به‌یاننامه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق

 

 

ئەمڕۆ شەممە ٤/١/٢٠٢٠یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت: داوا دەكەین سنورێك بۆ ئەم پەرەسەندنە ترسناكە و دەستێوەردان و بەزاندنی سەروەری وڵاتە دابنرێ و عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی جەنگی وڵاتان.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە یەکگرتووی ئیسلامی:

 

 بەیاننامەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

دەربارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق

 

رووداو و پێشهاتە توند و تیژیەكانی ئەم دواییەی بەغدا، بەتایبەت بە ئامانجگرتنی (سەردار قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ) و چەند هاوكارێكیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، مایەی دڵتەنگی و نیگەرانی ئێمەیە و بە پەرەسەندنێكی مەترسیداری دەبینین ..

 

ئەم رووداوە هەنگاوێكە بەرە و پەرەسەندنی پەرچەكردار و ئەگەری بەرپاربوونی جەنگی خوێناوی و بە مەیدانكردنی عێراق بۆ جەنگێكی كاولكاری.. ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئەوەی بۆ ئەو دوو بەرێزە و قوربانیەكانی تر لە خودای پەروەردگار داوای رەحمەت و لێ خۆشبوون ئەكەین و بۆ بریندارەكان داوای شیفا دەكەین .. دەخوازین سنورێك بۆ ئەم پەرەسەندنە ترسناكە و دەستێوەردان و بەزاندنی سەروەری وڵاتە دابنرێ و عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی جەنگی وڵاتان، گەلی عێراق سەرباری كێشە و گرفتاریەكانی خۆی شایستەی ئەم هەموو بارگرانی و نەهامەتیە نیە.. جێگای داخە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست كە سەرچاوەی شارستانی و ئاینە ئاسمانیەكانە و خاوەنی سامانی سروشتی فراوانە، ئاوا بووەتە مۆڵگەی لەشكركێشی و شەڕ و خوێنرێژی و زمانی حیوار و چارەسەری سیاسی تێدا فەرامۆشكراوە ..

 

هەرلەم بۆنەیەدا دەخوازین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان كاری جدی بكەن بۆ رێگرتن لەم جەنگە بەربڵاوە. داواكارین هەموولایەك بە رێكاری سیاسی و دیبلۆماسی و گەڕانەوە بۆ بەڵێنامە نێونەتەوەییەكان چارەسەری كێشەكان بكەن ..

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

٤/١/٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved