یەكگرتووی ئیسلامی ڕاگەیەنراوێكی دە خاڵی بڵاو كردەوە

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، كۆبوونەوە لێكۆڵێنەوەو تاوتوێكردنی بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‌و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەكراوەیی هێشتەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان.

بەلاغی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

بسم الله الرحمن الرحیم

 

كاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەرواری (١٨/١١/٢٠١٧)، بەسەرپەرشتی مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و گرنگترین تەوەرەكانی ئەمانەی خوارەبوون.

 

١. كۆبوونەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی ئاراستەی هاووڵاتیان‌و كەس‌و كاری قوربانیان‌و زەرەرمەندانی بومەلەرزەكەی ئەم رۆژانەی رابردوو كرد لە ڕۆژهەڵات‌و باشووری كوردستان و دوعاخواز بوو خوای رەحمان شەهیدان بە بەهەشت شاد بكات و شیفاش بۆ بریندارەكان بنێرێ.

 

٢. ئەنجومەنی سەركردایەتی هاوخەمی خۆی ئاراستەی ئاوارەكانی ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەت مەخمور و دوزو و كەركوك كردو داوای كرد حكومەتی هە رێم‌و دەزگا پەیوەندیدارەكان كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ تەحقیق لە رووداوەكان وبەدەمەوە چوونی ئاوارەكان‌و قەرەبوو كردنەوەی زیانەكانیان‌و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

 

٣. كۆبوونەوە هیوای خواست پێشوازی گەرم و گوڕ لە مانگی مەولودی پیرۆز و ئەنجامدانی چالاكی شایەنی ئەم بۆنە مەزنە بكرێت.

 

٤. ئەنجومەنی سەركردایەتی نەخشە ڕێگای قۆناغی دوای (١٦/١٠/٢١٠٧)ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی خستەڕوو كە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی بە شێوەیەك لەگەڵ دۆخی ئێستاو ئەگەرو سیناریۆكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان بگونجێت.

 

٥. لە تەوەرێكی تردا ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر بابەتی گۆڕانكاری لەم حكومەتەدا وەستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری(انتقالی) بە پێویست زانی بە مەبەستی هێنانەدی یەكڕیزی نیشتمانی و چاكسازی خێرا لە مەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنی هاوڵاتیاندا.

 

٦. ناردنی شاندی هاوبەشی هەرێم بۆ دانوستانی حكومەتی یەكریزی نوێ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بە ئەركی هەنوكەیی زانی.

 

٧. جەخت كردنەوە لەسەر تەواوی شایستە دارایەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوریەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدراڵی.

 

٨. ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە لە مەرجعیەتی پەرلەمان و كاراكردنەوەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی لە چاودێری و یاسادانان بە زەرور زانی، بۆ ئەوەی پەرلەمان یاسای پێویست بۆ چاكسازی بنەڕەتی دەر بكات لە پێناو ڕاستكردنەوەی دۆخە شێواوەكەو ئاراستە كردنی ڕێڕەوی سیاسی هەرێم.

 

٩. كۆبوونەوە لێكۆڵێنەوەو تاوتوێكردنی بژاردەكانی بەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‌و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەكراوەیی هێشتەوە...

 

١٠. لە كۆتاییدا كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە لەسەر گرنگی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راشكاوانە بۆ چارەسەری خێرای گرفت و قەیرانەكان و بژێوی و گوزرەران و خواستەكانی ئێستای خەڵكی كوردستان.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

١٨/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved