۆ، سەرەتا هەمو شتێک باش بوە. چەند پەرلەمانتارێک و ڤلادیمێر زێرنۆڤسکی، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی روسیا پێشوازیلێدەکەن و چەپکێک گوڵی سوری پێشکەش دەکەن. ڤلادیمێر بەدەستێکی گوڵی پێیە و بەدەستەکەی تری خەنجەرێکی ژەهراوی، بەڵام کەس خەجەرەکە نابینێت تا کۆتایی فیلمەکە. ئەم پیاوە کە ماوەی هەفتەیەک ئۆجەلان لە ماڵەکەی خۆی داڵدەدەدات، خۆی وەک روسییەکی عەیارە 24 و دوژمنی سەرسەختی جولەکە نیشاندەدا، کەچی ساڵی 2001 ئیعترافی کرد کە باوکی جولەکەیە و بۆ سەردانی گۆڕەکەشی چوەتە ئیسرائیل. گوماندەکرێت ئەم پیاوە وەک (جی. پی. ئێس) هەمو شتێکی ئۆجەلانی بۆ سیخوڕانی مۆساد خستبێتەبەردەست.

پەرلەمانی روسیا بەکۆی 298 دەنگ، رەزامەندی دەردەبڕن بۆ پێدانی مافی پەنابەریی سیاسی بە ئۆجەلان. بەڵام حکومەت ئەوە رەتدەکاتەوە.

لەبەدبەختی ئۆجەلان، روسیا لەو ساڵەدا وەک پیرەپیاوێک گەیشتبوە لوتکەی هەرە لاوازی خۆی، وە هیچ ساڵێک پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و ئەنکەرە هێندە باش نەبوبو، روسیا ببوە سێیەمین وڵاتی دونیا لەساغکردنەوەی کەلوپەلی تورکی، لەبەرامبەردا تورکیاش بەکاربەرێکی گەورەی گازی سروشتی روسیا. بەبیستنی هەواڵی گەیشتنی ئۆجەلان بە مۆسکۆ، دەستبەجێ سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی روسیا دەکات و بەڵێنی لێوەردەگرێت کە رێگەنەدەن ئۆجەلان جێ لەمۆسکۆ گەرمبکات. ئەوانیش هەمو یارمەتیەک لە چەکدارە چیچانییەکان دەبڕن کە لەدژی مۆسکۆ لەچالاکیدا بون.

ئۆجەلان بۆخۆی دەڵێت: "ھەڵوێستی رووسیا زۆر بێشەرەفانەتر بو‌و. لە بەرامبەر پڕۆژەی گازی سر‌وشتی و قەرزێکی دە ملیاری سند‌وقی نێودەوڵەتی درا‌و، ئێمەی لە مۆسکۆ بەدەرنا". پاش مانەوەیان بۆ ماوەیەک لە روسیا، فشارەکانی ئەمریکا و تورکیا بۆ دەرپەڕاندنی ئۆجەلان لەوێش تادێت قورستردەبێت. ئیدی کار دەگاتە ئەوەی رۆژێک سکرتێرەکەی ئۆجەلان پەیوەندی دەکاتەوە بە بەرپرسانی هەواڵگریی یۆنانەوەو داوادەکەن رێیانبدەن بگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵام حکومەتی یۆنان نایەوێت جارێکی تر ئەمە روبداتەوە.

 

چون بۆ ئیتاڵیا

بە رەزامەندی ماسیمۆ دالیما، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئۆجەلان رۆژی 12ی نۆڤەمبەری 1998، گەیشتە رۆما، بەڵام لەسەر داوایەکی پێشوتری دادگاکانی ئەڵمانیا، دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵییەوە دەستگیرکرا، دواتر بەمەرجی ئەوەی لە رۆما دەرنەچێت، ئازادکرا. لەبەیاننامەیەکدا ئۆجەلان داوای لەهەریەک لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کرد رێگەیبدەن لەبەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتیدا، پرسی کورد بۆ دنیا بخاتەڕو.

لەهەفتەی یەکەمدا، ئیتاڵیا ویستی رەزامەندی هەندێک وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەو مەبەستە بەدەستبهێنێت، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بۆیە رۆژی 14ی نۆڤەمبەر دالیما لەگەڵ هاوتا ئەڵمانیەکەی گێرهارد شۆیدەر کۆبونەوە. هەرچەندە ئۆجەلان پێشتر لەساڵی 1990ەوە بڕیاری دەستگیرکردنی هەبو لە ئەڵمانیا، بەڵام لەترسی کوردانی دانیشتوی ئەو وڵاتە و لایەنگرانی بێشوماری پەکەکە، ئەڵمانیا نەیوێرا دەست لەم پلێتە گەرمە بدات و بێدەنگەی لێکرد.

لەکاتێکدا هەر وڵاتێکی ئەوروپی لەژێر فشاری ئەمریکادا خۆی لەو مەسەلەیە کەڕ و کوێر کرد، ناڕەزایی لەشەقامی تورکی بڵندبو دژ بە ئیتاڵیا، سەرجەم کەلوپەلی ئیتاڵی لە تورکیا بایکۆتکران. بازرگانانی ئیتاڵی لۆمەی حکومەتەکەیان کرد کە بۆچی بۆ کابرایەکی بێگانە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات خودی بیڵ کڵنتۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دێتەسەرخەت و قورسایی سەرپشتی دالیما زیاتردەکات. سەرباری ئەم هەموو فشارانەش، هێشتا حکومەتی ئیتاڵیا نەیتوانی بەزۆر ئۆجەلان لە وڵاتەکەی دەربکات. بەناوی نەخۆشییەوە، پۆلیس لەژێر چاودێریی وردا، دەیباتە نەخۆشخانەی سەربازیی سیلیۆ لەشاری رۆم.

لەم کاتەدا، ئەو گەڕەکەی ئۆجەلانی لێبو، وەک ئەوەی کەلاکی تۆپیوی لێکەوتێت، پڕدەبێت لە قەل و داڵی سیخوڕانی سەربە وڵاتان. مۆساد 5 پیاو و ژنێکی سیخوڕ دەنێرێت بۆ رۆما و خانویەکی نزیک لەشوێنی مانەوەی ئۆجەلان دەگرن. وەک هەمیشە پلان دادەنێن، ژنەکە خۆی لە ئۆجەلان نزیکبخاتەوە. بەڵام بەرێکەوت پاش چەند رۆژێک ئۆجەلان وەک تارمایی لەوێ دیارنامێنێت. ئەگەرچی زۆر لەدۆست و کەسانی دیکەی پارتەکانی دیکە داوای لێدەکەن کە ئیتاڵیا جێنەهێڵێت، بەڵام پاش 66 رۆژ مانەوە، دواجار شەوی 16ی جانیوەری 1999، ئیتاڵیا جێدەهێڵێت و جارێکی دیکە لە مۆسکۆ سەردەردەکاتەوە. ئەگەر باقی هەنگاوەکانی پێش و پاشتر ئۆباڵەکەی لەملی نەیاران بێت، ئەم هەنگاوەیان هەڵەیەکی کوشندەی خودی ئۆجەلان بو کە بەبێ هۆکارێکی مەعقول و بەدیلێکی باشتر ئیتاڵیای بەجێهێشت، چونکە ئیتاڵیا سەرباری ئەو هەمو فشارانەی لەسەریبو، کەچی بەرەسمی رەتیکردەوە ئۆجەلان رادەستی تورکیا بکاتەوە، خۆیشی ئۆجەلان دان بەم راستیەدا دەنێت و دەڵێت: " ھەڵوێستی سەرۆک ‌وەزیرانی ئەوکاتەی ئیتاڵیا راستگۆیانە بو‌و. د‌و‌وەمین جار چو‌ونم بۆ ر‌و‌وسیا ھەڵە بو‌و، ‌وەک ئەوە ‌وابو‌و کاتێک ھەوڵمان دەدا لە باران رزگارمان بێت کەوتینە ژێر تەرزەوە". لەگەڵ ئەوەشدا ئۆجەلان تاوانی هەڵەکە دەخاتە ئەستۆی نومان ئوچار، نوێنەری پەکەکە لە مۆسکۆ.

گەڕانەوەی ئەمجارەی ئۆجەلان بۆ مۆسکۆ زۆر بێئومێدکەر دەبێت، ئەمجارە لەبری پێشکەشکردنی گوڵی سور، روسەکان دەیبەن بۆ بنکەیەکی سەربازی لە دنیادابڕاو لەشاری دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان. تەنانەت لەو کونجی دورەدەستەش وازیلێناهێنن، مادلین ئۆلبرایتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی دەگەیەنێتە روسیا و داوا لەمۆسکۆ دەکات ئۆجەلان دەربکەن. بەڵام روسەکان دەڵێن ئەو لەسەر خاکی روسیا نیە. پاشان پۆلیسی نهێنی روسی، ئۆجەلان دەبەنە شاری سان پیتسبێرگ و هۆشداریی دەدەنێ کە ئەو شوێنە جێنەهێڵێت دەنا مافیا روسییەکان دەیڕفێنن یان دەیکوژن. بەڵام ئۆجەلان پەیوەندیی دەکاتەوە بە دۆستەکانیەوە لە یۆنان بۆ چونەوە بۆ ئەوێ.

 

هاتنەوە بۆ یۆنان لە پەنجەرەوە

بەبێ ئاگاداریی حکومەتی ئەسینا، ئێوارەی رۆژی 29ی کانونی دوەمی 1999، ئۆجەلان بە فرۆکەیەکی جێت لیری تایبەتی، لەشاری پیتسبێرگی روسیاوە و لەپەنجەرەوە خۆی دەکاتەوە بە ماڵی یۆنانیەکاندا. فڕۆکەکە لەلایەن هاوڕێیەکی دێرینی خۆیەوە بۆی بەکرێ گیرا بوو بەناوی ئەنتۆنیس ناکساکیس کە ئەفسەرێکی ‌پایەبڵندی خانەنیشینکراوی یۆنانیە. ناکساکیس بۆ شوێن ونی، ئۆجەلان و هاوڕێکانی بۆ شەوەکەی دەباتە ماڵی دۆستێکی خۆی کە ژنە نوسەری بەناوبانگ، ڤۆولا دامیاناکو-یە. ڤۆولا لەوبارەیەوە دەڵێت، "وامزانی گاڵتەم لەگەڵ دەکەن، بەڵام کاتێکم زانی لەدەرگای حەوشە درا و میوانەکان خۆیانکرد بەژوردا، ئۆجەلان، سکرتێرەکەی و دوو پاسەوان".

ڤۆویا شیویان بۆ سازدەکات و جێوڕێیان بۆ رێکدەخات. لەبارەی ئەو شەوە ساردەی زستانەوە، ڤۆویا دەڵێت: "کاتێک ئۆجەلانم بەو حاڵەوە دی، ئەو رۆژە سەختانەی خۆمم وەبیرهاتەوە کە لەبەردەم داگیرکاریی ئەڵمانەکان، خەڵکی دەرگای ماڵەکانیان بۆ دەخستمەسەرپشت، بۆیە ویستم ئەو قەرزەی سەرشانم بدەمەوە ئۆجەلان. ئەو شەوە قسەمان زۆرکرد لەبارەی شکسپیر و شارستانیەتی کۆنی یۆنانەوە کە دیاربوو زۆر جێی بەیاخی ئەو بوو. زۆر شەکەت و ماندو بو، ئەو خەوەی لێیکەوت هەتا نیوەڕۆی رۆژی دواتر هەڵنەستا".

بۆ شەوی دواتر، ئۆجەلان دەچێتە ماڵی ناکساکیسی هاوڕێی، بڕیارە بەنهێنی لەوێ تۆدیۆرس پانگاڵۆس وەزیری دەرەوەی یۆنان ببینێت تا گەنگەشەی پێدانی مافی پەنابەرێتی بکەن، بەڵام وەزیر نایەت. لەبری ئەو، دیسانەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی یۆنان خۆی دەکات بەژووردا. بەراشکاوی بە ئۆجەلان دەڵێت: "چیتر ناتوانیت لە یۆنان دابنیشیت و ناتوانین رسکی شەڕ لەگەڵ تورکیا بکەین".

پاش ئەم هەمو بێنەوبەردەیە، لێرەدا ئۆجەلان بەتەواوی دڵنیادەبێتەوە کە هیچ دۆستێک وەک چیاکانی کوردستان دڵسۆزتر و ئەمینتر نیە، بۆیە داوا لە یۆنانیەکان دەکات بەقاچاغ ببرێتەوە لوبنان و لەوێوە روبکاتەوە کوردستان. بەڵام هەڤاڵەکانی لەئەوروپا بیرۆکەی چون بۆ هۆڵەندا دەخەنە مێشکی ئۆجەلانەوە، گوایە لەوێ دەتوانێت دۆزی کورد بباتە دادگای نێودەوڵەتی و بگەنە چارەسەری سیاسی ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا.

ساڤاس کەلەندەریدس، کارمەندی دەزگای هەواڵگریی یۆنان، کە 14 رۆژی کۆتایی پێش دەستگیرکردنەکە، لەژێر ناوی وەرگێر و وەک نوێنەری حکومەتی یۆنان، لەتەنیشت ئۆجەلاندا بوە، کتێبێکی هەیە لەژێر ناوی "رادەستکردنی ئۆجەلان". تێیدا بەوردی روداوەکانی ئەو دوو هەفتەیە دەگێڕێتەوە.

 

ئومێدی گەیشتن بە هۆڵەندا

رۆژی 31ی کانونی دوەمی 1999، ئۆجەلان بەهاوڕێیەتی ساڤاس و بازرگانێکی قوبڕسی و کچە گەریلایەک و دو پارێزەری ئەڵمانی و هۆڵەندی، بەفڕۆکە بەرەو شاری مینسکی پایتەختی بیلاڕوس دەڕۆن، بڕیارە لەوێش بەفڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر کە لە لاتڤیاوە دێت، بەرەو رۆتەردامی هۆڵەندا بچن. کاتێک دەگەنە مینسک شەو دادێت، دەبینن پلانەکە شێوێندراوە. پاش چەند سەعاتێک چاوەڕوانیکردن لەژێر سەرمایەکی توندی 17 پلە لەژێر سفردا، فڕۆکەکەی هۆڵەندا نایەت. چونکە پێشتر ئەمریکیەکان سەرجەمی وڵاتانی ئەندامانی ناتۆیان ئاگادارکردوە کە فڕگەکانیان بەڕوی هەمو فڕۆکەیەکی تایبەتدا دابخەن. ناچار هەر بەو شەوە دەگەڕێنەوە ئەسینا. بەڵام لەبەرئەوەی تورکەکان و ئەمریکییەکان بەمەیان زانیوە، پاش ماوەیەکی کەم بەفڕۆکەیەک دەچنە دورگەیەکی دورەدەستی یۆنان بەناوی کورفۆ. لەو دورگەیە رۆژێک دەمێننەوە و دیسانەوە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی یۆنان دەستپێدەکەنەوە.

لەکاتی دەرکەوتن لە یۆنان ‌و چو‌ونیان بۆ ھەرد‌و‌و فڕۆکەخانەکەی مینسک و کورفۆ، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئۆجەلانیان ھەڵگرتبو‌و، بەئەنقەست هەندێک رەفتار دەنوێنن تا ناڕاستەوخۆ نامەیەکی مەترسیدار بدەن بەگوێی ئۆجەلاندا ‌و لە چو‌ون پاشگەزی بکەنەوە، یەکێکیان ئۆتۆمبێلەکەی بە فڕۆکەیەکی فڕگەکەدا دەکێشێت. د‌و‌وەمیشیان بە بیانو‌وی خراپبو‌ونی ئۆتۆمبێلەکەیان، حەوت جار چەند دەقیقەیەک نزیک بە فڕۆکەخانەکە ‌دەوەستێت. بەڵام ئۆجەلان دەڵێت: "ھێندە بڕ‌وامان بە بەڵێنەکانیان ھەبو‌و ئەو دۆخەمان نەبینی. بە پێچەوانەوە پەلەمان دەکرد تا ز‌و‌وتر بزانین چی لە چارەنو‌وسماندا ھەیە".

بۆئەوەی تەونەکەی ئەمریکا باشتر رایەڵبکرێت، وەزیری دەرەوەی یۆنان تۆدیۆرس پانگالۆس، ئۆجەلان دڵنیادەکاتەوە کە بەشێوەیەکی کاتی دەیانەوێت لەدەرەوەی خاکی یۆنان حەشاریبدەن تا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێت مافی پەنابەریی لەهۆڵەندا یاخود باشوری ئەفریکا بۆ مسۆگەردەکەن، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ شوێنێک بهێنێت، ئیدی ئۆجەلان لێرەدا بە گومانەوە ملدەدات بۆ بەڵێنەکەی بەرپرسانی یۆنان.

یۆنان لەژێر فشارێکی توندی سی ئای ئەی ئەمریکیدا دەبێت بۆ دەرپەڕاندنی ئۆجەلان لە خاکی وڵاتەکەی. لەوبارەیەوە سەرنوسەری رۆژنامەی یۆنانی ئەلێسرۆ پتیپا دەڵێت: "فشاری ئەمریکیەکان گەیشتبوە ئاستی هەڕەشە و جنێودان، ئەوەی من بیستم، خودی وەزیری دەرەوەی یۆنان پێی وترابوو، دایکت بە(هین) دەبەین، ئەگەر بەوشێوەیە نەجوڵێیتەوە کە پێتدەڵین". داواکەی ئەمریکییەکانیش ئەوەیە، ئۆجەلان رەوانەی یەکێک لەوڵاتە بێ قانون و هەرزانفرۆشەکانی ئەفریکا بکرێت، بۆ ئەمەش لەسەر ئەوە رێکدەکەون کە شوێنەکە کینیا بێت.

 

بۆچی کینیا؟

چەند مانگێک پێشتر، لە رۆژی 7ی ئابی 1998، تەقینەوەیەکی کاولکەر لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەشاری نایرۆبی پایتەختی کینیادا رویداو 213 کەس بونە قوربانی. بەو هۆیەوە، ئەیجنتەکانی (سی ئای ئەی) ئەمریکی، ئەو شارەیان کردبوە ساحەی تەراتێنی خۆیان و زۆر چالاکانە جموجوڵیان تێیدا دەکرد. بەژمارە، 100 ئۆفیسەری سی ئای ئەی، لەو کاتەدا لەوێ بون بۆ لێکۆڵینەوە لەتەقینەوەکە.

هەروەها مۆسادیش ساڵانێکی پێشتر، رێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی نایرۆبی کردبو تا لەبەرامبەر پێدانی زانیاریی سیخوڕی لەسەر جموجوڵی گروپە توندڕەوەکان، دەستی کراوەبێت بۆ هەر چالاکییەک ئەنجامیبدات، بۆ ئەمەش چەندین ماڵی نهێنی لەو وڵاتەدا هەبوو. ئەمەش دەریدەخات، بەنیازن ئۆجەلان ببەن بەرەو کۆتایی تونێلەکە.

بەیانیەکەی 2 ی شوباتی 1999، ئۆجەلان و هاوەڵەکانی، دەگەنە باڵیۆزخانەی یۆنان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا کە دواتر بۆدایا گۆدانا، وەزیری دەرەوەی کینیا، بەتوندی سەرزەنشتی ئەم کارەی حکومەتی یۆنانی کرد. ئیدی ئۆجەلان بەمجۆرە نێردرایە وڵاتێکی رەش کە هەموو شتێک تێیدا کاردەکات، قانون نەبێت، جەنگەڵێکی ترسناک و بێبەزەیی، لەوێ یاسا وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە وایە، لەبەردەم هێزی بێڕەحمانەی حەشەراتی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە فویەک دەڕمێت و کەسیش لێیناپێچێتەوە.

 

12 رۆژی کۆتایی ئۆجەلان لە کینیا

سیخوڕەکانی مۆساد لەژێر ناوی پرۆسەی (چاوی کراوە)دا، وەک سێبەر بەدوای ئۆجەلاندا دەکشان، ئەم سیخوڕانە وەک لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە فەرمانیان پێکرابو، هیچ ناکەن، کاریان تەنها شوێنپێهەڵگرتنی ئۆجەلان و گوێهەڵخستن لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان و ئاگادارکردنی میتی تورکیایە لەدواین چالاکییەکانی ئاپۆ و هاوەڵەکانی، بۆیە ئەوان یەکەمینەکانن کە پێدەزانن ئۆجەلان گەیشتۆتە نایرۆبی و ئەم هەواڵەش دەگەیەنن بە تورکەکان.

رۆژێک یەکێک لە هەڤاڵەکانی ئۆجەلان، لە کونسوڵخانە دێتەدەرەوە و دەچێتە کافتریایەک لەو نزیکانە، سیخوڕێکی رەنگ ئەسمەری کوردیزان کە سەربە مۆسادی ئیسرائیلە دوایدەکەوێت و بەناوی ئەوەی ئەویش کوردە و لەو شارە کاردەکات، خۆی لێنزیکدەکاتەوە. لەقسەکانیاندا، سیخوڕەکە تێدەگات ئۆجەلان لەژێر فشارێکی گەورەدایە. پاش ماوەیەک سیخوڕەکە پەیوەندی بەو هەڤاڵەی ئۆجەلانەوە دەکات بۆ یەکتربینینێکی گرنگ. کابرای سیخوڕ بۆئەوەی پەشێوی بخاتە نێو ستافی باڵیۆزخانەکە و ئۆجەلان و هاوڕێکانی، دەڵێت مانەوەی ئاپۆ لەو بینایەدا چیتر سەلامەت نیە و ژیانی خراوەتە مەترسییەوە.

ئەو رۆژەی (4ی شوبات)، ئۆجەلان لە کینیا پێدەزانرێت، بوڵند ئەجەوید سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە کۆبونەوەیەکی دووقۆڵیدا دەبێت لەگەڵ تارق عەزیزی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق. سکرتێرە تایبەتیەکەی کۆبونەوەکەیان پێدەبڕێت و ‌پارچە کاغەزێک دەداتە ئەجەوید، ناوبراو دەمودەست کۆبونەوەکەی کۆتایی پێدێنێت، چونکە هەواڵی گەیشتنە قۆناغی کۆتایی "پرۆسەی سەفاری" پێدەدرێت کە ناوی پرۆسەی دەستگیرکردنی ئۆجەلان بو لەلایەن تورکەکانەوە.

لەتورکیا تەنها 10 کەس لەبەرپرسان ئاگاداربون، دەمودەست تیمێکی دەستەبژێری سەربازیی ئامادەدەکەن و فڕۆکەیەکی فاڵکۆن 900B، رەوانەی کیشوەری رەش دەکرێت، هۆکاریی هەڵبژاردنی ئەم جۆرە فڕۆکەیەش ئەوەیە کە بەبێ پڕکردنەوەی سوتەمەنی، لەتوانایدا هەیە بڕوات بۆ کینیا و بشگەڕێتەوە بۆ تورکیا. فڕۆکەکەش لە فکری ساغڵاری گەورە بازرگانی تورکی وەردەگیرێت و دواتر سەرلەبەر لە رەنگی شین هەڵدەکێشرێت و ئاڵایەکی مالیزیی لێدەدرێت، بەناوی گەشتی بازرگانیەوە خۆی لە شاری کامپالای وڵاتی ئۆگەندای دراوسێی کینیا مەڵاسدەدات، چاوەڕێی گڵۆپی سەوز دەکەن بۆ چون بۆ نایرۆبی. تیمەکەی تورکیا لە پزیشکێک و سێ کەسی دیکە پێکدێن. پێش بەڕێکەوتنی فڕۆکەکەش، شاندێکی (سی ئا ئەی) ئەمریکی دەگەنە ئەنکەرە، گفتی نوسراو لە تورکەکان وەردەگرن کە لەکاتی تەسلیمکردنی ئۆجەلان پێیان، لەسێدارەی نەدەن.

لەو ماوەیەی کە ئۆجەلان لە کینیا دەبێت، هاوڕێکانی لەناو پەکەکەدا سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشی حزبەکەیانن، بەدەرلەوەی هەندێک جیابونەوەو هەڵگەڕانەوەی کادیرەکانیان رودەدات، دابڕانێکی قوڵیش لەگەڵ خودی ئاپۆدا لەنێوانیاندا دروستدەبێت. تەنانەت بەهۆی کادرێکیانەوە بەناوی کانی یەڵماز کە بەپەلە لە ئەوروپاوە دەگەڕێتەوە تا فریای کۆنگرە بکەوێت، هەموو کۆنگرە لەخشتەدەبات بەوەی ئۆجەلان شوێنی گەرم و نەرمە، هیچ مەترسیشی لەسەر نیە. ئەمەش وادەکات دوای ئاشکرابونی دەستگیرکردنی ئۆجەلان، پەکەکە بکەوێتە دۆخێکی ئەژنۆشکان و هێدمەگرتوەوە.

یۆنان بەردەوام وادەریدەخات کە بەچڕی هەڵمەتێکی دانوستانی لەگەڵ چەندین وڵاتانی ئەفریکا دەستپێکردوە، بەڵکو یەکێکیان رازیبکات بەپێدانی مافی پانابەری بە ئۆجەلان. بەڵام، ئاپۆ تا دێت زیاتر بێئۆقرە و دڕدۆنگ دەبێت لەهەوڵەکانی یۆنان، تەنانەت لەدواین رۆژەکاندا، بەبێ گوێدانە لایەنی ئەمنی و خۆپارێزیی، زۆرینەی کاتەکانی بەتەلەفۆن کردن و خولانەوە لەناو باخچە رازاوەکەی ناو باڵیۆزخانەکەدا دەباتەسەر. ئەمەش دیسان هەڵەیەکی دیکەی کوشندە دەبێت لەسەرگرتنی پیلانگێڕییەکە.

 

هەڵکێشانی دەمانچە

لەم بێنەوبەردەی بەرپرسانی یۆنان، کار دەگاتە ئەوەی رۆژی شەممە 13ی شوباتی 1999، یەکێک لە هاوەڵەکانی ئۆجەلان بەناوی دیلان، دەشێت هەر ئەوەیان بێت کە سیخوڕەکەی مۆساد پەمپیداوە، دەمانچەکەی هەڵدەکێشێت و دەیداتە دەست ئۆجەلان بۆ خۆپاراستن، بەڵام ئۆجەلان رەتیدەکاتەوە دەمانچەکەی لێوەربگرێت. پاشان دیلان لەناچاریدا دەمانچەکە دەخاتە بناگوێی خۆی و هەڕەشەی خۆکۆشتن دەکات ئەگەر لەوە زیاتر مەسەلەکە بەپشتدابخرێت. ئەمە ستافی باڵیۆزخانەکە بەتەواوی دەتۆقێنێت، چونکە ئیدی خەریکە بابەتەکە چەکی تێدەکەوێت. پاش چەند کاژێرێک، گیۆرگۆس کۆستۆلاس، باڵیۆزی یۆنان و پارێزەرێکی یۆنانی بەناوی فەلۆس کرانیدیۆتیس، سێ بژاردە دەخەنە بەردەم ئۆجەلان: لە یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی کینیا بەنهێنی خۆی بشارێتەوە بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو، یان پەنابباتەبەر بارەگای گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کینیا، یاخود بچێتە یەکێک لە کڵێساکانەوە بەهاوەڵی یۆنانیەکان.

دوای ماوەیەکی کورت، هەمان رۆژ ئۆجەلان دێتەوە بۆ لایان، بەڵام وەڵامێکی جیاوازتری دەبێت: پێویستم بە پاسپۆرتێکی ساختە، فڕۆکەیەکی تایبەت و هەندێک پارە هەیە. وەک ئەوەی پێشبینی کردبێت، پێیاندەڵێت: " ئەگەر دەستگیربکرێم یان تەنانەت بشکوژرێم، بۆ من یەک شت گرنگە ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز پەکەکە لەناوناچێت".

لەهەمان کاتدا، سیخوڕەکانی مۆساد و ئەمریکا، لەرێگەی تەکنەلۆژیاکانی ژێردەستیان و مانگەدەستکردەکانەوە چەند وێنەیەک وەک بەڵگەی بونی ئۆجەلان لەناو بیناکانی باڵیۆزخانەی یۆنان لەنایرۆبی دەدەنەدەست وەزارەتی دەرەوەی کینیا.

رۆژی دوشەمە 15ی شوباتی 1999، بەرپرسانی کینیا، باڵیۆزی یۆنان بانگدەکەن بۆ وەزارەتی دەرەوە و وێنەکانی ئۆجەلانی دەخەنەبەردەم، پێیدەڵێن: "کە چویتەوە بۆ باڵیۆزخانەکە بە ئۆجەلان بڵێ فڕۆکەیەکی بۆ ئامادەکراوە و هەر ئەمڕۆ رەوانەی هەر وڵاتێکی دەکەین کە خۆی دەیەوێت. ئەم ئۆفەرە هەتا سەعات 7ی ئێوارە دەخوات، دوای سەعات حەوت هەر هێرش و کوشتارێک بۆ سەرتان لەلایەن چەتەکانەوە رویدا لەئەستۆی خۆتانە و ئێمە ناتانپارێزین". بەدرێژایی ئەو رۆژە، هەمو پەیوەندییەکی هاتو و رۆیشتو، بەسەر باڵیۆزخانەکەی یۆناندا بۆ دەرەوە دادەخرێت.

کۆستۆلاسی کونسوڵی یۆنان، پێشتر چیرۆکی تراژیدی لەوشێوەیەی بیستبو کاتێک حکومەتی کینیا گروپێک چەکداریی بەناوی چەتەوە رەوانەی سەر باڵیۆزخانەی گشتی نەرویج لە نایرۆبی کردبو، چەتەکان تەنانەت دەستدرێژی دەکەنەسەر ژنی باڵیۆز، وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە هەبونی پەیوەندی ژێربەژێری باڵیۆزی نەرویج لەگەڵ گروپە سڤیڵییەکانی نایرۆبیدا کە حکومەتی ئەو وڵاتەی توڕەکردبو.

لەولاوە، فڕۆکەکەی تورکەکان کە هێشتا وەک مارێک لە ئۆگەندا بۆ پێوەدان پەپکەی خواردبو، کاژێر 4ی دوانیوەڕۆی ئەو رۆژە بەرەو نایرۆبی دەکەوێتە جوڵە، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە نێچیرەکەیان.

 

کۆتایی دراماکە

کاتێک باڵیۆز دەگەڕێتەوە بۆ باڵیۆزخانەکە، کات دەبێتە 5ی ئێوارە، ناوبراو چیرۆکەکە بۆ ئۆجەلان دەگێڕێتەوەو ئەویش دەڵێت: "زۆر باشە دەڕۆین، هیچ رێگەچارەیەکی ترمان نیە، لەوەش زیاتر نامەوێت ببمە بارگرانی".

تا سەعات 6:30، خەریکی تەگبیرکردن دەبن کە چۆن بچنە دەرەوە، وا رێکدەکەون کە بە ئۆتۆمبیلەکەی خودی باڵیۆز بڕۆنە دەرەوە بەرەو فڕگە، چونکە ئۆتۆمبیلەکەی باڵیۆز پارێزبەندی دیپلۆماسی هەیە و کەس ناتوانێت دەستی بۆ ببات، پاشان لە فڕگە دوای ئەوەی دڵنیادەبنەوە لە هەبونی فڕۆکەکە و سەلامەتی ناوەوەی، لەژێر چاودێریی خۆیاندا ئۆجەلان بەڕێدەکەن بۆ فینلاند یاخود هۆڵەندا. بەڵام کاتێک لە ماڵی باڵیۆز دێنەدەرەوە دەبینن 3 ئۆتۆمبیلی ئاسایشی کینیا هاتوەو نوێنەرێکی وەزارەتی دەرەوەش چاوەڕێیاندەکات. نوێنەرەکە پلانەکەی ئەوان هەڵدەوەشێنێتەوەو داوادەکات ئۆجەلان بەتەنیا سواری ئۆتۆمبیلەکەی ناوەڕاست بێت و باقی ئەوانیتر بەسەر دوو ئۆتۆمبیلەکەی دیکەدا دابەشبن. وێڕای ناڕەزایی پیشاندان، بەڵام ناچار ملدەدەن بۆ داواکە. ئۆجەلان بەپاسپۆرتێکی ساختەی یۆنانییەوە لەژێر ناوی (ماڤرۆس لازارۆس) سواری ئۆتۆمبیلەکەی ناوەڕاست دەبێت. باڵیۆز و چوار هەڤاڵی ئۆجەلان بەناوەکانی (ئیبراهیم، مەلسا، دیلان و کچێکی تر) و پیاوێکی دیکەی یۆنانی، بەسەر دوو ئۆتۆمبیلەکەی یەکەم و سێیەمدا دابەشدەکرێن و بەرەو فڕگەکە بەڕێدەکەون کە هەر نیو سەعاتێک رێگەیە.

پاش چەند خولەکێک و لە پێچێکدا، وەک ئەوەی کۆنترۆڵی لەدەستدابێت، ئەو ئۆتۆمبیلەی ئۆجەلانی تێدایە لادەدات و لە هاوەڵەکانی دادەبڕێت. لێرە بەدوا گوماندەکرێت ئەمریکیی و ئیسرائیلییەکان لەو پێچەدا بۆسەیان دانابێت تا کاتێک ئۆجەلان دێت، دەیگرن و بێهۆشی دەکەن. پاشان لە دەروازەیەکی نهێنییەوە ئۆجەلان دەبەنەناو فڕگەکە و لەوێ تەسلیمی تورکەکانی دەکەن کە بەبێ ئەوەی لەفڕۆکەکەیان دابەزن چاوەڕێن. ئیدی ئۆجەلان کاتێک لەتاو ئازاری گەدەی بەخەبەردێت، لەناو فڕۆکەیەکدا توند بەستراوەتەوە و سەرتاپای لەشی لە ئارەق هەڵکشاوە، بەتوندی چاویشیان بەستوە، کاتێک چاوپۆشەکە لادەبەن، دەبینێت چوار کەس دەوریانداوەو یەکێکیان بە تورکی پێیدەڵێت: "بەخێربێیت". فڕۆکەکەش لەبری هۆڵەندا، بەرەو ئیستانبوڵ بەرێوەیە.

رۆژی دواتر، سەرۆک وەزیرانی تورکیا وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کە تورکەکان هیچ رۆڵێکیان نەبوە لەو دەستگیرکردنەدا و بەڵکو حازرخۆری بەر سێبەر بون، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێکی یارمەتیدەر بهێنێت، وتی: "با ترێکە بخۆین و نەپرسین لە کوێوە هاتوە".

ئۆجەلان، لەسەروبەندی دەستگیرکردنەکەیدا ئەوەندەی مەراق لە خەنجەری ژەهراوی دۆست و هەڤاڵەکانی دەخوات، ئەوەندە خودی پیلانگێڕییەکە ئازاری نادات، چونکە چەندین هەڤاڵی خۆی بەسەریەوە ببونە جاسوس، لەوانە عاکف حەسەن لە فەرەنسا، ئەمین لە ئەڵمانیا، ماهیر وڵات لە روسیا، بۆیە دەڵێت: "هەڤاڵێتی لاواز و دۆستایەتی ساختە، بونەهۆی سەرگرتنی ئەم پیلانگێڕییە".

 

تێبینی: ئەم بابەتە بەرهەمی 2 مانگ کارکردنە لەسەر ئەو دۆسیەیە و سەرچاوەی زانیارییەکانم جگە لەسەرجەم کتێبە نوسراوە کوردییەکان و بیانییەکان، لەتەواوی ئەو راپۆرت و لێکۆڵینەوە نهێنیانەش وەرگرتوە کە لەدەزگا جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی زۆری سەرچاوەکان و زیاتر درێژنەبونەوەی بابەتەکە، ئاماژەم بۆ نەکردون.

 

 

 سەرچاوە: ئاوێنە

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved