| ||
|
||
وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی دەركرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشبینی دەكات لەساڵی نوێی خوێندندا ٩٠ هەزار خوێندكار داخوازی بكەن بۆ بەشداربونیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و لەبارەی پرسی پێشكەشكارانی دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا چەند بڕیارێكی دەركرد.
ئەمڕۆ دوشەممە١٨-٥-٢٠٢٠ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پرسی پێشكەشكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرای كفتوگۆكرد و بڕیاری پێویستی لەو بارەیەوە دەركرد.
كۆبونەوەكە وەزیری خوێندنی باڵا تیایدا بەشداربوو، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لێكەوتەكانی و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردە و ئەگەرەكانی بەردەم وەزارەت و زانكۆكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لە راگەیەندراوێكدا ئەو وەزارەتە رایگەیاند، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەكان پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) زیاتر لە ٩٠ هەزار دەرچوی ئامادەیی داواكاری بۆ زانكۆكانی كوردستان پیشكەش بكەن، كە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانكۆكانە هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێكی وردو زانستی دەربارەی كێشەو ئاڵنگارییەكانی بەردەم زانكۆكانی كوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكات.
وەزارەتەكە پرسی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی گفتوگۆ كرد بڕیاردرا سەرجەم زانكۆ (حكومی و تایبەتەكان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم بە مەرجێك لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیكردنەوەكان تەواو بكرێت.
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پرسی پێشكەشكارانی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا)ی تاوتوێ كرد چەند بڕیارێكی پەسەند كرد.
دەقی بڕیارەكان:
ا- پڕكردنەوەی سەرجەم كورسیە بەتاڵەكانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
ب- چارەسەركردنی داواكاری ئەو پێشكەشكارانەی كە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی كەمی یان نەبونی كورسییەوە وەرنەگیرابوون.
ج- لە چوارچێوەی داواكاری ئەو پێشكەشكارانەی كە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی سەركەوتوو نەبون، بڕیاردرا بە پڕكردنەوەی هەمو كورسییە بەتاڵەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە ڕێگای میكانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوكردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشكەشكاران.
بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەكرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانكۆكان بۆ جێبەجێكردنی، هاوكات كۆبونەوە جەختی كردەوە كە ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوكردنی پرۆسەی پەڵپ و سكاڵاكان و پەسەندكردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||