فەرماندەیی یەبەشە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی خانەسۆرەوە بڵاوکردەوە

 

 

ناوەندی هەوال

 

فەرماندەیی گشتیی یەبەشە/یەژەشە، دەربارەی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵگای خانەسۆر-ی سەر بە شەنگال، فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال/ یەکینەکانی ژنانی شەنگال، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

 

ئەمڕۆ کاتژمێر ١:١٠ خولەک، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی سیخوڕیی بەچەک و بێ فڕۆکەوان، هێرشیکردە سەر شوێنێک، کە هێزەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتیی بەکاریان هێنابوو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ شەڕڤانمان برنداربوون.

 

وەکو دەزاندرێت، دەوڵەتی تورکی فاشیست و قڕکەر، ئەمە جاری یەکەم نییە هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان، دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ تەنیا هێرشی نەکردە سەر هێزەکانی ئێمە، بەڵکو هێرشی کردە سەر تەواوی خەڵکی ئێزدی و تەواوی خاکی عێراق، دەیان کۆمەڵکوژیی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە و سەری نەوی نەکردووە، دواین جاریش ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی هۆڤانەی داعش بووەوە، منداڵ، کچ، کوڕ و دایکی ئەم گەلە بەرخۆدانیان کرد و دەستبەرداری زێدی خۆیان نەبوون، بەڵام هەرکاتێک گەلەکەمان نزیکیی ئازادیی بووەتەوە، دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر.

 

ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورک بەردەوامیی هێرش و کۆمەڵکوژکاریی داعشە لەسەر خەڵکی ئیمەی ئێزدی، بەو هێرشە هاوکاریی داعش دەکات و وەکو تۆڵەیە لەبەرامبەر کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی.

 

دەوڵەتی تورک سیاسەتی داگیرکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەکات، بەتایبەت ئەو شوێنانەش دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی، کە کورد و خەڵکی ئێزدیی تیایدا دەژین.

 

ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، کە بەهیچ شێوەیەک دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیرادەی گەل و هێزی ئێمە بشکێنێت، ئێمە وەکو هێزەکانی پاراستنی شەنگال یەبەشە و یەژەشە، هەرچییەک دەبێت با ببێت، هەتا دوایی گەلەکەمان لەبەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاریی دەپارێزین.

 

هیوای چاکبوونەوە بۆ ئەو شەڕڤانانەمان دەخوازین، کە لەو هێرشەدا برینداربوون.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved