راگەیەنراوی وەزارەتی كشتوكاڵ لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران

 

 

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگه‌یاند، ئەمڕۆ لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆبوونەوەی خۆی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێم ئەنجامدا، دەرئەنجام بڕیاردرا كە هەرێم بەدەر بكرێت لە پلانی پێشنیاركراوی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم.

 

 

راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو،

 

لەسەرەتای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەم هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو  چڕكرایەوە لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، سەرچاوەكانی ئاو، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم و لایەنە پەیوەندارەكانی عیراق  بۆ ئەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد بكەین، بۆ ئەو مەبەستە چەندین نوسراومان ئاراستەكردن، هەروەها وەفدی باڵای وەزارەت بەسەرپەرشتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەردانی بەغدادی كرد، نوێنەرێكمان دیاریكرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بەشداربێت، سەرجەم بەڵگەی پێویست خرایە بەردەست لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا، نوسراویش بۆ وەزارەتی دارایی عیراق كرا، رونمان كردەوە كە جوتیارانی كوردستان زۆر زیاتر لەو بڕە گەنمە بەرهەم دەهێنن كە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراق لەرابردوو وەرگیراوە، بۆیە پێویستە هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواری عیراق بەشێوازیكی یەكسان و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

 

دواجار ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆبوونەوەی خۆی تایبەت بەگەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، نوێنەری وەزارەتمان بەشداربوو بەراوێژی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت، بەداخەوە دەرئەنجام بڕیاردرا كە هەرێمی كوردستان بەدەر بكرێت لەپلانی پێشنیاركراوی عیراق بۆ وەرگرتنی گەنم بەشێوازی (خارج خگە) دوای فشارێكی زۆر توانرا تەنها ١٠% گەنمی وەرگیراوی ساڵی رابردوو زیاد بكرێت، واتا بۆ ئەم ساڵ بڕی وەرگیراو لە ٣٤٠ هەزار تۆن  بەرز بكرێتەوە بۆ ٣٩٠ هەزار تۆن گەنم.

 

ئەم زیادكردنە لە ئاستی خواستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نییەو بەناچاری پەسندكراوە، بەداخەوە دەركەوت بابەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بۆتە بابەتێكی سیاسی و رەنج و ماندوو بونیان لەبەرچاو ناگیرێت.

 

لەگەڵ ئامەنەشدا جوتیارانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری مافەكانیانین و هەوڵەكانیشمان بەردەوامی دەبێت بۆ خزمەتكردنیان، هەروەها سبەی كۆبوونەوەیەكی  تایبەت لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت بۆ ساغكردنەوەی بەشێكی تری گەنمی جوتیاران، دڵنیایی دەدەین  هەموو هەوڵێكمان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەكانتان خستۆتەگەڕو بەردەوامی دەبێت.

 

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

 

١٨-٥-٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved